وتاری حزبی شیوعی كوردستان لەكۆڕ یادی كادرو پێشمەرگەی دێرین هاوڕێ (شوانە تاڵەبانی)
ئەمڕۆ و لە یادی ماتەمینی هاوڕێی هەمیشە زیندوومان (هاوڕێ شوانە ) دا و بە پەیامی حزبمان حزبی شیوعی کوردستان بەشداری بەرز ڕاگرتنی ئەم مەراسیمە خەمناکە دەکەین ،
بەشداریمان لەم یادو و بۆنە خەمناکەدا، بەشداریە لە یادكردنەوەی كەسایەتییەكی نیشتمان پەروەر و شیوعی بە ئەمەک و ڕاست و ڕەوان کە تا دوا چرکە ساتەکانی ژیانی بڕوا و متمانەی بە حزب و کاروانی تێکۆشانی هەبوەو چرکەیەک گەردی نەگرت و دانەبڕا لە مەبدەئی خۆی ، هەر بۆیەش دەبینین ئێستاش شوێنی ئەو کادیرو پێشمەرگە نەمرەمان دیارە و بە ئاسانی شوێن برینەکانی ساڕێژ نابن و لە هەر کات و ساتێکدا دەمانبەتەوە سەر ئەو ڕۆژانەی کە هاوڕێی هەمیشە زیندوومان هاوڕێ شوانە لە کۆڕی تێکۆشان و لە کوانووی خێزان و خانەوادەیەکی تێکۆشەر و نیشتمان پەروەری ئەم نیشتمانەدا وەک گەنجێکی لەخۆبردووی جەسوور و لە ڕێگەی هاوڕێ و سەرکردە و مامۆستای تێکۆشانمان مام ساڵحی هەمیشە زیندوو پەیوەندی دەکاتە ڕیزەکانی حزبمانەوە و دەبێتە سوارچاکێکی ئەو کاروانە پڕهەڵەت و هەڵدێرەی کە شیوعیەکان بێ سڵمینەوە لە گیان فیدای و قوربانیدان درێژەیان پێداوەو باشیش لەو حەقیقەتە گەیشتوون کە مرۆڤ لەم کاروانە سەختەدا ڕووبەوڕووی تەواوی ئەو کۆسپ وتەگەرانە دەبێتەوە کە دەمانخاتە بەردەم مەرگ و ژیان.
ئەم کاروانە پڕسەروەریەش کە هاوڕێ شوانەی نەمر یەکێک بوو لە ڕۆڵە جەربەزەو گیان فیداکانی و هەڵگری پەیام و ئامانجێکە کەتا مرۆڤ و چەوساندنەوە مابێت تێکۆشان و قوربانیدانی دەوێ .
ئامادەبوانی بەڕێز
وەک هەمووان دەزانین مەرگ چارەنووسێکی سروشتی و قەدەرێکی ناچارییە وهەموو مرۆڤێک دەیچێژێ ، بەڵام سەرەنجام ئاکار و جوڵە و خۆشەویستی و پەیوەستبوونمان وادەکات دوای لەدەست دانی ئەو ئازیزەمان، هەموو دەبێتە زنجیرەیەک یادەوەری و وامان لێدەکات هەمیشە بەردەوامیی بەخەبات و تێکۆشان بدەین لە پێناو ئەو ئامانجانەی کە ئازیزانمان بۆی تێکۆشاون ، هاوڕێ شوانەش یەکێکە لەو هاوڕێ ئازیز و بە ئەمەکانەی کە تا دواساتەکانی ژیانی بڕوا و متمانەی بەحزب وئامانجەکانی هەبوو
ژیانئاوای ئەم تێکۆشەرە وامان لێدەخوازێ کە ژیان و ڕەفتارو ڕەوشتی ئەو لە کۆڕی تێکۆشاندا بکەینە رێنمای ئایندەمان لە پێناو خزمەتی مرۆڤدا ، کە خودی هاوڕێ شوانە هەمیشە جەختی لەسەر دەکردەوە و نموونەی دڵسۆزی بوو بۆ ئەو پرنسیپە ئاکارانەی رۆژانە پەیڕەویدەکردن ؛ هەر بەو شێوەیەش ، ئەو پڕۆسەیەی پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەیە ، پەیوەندی بە ڕەوتی مێژووی خەبات و گیان فیدای هاوڕێی کۆچکردومانەو هەیە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات ، ئەم مێژوە بە دیوێکدا خاڵبەندیی تەمەنی لە کۆڕی تێکۆشانی پێشمەرگایەتی و پارتی زانی ڕۆژە سەختەكاندا دەکات و بەدیوەکەی تریشدا کاروانی تێکۆشانی ئەو شانازییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە ، هەر لە تێکەڵبوونیەوە بە خەباتی رێکخراوەیی و سیاسیی و پێشمەرگایەتی لەریزەکانی حزبماندا ، تا خەباتی شار و کاری ڕێکخستن و بەرپرسیارێتی حزبی
بۆیە ئێمە ئەم مێژووە بە مێژووی تەحەدداكردنی مەرگو بەگژدا چوونەوەی رژێم و سەرجەم دوژمنانی گەل و نیشتمان دەزانین، چونكە لەو رۆژگارەدا کە هاوڕێ شوانە چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان شیوعیەکان بێ سڵمینەوە لە مەرگ و خوێن بەخشین و لەپێناو نیشتمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیار مەرگی سەرفرازی و شەهیدبووون و ژیانی نەمریان هەڵدەبژاردو ڕووبەڕووی بەعس و جاشەکانی دەبوونەوە و سەرسەختانە داکۆکیان لە ماف و داخوازیە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکرد
ئامادەبووان … بەشداربووانی ئازیزی ئەم کۆڕ یادە
لەم سەکۆی یادو ماتەمینیەوە ئەوەتان بەبیردێنینەوە کە بەشێك لە ژیانی تێكۆشەرانەی هاوڕێ شوانە ئەو ڕۆژانەیە کە لە ڕەوڕەوەی تێکۆشاندا بێ ترس و دوو دڵی لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا . تێدەکۆشا و بوێرانە داکۆکی لە گەل و نیشتمان دەکرد و لە پێناو پاراستنی كەسایەتی و کەرامەتی گەلەکەیدا پڕبوو لە ورەو خۆڕاگری و هەرگیز سازشی نەدەکرد لەسەر ژیانی حزب و هاوڕێکانی و ئەمەش باشترین نموونەی كادرو پێشمەرگەی بەوەفابوو
وزەو توانای هاوڕی شوانە لە شاخ و شار وزەیەکی پۆڵاین و کەم وێنە و شیوعیانە بوو، دڵسۆزیو دەستپاكی و هاوڕێیەتی و کۆمەڵایەتی بوونی ئەو هەمیشە لە پێناو خزمەتی خەڵك و ماف و داخوازیە ڕەواکانی هەژارو چەوساوەکاندا بوو ، بێ گوێدانە هیچ بەربەستیک ، داکۆکی لە هەڵوێست و سیاسەتی حزب دەکرد و دەیسەلماند کە ئەو چەندە بە ئاکار و ڕەفتاری شیوعیانە لە کۆڕی تێکۆشاندا جێگیر و نەگۆڕە
بەڵام مەخابن وەک هەور هات و وەک باران جێیهێشتین ، جێهێشتنێک گەلێک بە ژانە و نازانین چی بڵێیین و چۆن ووشەکانمان بکەینە ڕاستەیەک کە پێناسەی مرۆڤێکی ماندوو نەناسی وەک هاوڕێ شوانە بکات و وەک ملوانکەیەک جوانی و ھەیبەت و بویری ئەومان پێشانبدات
ئامادەبوانی بەڕێز
لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە،گەلەکەمان ڕووبەڕووی سەختی ژیان بۆتەوە لەسایەی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا کە بۆ درێژەدان بەململانێ ناڕەواکانیان مووچەو نانی سەرسفرەی مووچەی خانەنشینان وفەرمانبەرانیان بە بارمتە کردووەو هەرجارەی بە بەهانەیەک نایدەن.
کە سەندنەوەی ئەم مافە پێویستی بەخەباتی جەماوەری بەرفراوان هەیە.
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش کاتێک دژی گەلەکەمان دەوەستانەوە ملی تێکۆشەرانیان دەکرد بەپەتی سێدارەدا ئێستا بە شێوازێکی تر سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە موچەو ژیانی هاووڵاتیانی تێکەڵی ململانێی سیاسی نەکەن بوو ئەمجارەیان بە نان بڕین دژایەتی گەلەکەمان دەکەن و لە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن.
لە دۆخێکی ئاڵۆزی جیهانیداین لە سایەی شەڕو ململانێکانی هێزە سەرمایەدارەکان بە هەزاران لە مرۆڤی بێتاوان کراونەتە قوربانی وئاوارەو پەراگەندەی نیشتمانی خۆیان بوون، بەبێ خزمەتگوزاری سەرەتایی ،لەنمونەی شارەکانی غەزە و ئوکرانیاو شارەکانی ئێران و ئیسرائیل.، ئەوەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کەلەسایەی ئەم سیستمەدا نە ئاسایش و نەئارامی ونە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان بەدی نایەت.
ھەر بۆیە لە کۆتایدا و وێڕای دووبارە سەرخۆشیمان لە خۆمان و خێزان و خانەوادە تێکۆشەرەکەی هاوڕێ شوانە ، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە هەمیشە درێژە پێدەری ئەو کاروانی تێکۆشانە بین کە هاوڕێ شوانە یەکێک بوو لە تێکۆشەرانی
هەزار سەڵاو لە گیانی پاکی هاوڕێ شوانە و تەواوی هاوڕێیانی گیان بەختکردووی گەل و نیشتمان
٢٠٢٥/٧/٥