
هەولێر/ وتاری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە كۆبونەوەی فراوانی ئەندامانی سەركردایەتی و كادرانی پێشكەوتووی حیزبمان دەربارەی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنی ئە نجومەنی نوێنەرانی عێراق
هاوڕێیانی تێکۆشەر .. ئامادەبووانی ئازیز.
ئەمڕۆ لە بەردەم ئەرکێکی گرنگداین، کە پێداچوونەوەیە بە کارێکدا ئەنجاممانداوەو بوەتە ڕابڕدوو، بەڵام ئێمە کار بۆ ئێستاو داهاتوو دەکەین و دەمانەوێت ،لە کەموکوڕییەکانی ڕابردوومان، وانەو پلان بۆ داهاتوو دابڕێژین.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان تەنها بۆ خوێندنەوەی ژمارەکان نییە، بەڵکو بۆ قووڵبوونەوەیە لە مانای سیاسی و فیکری ئەو پڕۆسەیەی کە وەک مەیدانێکی گرنگی تێکۆشان کە بڕیاری بەشداریکردنمان داوە. هەڵبژاردن بۆ ئێمە، وەک حیزبێک کەخاوەنی پڕۆژە و بەرنامەیە، تەنها کێبڕکێیەک نییە بۆ کورسی، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حیزب و بڕیارەکانی کۆنگرە لە ئامادەیی بەردەوام لەناو جەماوەرو بەدەستهێنانی کورسی دەکەنەوە.
بۆیە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکان دەکەین، نابێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکەین کە ئێمە لەناو "هاوکێشەیەکی نابەرانبەر"دا دەجەنگێین. حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق و کوردستان، بە هەموو قورسایی (پارە ودەسەڵات و نفوزی حکومی ) هاتنە ناو ململانێکە ، لە کاتێکدا ئێمە بە ئیرادە و متمانەی جەماوەرەکەمان دەستمان پێکرد، ئەوان ئامرازە نایاساییەکانیان بۆ کڕینی ویژدان و گوشار خستنە سەر دەنگدەران بەکارهێنا ، ئێمە دەستپاکی و دڵسۆزی و داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیان،بۆیە هەر دەنگێک کە بۆ حیزبی ئێمە دراوە، دەنگێکی "پاک و ئازایانە"یە و بەراورد ناکرێت بە قەبارە و ژمارەی دەنگەکانی ئەوان کە سەنگی زیاترەو و جێی شانازیە بۆ تەواوی شیوعیەکان.
کاتێک ئەم ڕاستیەش دەبینین تێدەگەین کە بڕیاری بەشداریکردنی ئێمە لە پرۆسەی هەڵبژاردن ، بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە. بەڵکودوای دیراسەکردنی هەموو شێوازەکانی بەشداریکردن و خوێندنەوەی واقیعی سیاسی، گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە نابێت دووربین لە مەیدانەکە و دابڕاوبین لەو پرۆسەیەی کە جەماوەر سەرپشکە لە دەستنیشانکردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی و یەکێکە لە دەستکەوتە کانی تێکۆشانمان ، بەسوود وەرگرتن بوو لەو "کەلێن و درزانە"ی کە لە یاساکەدا هەبوو و بۆ شێوازی ژمارەکردنی دەنگەکان بە شێوازی هەموارکراوی (سانت لیگۆ)دا هەبوون ، بۆ بەشداریکردن لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە نوێنەرێکی پێکهاتەکان و توانیمان لەو ڕێگایەوە و لەناو یاسایەکدا کە بۆ بەرژەوەندی هێزە گەورەکان داڕێژراوە ، ڕێگەیەک بۆ مانەوە و دەنگی خۆمان بدۆزینەوە و بەشداربین .
بەم بەشداریکردنەشمان حیزبی ئێمە سەلماندی حیزبێکی ناوچەیی و لۆکاڵی نییە و بگرە لە زاخۆوە تا گەرمیان، لە هەولێر و سلێمانییەوە تا کەرکوک و کەلار و کفری، دەنگی هاوڕێیانمان لە سندوقەکاندا بوونی هەیە ، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ دۆست و نەیاران کە ئێمە خاوەن ناسنامەیەکی نیشتیمانیی سەرتاسەرین و ڕەگ و ڕیشەمان لە هەموو بستێکی ئەم خاکەدا هەیە و دابڕاونین لە کۆمەڵگا وەک ئەوەی هەندێک جار لێرەولەوێ دەیبیستین .
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پشتگیری لایەن و کەسایەتییە چەپەکان بۆ لیست و کاندیداکەمان، تەنها زیادبوونی چەند دەنگێک نەبوو، بەڵکو "مانا و دەلالەتێکی فیکری قووڵی" هەیە و نیشانەی ئەوەیە کە حیزبی ئێمە توانای ئەوەی هەیە ببێتە ئامڕازێک بۆ کۆکردنەوەی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و هاوپەیمانێتیشمان لەگەڵ ئەو هێز و ڕەوتانە ، جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی سیاسەتمان و پێویستی یەکگرتوویی بەرەی گەل لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و چەوسانەوەدا.
بۆ ئێستا و داهاتوو، سوود لە وانەکان و هەڵەو کەموکوڕییەکان وەردەگرین بۆ جۆشدانەوەی خەباتی پەرلەمانی وەک شێوازێکی تێکۆشان، تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کە ئامانجی گەل و چینە چەوساوەکانە.
هاوڕێیانی ئازیز
ئەگەرچی دەنگەکانمان بە ڕێژەیەک زیادی کردووە بەبەراورد بەهەڵبژاردنی ڕابردوو، بەڵام هێشتا جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنەو نابێ ئەم بەرەوپێشچوونە ، پێمانوابێ ئیتر ئێمە سەرکەوتووین، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە پێویستە بە "گیانێکی هاوڕێیانە و جورئەتێکی شۆڕشگێڕانە"وە سەیری دۆخی ناوخۆی خۆمان بکەین و بێ دوودڵی دەست لەسەر هەڵە و کەم و کورتیەکان دانێین و تێبگەین لەوەی ئایە ئێمە کێشەمان لە گوتاری سیاسی و میکانیزمی بەشداریماندایە یان نەمانتوانیوە بەباشی پەیامی سیاسی خۆمان بگەیەنین بەجەماوەری گەلەکەمان ، یان گرفتەکە لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و لە ڕێکخستنی تواناکانماندایە وا ناتوانین دەنگی پێویست بێنین ، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە پێویستە بە ڕاشکاوی بپرسین: بۆچی نەمانتوانی زیاتر لەوەی هەیە شەقام بجوڵێنین و دەنگی زیاتر مسۆگەر بکەین ؟ ئەمانە و زۆری تریش خاڵی کراوەن لە بەردەم پرۆسەی هەڵسەنگاندن و ڕێکارەکانی بەشداریماندا، بۆ ئەمەش پێشنیاری ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەکەم بە هیوای چارەسەر
• داڕشتنەوەی گوتاری میدیایی: پێویستە زمانێکی سادەتر و کاریگەرتر بدۆزینەوە کە ڕاستەوخۆ دەست لەسەر برینەکانی خەڵک دابنێت و لە بازنەی دروشمی تیوری بێتە دەرەوە ،و ببێتە داخوازییە ڕۆژانەییەکانی خەڵک.
• گەشەپێدانی زیاتری ڕێکخستنەکان: کارکردن لەسەر پەروەردەی کادر و ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان و کۆمەڵدا گونجاو بێت.
• بەردەوامیی جموجۆڵەکان: نابێت تەنها لە کاتی هەڵبژاردندا دەربکەوین؛ پێویستە کۆڕ و کۆبونەوە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری کوردستاندا بکرێنە کاری ڕۆژانە.
• فراوانکردنی بەرەی هاوپەیمانی: کارکردن بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوانتر لەگەڵ هەموو ئەو هێزە مەدەنی و دیموکراسیخوازانەی کە لەگەڵماندا هاوڕان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز، بۆ بەرژەوەندی زۆرینەی گەل کە هەژارانن.
• داکۆکیکاریی ڕاستەوخۆ: تەرخانکردنی بەشێکی گرنگی کارەکانمان بۆ دۆسیە یاسایی و خزمەتگوزارییەکانی خەڵک، تا جەماوەر بەگشتی حیزبمان وەک پارێزەری مافە سەرەتاییەکانی خۆی ببینێت.
لەگەڵ ڕێزو هیوای سەرکەوتن.
سوپاس
٢٠٢٦/١/٣

