"کاتی دەنگ هەڵبڕینە، دەبێت شوێنی کار و شەقامەکان فەزا و ئارامگەی هەمووان بێت"
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی و هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" تەوەرێکی تایبەت لەبارەی پرسی هەراسانکردنی سێکسیی ئافرەتان دەکاتەوە؛ ئەو پرسەی قسەکردن لەبارەیەوە وەک تابۆیەک وێنا کراوە، بەڵام پرسێکە ڕۆژانە لەبەردەم دەرگای زۆرینەماندایە.
ئاشکرابوونی کەیسی هەراسانکردنی ژنان لەلایەن بانگخواز و مامۆستایەکی زانکۆ لە شاری سلێمانی حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و هەنووکەییە کە تەواوی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە بەشێک لە پیاوان ئەم کارە بە پێشێلکاری نازانن، بەڵکو وەک مافێکی خۆیانی دەبینن. بۆیە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەبەرنامە و هەمەلایەنە پێویستە لە دەرەوەی حاڵەتی شکاندن و پەرچەکردار؛ ئەمەش هەموو ڕێکخراو و جومگەکانی دامودەزگاکانی حکوومەت، شوێنی کار و بارەگای لایەنە سیاسییەکان دەگرێتەوە، وەک ئەرکێکی مرۆیی لەپێناو گەڕانەوەی شکۆی ژن وەک مرۆڤ و ئامانجی هێنانەدیی هاوسەنگیی جێندەری.
لەم مەلەفەدا خاتوو سۆزان ئەمین پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانی بواری ژنان وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە. 
ئامادەکردنی: ڕێگای کوردستان 

بەشی یەکەم 

 

پرسیاری یەکەم: کاریگەریی هەراسانکردنی ژنان لە شوێنی کاردا لەسەر دەروونناسی و ئاستی بەرهەمهێنانیان چییە؟

با سەرەتا مەترسیی دیاردەی گێچەڵی سێکسی بە ژنان بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە ڕوون بکەینەوە، هەروا ئەو شۆک و کاریگەرییانەی لەسەر مەزاجی گشتی و تەندروستیی جەستەییی ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی مال جێی دەهێڵێت. ئەمه‌ جگە لەو خەمۆکی و برینداربوونه‌ جەستەیی و کێشە دەروونییە درێژخایەنانەی لێی دەکەوێتەوە، کە کاریگەرییان لەسەر ئه‌نجامدانی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنەرانەی ژن لە ناو خێزان و لە شوێنی کاردا هەیە. بە تایبەتی لە سێبەری نەبوونی یاسای توند دا کە ڕێگری لە ڕوودانی گێچەڵ بگرێت و بە پێی یاسا دواداچوون بۆ گێچەڵپێکەران بکات. 
نەبوونی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یاسای ڕێگر، تەشەنەکردنی ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی داڕمانی قیمەیە‌کانی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی ئازادییە گشتییەکان. ئەمەش کاریگەریی خراپی دەبێت و بە نێگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگە و پێشکەوتنی ڕەنگ دەداتەوە. کۆمەڵگەی تەندروست ئەوەیە کە تاکەکان بەوپەڕێ متمانەبخۆبوونەوە ولەسەر پێیی خۆی بوەستێت و تێیدا مافەکان وکەرامەتی ژن و پیاو و بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت.

گێچەڵی سێکسی بە ژنان لە شوێنی کاردا دیاردەیەکی نێگەتیڤە لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز؛ بەپێی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە، یاساکانی ئەم وڵاتانە، ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵ و مامەڵەی ژینگەی کۆمەڵگە لەگەڵیدا، بە شێواز و شێوەی جۆراوجۆر لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت. دەکرێت کاریگەرییەکانی گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کاردا لەسەر ژنان لە چەند لایەنێکی جیاوازدا کورت بگوڕدرێنەوە:

1.    لایەنی دەروونی: بریتییە لە دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی، تێکچوونی خەو، و تێکچوونی پەشۆکانی دوای شۆک (PTSD). توێژینەوە ئەکادیمییە مەنهەجییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژنانەی لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە، بە ڕێژەی ٢.٦ جار زیاتر تووشی نیشانەکانی خەمۆکی دەبن بە بەراورد لەگەڵ ژنانی تردا. شیکارییەکان کە دەیان توێژینەوەی مەیدانییان گرتووەتەوە، درکیان بەوە کردووە کە گێچەڵی سێکسی و بێزارکردن لە ژینگەی کاردا بە توندی بەستراونەتەوە بە زیابوونی بەرچاو لە نیشانەکانی دڵڕاوکێی درێژخایەن. 

2.    کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و ئەنجامدانی کار:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کوالێتیی بەرهەمهێنانی ئەو کارمەندانەی ڕووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە بە ڕێژەی %٣٢ دادەبەزێت، یان تووشی ئەوە دەبن کە پێی دەوترێت "بەرهەمهێنانی ڕواڵەتی" (واتە ئامادەییی جەستەیی بەبێ ئامادەییی مێشکی و بە تەرکیزێکی کەمەوە). هەروەها ڕێژەی ئامادەنەبوون و مۆڵەتی نەخۆشی لە نێوان قوربانییاندا بە ڕێژەی %٤٢ زیادی کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ خۆدوورخستنەوە لە ژینگەی زیانبەخشی کار و مامەڵەکردن لەگەڵ پەستانە دەروونییەکاندا. هاوکات ئاستی خولیابوون و دڵسۆزی بۆ کار لای ئەو کارمەندانەی ڕووبەڕووی گێچەڵ بوونەتەوە، بە بەراورد بە هاوکارەکانیان، تا %٥٨ دابەزیوە.

3.    کاریگەری لەسەر دامەزراوە و کاری بەکۆمەڵ:
ڕێژەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆبەخشانە لەو بەشانەی ڕووبەڕووی دیاردەی گێچەڵبوونەتەوە بە ڕێژەی %٥٢ بەرز دەبێتەوە. شوێنگرتنەوە و ڕاهێنانی کارمەندێکی نوێش لە شوێنی کارمەندە دەستلەکارکێشاوەکە، تێچووەکەی لە %٧٥ تا %٢٠٠ی مووچەی ساڵانەی ئەو کارمەندە لەسەر دامەزراوەکە دەکەوێت. کاریگەرییەکان تەنیا لەسەر کەسی قوربانی نین؛ بەڵکو توێژینەوەکان دەریانخستووە بەرهەمهێنانی گشتی لەو بەشانەی ڕووداوی گێچەڵییان تێدا ڕوویداوە بە ڕێژەی %٢٨ کەمی کردووە، هەروەها ڕێژەی هەڵەکردن %٣٥ زیادی کردووە و ئاستی هاوکاری لە نێوان ئەندامانی تیمەکەدا بە ڕێژەی %٤٢ دابەزیوە.

پرسیاری دووەم: چۆن فەزای ئەلیکترۆنی بووەتە شوێنێکی نوێ بۆ بەردەوامبوونی هەراسانکردنی ژنان و بێدەنگکردنی دەنگیان لە گفتوگۆ گشتییەکاندا؟


فەزای ئەلیکترۆنی، بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، شمشێرێکی دوودەمە؛ چونکە لە لایەکەوە مەودای بۆ ژنان ڕەخساندووە تا بچنە ناو زۆرێک لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە سیاسەت، پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ئازادییەکان، یەکسانی و مافەکانی ژنان. ئەمەش لای ئەو "کۆنەپارێزانە " کە دەستیان بە بەها باوکسالارییە (پیاوسالاری) کۆنەکانەوە گرتووە، جێگەی ڕەزامەندی نییە؛ کە هەمان ئەو بەها سەرمایەدارییانەن کە لەسەر بنەمای زاڵبوون، کۆنترۆڵکردن و هەڕەمیبوونی پەیوەندییەکان دامەزراون، کە تێیدا ژن لە خوارەوەی هەڕەمی چینایەتی-کۆمەڵایەتیدایە.
ئێستا ئەوە ئاشکرا بووە کە زۆرێک لە تۆڕە ئەلیکترۆنییە ئاراستەکراو و سیاسییەکان هەن، کە لایەنی کۆنەپەرستی ڕاستڕەو و ئایینی توندڕەو لە پشتیانەوە وەستاون. ئەوانەی بە "سوپای ئەلیکترۆنی" (الذباب الالكتروني) دەناسرێن، ڕۆژانە لە ڕێگەی پەیجی ساختەوە هەزاران کۆمێنتی ژەهراوی و کۆنەپەرستانە بۆ مەبەستی دوژمنکارانەی جیاواز بڵاو دەکەنەوە؛ لەوانە هەراسانکردنی ژنان و هەوڵدان بۆ ترساندن و بێدەنگکردنی دەنگی ئەوان و دەنگی پیاوە ئازادیخوازەکان، بە ئامانجی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی گفتوگۆ و دوورخستنەوەی ژنان لە بەشداریکردن لە دیبەیت و دەربڕینی ڕا، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەوە هەیە.
ناوزڕاندنی ژنە چالاکوانەکان و هەوڵدان بۆ شێواندنی ناوبانگیان، دەکرێت وەک جۆرێک لە هەراسانکردنی سێکسی پۆلێن بکرێت کە بۆ دژایەتیکردنی ئەو ژنانە بەکاردێت کە دەنگیان بۆ داواکردنی مافەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بەرز دەکەنەوە. ئەمانە هەمووی شێوازی هەرزانن کە پێویستە ژنان پشتگوێیان بخەن و بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەها کۆنەپەرستەکان.
بە کورتی فەزای ئەلیکترۆنی مەیدانێکی تری ململانێیە بۆ هەراسانکەرانی ژنان؛ تێیدا ئەو کەسە سەردەکەوێت کە بەردەوام بێت لە بەرگریکردن و تەسلیمی ویستی ئەم هێزە کۆنەپەرستە داماوە نەبێت، کە هەوڵ دەدات ڕۆڵی ژن لاواز بکات، ئیرادەی بشکێنێت و ڕێگری لێ بکات لە دەرکەوتن و بەشداریکردن.

پرسیاری سێیەم: چۆن دەکرێت لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە (دەستپێکردن لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە) چەمکی یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان و ڕێزگرتن لە سنوورە کەسییەکان لەنێوان تاکەکاندا بچەسپێندرێت؟

پەروەردە و فێرکردن بەهێزترین ئامرازن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ، چونکە ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە ڕێزگرتن و یەکسانییەوە، کە لە ڕێگەی شێوازی ڕەفتاری ڕۆژانەوە دەچێنرێن، ئەمانە بە ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ بەدەست نایەن. ئەمەش پێویستی بەوەوە  هەیە لە هەموو ئاستەکانی فێرکردندا ڕەنگ بداتەوە: ئەمانەش لە چەند لایەنێکەوە دەبێت کاری تێدابکرێت: 
. قۆناغی پێشوەختەی منداڵی (باخچەی منداڵان و پۆلە سەرەتاییەکان): دروستکردنی چەمکە بنەڕەتییەکان. تێکدانی وێنە باوەکانی یاری و ڕۆڵەکان: ڕەخساندنی دەرفەتی بەکارهێنانی هەموو یارییەکان (بلۆکەکانی بیناسازی، بووکەڵە، کەلوپەلی ئاشپێخانە، وەرزش) بۆ هەموو منداڵان بە یەکسانی، بێ ئەوەی بۆ "کوڕان" یان "کچان" پۆلێن بكرێن. هەروەها ئاڵوگۆڕکردنی ئەرکەکانی سەرکردایەتی، خاوێنکردنەوە و ڕێکخستن لە پۆلدا بەشێوەیەکی یەکسان.
فێرکردنی سنوورە کەسییەکان و جەستە: ڕاهێنانی منداڵ لەسەر چەمکی "پانتایی کەسی" و ڕێزگرتن لە سنووری جەستەیی خۆی و ئەوانی تر.
دەربڕینی هەستەکان: شکاندنی وتە نەریتییەکانی وەک "پیاو ناگریێت" و فێرکردنی منداڵان بەوەی هەستەکان مرۆڤانەن و پەیوەندییان بە ڕەگەزەوە نییە.
. قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی (پۆلەکانی ٧ تا ٩): بەدامەزراوەیکردنی ڕێزگرتن و یەکسانی

پاوەنەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن: پاککردنەوەی پەڕتووکەکانی خوێندن (بەتایبەت زمان و مێژوو) لە وێنە باوەکان و دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ژنان لە زانست، سیاسەت، ئابووری و مێژوودا لەگەڵ پیاواندا، بۆ پێشکەشکردنی نموونەی پێشەنگی هاوسەنگ.
هۆشیاریی دیجیتاڵی: هۆشیارکردنەوەی قوتابییان لەسەر چەمکەکانی ڕێزگرتن لە سنووری ئەوانی تر لە جیهانی دیجیتاڵیدا؛ وەک وێنەنەگرتنی کەسانی تر بێ مۆڵەت و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی کەسی.
بەیەکەوەبەستنی پەیوەندیی توندوتیژئامێز: ڕاهێنانی قوتابییان لە ڕێگەی وۆرکشۆپەوە لەسەر پەیوەندیی نا-توندوتیژ و چۆنێتی دەربڕینی ڕا بێ بەزاندنی پانتایی جەستەیی یان دەروونیی ئەوانی تر.
لەم قۆناغەدا  ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، کردنەوەی دانوستانی ڕەخنەیی، ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕەخنەیی دەربارەی چەمکەکانی وەک "گێچەڵپێکردن"، "بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە (تەنەمور)" و "یەکسانیی دەرفەتەکان"، بۆ یارمەتیدانی قوتابییان لە جیاکردنەوە و ڕەتکردنەوەی ڕەفتارە نادروستەکان.
 ڕاهێنانی گەنجان لەسەر ئەوەی تەنیا بینەر نەبن کاتێک پێشێلکارییەک بەرامبەر تایبەتمەندی یان سنووری کەسێکی تر دەبینن، بەڵکو بە شێوازێکی ئەرێنی یان بە ڕاپۆرتکردن دەستوەردان بکەن.
 مامۆستایان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن؛ دەبێت مەشق و ڕاهێنانیان پێ بكرێت بۆ مامەڵەکردنی بەئاگا و دوور لە جیاکاریی ڕەگەزی لە پۆلدا.
ڕەخساندنی دابەشکردنی یەکسانی چالاکییە وەرزشییەکان و نوێنەرایەتیکردنی قوتابییان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا.
ئەمەش پێویستی بە بوونی قوتابخانەی تێکەڵاو هەیە کە ڕەگەزەکان لە یەکتر جیا نەکاتەوە لە هەموو قۆناغەکاندا.
دانانی پەیماننامەیەکی ڕەوشتیی ڕوون و ئاشکرا لە قوتابخانەدا کە ڕێگری لە هەموو جۆرەکانی جیاکاریی ڕەگەزی، گێچەڵپێکردن یا ن سووکایەتی بکات، لەگەڵ دابینکردنی میتۆدێکی ئارام و باوەڕپێکراو بۆ ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان.


پرسیاری چوارەم : ئەو ڕۆڵە چییە کە پیاوان دەتوانن و دەبێت بیگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵپێکردن بە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ولتووری پیاوسالاری دا؟

 

وەستاندنی گێچەڵپێکردن زامنی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە کە مافەکان زامندەکات و هەستی ئاسایش بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات، بەتایبەتی بۆ ژنان تا بێ ترسی و دڵەڕاوکێ ڕۆڵی خۆیان لە بوونیادنانی کۆمەڵگەدا ببێنن. ئەمەش بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دەکاتە سەر شانی پیاوان و ژنان بەیەکەوە.

لەم سۆنگەیەوە، پێویستە پیاوان لە ڕێگەی پێگەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکراوەکانیان، و لە سەرجەم سەکۆ و مینبەرە بەردەستەکاندا بەشداری بکەن و ئەم بابەتە بە جدییەکی زۆرەوە وەربگرن؛ هەروەها هۆشیاری لە نێو گەنجاندا بڵاوبکەنەوە سەبارەت بە پابەندبوون بە بەهاکانی ڕێزگرتن لە ژنان و پێشێلنەکردنی تایبەتمەندییەکانیان. پێویستە هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت لە کاتی بێنینی هەر پێشێلکارییەک بۆ تایبەتمەندیی ژنان و لە کاتی پێویستدا ڕاپۆرتی لەسەر بدەن.

جگە لەوەش، گرنگە دایکوباوکان بەهاکانی یەکسانی لە دەروونی کوڕەکانیاندا بچێنن و لە مەترسییەکانی گێچەڵی سێکسی هۆشیارییان پێ بدەن. هاوکات بەشداریکردنی کارایانە لە کاری مەدەنی لەگەڵ ڕێکخراوە فێمێنیستی و مافپەروەرەکاندا کە هەوڵی نوێکردنەوە و دەرکردنی یاساکان دەدەن بۆ نەهێشتنی یاسا نەگونجاوەکانی جیاکاری و نایەکسانی.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا