توێژە جیاجیاكان، بانگەوازی ئاشتبوونەوەكەی حزبی شیوعیی كوردستان بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانن
هاوڕێ كرێكار / ڕێگای كوردستان
لەكۆتا كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستاندا، بانگەوازی ئاشتبوونەوە بۆ سەرجەم ئەو كادر و ئەندامانەی كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە هەر هۆكارێك بووبێت لە حزب دووركەوتبوونەوە راگەیەندرا. هەوڵی لەئامێزگرتنەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو كادر و ئەندامانەی كە هێشتا هەڵگری فیكر و ئامانجی حزب و بیر و باوەڕی نیشتمانیكی ئازاد و گەلێكی بەختیارن لەلایەن چین و توێژە جیاوازەكانەوە بە هەنگاوێكی گرنگ وێنادەكرێت.
بانگەوازی ئاشتبوونەوە لە چوارچێوەی تازەترین بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستاندایە، كە لە كۆبوونەوەی رۆژی 2ی ئەیلول بڕیاری لەسەردراوە و هەر لە هەمان كۆبوونەوەدا پڕۆژە و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەركراوە.
ئەم بانگەوازەی حزبی شیوعیی كوردستان راستەوخۆ لەدوای بڵاوكردنەوەی لە ئاستی ناوخۆی حزب و دەرەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كراوە و زۆربەی بۆچوونەكان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لەسەر ژیانی حزب و بەرەوپێشچوونی پێگەكەی لێكیانداوەتەوە.
محەمەد چۆمانی، نووسەر و رۆژنامەنووس كە هاوكات سكرتێری پێشووی یەكێتی گشتیی قوتابییانی كوردستان و رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بووە باس لەوە دەكات، كە لەدوای روخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، هەر كەسێك لە حزب بەهەر هۆكارێك چووبێتەدەر، حزب زیانی پێگەیشتووە، نەك لەڕووی ژمارە، لەباری مەعنەویشەوە. چۆمانی روونی دەكاتەوە كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا و بەئامانجی ئاشتكردنەوەی ئەو كەسانەی بە هەر هۆكارێك بێت چوونەتە دەرەوەی حزب، "تۆران و توڕەكراون"، قسەی لەگەڵ جێگری سكرتێری پێشووی حزب و چەندین ئەندامی سەركردایەتی كردووە، دەشڵێت تەنانەت:
لە گۆنگرەی ساڵی ٢٠١٨دا كە لە هەولێر گرێدرا، ئەو پرسە كرا بە بڕیار و راسپاردە، بەڵام مخابن لە جێبەجێكردنیدا جددی و خەمخۆر نەبوون.
چۆمانی ئەوەش رووندەكاتەوە كە دوو رۆژ دوای دواهەمین كۆنگرە، لەگەڵ چەند ئەندامانێكی مەكتەبی سیاسی ئەم پرسەی ورووژاندەوە و بە نووسراو پڕۆژەیەكیشی لەسەر چەند بوارێكی گرنگی حزب پێدان.
چۆمانی گوتیشی: كێشە هەر تەنیا من و چەند كەسێك نین بێینەوە، هەموو ئەوانی تریش هاوڕێی دڵسۆزن و لەپێناو ئەو حزبەدا ماندووبوونە، خەباتیان كردووە و ئازاریان چەشتووە، هەر لەو دۆخەدا مانەوەیان و شانازیكردنیان بە بیروباوەڕی حزب، خۆنەفرۆشتن و تەسلیمنەبوونیان بە پارە و بەرژەوەندیی دەسەڵات، گەورەترین خۆڕاگری و بەرزترین هەڵوێستە، هەقە حزب ئەوە ببینێت، نەك ئەوەی حزبیان جێهێشت و پشتیان تێكرد. پشت لە حزبكردن دووركەوتنەوە لە هەڵوێست و سیاسەتی نیشتمانی و چینایەتی، پشتكردنە لە خەمی گشتی و چەوساوان، خزانە بۆ نێو بەرژەوەندیی كەسی و گرووپچێتی و باڵی ئەم و ئەو، ئەوەیان خیانەتە لە حزب و مێژووەكەی، نەك تەنێ ئەوانی لە سیاسەت و ئەدای كاری حزب تۆران.
شیوعیبوون بەر لەوەی ئەندامبوون و ئابوونەدان بێ، فكر و ئەخلاق و خۆنەویستی و كار و تێكۆشانە. دەشڵێت: زۆر لەوانەی وەك ئەندام نەماون، لە مەیدان و شەقام و زۆر چالاكیدا نموونەی شیوعیی چاپووك و پێشەنگ و ئازا دەركەوتوون. بەهیوام هەوڵەكانی ئێستای حزب زوو جێبگرێت و هەموو دڵسۆزان ئاشتبكاتەوە. كەس لە حزب زیاد نییە، پێچەوانە رۆیشتنی چەندین كەسی لێهاتوو، كەلێنی دروستكرد، دەبێت كۆتایی بەوە بهێنرێت، كە بە میزاجی هەندێ كەس دەرگای رۆیشتن بۆ خەمخۆران بكرێتەوە، میزاجییەت و مەحسووبییەت، گوێنەگرتنی پێویست لە رەخنە و پێشنیازی بەجێی دڵسۆزان، حزبی وەپاش دا، گورزی بەركەوت.
چۆمانی لەكۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا كە ئەركی هاوڕێیانە رێنەدەن ئیدی بە میزاجی كەس، تێكۆشەران ئاوتبكرێن، دڵشكاو و بێهیوا بكرێن. ئەوەی هەیە لەكەوتنەخۆ بۆ گەڕاندنەوەی هاوڕێیان، كارێكی بەرپرسیارانە و خەمۆرانەیە، سیاسەتێكی راست و دروستی بەهێزكردنەوەی حزبە، كۆكردنەوەی پتری تواناكانە. حزبی زیندوو حزبی كار و مەیدان و داكۆكیی لێبڕاوانەیە لە مافەكانی خەڵك، دەبێت ئیش بە قسەكەی هاوڕێ فەهد بكەن، حزب دەبێ حزبی كار بێ، نەك حزبی هیوا و خۆزگەخواستن، ئەوەش كاتێك جێی دەستخۆشییە بەكردار پرسی گەڕانەوە بسەلمێنن، نەك هەر قسە و نامە و نووسراو.
مەغدید حاجی نووسەر و مامۆستای زانگۆ، ئەگەرچی بانگەوازەكەی حزبی شیوعیی كوردستان بۆ ئاشتبوونەوە بە هەنگاوێكی درەنگوەختە ناودەبات، بەڵام لە هەمان كاتدا بە هەنگاوێكی پێویست وێنای دەكات و بەپێویستی دەزانێت كە سەركردایەتی حزب سەرەتا لە هۆكارەكانی دابڕانی هاوڕێیان بكۆڵێتەوە، "دەبێت لەوە بكۆڵێتەوە لەبەرچی ئەم هاوڕێیانە لە حزب عادزن یان تووڕەن، یان دووركەوتوونەتەوە؟! هۆكارەكان دەستنیشانبكرێن و هەنگاوهەڵبنێن بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكان. حەیفە بەدەیان و سەدان كادیری دڵسۆز و بەتوانا لەدەرەوەی حزب بن، حەیفە ژمارەیەكی زۆر لە كەس و كاری شەهیدانی حزب، لە حزب عادز و تووڕەبن، حەیفە سەركردایەتی حزب و كادیری مەڵبەندەكان ئاگایان لە سەدان تێكۆشەری شیوعی دێرین و زیندانی سیاسی دێرین و پێشمەرگەی ڕۆژگارە سەختەكان نەبێت".
مەغدید حاجی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بڕیاری ئاشتبوونەوە سوودی زۆری دەبێت، بەڵام كاركردنی زۆر و چالاكی زۆری دەوێت، "دەبێت بە كردەوە بیسەلمێنین كە حزب دەیەوێ گۆڕانكاری ئەنجامبدات، دەبێ بڕوای شیوعییە دڵسۆزە دابڕاوەكان بە ڕاستگۆیی سەركردایەتی حزب بسەلمێنین.. دەبێ بەرنامەمان هەبێ، بەرنامەی ڕۆژانە، هەفتانە، مانگانە.. بۆ شەش مانگ، نابێ هەندێ دەم و چاوی ناپەسند بكرێنە واجیهەی حزب و سەردانی خەڵك بكەن.. نابێ سەردانی و چالاكییەكانمان وەرزی بن، تەنیا دوو سێ مانگ پێش هەڵبژاردن دەستپێبكەین و دوایی بگەڕێینەوە سەردۆخی جاران". حاجی هێما بۆ ئەوەش دەكات كە بڕیارەكەی حزبی شیوعیی كوردستان كاتێك سوودی دەبێت، كە بەو پەڕی دڵسۆزی و بە ڕاوێژ لەگەڵ دڵسۆزان كار بكرێت. جەختیش دەكاتەوە كە لەم رووە دەبێت سكرتێری حزب و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەڵبەندەكان پێشڕەو بن لە كار و چالاكی و خەباتی بەردەوام و بەرچاو و پێویست. "پێویستە حزب چالاكی جەماوەری وا بنوێنێ، كە زۆر لە هاوڕێیە دابڕاوەكان، هاوڕێ شیوعییە دڵسۆزەكان خۆیان بگەڕێنەوە و پەیوەندی بە حزبەكەیان بكەنەوە، ئەوەی لە هەمووشی گرنگتر خەڵك و جەماوەر ئاشتبكەینەوە و بۆیان بسەلمێنین كە ئێمە حزبی ئەوانین و داكۆكی لە مافە ڕەواكانیان دەكەین. سەردەم سەردەمی هەڵبژاردنە، حزب پێویستی بە دەنگی جەماوەرە، جەماوەریش تا بڕوای پێماننەبێت دەنگمان پێنادات".
پێشتر هاورێ ئەبوكاروان سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان لە كۆرێكی جەماوەریدا رایگەیاندبوو كە كاری لە پێشینەیان كۆكردنەوەی هەموو هێز و تواناكانە بەئامانجی بەهێزكردنی حزب بەجۆرێك بتوانرێت بەباشی رۆڵی پێشڕەوایەتی جەماوەر و ئەو قۆناغە ببینێت.
هاوڕێ سوبحی مەهدی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رێگای كوردستان رایدەگەێنێت وەك چۆن هەر هاووڵاتییەك ئازادە كە بێتە نێو ڕیزەكانی حزبەوە، بەهەمان شێوە ئازادی دەستبەرداربوون و دووركەوتنەوەی لەحزبدا هەیە. گوتیشی: هەموو ئەو هاوڕێیانەی لەحزب دووردەكەونەوە، ئەركی سەرشانی ڕێكخراوەكەی و دەستە حزبییەكانی سنووری نیشتەجێبوون، یان كارەكەیەتی كە بەدواداچوون بكەن بۆ هۆكاری دووركەوتنەوەكەی، ئەوەش دەربڕی ڕاستییەكە كە حزبمان و سەركردایەتییەكەی لەو باوەڕەدایە كە كەسی لێ زیادنییە و پێویستی بە هەموو هاوڕێیانە و هەركەسێكیش بەپێی ئاست و توانا و كاتی دەتوانێت خزمەتێك بە حزب بكات.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان روونی دەكاتەوە لە كۆنفرانسی ڕێكخراوەكاندا لە پێش كۆنگرە و دواتریش لە كۆنگرەی هەشتەمی حزبی شیوعیی كوردستاندا، باس لەو دڵسۆزانەی حزب كراوە كە بە هەر هۆكارێك بێت لە حزبدا نەماون، بەڵام هەڵگری پەیامی حزبن و باوەڕییان بە دروشمی سەرەكی حزب كە كاركردنە بۆ بەدیهێنانی ئازادی تەواو بۆ نیشتمانەكەمان و بەختیاری بۆ گەلەكەمان. وتیشی: ئەم دۆستانەی حزب لەدوای وازهێنانیشیان هەڵگری پەیامی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بوون و لەزۆرێك لە چالاكی و هەڵوێستە گشتییەكانی حزبمان و كۆی بزووتنەوەی نیشتمانیدا لەپێشەوە نەبن، دوانەكەوتوون. سوبحی مەهدی روونیدەكاتەوە كە دابڕانی ئەو هاوڕێیانەیان لە حزبی شیوعیی كوردستان هۆكارەكەی دەكرێت هەڵوێستێكی حزب یان هەڵسوكەوتی ڕێكخراوێك یان كادیرێك بووبێت.
سوبحی مەهدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان جەختدەكاتەوە كە هەموو هاوڕێیان كە ئێستا لە نێو ڕێكخستنەكانی حزبدان، لایەنگری ئەوەن كە دەرگا و دەرفەتێك بۆ ئەو هاوڕێیانە بڕەخسێنین، جا ئەم دەرفەتە بەشێوەی چاوپێكەوتن بێت یان سەردان یان هەر شێوەیەك كە گونجاوبێت، تا پەیوەندی بەو هاوڕێیانەوە بكرێت و بانگهێشتبكرێن بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندیی ڕێكخراوەیی بۆیان.
بەگوتەی سوبحی مەهدی بڕیاری ئاشتبوونەوە لەگەڵ دۆستانی حزب هەموو ئەو هاوڕێیانە دەگرێتەوە بە هەر هۆكارێك بووبێت لەماوەی رابردوودا دابڕاون یان خۆیان دووركەوتوونەتەوە، جگە لەو كەسانەی كە بە هۆكارێكی باوەڕپێكراو كە پەیوەست بێت بە (كەمو كوڕییەكی ڕەوشتی گشتی یان سزایەك لەسەر دەستپیسی دارایی، یان سزادان و دەكردن بە هۆكارێكی ئەمنی). ئەو جۆرە كەسانە ڕێگایان پێنادرێت، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانی تر بە ڕێز و خۆشەویستییەوە دەرگای حزبەكەیان بۆ كراوەتەوە.
میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
1- هەرلەدوای كۆنگرەوە ڕاستەوخۆ، هەوڵی بەجێهێنانی ئەم ئەركە دراوە و لیژنەی ڕێكخستنی ناوەندی پڕۆژەكەی ئامادەكردووە و كۆمیتەی ناوەندی بڕیاری لەسەر داوە و هەر هاوڕێ و ڕێكخراوێك، لەهەر ئاستێكدا بێت لە ڕاپەڕاندنی ئەم بڕیار و ئەركەدا دەستكراوە دەبێت.
2- بەشێك لە هاوڕێیان هەر پێش ڕێكخستنی ڕێكارە ڕێكخراوەییەكان، دەستیان بە جووڵە كردووە و پێوەندییان بە ژمارەیەك لە هاوڕێیانەوە كردووە و بەپێی پرەنسیپەكانی گەڕاندنەوەی ئەندامێتی، شەرەفی ئەندامێتیان بۆ گەڕاوەتەوە، چەند هاوڕێیەكیشیان ئێستا ئەندامی دەستە تایبەتمەندییەكانی ناوەندی و بەشێكی تر دەستیان بە ڕاپەڕاندنی ئەركە ڕێكخراوەییەكانیان كردووە.
3- هەر هاوڕێیەكی دوور لە ڕێكخستن بۆی هەیە خۆی داوابكات یان داوای لێبكرێت، ئامادەیی پیشانبدات، تەنها ڕێكارە ڕێكخراوەییەكان پێڕەودەكرێت و پاش تێپەڕاندنی لایەنە ئوسوڵییە ڕێكخراوەییەكان ئەندامێتی و شوێنی حزبیان بۆ دیاریدەكرێت و مەڵبەندەكان لە پێدانەوەی ئەندامێتی هەروەك لە پێڕەوی ناوخۆدا جێگیركراوە، دەسەڵاتی ئەم بڕیارەیان هەیە و تەنها چاوەڕێی پەسەندكردنی سەرەوە دەكەن.
بۆ ئەو هاوڕێیانەی پێگەی بەرپرسیارێتیان هەبووە، بۆ پێدانەوەی ئەركی شیاو، دەخرێتە بەردەم كۆمیتەی ناوەندی.