دیمانە/ دهۆک بەڕۆژی - سۆران

 

لەم بەسەركردنەوە كورتەدا (گوڵناز خەلیفە)، كە یەكەم كچە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا بەشداری لە درامای مێژوویی (ئەدیابین) كردووە، باس لە ئەزموونی خۆی وەك ئەكتەر دەكات.

رێگای كوردستان: دەكرێت باس لەهۆكاری بەشداریكردن لە دراماكەدا  بكەیت؟

 گوڵناز خەلیفە: هۆکار ئەوە بوو کە درامای ئەدیابین درامایەکی مێژووییە و باس لە مێژووی نەتەوەکەمان لە شۆرشی گەلەکەماندا دژ بە چەوساندنەوە و ئەو زوڵمە دەكات، کە لە گەلی کورد کراوە وەک ئەنفال و جینۆساید، من وەك کچێک کە باب و باپیرانمان لەم شۆڕشانەدا بەشداربوون و قوربانیانداوە لەپێناو ئەو مافە ڕەوایەی کە مافی گەلەکەمانە شەهیدکراون، ئاوارە و دەربەدەر کراون، بەڵام هەرگیز کۆڵیاننەدا و هەمیشە خۆڕاگرانە خەباتیانکردووە تاکوو سەرکەوتن و ئەو ئاسایشەی کە ئێستا ئێمە هەمانە لە سایەی خەبات و قوربانیدانی ئەم قارەمانانەیە، بۆیە منیش بەخۆشحاڵییەوە ویستم ڕۆڵێکم لە پێشاندانی ئەم خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان هەبێت، بۆیە بڕیارمدا کە وەکو کچێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشداربم لەم درامایەدا. بۆ من جێی فەخر و شانازییە کە توانیم لەم درامایەدا وەکو کچێک ڕۆلی خۆم ببینم.

رێگای كوردستان: كێ بووە هێز و پشتیوانی سەرەکیت تا لەم ڕیگەیەدا  بەشداری درامایەكی مێژوویی بكەیت؟

گوڵناز خەلیفە: خانەوادەكەم  پاڵپشتی یەکەمم بوون و ڕێگریاین لێ نەکردم و رێگەیان پێدام لەم دراما مێژووییەدا بەشداربم، بەتایبەت دایکم هەر لە سەرەتاوە زۆر پاڵپشتم بوو بەتایبەت کاتێک کە پێمڕاگەیاند دراماکە لەسەر مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گەلی کوردە زۆر دڵخۆشبوو، بۆیە دەتوانم بڵێم دایکم هێزی زیاتری پێدام بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار وەک ئەکتەرێک لە درامای مێژوویی ئەدیابین بتوانم ڕۆڵی خۆم سەرکەوتووانە بگێرم.

رێگای كوردستان: ئایا ئەكتەری ئاواتت بوو یان دەرفەت بوو؟

گوڵناز خەلیفە: سەبارەت بە بیرکردنەوەی من دەربارەی ئەم بابەتە دەتوانم بڵێم من هەرگیز ڕۆژیک لە ڕۆژان بیرم لەمە نەکردبووەوە وەک ئەکتەرێک بەشداری لە درامایەک بکەم، لە منداڵییەوە کە سەیری دراما و فیلمەکانم دەکرد هەمیشە خەیاڵی ئەوەم دەکرد و دەمگوت خۆزگە منیش ببامە ئەکتەر، بەڵام هەرگیز تەسەورم نەدەکرد ئەو خەیاڵەم رۆژێک لەڕۆژان ببێتە ڕاستی و ببمە ئەکتەر بەتایبەت لە درامایەکی مێژوویی کوردی بەناوی ئەدیابین بۆ من بەڕاستی سوپرایزێکی گەورە و زۆر جوان بوو. دەتوانم بڵێم مایەی خۆشحاڵی و سەربڵندییە کە توانیم وەک ئەکتەر بەشداری ئەم درامایە بكەم كە خەون و ئاواتی منداڵیم بوو، ئەو ئەزموونە بۆ من دەستکەوتێکی گەورە بوو.

رێگای كوردستان: ئایا دەتەوێت لە سینەمادا بمێنیتەوە و كار بكەیت ئەگەر دەرفەتی تر هاتەپێشەوە؟

گوڵناز خەلیفە: بیگومان پلان و پرۆژەی زیاترمان دەبێت لە بواری هونەر و خزمەکردنی زیاتری کۆمەڵگەکەمان. بەڵێ بێگومان ئەگەر دەرفەتی لەم شێوازە باشم بۆ بێنەپێش قبوڵی دەکەم و خزمەتی هونەری کوردی دەکەم و لە سینەمادا بەردەوام دەبم.

ڕێگای كوردستان: پەیامێكتان هەیە بۆ ئەو خانمانەی دەیانەوێت بێنە ناو كاری سینەما و هونەر بەگشتی، بەڵام لە یەكەم ڕۆڵدا ترسیان لە دەركەوتن هەیە؟

گوڵناز خەلیفە: دەتوانم بڵێم کاریگەری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا بەتایبەت بۆ کچانی ناوچەی خۆمان لە سۆران. بیگومان من هەمیشە ئامادەم پاڵپشتی کچان بکەم بەتایبەت ئەگەر بزانم ئاواتی ئەکتەرییان هەیە بەهەموو شێوازێک ئامادەم دەستیان بگرم و هاوکاریان بم بۆ ئەوەی کچانی شارەکەم بتوانن هونەری خۆیان پێشانبدەن و هەست بە توانا و لێهاتوویی خۆیان بکەن و ئەو بەهرەیەیان پێشانی هەموو دونیا بدەن و شانازی پێوەبکەن و خەونەکەیان بێننەدی. داوا لە کچانی دەڤەرەکەم دەکەم بەتایبەت ئەوانەی کە بەهرەیان هەیە لە هەر بوارێکدا هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بگەن بە خەونەکانیان و گوێ بە قسەی کەسانی ناڕۆشنبیر نەدەن، کە ڕوانگەیەکی هەڵەیان هەیە بەرانبەر بە ڕۆلی ئافرەت بەتایبەت لە بواری ئەکتەریدا، چونکە ئێمەی ئافرەتیش بەهرە و توانا و کاریگەرییەکی زۆرمان هەیە. ڕۆڵی ئافرەت ڕۆڵێکی گرنگ بووە لە خەبات و پێشوەچوون، بۆیە گرنگە بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە بەبێ گوێدان بە بەربەستەکان بەرەوپێشەوە بڕۆین و ڕۆڵی خۆمان هەبێت.

ڕێگای كوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەهیوای كاری جوانتر

گوڵناز خلیفە: زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان كە منتان بەسەركردەوە، زۆر گرنگە پەرە بە توانا و كاری خانمان بدرێت تا بتوانن زیاتر بناسرێن تا لەسەرپێی خۆیان بوەستن.

گوڵناز خلیفە ساڵی 1998 لەسیدەكان لەدایكبووە. ساڵی 2023 بەشی ژمێریاری لە كۆلێژی تەكنیكی سۆران تەواوكردووە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا