
سی و دووەمین ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی، پەیامێكی چلۆنایەتی تێكۆشانە بۆ تەواوكردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و هێنانەدی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بەرەو دادپەروەری و یەكسانی چینایەتی، بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەنجدەرانی بیروبازو و دابینكردنی دوا ڕۆژێكی گەشەسەندوو بۆ نەوەكانی داهاتوومان.
لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، ناوچەكە بە گۆڕانكاری خێرا تێپەڕدەبێت، شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسڕائیل و ئێران یەكێكە لە دەرهاویشتەكانی ئەو گۆڕانكارییە لە چوارچێوەی گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێز و هەژموونی وڵاتانی زلهێز و قەیرانی دەوڵەتانی ناوچەكە.
لە ئاستی ناوخۆی كوردستاندا، بەهۆی سیاسەتی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی گشتگیر بووەتەوە و دۆخێكی نائومێدی گشتی هێناوە تەكایەوە.
لە چەند مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت، بەڵام دوای زیاتر لە شەش مانگ هێشتا دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێردراوە و دەرگای پەرلەمان تا ئێستا بە داخراوی ماوەتەوە! ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر تەواوی دەنگدەران بە دەنگدەرانی خودی دەسەڵاتیشەوە .
هاووڵاتییانی كوردستان، حەقی خۆیانە بپرسن لەوەی، دوای ئەو ماوە زۆرە بۆچی هێشتا پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە؟! چۆن و بە چ لۆژیكێك داوای بەشداری كردنی خەڵك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ڕۆڵی هاووڵاتییان لە شەرعیەتی سیاسی دەكەن؟!
لە لایەكی تریشەوە، بەهۆی سیاسەتی نیولیبڕاڵیزمی حكومەتی هەرێم، تادێت جیاوازییە چینایەتییەكان زیاتر هەڵدەكشێت، سەرەڕای فرۆشتنی كەرتە گشتییەكان بە كەرتی تایبەت و زیادكردنی باج و سەرانە، كەچی ماوەی زیاتر لە دوومانگە مووچەی مووچەخۆران و مووچەی زیاتر لە شەش مانگی بەشێكی خانەنشینان دابەشنەكراوە.
لێرەوە، بە دەنگێكی بەرز و دلێرانە ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم، كە ڕێگەخۆشكەرە بۆ زیادبوونی قەیرانی ئابووری و مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕ و بڵابوونەوەی گەندەڵی و دەستێوەردانی حزبی لە كاروباری حكومەت، هەروەها حكومەت بەرپرسیارە لە بێكاری و قەیرانی نیشتەجێبوون و قەیرانی سووتەمەنی و قاچاخچێتی سنوورەكان و وابەستەبوو بە سیاسەتی وڵاتانی ناوچەكە.
لەم یادەدا، جارێكی تر بەڕاشكاوی دووپاتی هەڵوێستی خۆمان لەم خاڵانەی خوارەوە چڕ دەكەینەوە:
1/ پێویستی گۆڕانكاری و چاكسازی هەمەلایەنە لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و پێداچوونەوە بە كۆی سیاسەتە پەیڕەوكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە بەشێكیدا ئاسایشی نیشتمانی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیانی ڕۆژانەدا خستۆتە مەترسییەوە.
2/ بۆ چاكسازی و چارەسەری قەیرانەكان، دەبێت هەنگاوی كرداری پیشانی جەماوەر بدرێت، قۆرخكاری نەهێڵدرێت، سنورێك بۆ دەستوەردانی حزبی لە كاروباری حكومەت و دەزگا و دەسەڵاتەكانی دیکە دابنرێت.
3/ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و دووركەوتنەوە لە سیاسەتەكانی بانكی نێودەوڵەتی و هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی دامەزراوەكانی كەرتی گشتی بكرێت، حكومەت ئەركەكانی خۆی لە بواری خوێندن و تەندرووستی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەشێوەی خۆڕایی بەجێ بگەیەنێت و بواری شەفافیەت و چاودێری بڕەخسێنێت، قۆرخكاری نەهێڵێت.
4/ پێویستە بە زووترین كات پەرلەمانی كوردستان دەست بەکارەکانی بکات و كابینەی نوێ پێكبهێنرێت و چارەسەری یەكجاری پرسی مووچە و كار و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بكرێت.
5/ دانانی نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی و كوردستانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ فشار و سیاسەتەكانی حكومەتی عێراق، بۆ دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەو گەمارۆیەی خراوەتە سەری، هەڵبەت ئەمەش بەبێ گۆڕانكاری و پاڵپشتی فراوانی جەماوەری كوردستان و جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە نایەتەدی .
6/ هەمەچەشن كردنی سەرچاوەی داهات و بەگەڕخستنی كەرتەكانی كشتووكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی، هەروەها پشتیوای كردنی گەنجان بۆ دروستكردنی پڕۆژەی بچوك و مامناوەند، كە ئەمە بونیادی گەشەی ئابووری و بوژانەوەی هەرێمەكەمانە.
7/ پێكهێنانی سوپایەكی یەكگرتووی كوردستانی، كە پیشەیی و تۆكمە بێت و بە باوەڕ و پەروەردەی نیشتمانی گۆشكرا بێت، دوور بێت لە هەر دەستوەردانێكی حزبی و كەسی.
بۆ هێنانەدی لایەنی كەمی ئەو داواكاریانە و گۆڕانكاری و چاكسازی هەمەلایەنە، پێویستیمان بە كۆكردنەوەی هێز و تواناكان و كاری بەیەكەوەیی هەیە، لەگەڵ بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو هێز و لایەنانەی خۆیان بە بەشێك لە هێزی گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەزانن.
لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانفیدایی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و یەكسانی دادەنوێنین، سڵاو و چەپكەگوڵ بۆ خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی و خانەوادەكانیان دەنێرین، پشت ئەستورین بە تێكۆشانی شیوعیەكان لە قۆناغ و وەچەرخانە جیاجیاكانی تێكۆشان.
هاوكات سڵاوی گەرمی خەبات بۆ تەواوی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم هێز و كەسە چەپ و پێشكەوتووخوازەكانی كوردستان و ئەوانەش دەنێرین، كە خۆیان بە هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی دەزانن .
حزبی شیوعی كوردستان، دەربڕی پڕۆژەیەكی فكری و ئیرادە و باوەڕە، تێدەكۆشێت لە پێناوی دیموكراسی و دادپەروەری و ئازادی و بیناكردنەوەی مرۆڤ و دواجاریش بنیادنانی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی كوردستانی.
كوردستانێكی باشتر لە توانادا هەیە، كوردستانی یەكسانی و دادپەروەری.
سەركەوتن بۆ تێكۆشان و تێکۆشەرانی ڕێگای یەكسانی و دادپەروەری.
بژی سی و دووەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان.
كۆمیتەی ناوەندی
حزبی شیوعی كوردستان
۳۰ـی حزەیرانی ۲۰۲٥