ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧-٩-٢٠٢٥ شاندێکی حزبی شیوعی کوردستان، بە مەبەستی پیرۆزبایی و ڕێزلێنان لە وەرزشوان و یاریزانانی تیپی بالەی ئازادی لە قەزای مەخموور، سەردانی تیپی ناوبراویان کرد.
شاندەکەی حزب پێکهاتبوو لە هاوڕێیان رێباز هاشم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری مەڵبەندی هەولێر و ئەندامانی مەڵبەند، فاتح مستەفا بەرپرسی ناوەندی دیموکراسی و پیشەی مەڵبەندی هەولێر ، فازڵ عەباس لە تایبەتمەندی وەرزشی ناوەندیی.
لەلایەن یاریزانانی تیپی بالەی ئازادی و بەرپرس و ئەندامانی کۆمیتە لە بارەگای کۆمیتەی رێکخستنی مەخموور پێشوازی لە هاوڕێیان کرا.
هاوڕێ رێباز هاشم بەناوی حزبی شیوعی کوردستان پیرۆزبایی لە تیپی ئازادی کرد کە لەسەر ئاستی سنووری مەخموور و نەینەوا و هەولێر لە پلەی یەکەمدان و دەست خۆشیی لێکردن بۆ دوا سەرکەوتنیان لە خولی بالە لە کەمپی کاوە لە قەزای قوشتەپە کە ٢٤ تیپ بەشداربوون، تیپی ئازادی توانی ببێتە براوەی خولەکە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
پاشان مەدالیای ڕێزلێنانیان لەلایەن حزب و پێداویستی وەرزشیی پێشکەش بە یاریزانان کرا، هەروەها بەڵێندرا یاریگەی تیپەکە نۆژەن بکرێتەوە و هەموو یاریزانانی مەخموور بەبێ جیاوازی سوودی لێ ببینن.
یاریزانانی تیپی بالەی ئازادی سوپاسی گەرمی مەڵبەندی هەولێر و تایبەتمەندی وەرزشی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد بۆ هەڵوێستی هاندەرانە و پشتیوانیکردن لە تیپەکەیان و تەئکیدیان لەسەر کاری بەردەوام بۆ سەرکەوتنی زیاتر و پێشخستنی بواری وەرزشی لە سنوورەکەدا کردەوە.