هاوڕێ كرێكار – رێگای كوردستان
لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ دەربازبوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیراناوییەی هەرێمی كوردستان، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێك بەسەرۆكایەتی هاوڕێ ئەبو كاروان، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان، سەردانی شاری سلێمانی كرد و دیداری لەگەڵ ڕەوتی هەڵویست و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا و بەجیا پێشوازی لە حزبی كۆمۆنسیتی كرێكاری كرد.
هۆگر چەتۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، لەسەر ئەم هەوڵەی حزب، بۆ ڕیگای كوردستان وتی: حزبی شیوعیی كوردستان لەچوارچێوەی پلان و بەرنامەی خۆی وەك ستراتێژیەتی كاركردنی، كە داكۆكیكردنە لە ژیان و گوزەرانی خەڵك و بارودۆخی هەرێمی كوردستان، كە وەكو ئاشكرایە هەرێم لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە بەقەیرانێكی سیاسی قووڵ تێپەڕدەبێت، بەشێوەیەك كە تا ئێستا حكومەت و دەزگاكان شەرعیەتیان وەرنەگرتووە و وەك كاربەڕێكەر كاردەكەن. لەلایەكی دیكەوە كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا درێژەیان هەیە و نەمانتوانیوە چارەسەریان بكەین و بگەینە ڕێككەوتنی كۆنكرێتی بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان، كێشەی مووچەخۆران بۆ دەساڵە بەردەوامە و كێشە لەدابەشكردنی هەیە و دەست بۆ لێبڕین دەبرێت، یان دوادەكەوێت یان مووچە نادرێت.
هەروەها وتیشی: بۆیە لەم پێناوەدا، حزبی شیوعیی كوردستان لەدەرگای هەموو لایەنە سیاسییەكان و كارەكتەر و ڕێكخراوەكان و ناوەندی ئەكادیمی و زانكۆكان دەدات و گفتوگۆ دەكات بەئامانجی گەیشتن بەبارودۆخێكی باشتر لە هەرێمی كوردستاندا، بەو بڕوایەی كە هەرێمی كوردستان موڵكی هەموو كوردستانییانە و هەمووان بەرپرسن لەو باردودۆخەی كە هەیە، بۆیە هەوڵدەدەن بەشی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن و پشكی گەورەی بەرپرسیارتییەكە بەر پارتی و یەكێتی دەكەوێت و هەر بارودودۆخیك بێتەپێش، دوورنییە زیانی گەورە بەر هەمووان بكەوێت.
لەكۆتایی قسەكانیدا دووپاتیكردەوە كە حزبی شیوعیی كوردستان لەو چالاكییانەیدا بەردەوامدەبێت، كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجامیدەدات و پێشمانوایە ئەمە پرسێكی كۆمەڵگەییە و پێویستە بەردەوامیی هەبێت.
لەسەر هەمان پرس، عوسمان زیندانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان، كە ئەندامی ئەو شاندەی حزب بوو بە ڕێگای كوردستانی وت: لەدوایین كۆنگرەی حزبی شیوعیدا، لەڕوانگەی ئەو سیاسەتانەی لەگۆنگرە پەسەندكراون، شوناس و دۆخی هەرێمی كوردستانمان بەقەیرانێكی گشتگیر ناوبرد، بەتایبەت قەیرانی حكومڕانی لەسیاسەتی ئابووریدا و چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و ناكۆكییەكانی نێوان حزبەكانی حكومڕانی هەرێم، كاریگەرییان لەسەر ژیان و بژێوی و گوزەرانی كاسبكار و مووچەخۆران دروستكردووە و خەڵك لەدۆخێكیی ناهەمواردایە.
لەدرێژەی قسەكانیشیدا وتی: لەهەمان كاتدا گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان پەكخراوە لەسەر ناكۆكی و ململانێی حزبی و بەرژەوەندیی تەسك، بۆیە بڕوای ئێمە وایە هەوڵێكی سیاسی بەرفراوان بدرێت لەسەر ئاستی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت ئەو لایەنانەشی كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن رانەگەیاندووە، بەڵام لەدەرەوەی دەسەڵاتن و بیروبۆچوونی پێشكەوتنخوازیی باشیان هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە قەیراناوییە ڕزگاری بێت.
زیندانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشدا، حزبی شیوعیی كوردستان حزبی هەڵویستە مێژووییەكانە، لەكاتی شەڕی ناوخۆدا لیژنەی گیانی هاوكاری و برایەتی دروستكرد، دەستپێشخەر بوو بۆ دروستكردنی بەرەی كوردستانی، تەنانەت بۆ هەڵبژاردن لە ناوچە جێناكۆكەكاندا داوامانكرد هەڵویستی كوردستانیبوون یەكبخەین، بۆیە ئێستاش هەوڵەكانمان یەكخستووە و سەرجەم لایەنەكانمان بینیوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە وتاریكی سیاسی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە قەیراناوییە، لەماوەی ڕابردووشدا لەشاری هەولێر سەرجەم حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی دەسەڵاتمان بینیوە و یاداشتی ناڕەزاییمان پێشكەش بە دەسەڵات كردووە.
ئەندامەكەی كۆمیتەی ناوەندی ڕوونیكردەوە، كە پێویستە هەموو حزبەكان چەترێك هەڵبدەین لەپێناو چارەسەری ئەم دۆخە، رێگە لەوە بگیرێت كە ڕۆژنامەنووسێك قسەبكات دەستگیربكرێت و حزبێكی سیاسی هەڵویست بنۆێنێت تەقە لەبارەگاكەی بكرێت و مامۆستایان و فەرمانبەران بیانەوێ ناڕەزایەتی دەبڕن دەستگیربكرین. ئەم دۆخەی لە هەرێمی كوردستان هەیە نابێت بەردەوامی هەبێت، بۆیە ئێمە هەنگاوەكانمان چڕتركردووەتەوە و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەكەین.