بۆ: هاوڕێیان لە حزبی زەحەمەتكێشانی كوردستان
خانەوادەی هاوڕێ سەعد خالید
كۆچی دوایی هاوڕێی تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین(سەعد خالید) نیگەرانی كردین، ناوبراو هەموو ژیانی تێكۆشان بوو لەپێناوی ئازادی و هێنانەدی ژیانێكی یەكسان بۆ نیشتمانەكەی، یەك لە كەسایەتییە نسراوەكان و خۆشەویستی هەموان بوو، قۆناغەكانی ژیانی هەر لە وەرگرتنی پلەی وەزیری دواتر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و جێگری سكرتێر، لەگەڵ زۆر بواری دی سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناو كەسێكی رۆشنبیر و پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی هەبوو.
بەداخەوە كۆچی هاوڕێ سەعد غەمباری كردین و پرسەكەی بە پرسەی خۆمان دەزانین و دەخوازین دواین ناخۆشی بنەماڵەكەی و هاوڕێیانمان بێت لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان 10/10/2025
وتاری مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی لە بەخاك سپاردنی هاوڕێ سەعد
ڕێككەوتی 10/9/2025 شاندێكی مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی سەركردایەتی حزبی شیوعی كوردستان بەشدارییان لە بەخاك سپاردنی هاوڕێ خالد جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كرد
شایانی باسە ووتاری مەكتەبی سیاسی حزبمان لەلایەن هاوڕێ باباعەلی جەباری پێشكەش كرا، كە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین هاوڕێ سەعد و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كرد.
دەقی وتارەكە
ئەمڕۆ دایكی نیشتمان پێمەرگەیەكی دێرینی كوردستان لە باوش دەگرێت.
كۆچی دوایی هاوڕێ سەعد خەسارەتێكی گەورە بوو لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و ڕەوتی چەپ و پێشكەوتنخواز و حزبی زەحمەتكێشان و بنەماڵە تێكۆشەرەكەی . چونكە هاوڕێ سەعد تێكۆشەرێك بوو هەموان بە شانازییەوە خۆمان بە خاوەنی دەزانین . هەمومان بە وێژدانێكی ئاسودەوە ماڵئاوایی لە هاوڕێمان دەكەین چونكە لە شاخ و شار پێشمەرگە و تێكۆشەرێك بوو لە پێناو ڕزگاری نیشتمان و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بنیاتنانی ئایندەیەكی ئاسودە و بەختەوەری گەل و ئازادی نیشتمان كەمتەرخەمی نەكرد و ئاوات و ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و رەخساندنی ئازادییەكان بوو. لەگەڵ دووا ماڵئاوایی ئەو ئاوات و ئامانجانەی هاوڕێ سەعد نەهاتنەدی بۆیە ئێمە لە ناوەندی چەپ و دیموكراتی بەڵێن دووپات ئەكەینەوە لە تێكۆشانی نیشتمانی و چینایەتی تا بەدیهاتنی ئامانجەكانی گەلەكەمان و ڕەنجدەران بەردەوام دەبین. لە كۆتایییدا جارێكی تر هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بەنەماڵە تێكۆشەرەكەیان و حزبی زەحمەتكێشان و حزبمان و سەرجەم تێكۆشەرانی چەپ و دیموكراتی دەكەینەوە.