ناونیشانی دۆسییەكی تایبەتی رێگای كوردستانە، لەلایەن هیوا عومەر ئامادە دەكرێت

 

دیداری ئەمجارە لەگەڵ هاورێ‌ ناجی ئەفراسیاو ، نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستای زانكۆیە.

لەم دیدارەدا پرسی نیولیبرالیزم و لێكەوتەكانی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و بەها كۆمەڵایەتییەكان، لەگەڵ هاورێ‌ ناجی ئەفراسیاو (نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستای زانكۆ) تاوتوێدەكرێن. هاوڕێ‌ ناجی بەوردی لێكەوتەكانی سیاسەتی نوێی سەرمایەداری لەسەر ژیانی جڤاكی و كلتووری و ئابووری و سیاسی دەخاتەڕوو، هاوكات باسی سیماتازەكانی بۆرژوازییەتی نوێ‌ و كلتووری بەرخۆری و مەسرەفگەرایی لەچوارچێوەی شوناسی نیولیبرالیزم لەمڕۆدا دەخاتەڕوو؟

1-    شوناسی نیولیبرالیزم لەمڕۆدا چییە؟

دەشێت بەدەربڕینێکی سادە بڵێین کە لە ئەمڕۆدا بازاڕی ئازاد ئامرازێکی کاریگەرە بۆ دیاریکردنی ناسنامە و بەهای کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، بەو مانایەی لۆژیکی باو و باڵادەست؛ لۆژیکی ئازادیی بازرگانی و نەبوونی سانسۆرە لەسەر بازاڕ. ئەمەش سیمای کولتووری بۆرژوازییەتی نوێیە؛ کولتووری بەرخۆری و مەسرەفگەرایی. تاچه‌ر له‌ ڕسته‌یه‌كی به‌ناوبانگدا سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی دوایین و ئایدیۆلۆژیاكه‌ی كورتكرده‌وه‌: "شتێك نییه‌ به‌ناوی كۆمه‌ڵگەوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تاكه‌كانه‌". ڕوونه‌ كه‌ مه‌به‌ستی (تاچه‌ر) له‌ تاكه‌كان؛ گرووپێكی بچووكی سه‌رمایه‌دار/بازرگان/ده‌سه‌ڵاتداره‌. بۆ کۆمیدیاکردنی ئەم تراژیدیایەش، جارێکیان تۆماس فریدمانی ڕۆژنامەنووس دەنووسێت: "دەستی شاراوەی بازاڕ پێویستی بە مشتێکی ئاسنینی پنتاگۆنی ئەمریکی هەیە، هەمبەرگەری ماکدۆناڵد نابێتە جێگرەوەی بەرهەمەکانی ماکدۆنێل دۆگلاس"، (McDonnell Douglas) ئاماژەیە بە یەکێک لە کارگەکانی چەک لە ئەمریکا.

لەلایەکی ترەوە، هەیمەنەی پاشای دراوەکانی جیهان (دۆلاری ئەمریکی) بەسەر دراوەکانی تری جیهاندا، سیمایەکی تری ئەم ئایدیۆلۆژیایە، کە ئەویش چەند فاکتەر و هۆکارێکی لەپشتەوەیە؛ لەسەروبەندی کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا، کۆنفراسی بریتۆن وودز لە ئەمریکا دەبەسترێت لەوێدا، بڕیار لەسەر دامەزراندنی (سندوقی نەختی نێوەدەوڵەتیIMF) دەدرێت و بەهای دۆلار بە ئاڵتوون پەیوەستدەکرێت، بۆیە بەپاساوی ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئابووریی جیهان و پڕکرنەوەی کورتهێنانی بودجە، دەبوایە وڵاتانی بەشداربوو لەو سندووقە، پارەی یەدەگ بە ئاڵتون یان دۆلاری ئەمریکی بقەبڵێنن و دایبنێن. دواتر پرۆژەی مارشال دێتەگۆڕەپانی ئابووریی جیهان و ئەمریکا لەڕێگەی (بانکی نێوەدەوڵەتی)یەوە لەژێرناوی قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی قوربانیی جەنگ، پارە (بە دۆلار) هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات. وەک دەبینین پرۆسەی قەرزەکانی بانکی نێودەوڵەتی/ئەمریکی تاکو ئەمڕۆش بۆ وڵاتانی جیهانی سێهەم (تازەگەشەسەندوو) بەردەوامە، کە ئەمەش یەکێکە لە ئامرازەکانی پیادەکردنی سیستەمی نیولیبراڵیزم. ئەم پێوانەکردن و ئاڵوگۆڕە بەردەوامە بە دۆلار، بووە هۆی ئەوەی کە دۆلار ببێتە مەرجەعی دراوەکانی جیهان بۆ دانانی یەدەگ و پرۆسەی بازرگانی و هەناردە و هاوردە. بەوپێیەشی هەردوو بۆرسە گەورەکەی جیهان (ناسداکNASDAQ) و (نیۆرکNYSE) لە ئەمریکایە، دەبینین وڵاتانی بەرهەمهێن بۆ دەستنیشانکردنی نرخ و بەهای هەر کاڵایەک بە دراوێکی غەیرە لۆکاڵی دەبێت بەرامبەر بە دۆلار نرخدانانی بۆ بکەن.  

2-    جیاوازیی نیولیبرالیزم لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان لەگەڵ نیولیبرالیزم لەمڕۆدا چییە؟ بۆچی لەمڕۆدا نیولیبرالیزم جارێكی تر دەگەڕێتەوە سەرەڕای شكستی پرۆژەی نیولیبرالیزم لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ تیشک بخەینەسەر پوختەمێژووی نیولیبراڵیزم. سەرەتا هەر یەک لە ڤۆن هایک (Friedrich von Hayek)، و میڵتۆن فریدمان (Milton Friedman) و جەیمس بوکانان (James Buchanan)، هاوبەشییەکی کارایان لە فەلسەفەی سیاسی و ئابووریی سیاسی و مێژووی نوێی نیولیبراڵیزمدا هەبووە. ئاشکرایە کە بەدرێژایی مێژوو، و بەتایبەت پاش گەشەسەندنی پیشەسازی و هاتنەئارای بانکەکان و سەرمایەی دارایی، سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری لەدوای قەیرانە گەورەکەی 1929ەوە، تاکو ئەمڕۆ بەردەوام لە قەیرانی خولگەییدا بووە، بەڵام ئەو کاتەی جەنگی جیهانی لەئارادا بووە، تیۆرست و ئابووریناسە لیبراڵەکان سیستەمەکەیان لە کەوتن ڕزگارکردووە. لە ساڵی 1930 بەدواوە تیۆری (جۆن کینز) فۆرمێکی نوێی بە ئابووریی سەرمایەداری بەخشی. ئابووریی گشتیی کینزیزم تاکو شەستەکان درێژەی کێشا، دواتریش بۆ ئیحتیواکردنی قەیرانەکان لەسەر دەستی چەند تیوریستێکی تر، تیۆری نیوکینزیزم سەریهەڵدا، بەڵام چیتر تێکەڵاویی کەرتی تایبەت و گشتی نەدەگونجا و دەوڵەتە زلهێزەکان گیرۆدەی قەیرانی ئابووری دەبوونەوە، بۆیە ئەمجارە سەرکردەکان خۆیان تەداخولیان کرد (تاچەری بەرتیانی و ڕیگانی ئەمریکی) پرۆژەکەی قوتابخانەی شیکاگۆیان وەک دواترین فۆرمی سەرمایەداری تەبەنیکرد. بیرۆکەکانی ئەم قوتابخانەیە لەڕێگەی ڕاوێژکاراکانیانەوە (میڵتۆن فریدمان و فریدریش ڤۆن هایک)، جێبەجێکران. یەکەمیان وەک ڕاوێژکاری ڕۆناڵد ڕیگان، دووەمیشیان وەک ڕاوێژکاری مارگرێت تاچەر. ئایدیاکانی ئەم دووانە، بوونەهۆی گرنگترین گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا، کە جیهانی خستە سەردەمێکی نوێ، سەردەمی نیولیبراڵیزم و کۆتاییهاتنی سەردەمی کینزی. دواجار؛ هەر یەک لە هایک و فریدمان کە بە مامۆستای ڕۆحیی نیولیبراڵیزم ناسراون، دێن پەردە لەسەر ڕوخسارێکی تری سەرمایەداری هەڵدەماڵن. چیتر هایک و فریدمان بوونە بیریارانی ئایدیۆلۆژیای نیولیبراڵیزم، ئیتر هەر لە کۆتایی شەڕی ساردەوە، نیولیبراڵیزم ڕووی ئابووریی ئیمپریالیزمی نوێی ئەمریکا بووە. فریدمان لە کتێبی "سەرمایەداری و ئازادی"دا دەڵێت؛ لەبەرئەوەی قازانجکردن جەوهەری دیموکراسییە، ئەوا هەر حکومەتێک سیاسەتی دژەبازاڕ بگرێتەبەر، هەرچەندە پشتیوانیی جەماوەریشی هەبێت، ئەوە هەر دژەدیموکراسییە. بەم پێیەش داوادەکات ڕۆڵی حکومەتەکان سنوورداربکرێت؛ تەنها ئەرکیان پاراستنی موڵک و ماڵی تایبەت و جێبەجێکردنی گرێبەستەکان بێت. بەڵام پرسە ڕاستەقینەکانی وەک بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە دیاریبکرێت.

بەردەوامی و درێژەکێشانی نیولیبراڵیزم کە دڕندەترین فۆرمی سەرمایەدارییە، بۆ ئەوەیە درێژە بە تەمەنی سیستەمەکە بدات. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، لەڕێگەی جەنگ و تیرۆر و دوژمنی وەهمی، و قەرزی نێودەوڵەتی و خوڵقاندنی دەیان مژاری ترەوە، قەیرانەکانی سیستەمی پەردەپۆشکردووە.  هەڵبەت ئەو کەسانەی پێیانوایە تیۆری مارکسیزم کە ئابووری دەکاتە فاکتەرێکی بنچینەیی، لە ئێستادا کارناکات. هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تاکو ئەمڕۆ وەک پەتا بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام تراویلکەیە و نابینرێت، تیۆریستەکانی لە هەموو پنت و ساتێکدا تیۆری نوێ دەخەنەڕوو. بۆیە ڕەنگە بۆ ئەو کەسانە قورس بێت کە لینکێک لەنێوان ئایدیاکانی مارکس و كۆنزه‌رڤاتیڤێکی وەک (فیلێپ بۆبیت) دروستبکەن، لە کۆتایی سەدەی بیستدا فیلیپ وتی؛ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا چیتر (ده‌وڵه‌تی بازاڕ Market State) جێگه‌ی (ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی Nation State) ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی پێشوو سنوور و سیستەمی سیاسیی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رپرسیارێتیی جه‌وهه‌ری ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كه‌رتی تایبه‌ت، ئەوەشی لە ئەستۆی حکومەتەکاندایە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕە، ئەگینا کۆمپانیاکان هەموو پێداویستییەک دابیندەکەن.

3-    لێكەوتەكانی نیولیبرالیزم لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەرتەكانی خوێندن و تەندروستی و ئەوانی دیكەدا چییە؟

لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئایدیای "گەشەپێدانی ئابووری"، بووە ئامرازی ئایدیۆلۆژیی هەردوو دامەزراوەی بانکی جیهانی و سندوقی نەخت. ئەم بانگەشەیە، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست بەدواوە، بەتایبەت لەدوای ڕووخاندنی دیواری بەرلین، دەبێتە وێردی سەرزمانی بانگخوازانی نیولیبراڵیزم و پارادایمی تاقانەی سیستەمی جیهانی، بەڵام ئایا هەر بەڕاست "گەشەپێدانی ئابووری" بووە هۆی پەرەپێدانی ڕاستەقینە و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتانی دواکەتوو و تازەگەشەسەندوو؟!. بەدڵنیاییەوە پێچەوانەکەیمان بینی؛ هەژارکەوتنی زۆرینەی کۆمەڵگەکانی وڵاتانی (ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور) و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. جگەلەوەی زەبرێکی کوشندە بەر سێکتەری کشتوکاڵ دەکەوێت و بەناوی پێشکەوتنەوە، حکومەتەکان پاڵپشتییەکانیان بۆ ئەو سێکتەرانە لادەبەن کە بژێویی زۆرینەی هەژارانی لەسەربوو.  لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەوا نزیک بە دە ساڵە کەرتی گشتی و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان بەدیار چاومانەوە فەرامۆشدەکرێن. گرفتەکە بەتەنیا؛ فرۆشتن و هەڕاجکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان نییە، بەڵکو پێش ئەوەی ئەمە ڕووبدات، لە بەرامبەر پەراوێزخستن و چۆڵکردنی هەر قوتابخانەیەک، زانکۆیەک یان نەخۆشخانەیەکی حکومیدا؛ بەدیلێکی ناحکومی و ئەهلیی بۆ دروستکراوە. پێماندەڵێن؛ ئەمە حاڵی ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی حکومییە، دەڵێن فەرموو ببینن چۆن نەخۆشخانە حکومییەکان بوونەتە گۆڕستان، سەرپشکمان دەکەن لەوەی خۆمان چی هەڵدەبژێرین، بەڵام ئیدی گیرفانمان بڕیار لە چارەنووسمان دەدات.

4-    بۆچی رۆشنبیران و هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكان پرۆژەی نیولیبرلیزم ڕەتدەكەنەوە بەڵام بەشێك لە رۆشنبیران و هێزە ڕاستڕەوەكان پەیڕەو و تەرویجی بۆ دەكەن؟

دیارە ئاراستەی ئایدیۆلۆژیی چەپ و ڕاست جیاوازییەکی جەوهەرییان هەیە، بۆیە شتێکی حەتمییە کە ڕاستڕەوەکان تەرویج بۆ ئایدیاکەیان بکەن. لینین لەپاش لێکۆڵینەوەیەکی چڕ سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و فراوانبوونی دەسەڵاتی نوخبەیەک لە سەرمایەداری قۆرخکار و بانکەکان، کتێبی (ئیمپریالیزم، باڵاترین قۆناغی سه‌رمایه‌داری) دەنووسێت. ئەگەر بمانەوێت پەیوەندیی ئەم کتێبە بە دۆخی ئێستامانەوە پەیوەستبکەین، ئەوا ناچارین هەمان ئەو گوزارانەی لینین دابنێینەوە کە سەدەیەک پێش ئێستا خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی؛ "ئومێده‌وارم ئه‌م كتێبه‌م یارمه‌تی خوێنه‌ر بدات بۆ تێگه‌یشتن له‌ مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌یی ئابووری، واتا جه‌وهه‌ری ئابووریی ئیمپریالیزم، كه‌ به‌بێ دیراسه‌كردنی ناتوانرێت هه‌ڵسه‌نگاندن و خه‌مڵاندن بۆ جه‌نگی هاوچه‌رخ و سیاسه‌تی هاوچه‌رخ بكرێت و لێیتێبگه‌یت. جه‌نگێك کە له‌پێناو دابه‌شكردن و دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی موسته‌عمەره‌ و ناوچه‌كانی ژێر هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داریی دارایی، بەرپادەکرێت". وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێکردووە، ئێستا شتێک نییە بەناوی بەها فیکری و مرۆییەکان. پارە جێگای هەموو پرەنسیپ و مەبدەئێکی گرتۆتەوە. حزبی "ناسیۆنالیستی و دینی" دەبینین کە بەپێی بەرژەوەندیی پێگە و پۆست و پارە ئاراستە فیکرییەکانیان دەگۆڕن.

لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند نووسینێکدا زاراوەی "خزمایەتیی پارە"م تەوزیفکردووە، خزمایەتی بەمانای بەرژەوەندیش دێت، هەروەک چۆن مەبەست لە پارە تەنها دراوی ڕووت نییە، بەڵکو هەموو ئەو پێگە و پۆست و هەڵوێستە سیاسییانەیە کە بەهۆی بەرژەوەندیی پاراستنی سەرمایەوە بەدەستدێن و دێنەئاراوە. کەواتە سەرمایە دەتوانێت پەیوەندیی سیاسی لەنێوان ڕۆشنبیران و هێزە ڕاستڕەوەكان دروستبکات، ئەگه‌ر كه‌سێك پاره‌دار بێت ده‌توانێت سیاسه‌ت و حوكمڕانیش بكات، چونکە سه‌رمایه‌دار پێویستی به‌ خه‌باتی شاخ و شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕیش نییه‌، بەڵکو لەڕێگەی هاوكێشه‌ی [پاره‌←هێز←میدیا]وە خەڵک و جەماوەر ئاراستە دەکات.

 سێ دەیە زیاترە نوخبەی رۆشنبیری ئێمە گلەیی لە خەڵک دەکات و پێیوایە کۆمەڵگە قەرزارباریەتی، بۆیە جاروبار بەمنەتەوە قەڵەم و پەیکەرەکانیان دەفرۆشن و هەندێکجاریش دەڵێن چیتر بۆ کۆمەڵگەیەک نانووسین کە منەتی پێمان نەبێت. گرامشی، ئەمجۆرە لە ڕۆشنبیر ناودەنێت، ڕۆشنبیری تەقلیدی، بەڵام کۆمەڵگە پێویستی بە ڕۆشنبیری ئۆرگانییە، کە لانیکەم نوخبە بەرهەمنەهێنێتەوە و هەڵگری ئایدیای عەدالەت و ئازادی بێت. چیتر ڕۆشنبیر شکستیهێناوە لەوەی گوایە پێشڕەوەی کۆمەڵگەیە و دەبێت نوخبە لەو وەهمە بێنەدەرەوە و دووبارە داڕشتنەوە بۆ چەمکەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کاری سیاسی بکەن، چونکە ئەوە کۆمەڵگەیە دەبێت بگۆڕێت و سەرجەم توێژەکانییەوە کارا بن، نەک تەنها ئەو توێژەی خۆیان ناوناوە پێشڕەوانی هۆشیار و نوخبەی ڕۆشنگەر، کە پێیانوایە جگە لە خۆیان کەس بۆی نییە ڕەخنەبگرێت، یاخود کەس میسداقییەت و ڕەوایەتیی نییە قسە لەسەر بەها گشتییەکان بکات ئەوان نەبێت.

5-    رێگاكان و شێوازەكانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئایدیۆلۆژیای نێولیبرالیزم لەمڕۆدا چیین بە دیدی بەرێزتان؟

ئەوە خەمی هاوبەشە کە هەمیشە توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە لەسەر شەقامەکان بەیەکتر دەگەیەنێت، بەڵام ئەوەی کە تاکو ئێستا خەڵک نەیتوانیوە هێز و وزەکانی یەکبخات و سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەستبهێنێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ غیابی ئایدیا لەنێو جەماوەری چەوساوەدا. بۆ ئەوەی کرێکار و بێکار، مامۆستا و فەرمانبەر، پزیشک و پارێزەر، ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن پێویستە هەمووان لە دەوری ئایدیایەک کۆببنەوە. بەسیاسیکردنی کۆی پرۆسەی ژیان و خەباتکردن بۆ ژیانێکی عادیلانە پێویستی بە هۆشیارییەکی سۆسیالیستییە، ئێمە دەزانین دزی و گەندەڵی هەیە، دەزانین چینایەتی و ڕەگەزپەرستی هەیە، هەروەک دەزانین دین و نەتەوە بوونەتە دوو فاکتەری بەهێز بۆ جۆشدانی ئاگری تایەفی و ناسیۆنالیستی، بەڵام لای زۆرینە هێشتا ئەوە ڕوون نییە کە تەنیا بە تەبەنیکردنی ئایدیای سۆسیالیزم و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی، دەتوانین کۆتایی بەم جەور و ستەم و گاڵتەجاڕییەی دەسەڵات بهێنین؟ ئەرکی سەرەکی و دەستبەجێی سۆسیالیستەکان لەم قۆناغەدا بریتییە لە دروستکردنی کەناڵ لەنێو توێژە ناڕازییەکاندا و ڕێکخستنی جەماوەر و چینی خوارەوەی کۆمەڵگە بەئاراستەی ڕادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانە و دروستکردنی بەدیل بۆ ئەم سیستەم و دەسەڵاتە داڕزیوە، کە چیتر ناتوانێت وەڵام بە داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە. لێرەوە زەروورەتی ئایدیای ئینتەرناسیۆنال و بەرژەوەندیی گشتی و ژیانی هەرەوەزی و هاوبەش سەرهەڵدەدات.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا