
هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز
میوانە بەڕێزەكان
نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان
خێزان و خانەوادەی سەرکردە و
تێکۆشەری ڕۆژانی سەخت
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ
بەخەم و كەسەرەوە ئەمرۆ پێکەوە لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی هاورێی سەركردە و تێکۆشەری کاروانی تێکۆشانی شیوعیەکانی عێراق و کوردستان هاوڕێ عومەر عەلی شێخ دا ڕاوەستاوین ،
کە مەخابن سەرلەبەیانی دوێنێ لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و كۆچی دواییكرد .
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ ناسراو بە ئەبو فاروق لە ساڵی ۱۹۲٤ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی كردوە بە ڕێكخستنەكانی حزبی شیوعیی عێراق.
لە دوای كودەتای شوباتی ساڵی ١٩٦٣ لە شاری كەركووك سەرپەرشتی ڕێكخستنەكانی حزب دەكات و چاپخانەی نهێنی حزب لەم شارەدا دەرباز دەكات و ڕەوانەی شاخی دەكات، لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراق هەتا كۆنگرەی پێنجەمی حشع لە ساڵی ١٩٩٣ و لەسەر پێشنییاری خۆی و بۆ ڕێگا خۆشكردن بۆ گەنجەكان خۆی كاندید ناكاتەوە.
لە سەردەمی پاشایەتی و دوای كودەتای بەعس چەند جارێك دەستگیركراوە و بە لێهاتوویی خۆی و توانیویەتی بەربەستی زیندان ببڕێت و هاوڕێ زیندانییەكانیشی لەگەڵ خۆی دەرباز بكات.
لەدوای راپەڕین و لە كۆنگرەی پێنجەمی حشع بەردەوام بووە لە كاری ڕێكخستن و سەركردایەتی كردنیان بە تایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق
لەگەڵ ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی كوردستان لە ٣٠-٦-١٩٩٣ بە سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت و پاشان خۆی بۆ ئەركی تر تەرخان دەكات و داوا لە كۆمیتەی ناوەندی دەكات هاوڕێیەكی تر بۆ شوێنی ئەو هەڵبژێرن و هاوڕێی سەركردە كەریم ئەحمەد ئەركی سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی دەگرێتە ئەستۆ.
بۆیە قسەکردن لە سەر کەسایەتییەکی وەک هاوڕێ عومەر عەلی شێخ کە زیاتر لە نیو سەدەیە شوێن پەنجە و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و عەمەلیی بە سەر بەشێکی ئەساسیی بزووتنەوەی میللەتەکەیەوە دیارە و لە چەندین ڕەهەندی تێکۆشانی سیاسی، پێشمەرگایەتی، نووسین و رۆژنامەوانیدا، کارەکتەرێکی مەیدانیی ئەم گۆڕەپانە بووە لە وتاریكی وادا ناتوانرێ كەمترین مافی پێ بدریت
ئامادەبوانی بەڕێز
هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە هاوڕێ عومەر عەلی شێخ یان ناسیوە و ئەوانەی ئاگاداری ڕۆڵی ئەم رێبەرە هەڵکەوتووەن بە سەر چۆنیەتی چارەسەری کێشەکان، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی بزووتنەوەی ڕزگاری گەلەکەمان و چ لە سەر ئاستی ئەرکە ناوخۆیەکانی حیزبەکەی و، تەنانەت لە سەر ئاستی چۆنیەتی چارەسەری کێشەی میللەتەکەی لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، ڕۆڵی کاریگەر و لەبەرچاوی بینیوە و هەمیشە وەک سەرکردەیەکی مارکسی و سیاسیەکی بە ئەزموون لە دەروازەی چارەسەرییەوە لە کێشەو ناکۆکیەکانی ڕوانیوەو بەردەوامیش قسەی جدی لە سەر ئەو پرس و بابەتە عوقەدیانە هەبوە کە ڵە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاریگەری لە سەر گەلەکەمان و پرسە ڕەواکەی هەبوە ، هەر ئەمەش بووە تە هۆکاری ئەوەی کە هاوڕێی سەرکردە و تێکۆشەرمان ببێتە یەکەم سکرتێری هەڵبژێردراوی حزبی شیوعی کوردستان و لەو ماوەیەشدا بەردەوام بوە لە هەوڵ و کۆششەکانی لە پێناو یەکخستنی گوتاری کوردستانی و دۆزە ڕەواکەی
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ وەک سیاسیەکی بە ویقار و ڕۆشنفکرێکی بەئەزموون و توانایەکی ڕەوانبێژی سیاسی هەمیشە هەوڵیداوە جێی خۆی لە دڵ و دەروونی بەرانبەرەکانیدا بکاتەوە و، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی بە هەموو دژبەیەکەکان داوە کە ئینسانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ دەبێ بێسڵمینەوە بیکات ، دڵ و دەروونی لە ئاست کێشە و ناکۆکییەکاندا زۆر لەوە گەورەتر بوو کە دەورو بەرەکەی هەستی پێبکەن و هەمیشە بەوردی لە ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای دەڕوانی و دەیزانی چۆن مامەڵەیان لە گەڵ دەکات
هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانی و سیاسییە، هاوڕێ عومەرعەلی شێخ ی کردبووە کەسایەتییەک جێی باوەڕ و متمانەی نێو بزووتنەوەی چینایەتی عێراق و کوردستان و لە هەموو ڕوداو پێشهاتەکانیشدا هاوڕێ عومەر عەلی شێخ نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان، لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلەکەماندا ڕۆڵی بەرچاوکاریگەری هەبوە و بە سەرنجی قوڵ و بابەتیانەوە هەنگاوی ناوە و عونسورێکی کارا، متمانە پێکراو و خەلاق بووە بۆ چارەسەریی کێشەکان و دەوری باڵای هەبووە .
بۆیە لێرەدا جەخت دەکەینەوە کە هاورێ عمر عەلی شێخ . وەک تێکۆشەرێکی لێوەشاوە و پێشکەوتووخوازێکی مارکسی، لەوە گەورەترە کە هەر موڵکی خێزان و خانەوادە و حیزبە تێکۆشەرەکەی بێ ، لەدەستچوونی سەرکردە و ڕێبەرێکی بە ئەزموونی وا لێوەشاوە و دڵسۆز، کۆستی گەورەی هەموو ئازادیخوازانی کورد ستانە و دەبێ تێکرا ئەو ڕاستیە فەرامۆش نەکەین
لە کۆتایشدا بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبمان حزبی شیوعی کوردستانەوە جارێكی تر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاورێ پەخشان زەنگەنە ی سەرکردەو تێکۆشەری ڕۆژانی سەختی خەبات و تێکۆشان و هاوڕێ و هاوسەری هاورێ عمر عەلی شێخ و كەس و كار و تەواوی هاورێیان دەکەین و هیوادارین ئەمە دوا خەم و ناخۆشی هەموو لایەکمان بێت
سپاستان دەكەین
مەكتەبی سیاسی
حزبی شیوعیی كوردستان
٢ / ١٠ / ٢٠٢٥





+2