هاوڕێ کرێکار/ رێگای كوردستان
لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر بڵاوکرایەوە، هەرچەند بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ناوبراو لە میدیاکاندا هەواڵەکەی رەتكردەوە، بەڵام پزیشکێکی کوردی دانیشتووی دەرەوەی وڵات ئاماژە بەوەدەکات بەپلان ئەو نەخۆشخانەیە دەکرێته تایبەت، بەشێک لەهەولێرییەکانیش نیگەرانن لەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بدرێنە كەرتی تایبەت، حزبی شیوعی و حزبە چەپەکان و کەسایەتییەکان ئەرکدار دەکرێن ڕێگری لە بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان بكەن.
گۆران عەبدوڵڵا، پزیشک و پسپۆری سیستمی تەندروستی و دانیشتووی دەرەوەی هەرێم، بەڕێگای کوردستانی وت: حکومەتی کاربەڕێكەری هەرێم، بەشێوەیەکی سیستماتیکیی بەرنامە بۆ داڕێژراو وەک هەنگاوەکانی دیکەی بەتایبەتکردنی کەرتی تەندروستی، دەستی داوەتە بەتایبەتکردنی نەخۆشخانە گەورەکان وەک نەخۆشخانەی ڕزگاری و هەنگاو بەهەنگاو کارەکانی ئەنجامدەدات. لەئێستادا لەنەخۆشخانەیەکی هەشت نهۆمی تەنها یەک نهۆم کاردەکات، لەو نهۆمەش کارەبا بچڕاوە بۆ ئەوەی بەناوی نۆژەنکردنەوە خەڵک بتۆرێنن و رووبكەنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، کە هی بەرپرسە حکومی و حزبییەکان یا منداڵەکانیانە، ئەمەش درێژەی ئەو پلانەیە، کە هەردوو حزب دەستیان داوەتێ بۆ بەتایبەتکردنی ئەو کەرتە .
گۆران عەبدوڵڵا دووپاتیكردەوە: "بەشێک لەم پلانە لەساڵی ۲۰۱٤ بەناوی قەیرانی داراییەوە دەستپێكرا و ناویان نا سیستەمی نیمچە تایبەت، کە هەنگاوی یەکەم بوو بۆ بەتایبەتکردنی نەخۆشخانە گشتییەکان. بەپێی ئەو سیاسەتە، لەناو دەزگا گشتییەکاندا پارەی بازاڕ لەهاووڵاتی وەردەگیرێت، واتا دەبێ هاووڵاتی پارەی بازاڕ بدات بۆ ئەو خزمەتگوزارییەی لەناو دەزگای گشتیدا پێشکەشدەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراق و هەرێمی کوردستانە. لەدەستووردا هاتووە، کە دەبێت خزمەتگوزاری تەندروستی حکومەت دابینیبکات".
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ئەو نەخۆشخانانەی لەسەر بودجەی گشتی دروستدەکران، کردیانە کەرتی تایبەت، نموونە نەخۆشخانە ۳۳۰ قەرەوێڵەییەکی هەولێر، تەنانەت ئەو نەخۆشخانانەی بە شیرینی پرۆژەکان دروستدەکران، کۆمپانیای وریکس پترۆڵ ئێم نەخوشخانەیەکی دروستکرد لەهەولێر بەناوی نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان، کە تێچووەکەی نزیکەی ٦٥ ملیون دۆلار بوو، لەپڕدا بە زانکۆی کوردستانیان دا، ئێستا کراوەتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت سەر بەو زانکۆیە و کوڕەکەی سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی دەکات. ئەمانە کۆمەڵێک هەنگاون بۆ پلانێکی درێژخایەن بۆ تایبەتکردنی سیستەمی تەندروستی .
لەدرێژەی قسەکانیدا، ئەو پزیشکە وتیشی: "بەداخەوە ئەم سیاسەتە لە دوای ساڵی ۲۰۱٤ بەشێوەیەكی چڕ دەستیانداوەتێ، دوای نزیکەی سەدەیەک لە دەستکەوتی هێز و کەسایەتی چەپ، وەک حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان و ئەو هێزە چەپانەی لە کوردستان و عێراق بۆ دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەی بەشێوەیەکی خۆڕایی بۆ خەڵکیان چەسپاند، ئەوەتا لەماوەی ڕابردوودا پارتی و یەکیتی بۆخۆیان دەستیانداوەتە بەتایبەتکردنی ئەو کەرتە گشتییانە و لەناویاندا هەریەکە و کۆمپانیایەکی تایبەتیان هەیە و بەچڕی دەستیانداوەتە بازرگانیکردن بە دەرمان و کۆمپانیای تایبەتییان هەیە بە قاچاخ و هاوردەی دەرمان و دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، هێنانی پزیشک لەدەرەوەی وڵات.
دكتۆر گۆران ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە زۆر گرنگە حزبی شیوعیی کوردستان، زۆر بەجددی لەسەر ئەم بابەتە بێتەدەنگ، بیکاتە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی خۆی، گرنگە بیکاتە کەمپینی گەورە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان و فشارێکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی بۆ دروستبکات بەشێوەیەکی گەورە، چونکە ئەمە یەکێک لە ئەرکەکانی حزبی شیوعیی کوردستان، ئەو دەستکەوتانە بۆ خەڵکی کەمدرامەت و زەحمەتکێش و تێکوشەر هاتووەتەبەرهەم، دەبێت پارێزگاری لێبکرێت.
فەرمان حسێن، ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی شاری هەولێرە و بۆ ڕێگای کوردستان وتی: ماوەی چەند ساڵێکە هەنگاوەکانی بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان خێراکراوە، ئەوەش بۆتە بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، لەم دواییانەشدا حکومەتی هەرێم دەستیکردووە بەتایبەتکردنی تاقیگە گشتییەکان و چارەسەرکردنی نەخۆش و نەشتەرگەری لە ئێواراندا، کە ئەوەش پێدەچێت لە ئایندەدا بەیانیانیش بگرێتەوە ئەو نەخۆشخانانەی تاکە شوێنی خەڵکی هەژار و کەمدرامەتن.
وتیشی: هەموو ئەوانە بارگرانییەکی ترن بۆ سەر هاووڵاتییان وەکو کەرتەکانی کارەبا و ئاو و خوێندن. ئەو هەنگاوانەی حکومەت جێگای رەخنەلێگرتنە، چونکە لەکاتێکدا کە مووچە ماوەی یازدە ساڵە بەخراپی دابەشدەکرێت و چەند مانگ جارێک مووچەیەک دابەشدەکرێت و کار و کەسابەت لە هەرێمی کوردستان رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت، دەبوو حکومەت زۆر زیاتر گرنگی بە کەرتی گشتی بدابووایە، بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی خەڵک قووڵترنەبووایە، بەڵام دەبینین نەک هاوکار نییە، بەڵکو باج و رسوماتیشی زیاتر کردووە.
ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی، نووسەر و دانیشتووی شاری هەولێر، لەسەر بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری و کەرتە گشتییەکان، بەڕیگای کوردستانی وت: ئەم پرسە پەیوەندیی بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمەوە هەیە، لەلایەکەوە هەرێم لە ڕووی ئیداری و ئابووری توانای بەڕێوەربدنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی نییە، ئەمەش هەنگاوێکی خێراترە کە زیاتر فەلسەفەی ئابووری نیولیبرالیزم جێگیر دەکات، کە باوەڕی بە بازاری ئازاد هەیە.
هەروەها باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر ڕوودەدات بەشێکە لە سیستەمێکی تێکەڵ "تایبەت و حکومی پێکەوە"، بەلام ئەمە گەرەنتی نییە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە باشتربکرێت یان لەوانەیە ئەمەش هەنگاوێک بێت بۆ بەتایبەتکردنی ئەم نەخۆشخانە حکوومییە، هەروەک چۆن لە زۆربەی سێکتەرەکانی تردا ئەم سیاسەتە پەیڕەودەکرێت.
لەکوتایی قسەکانیدا وتی: لێرەدا حزمەتگوزاری دەبێتە کاڵایەک بۆ فرۆشتن نەک مافێک، ئەوەی زەرەرمەندیش بێت هاووڵاتی کەمدەرامەت و توێژی مامناوەندە، هەروا زیادبوونی تێچووی چارەسەری، چونکە نەخۆشخانە تایبەتەکان ئامانجیان قازانجە، ئەنجامەکەشی خەڵکی هەژار ناتوانن تێچووەکانی چارەسەر و دەرمان مسۆگەربکەن، هەروەها لەوانەیە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان کەمبکرێنەوە یان نەمێنن.
نەهرۆ عەڵڵایی، چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بەهەمان پرس بۆ ڕێگای کورستان وتی: پێدانی نەخۆشخانە گشتییەکان بەکەرتی تایبەت، کردارێکی زۆر مەترسیدارە بۆ وڵاتانی هەژار یان ئەوانەی سیستەمی تەندروستییان لاوازە و زۆرترین کاریگەری لەسەر هەژاران و چینە مامناوەندەکان دەبێت و چەندین مەترسیی هەیە لەوانە، چاودێری تەندروستی لەباردەچێت، چونکە تەندروستی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە، نەک کاڵایەکی بازرگانی، ئەگەر نەخوشخانەکان بکرێنە کەرتی تایبەت و بازرگانی، ئەوە خەڵکی بێ پارە ناتوانن خزمەتگوزاری و چارەسەر وەربگرن، تەنانەت هەژار ناتوانیت خۆی چارەسەربکات.
وتیشی: زیادبوونی نایەکسانی لەکەرتی تەندروستیدا دێتەئاراوە، ئەوەی هەژار بێت ناتوانێت چاودێری تەندروستی خۆی بکات، پێویستە حکومەت تێگەیشتنی تایبەتی هەبێت، نابێت حکومەت ئەوە قبوڵبکات کە وەزارەتەکانی خۆی بخاتە دەستی کەرتی تایبەت، چونکە ئەمە نەنگییەکی زۆر گەورەیە بۆ لەکەداربوونی حکومەت، بەوپێیەی حکومەت وەزارەتێکی هەیە دەیکاتە قوربانی کەسانی دیکە، هەمووان دەزانین نەخۆشخانە تایبەتەکان لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و بەرپرس قۆرخکراون.
ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، ئەگەر حکومەت پشت لەکەرتی گشتی بکات و پشت بە کەرتی تایبەت ببستێت، ئەوا نەخۆشخانە گشتییەکان بێ سەرچاوە دەبن و خزمەتگوزارییەکانیان نامێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی فشارێکی گەورە بۆسەر سیستەمی تەندروستی گشتی، چونکە زۆربەی خەڵک پشت بەو سیستەمە حزمەتگوزارییە گشتییە دەبەستن کە وڵات دابینیدەکات.
ناوبراو ئاماژەی بە خاڵێكی دیكە كرد كە بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، كە لە حاڵەتی نەمانی کەرتی تەندروستی گشتیدا بێگومان خۆشخانە تایبەتەکان نرخ ڕوو لەبەرزبوونەوە دەکات.
هەروەها هەندێک نەخۆشی تایبەت هەن پێویسته حکومەت چارەسەریان بۆ دابینبکات وەک نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
زاهیر ڕەسوڵ، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعیی کوردستان بەڕێگای کوردستانی وت: ماوەیەکە دەنگۆی بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری لەهەولێر دەبیسترێ وا دیارە دەبێتە ڕاستی و چارەنووسی ئەم نەخۆشخانەیەش لە کەرتە گشتییەکانی تر باشتر نابێ، لەکاتێکدا ئێستا تاکە هیوای چارەخواز و نەخۆشە هەژار و بێ مووچەکانە لە هەولێر و دەوروبەری، کە ڕۆژانە نەخۆشێکی زۆر سەردانی دەکەن .
وتیش : ئێمە لە حزبی شیوعیی کوردستان ئەو هەوڵە ڕەتدەکەینەوە و لەژێر هەرناوێک بێت بەداگیرکاری موڵکی گشتی دەزانین، چونکە نموونەی لەم شێوەیەمان لە هەولێر زۆرە، کارگەی نەسیج و کارگەی جگەرە و چەندانی تر لەژێر ناوی جیا جیا بەتایبەت و کەسی کراون بەشێوەیەک لەگەڵ یاسای بەتایبەتکردن ناگونجێت، چونکە کەرتی تایبەت لە وڵاتانی تردا هاوکاری کەرتە گشتییەکان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات، کەچی لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی باڵادەستی حزب و کەسەکان، سەرجەم کۆمپانیاکان سەر بە کوڕە بەرپرس و بنەماڵەکانی دەسەڵاتن، کەرتی تایبەتی (حزبی) هەیە خاوەنی هەموو شتێکن زۆر جار کێبڕکێ لەگەڵ حکومەت دەکەن لەجیاتی ببنە سەرچاوەی کار و گەنجە بێکارەکانمان دابمەزرێنن، کار بە کرێکاری بیانی دەکەن.
روونیشیكردەوە كە هەر کەسێک بیەوێ لەم کۆمپانیایانەدا کار بکات، پێویستە تەسکیەی حزبی دەسەڵاتی هەبێ و وەک ئیمتیاز بۆی هەژمار دەکەن. لەم کات و ساتەدا كە مووچەخۆر و پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان گیرفانبەتاڵن، دەستبردن بۆ بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر، وەک بڕینی ئۆکسجینە لەسەر خەڵکی شارەكە و دووپاتیدەکەینەوە ئێمە وەک حزبی شیوعی و مەلبەندی هەولێر، هەوڵی بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری بەتوندی ڕەتدەکەینەوە و هەموو خەباتێكی مەدەنییانە بۆ ڕێگریکردن لە بەتایبەتکرنی ئەنجامدەدەین.