
"کاتی دەنگ هەڵبڕینە، دەبێت شوێنی کار و شەقامەکان فەزا و ئارامگەی هەمووان بێت"
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی و هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" تەوەرێکی تایبەت لەبارەی پرسی هەراسانکردنی سێکسیی ئافرەتان دەکاتەوە؛ ئەو پرسەی قسەکردن لەبارەیەوە وەک تابۆیەک وێنا کراوە، بەڵام پرسێکە ڕۆژانە لەبەردەم دەرگای زۆرینەماندایە.
ئاشکرابوونی کەیسی هەراسانکردنی ژنان لەلایەن بانگخواز و مامۆستایەکی زانکۆ لە شاری سلێمانی حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و هەنووکەییە کە تەواوی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە بەشێک لە پیاوان ئەم کارە بە پێشێلکاری نازانن، بەڵکو وەک مافێکی خۆیانی دەبینن. بۆیە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەبەرنامە و هەمەلایەنە پێویستە لە دەرەوەی حاڵەتی شکاندن و پەرچەکردار؛ ئەمەش هەموو ڕێکخراو و جومگەکانی دامودەزگاکانی حکوومەت، شوێنی کار و بارەگای لایەنە سیاسییەکان دەگرێتەوە، وەک ئەرکێکی مرۆیی لەپێناو گەڕانەوەی شکۆی ژن وەک مرۆڤ و ئامانجی هێنانەدیی هاوسەنگیی جێندەری.
لەم مەلەفەدا خاتوو نەجیبە مەحمود ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری ژنان وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە
پرسیاری یەکەم: کاریگەریی هەراسانکردنی ژنان لە شوێنی کاردا لەسەر دەروونناسی و ئاستی بەرهەمهێنانیان چییە؟
هەراسانکردن تەنها ساتێکی ناخۆش نییە ، دەتوانێت هەستی سەلامەتی، متمانە بەخۆ و ئارامی دەروونیی ژن تێک بدات. ژنێک کە هەموو ڕۆژێک لە شوێنی کاردا بە ترس یان نیگەرانی دەژی، بە سروشتی ناتوانێت بە هەمان ئاستی توانایی و بەرهەمداری کار بکات. لە کۆتاییدا زیانەکە تەنها بۆ ژن نییە، بەڵکو دامەزراوە و کۆمەڵگەش زیانی لێ دەبینێت.
پرسیاری دووەم: چۆن فەزای ئەلیکترۆنی بووەتە شوێنێکی نوێ بۆ بەردەوامبوونی هەراسانکردنی ژنان و بێدەنگکردنی دەنگیان لە گفتوگۆ گشتییەکاندا؟
ئۆنلاین بووەتە درێژەی هەمان دیاردە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ ، لە ڕێگەی پەیامی ناشیرین، سووکایەتی، هەڕەشە، بڵاوکردنەوەی زانیاری یان وێنەی تایبەتی و هێرشە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە دەتوانێت ژنان ناچار بکات لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان بکشێنەوە. کاتێک ژن بەهۆی هەڕەشە و هەراسانکردن بێدەنگ دەکرێت، زیانەکە تەنها بۆ ئەو کەسە نییە ، بەڵکو دەنگێکی گرنگی کۆمەڵگا بێدەنگ کراوە.
پرسیاری سێیەم: ئایا یاساکانی ئێستا بەسن بۆ پاراستنی ژنان لە گێچەڵپێکردن، یان کێشەکە لە جێبەجێکردنی یاساکان و چەمکی زاڵی دامەزراوە یاساییەکاندا خۆی دەبینێتەوە؟
لە زۆر حاڵەتدا کێشەکە تەنها نەبوونی یاسا نییە ، کێشەی سەرەکی دەتوانێت لە جێبەجێکردنی یاسا، کەلتووری بێدەنگی و نەبوونی متمانە بە سیستەمی دادپەروەری بێت. یاسایەک کە تەنها لەسەر کاغەز بێت، ناتوانێت پارێزگاری لە قوربانی بکات. ژن دەبێت بزانێت ئەگەر دەنگی هەڵبڕی، سیستەم لەگەڵیدا دەوەستێت، نەک لەبەردەمیدا.
پرسیاری چوارەم . ڕۆڵی پیاوان چییە لە کەمکردنەوەی هەراسانی ئافرەتان؟
بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن تەنها ئەرکی ژنان نییە. پیاوان دەبێت لەو کاتەی هەراسانکردن دەبینن، بێدەنگ نەبن ، ڕەفتاری هەراسانکارانە ڕەت بکەنەوە و لە کولتووریەکەی کە بە هەراسانکردن چاوپۆشی دەکات دوور بکەونەوە. پیاوی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە دەسەڵات بەسەر ژنەوە هەبێت ، ئەوەیە کە مافی ژن بە مرۆڤێکی یەکسانەوە ڕێز لێ بگرێت.
پرسیاری پێنجەم: . بۆچی لۆمەکردنی ژن دەکرێت؟
چونکە لۆمەکردنی قوربانی زۆرجار ئاسانترە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەراسانکار. پرسیاری (بۆچی ئەو جلوبەرگەی لەبەر کردبوو؟) دەبێت بگۆردرێت بە پرسیاری (بۆچی ئەو کەسە هەراسانی کرد؟). جلوبەرگ، شێوازی ژیان یان ڕەفتاری ژن شتێک یان ماڤی تاکە کەسیە ، بۆیە هیچ کەسێک مافی هەراسانکردنی نیە .
کاتێک کۆمەڵگا بەجێی هەراسانکار، قوربانی لۆمە دەکات، پەیامێکی خراپ دەدات ، (ئەگەر هەراسان کراویت، خۆت هۆکاریت) . ئەمە هەراسانکار هاندەدات چونکە دەزانێت لەوانەیە کۆمەڵگا پشتگیری لە قوربانی نەکات. بۆیە شکاندنی ئەم کولتوورە، خۆی بەشێکە لە بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن.
پرسیاری شەش: بۆچی ژنان زۆرجار بێدەنگ دەبن؟
بێدەنگی ژن بە مانای ڕەزامەندی یان بەڕاست نەزانینی هەراسانکردن نییە. زۆرجار ترس لە دەستدانی کار، زیانگەیشتن بە ناوبانگ، ڕەخنەی کۆمەڵگا، تۆڵەکردنەوەی هەراسانکار یان نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکان وای لێ دەکات بێدەنگ بێت. بۆیە پێویستە ژینگەیەک دروست بکرێت کە ژن دڵنیابێت دەنگدانەوەی بێ زیان و باجدانە .
پرسیاری حەوت:دامەزراوەکان چی بکەن بۆ سنووردانکردنی ئەم دیاردەیە؟
دامەزراوەی سەلامەت تەنها بە دانانی یاسا و ڕێنمایی دروست نابێت ، پێویستی بە سیستەمی ڕاپۆرتکردنی پارێزراو، نهێنی، لێکۆڵینەوەی بێلایەن و سزا و بەرپرسیارێتی ڕوون هەیە. هەروەها پێویستە فێرکاریی بەردەوام بۆ هەموو کارمەندان هەبێت. گرنگتر لە هەمووشیان ئەوەیە کە ژن هەست بکات شوێنی کار شوێنی ترس نییە، شوێنی کار و پەرەپێدانی وزە و ڕێزە.
لە کۆتاییدا، پەیامە سەرەکییەکە ئەوەیە ،
هەراسانکردنی ژنان کێشەی تاکێک نییە، بەڵکو نیشانەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەکانە ، چارەسەرەکەشی تەنها بە سزا دان نیە بەڵکوو بە گۆڕینی کەلتوور، بەرپرسیارێتی دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و بەشداریکردنی پیاوان و کۆمەڵگایە. کاتێک ژن بتوانێت بەبێ ترس دەنگی هەڵبڕێت، ئەوکاتە کۆمەڵگا بەرەو دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە هەنگاوی ناوە، وە رۆڵ و پێگە و دەنگی ژن لە ناو کۆمەڵگە بەهێزتر دەبێت و گەشەی کۆمەلایەتی و سیاسی و فەرهەنگی بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت .
