
دیمانە/دهۆک بەڕۆژی_سۆران
دڵڤین فەخری حەمەد، ساڵی 2003 لە شاری سۆران لەدایکبووە، قوتابی قۆناغی چواری زانکۆی سۆرانە، ماوەیەكە لە پاڵ خوێندن و چالاكییەكانی دیكەی دەستی داوەتە دروستكردنی شیرینی، لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی كارێكی جیاواز بكات و بە زوویی ناسرا و لە چەندین پیشانگە كارەكانی نمایش كرد و هەم بازاڕی بۆ شیریینەییەكان دۆزییەوە هەمیش زیاتر ناسرا.
- رێگای کوردستان:چۆن و لە کوێ دەستت کرد بە کاری شیرینی دروستکردن؟
دڵڤین : " هەموو دەم بیرم لەوە كردۆتەوە کارێکی جیاواز بكەم، بۆ ئەوە شیرینییەكانم ببێتە بڕاندی تایبەت بە خۆم".
- رێگای کوردستان:ئافرەت پێویستە هەمیشە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
بەشێکی زۆری ئافرەتان هەوڵ دەدەن ببەنە خاوەن کاری خۆیان، ئەمەش هۆكارە بۆ پێشكەوتنی وڵات و سەربەخۆیی ئافرەتان، دڵڤین دەڵێت " هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی کار و بوون بە خاوەنکار وادەکات وڵات زیاتر پێش بکەوێت و ئافرەتان زیاتر بڕوایان بەخۆیان بێت، زۆربوونی ئەم هەستەش لای ئافرەتان وادەکات زیاتر بەدوای بەهرە و تواناکانیان بگەڕێن، لەم سۆنگەیەش هەم پاشخانی ڕۆشنبیری و زانیارییەکانیان زیاتر دەبێ، هەمیش كاریگەری لەسەر ئاستی گەشەكردنی ئابووری مامناوەندی وڵات دەبێ".
- ڕێگای کورستان: وەک ژن، ئایا لەم بوارەدا کێشەی تایبەتی هاتە ڕێگات؟
ئێستاشی لەگەڵ دابێت كۆمەڵگە و نەریت دەبنە كۆسپ بۆ ئافرەتان تا نەبنە خاوەنکا، ئەو كچە شۆخ و شەنگە لەمبارەیەوە دەڵێت "نەریتە باوەکانی کۆمەڵگا کاریگەری نەرێنی زیاترە لە ئەرینییەکان، هەر کەسێک ئەبێتە خاوەنکار بێگومان ئەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەتایبەتیش ئەگەر ئافرەت بێت، باوبووە ئافرەت لەماڵەوە بێت و کاری ماڵەوە بکات، بەڵام ئێستا کاری سەربەخۆیان هەیە و هەندێکیشیان بوونەتە بڕاند و سەلماندوویانە ئافرەت دەتوانێ چ کارێزمایەک بێت و كارێزماش پەروەردە بكات".
- رێگای کوردستان ئایا ئەم کارە بۆت تەنها پیشەیەکە یان حەزێکی منداڵیت بوو
لە درێژەی قسەكانیدا خاتوو دڵڤین گووتی " کارکردن پیرۆزە، بەڵام پاراستنی شکۆی خانمی زۆر بەرزترو پیرۆزترە، هەندێك ئافرەت كە دەست بە کارێک دەکەن، ڕەنگە هۆشیاری تەواویان نەبێت، بۆیە تووشی کێشە دەبن، چ لە دەرەوە یا بە ئۆنلاین، بۆیە زۆر گرینگە هۆشیار بن تا نەکەونە بەر تانە و تەشەری کۆمەڵگە و پێگەی بە رێزەوە بهێڵێتەوە".
دڵڤین لە بارەی كاریگەری ئابووری سەربەخۆی بۆ ئافرەتان دەڵێت" بێگومان ئابووری سەربەخۆ ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پێشکەوتنی ئافرەتان، چونکە لە کاتی کارکردن کۆمەڵێ کەسی جیاواز دەناسن، شێوازی بیرکردنەوەیان دەەگۆڕێ و توانای بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ئەبێت و زیاتر هەوڵ دەدەن بیرۆكەی نوێ و جیاواز تاقیبکەنەوە و پشت بەخۆیان ببەستن".
زۆرینەی مرۆڤەكان لە كاركردن رووبەڕووی كێشە دەبنەوە، ئەگەر ئافرەت بێت، زیاتر ئاڵەنگاری دێتەسەر ڕێگەی ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت" خوێندن زۆر کاتی داگیرکردووم و کار کردنم لەماڵەوەیە و تەنیام، ڕەنگە ئێستا لە توانام نەبێ زۆرێک لە ئۆردەرەکان وەربگرم و شوێنێکی دیاری کراویشم نییە، ئەمە وادەکا پڕۆسەی پێشکەوتنم وەك ئەمەوێ نەبێت، زۆریش ماندووم".
لە كۆتایی قسەكانیدا، دڵڤین فەخری گووتی" سەرکەوتنی ئافرەت ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەماڵەوە، ئەگەر لەگەڵت بن چانسی سەرکەوتنیش زیاتر دەبێت، بەڵام هەرچەندە لە كارەكانت پێشکەوتوو بیت، خێزان و ماڵەوەت لەگەڵ نەبن، هیچ باێەخێکی نییە و بەسەرکەوتن هەژمار ناكرێت، بۆیە پاڵپشتی و رێزی خێزان و بنەماڵە لەسەرووی هەموو سەركەوتنێكە".
- پەیامی کۆتاییت چییە؟
زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان کە مننان بەسەرکردوەو، زۆر گرنگە پەرە بە توانا و کاری خانمان بدرێت تا بتوانن زیاتر بناسرێن و لەسەرپێی خۆیان بوەستن.