هاوڕێ کرێکار/ رێگای کوردستان
سەبارەت بە بڕیاری کۆنگرەی هەشتەم ،بۆ گێڕانەوەی ئەو هاوڕێیانەی کە دوورن لە ڕێکخستنەکانی حزب. و میکانیزمەکانی پڕۆسەی پەیوەندی وگەڕاندنەوە. هاوڕێ سوبحی مەهدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەدیمانەیەکدا لەگەڵ هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ڕایگەیاند،ئێمە کەسمان لێ زیاد نییەو پێویستمان بە هەموو هاوڕێیانە و هەرکەسێکیش بەپێی ئاست و تواناو کاتی دەتوانێت خزمەتێک بە حزب بکات.،کۆنگرەی هەشتەمی حزب و کۆنفرانسی ڕێکخراوەکانی لە پێش کۆنگرەوە، درکیان بەوە کردووە کە بە هەرهۆکارێک بێت، ژمارەیەک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حزب ، وێڕای ئەوەی هەر خۆیان هەڵگری پەیامی حزبن و باوەڕییان بە دروشمی سەرەکی حزب کە کارکردنە بۆ بەدیهێنانی ئازادی تەواو بۆ نیشتمانەکەمان و بەختیاری بۆ گەلەکەمان و هەڵگری پەیامی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتین و لەزۆرێک لە چالاکی و هەڵوێستە گشتییەکانی حزبمان و کۆی بزووتنەوەی نیشتمانی( لەپێشەوە نەبن، دوانەکەوتوون)، بەڵام لەنێو ڕێکخراوەکانی حزبدا نین یان لە ڕێکخراوەکان دابڕاون.
سوبحی مەهدی ووتیشی، هەرلەدوای کۆنگرەوە ڕاستەوخۆ، هەوڵی بەجێهێنانی ئەم ئەرکە دراوە، و لیژنەی ڕێکخستنی ناوەندی پڕۆژەکەی ئامادەکردووەو کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری لەسەر داوەو هەر هاوڕێ و ڕێکخراوێک،لەهەر ئاستێکدا بێت دەستکراوە کراوەلە ڕاپەڕاندنی ئەم بڕیارو ئەرکە.
ئاشکرای کرد کە بەشێک لە هاوڕێیان هەر پێش ڕێکخستنی ڕێکارە ڕێکخراوەییەکان، دەستیان بە جوڵە کردووەو پێوەندییان بە ژمارەیەک لە هاوڕێیانەوە کردووەو بە پێی پرەنسیپەکانی گەڕاندنەوەی ئەندامێتی ، شەرەفی ئەندامێتیان بۆ گەڕاوەتەوە چەند هاوڕێیەکیشیان ئێستا ئەندامی دەستە تایبەتمەندییەکانی ناوەندی، و بەشێکی تر دەستیان بە ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکانیان کردووە.
سوبحی مەهدی ئاماژەی پێکرد مەڵبەندەکان لە پێدانەوەی ئەندامێتی ،هەروەک لە پێڕەوی ناوخۆدا جێگیرکراوە، دەسەڵاتی ئەم بڕیارەیان هەیە، و تەنها چاوەڕێی پەسەندکردنی سەرەوە دەکەن.
جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە هەموو هاوڕێیان دەگرێتەوە بە هەر هۆکارێک دابڕابن یان خۆیان دوورکەوتبنەوە ، جگە لەو کەسانەی کە بە هۆکارێکی باوەڕپێکراو کە پەیوەست بێت بە (کەمو کوڕییەکی ڕەوشتی گشتی یان سزایەک لەسەر دەست پیسی دارایی، یان سزادان و دەکردن بە هۆکارێکی ئەمنی )کە ئەو جۆرە کەسانە ڕێگایان پێنادرێت.