سازدانی: محه‌مه‌د چاوشین
ناحیه‌ی بنگرد، یه‌كێكه له شه‌ش ناحیه‌كه‌ی سنووری قه‌زای دوكانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی. بنگرد ناوه‌ندی ناحیه‌كه‌یه و 655 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و له‌ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به قه‌زای دوكانه. نزیكه‌ی 60 گوندی لە‌سه‌ره و ژماره‌ی دانیشتووانیشی ده‌گاته نزیكه‌ی 12 هه‌زار كه‌س. له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌بدولرەحمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد باس لە كێشە و گرفتەكانی كەرتی تەندروستی و پەروەردە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەگوێرەی پێویست مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی و بنكه‌ی ته‌ندروستییان هەیە، به‌ڵام له‌ڕووی بوونی پزیشكه‌وه پێویستییان به پزیشكی گشتی و كۆمه‌ڵێك پزیشكی تایبه‌تمه‌ندە. هێما بۆ ئەوەش دەكات كە بەهۆی كەمی ژمارەی دانیشتووان لە زۆرێك لە گوندەكان قوتابخانەیان نییە، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئەم گرفتەش چەند گوندێك قوتابخانەیەكیان بۆ دابینكراوە. "كێشه‌یه‌كی گه‌وره كه ئێمه له‌بواری په‌روه‌رده‌دا له‌و سنووره‌دا هه‌مانه، نه‌بوونی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی (12)یه كه قوتابییه‌كانمان له‌جیاتی ناحیه‌ی بنگرد، ناچارن ڕێگه‌یه‌كی زۆر ببڕن و بچن له‌شاری دوكان تاقیكردنەوە‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن. سه‌باره‌ت به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایەتییەكانی ئەم دواییە بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد باس لەوە دەكات كە ئەوان پشتگیریی جووڵانه‌وه‌ی مه‌ده‌نییانه و شارستانییانه و داخوازیی ڕه‌وای هاووڵاتییان ده‌كەن و "هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانیان".
ڕێگای كوردستان: وشكه‌ساڵی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌یشی گرتووه‌ته‌وه، له سنووری ناحیه‌ی بنگرد كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و وشكه‌ساڵییه چۆنن؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: به‌راود له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی تری كوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك باشین و كه‌مترین كاریگه‌ری هه‌بووه له سنووره‌كه‌ی ئێمه‌دا. هه‌ر گرفتێكیش له‌و باره‌وه هاتبێته پێشه‌وه، خۆشبه‌ختانه به‌زوویی چاره‌سه‌ركراوه.
ڕێگای كوردستان: به‌رنامه و پلانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی بنگرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و وشه‌كه‌ساڵییه چییه؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: به‌رنامه و پلانمان یه‌ك به‌رنامه‌ی هاوبه‌شه له‌سه‌ر ئاستی قه‌زای دوكان. زیاتر له مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا له دیوانی قایمقامیه‌تی قه‌زای دوكان بۆ هه‌ر پێنج ناحیه‌كه و ناوه‌ندی قه‌زای دوكان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری سلێمانی و ئاوی ژێرزه‌وی بۆ هه‌ماهه‌نگی و ئاگا له‌یه‌كبوون له‌كاتی دروستبوونی هه‌ر گرفتێكدا، به‌تایبه‌ت ئه‌و گرفتانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵییه‌وه هه‌یه. خۆشبه‌ختانه هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌دا هه‌یه.
ڕێگای كوردستان: پێمباشه سه‌باره‌ت به بابه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی له سنووری ناحیه‌ی بنگرددا قسه بكه‌ین، ئه‌و سنووره له‌ڕووی بوونی نه‌خۆشخانه و بنكه و مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستییه‌وه چۆنه؟ ئایا حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و ڕووه‌وه بایه‌خی به‌و ناوچه‌یه داوه؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: له سنووره‌كه‌دا یه‌ك مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی و پێنج بنكه‌ی ته‌ندروستیمان له گونده‌كاندا هه‌یه، ئه‌وه‌یش ڕێژه‌یه‌كی باشه له بوونی بینای مه‌ڵبه‌ند و بنكه‌ی ته‌ندروستیدا، به‌ڵام له‌ڕووی بوونی پزیشكه‌وه پێویستیمان به پزیشكی گشتی و كۆمه‌ڵێك پزیشكی تایبه‌تمه‌ند بۆ نه‌خۆشییه جیاوازه‌كان هه‌یه. له‌بواری دكتۆری دداندا، له‌ناوچه‌كه‌دا ته‌نها دوو دكتۆری بواری ددان هه‌یه و پێویستیمان به چه‌ند دكتۆرێكی تر هه‌یه. له‌ڕووی بوونی پێداویستی پزیشكی و ده‌رمانه‌وه باشین، به‌ڵام بینای مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستیمان زۆر خراپه و پێویستی به‌وه هه‌یه نۆژه‌ن بكرێته‌وه.
ڕێگای كوردستان: ئه‌ی له‌ڕووی په‌روه‌رده‌وه چۆنه؟ ئایا هه‌موو گونده‌كان قوتابخانه‌ی خۆیان هه‌یه یان قوتابییه‌كانیان له‌م گوند بۆ ئه‌و گوند هاتووچۆ ده‌كه‌ن؟ ئایا له‌م باره‌یه‌وه هیچ كێشه‌یه‌ك هه‌یه؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: له‌م ڕووه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك باشین، به‌ڵام له‌هه‌موو گونده‌كاندا قوتابخانه نییه، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه له زۆرێك له گونده‌كاندا ژماره‌ی ماڵ و قوتابییه‌كانیان زۆر كه‌مه، بۆیه ناتوانرێت له‌و گوندانه‌دا قوتابخانه‌یان بۆ بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته، بۆ چه‌ند گوندێكی نزیك له یه‌كتر قوتابخانه‌مان بۆ دابینكردوون، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی گه‌وره كه ئێمه له‌بواری په‌روه‌رده‌دا له‌و سنووره‌دا هه‌مانه، نه‌بوونی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی (12)یه، كه قوتابییه‌كانمان له‌جیاتی ناحیه‌ی بنگرد، ناچارن ڕێگه‌یه‌كی زۆر ببڕن و بچن له‌شاری دوكان تاقیكردنە‌وه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن، داوا ده‌كه‌ین ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت.
ڕێگای كوردستان: ئه‌ی له‌ڕووی گه‌شتیارییه‌وه ده‌ڤه‌ره‌كه چۆنه؟ له سنووری ناحیه‌ی بنگرددا به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته جوگرافییاییه‌كه‌یه‌وه چه‌ندین شوێنی دڵگیری هه‌یه كه بۆ ئه‌وه شیاون گه‌شتیاران سه‌ردانی بكه‌ن، له‌ڕووی كه‌رتی گه‌شتیارییه‌وه چه‌نده بایه‌خ به‌و ده‌ڤه‌ره دراوه؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: به‌ڵێ ئه‌وه ڕاسته، ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی جوگرافی جوان و سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه، چه‌ندین شوێنی گه‌شتیاریمان هه‌یه و خه‌ڵك له وه‌رزی جیاوازدا سه‌ردانی ده‌كه‌ن. به‌هۆی نزیكی ناحیه‌كه‌مان له به‌نداوی دوكانه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی باشی له‌ڕووی گه‌شتیارییه‌وه به ناوچه‌كه‌مان به‌خشیوه. بۆ بایه‌خدان به كه‌رتی گه‌شتیاری له‌م ناوچه‌یه‌دا، داوامان له وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌داره‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت كردووه، كه هه‌ركه‌س پڕۆژه یان بیرۆكه‌یه‌كی هه‌یه بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاری له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا، با پڕوپۆزه‌ل پێشكه‌شبكات ئێمه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هاوكاری و كارئاسانی بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا كه‌س بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانیان نه‌كردووین.
ڕێگای كوردستان: ئایا وشكه‌ساڵی كاریگه‌ری نه‌كردووه‌ته سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: خۆشبه‌ختانه دیارده‌ی وشكه‌ساڵی به‌و ئه‌ندازه‌یه كاریگه‌ری نه‌كردووته‌وه سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ته‌نها ئاوی زێی بچووك به‌راود به ساڵانی ڕابردوو ئاستی دابه‌زیوه، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مساڵ بڕه بارانێكی كه‌متر باریوه و هه‌روه‌ها ئێرانیش له سنووری خۆیدا به‌نداوێكی له‌سه‌ر ئه‌و زێیه دروستكردووه، هه‌ربۆیه ئاستی ئاوی زێی بچو‌وكیش دابه‌زیوه. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، له‌گه‌ڵ ئه‌و وشكه‌ساڵییه‌شدا، كه‌رتی گه‌شتیاری له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا په‌كی نه‌كه‌وتووه و جموجۆڵ هه‌ر هه‌یه.
ڕێگای كوردستان: له‌و ماوانه‌ی پێشوودا، هاووڵاتییانی ناحیه‌ی بنگرد له‌دژی نه‌بوونی كاره‌با و خراپی ڕێگاوبانه‌كانیان خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییان نیشاندا، ئایا داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێكرا؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بنگرد: سه‌باره‌ت به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری، ئێمه پشتگیریی جووڵانه‌وه‌ی مه‌ده‌نییانه و شارستانییانه ده‌كه‌ین و پشتگیریی داخوازیی ڕه‌وای هاووڵاتییان ده‌كه‌ین و هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانیان.
بۆ چاره‌سه‌ر و جێبه‌جێكردنی داخوازیی خۆپیشانده‌رانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره، ئێمه ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان ناوه: یه‌كه‌م، فه‌رمانی وه‌زاره‌تمان به‌ده‌ستهێناوه بۆ كردنه‌وه‌ی (فه‌رمانگه‌ی به‌رگریی شارستانی بنگرد – ئاگركوژێنه‌وه)، كه یه‌كێك له داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بوو. له‌ئێستادا چاوه‌ڕێی پێكهاته و میلاكین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
سه‌باره‌ت به خراپی ڕێگاوبانه‌كانیش كه ئه‌ویش داخوازییه‌كی دیكه‌ی خۆپیشانده‌ران بوو، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ین و ته‌واوی ڕێكاره ئیدارییه‌كانی بڕیوه و گه‌یشتووه‌ته قۆناغی (چه‌ك)ی بانكی بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته سه‌ر ژماره حیسابی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین. به‌هیواین هه‌رچی زووتر ده‌ست و بردی لێ بكرێت و ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت.
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كاره‌بایش له ناوچه‌كه‌دا، ئێمه‌یش هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی تری كوردستان ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه، كێشه‌ی كاره‌با ته‌نها هه‌ر له بنگرد نییه، كێشه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چاوه‌ڕێی پڕۆژه‌ی كاره‌بای 24 كاتژمێریین، به‌هیواین ئه‌و پڕۆژه‌یه كێشه‌ی نه‌بوونی كاره‌با بنه‌بڕبكات.