
ئەمڕۆ سێشەممە ١١-٤-٢٠٢٣ لە هۆڵی بارەگای مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، لەلایەن ڕزگار کۆچەر و مامۆستا فەرهاد مورتکەیی، پەردە لەسەر وێنەی شەهید ناسح حمدامین ناسراو بە مامۆستا کۆچەر و نامەیەکی دەستنووسی بەر لە شەهیدبوونی لابرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی لێپرسراو و ستافی مەڵبەند و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیان بەڕێوەچوو.
هاوڕێ کوردۆ ساڵح لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر لە وتارێکدا باسی لە شەهید کۆچەری سیمبولی ئازایەتی و قارەمانیەتی کردو ڕایگەیاند بەو فیداکاری و ئازایەتییەی بەرامبەر بەعس نواندی چەندان سەعات بەرگرییەکەی شۆڕشگێڕانەی کرد و دوا فیشەکی چەکەکەی بەخۆیەوە نا هەتا تەسلیم نەبێت و دیل نەکرێت و هەموو نهێنییەکانی حزب و رێکخستنی پاراست، شەهید کۆچەر بەتەنها نەبووە سیمبول و شانازی بۆ حزبی شیوعی، بەڵکوو هێماو شانازی هەموو هەولێر و کوردستان و ئازادیخوازانە، هەروەها سوپاسی هاوڕێ کاوە شووشەی کرد کە لەسەر ئەرکی خۆی دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەم کارەو بەناوی مەڵبەندی هەولێر و بنەماڵەی شەهید کۆچەر دەست خۆشی لێکرد.
هاوڕێ ناسح حمدامین ناسراو بە مامۆستا کۆچەر، لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٩، پێشمەرگەو کادیری ئازاو بە وەجی حزب لە ئەنجامی پیلانێکی خیانەتکاران شەوی ١٧/١٨ ی مانگی ئایاری ١٩٨٥ لەناو شاری هەولێر، شوێنی مانەوەی بۆ دەزگاکانی بەعس ئاشکرا دەکرێت و بە هێزێکی گەورەی سەربازی و جاش و خۆفرۆشان دەوری دەگیرێت و لە شەڕێکی چەند سەعاتیدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕژێم دەکوژێت و بریندار دەکات، لە ئەنجامدا دوا فیشەک بەخۆیەوە دەنێت و شەهید دەبێت و تەسلیم بە دووژمن نابێت و بەر لە تەقاندنی دوا فیشەک نامەیەکی دەستنووس بۆ کەسوکار و بنەماڵەکەی جێدەهێڵێت.
دەقی نامەکەی شەهید کۆچەر.....
برام دکتۆر چاوە ڕەشەکانت ماچ دەکەم ..
خۆشەویستم ئەوجارە دەمرم و ، هیچ ناترسم . بۆیە بەوپەڕی مەعنەویەت و ، هۆشەوە ئەو شتانە دەنوسم ...
چاوی منداڵەکان ماچ دەکەم ، ئومێدەوارم لەمەودوا تۆ مام و ، براو ، باوک بیت بۆ منداڵەکان ...
دەستی دایک و ، باوکم ماچ دەکەم ،
ئومێدەوارم خزمەتیان بکەی ، من تاوانبارم بەرامبەریان ، هەست بەتاوان دەکەم بەرامبەر بە هەموتان ،
هەست بە تاوان دەکەم بەرامبەر منداڵەکانم کە نەمتوانی ژیانی خۆشیان بۆ دابین بکەم ..
ملکەچی خێزانی بەوەفاو دەست ڕەنگینی دایکی ڕزگارم ، ملکەچی تۆی ماندو بلیمەت و ڕەنگ زەردم ...
تۆی جگە لە خەفەتی من و ، دایک و ، باوک و، منداڵەکان زیاتر هیچمان نەبووە بۆت ...
بەڵام من سەربەرزم بەوەی خیانەتم لە گەلەکەم نەکردوو ، شەرەفی شیوعیەتیم پاراست ...
من هیچ ماڵ و ، سامانێکم بۆ ئێوە بەجێ نەهێشتووە ، جگە لە خەفەت و ، فرمێسک ...بەڵام لە هەمان کاتدا سەربەرزی و ، پاکیم بەجێ هێشتووە ..
من موتەئەکیدم ئەوانەی نزیکی منن ، بۆ تۆ شوێنی منن ، بەتایبەتی مامۆستا گۆران و ، هاوڕێ سەفەر ..
ئومێدەوارم منداڵەکان پەروەردە بکەیت و ، نەهێڵی هەست بەبێ باوکی بکەن ...
بۆ ئاگاداری هاوڕێیان من هەموو وەرەقەو ، ناوو ، پارەم سوتاند ..
جگە لەو پارچە کاغەزە ، ئەگەر بەدەستت گەیشت هیچی ترم بەجێ نەهێشتووە ..
چاوەکانت ماچ دەکەم و ، کاتژمێریش
19ــ3 دەقیقەی شەوە ، لە 21ــ 3 دەقیقە ئاخیر فیشەک بۆ خۆمە ..
ئیتر دوبارە چاوەکانت ماچ دەکەم ..
کۆچەر
17ـ18ـ 5ـ 1985

