دهۆک بەڕۆژی _سۆران
لەم بەسەركردنەوە كورتەدا هێڤی عومەر یاسین باس لە یەكەم كتێبی چاپكراوەی دەكات، كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەک توێژینەوە کاری لەسەرکردووە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویكردەوە.
ڕێگای كوردستان: چۆن دەستت بە نووسینی ئەم کتێبە کرد؟
هێڤی عومەر: سەرەتای ئەم کتێبە توێژینەوە بوو، زۆر بەحەزەر بووم لە بڵاوکردنەوەی، چونکە توێژینەوەکە لەسەر چیرۆکی ئیمراتوریای ژن بوو، کە لەلایەن دڵشاد کاوانی نووسراوە. پڕە لە ڕووداوی تراژیدی و نائومێدکەر کە دەسەڵاتی ژن بە دەسەڵاتێکی پڕ لە ستەم لە قەڵەمدراوە، ئەمەش بە نائاگایانە پێناسەیە بۆ ستەم و دەسەڵاتداری پیاو، لەمەشدا خوێنەر تاوانی نییە خوێنەری ڕووداوی تراژیدی بێت، بچێتە نێو نائاگایی کە هیچ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی نییە، بۆیە زۆر بەحەزەر بووم لە بڵاوکردنەوەی، چونکە ئەوەی ناخۆشی ببەخشێت ناخۆشی وەردەگرێتەوە، کە ئەمەش کارمای ژیانە. دروستە بەشێکی ژیان تراژیدیایە، هەرچەندە فەیلەسوف فرێدریک نیتشە ژیان بە بێمەبەست دەزانێت و بە تراژیدیا لەقەڵەم دەدات، بەڵام واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ژیان تراژیدیایە، بەڵکو ژیان ئەزموونە و فێربوونە و گەشتێکی کورتە.
ڕێگای كوردستان: چی شتێک وایکرد بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە کتێب بگۆڕیت؟
هێڤی عومەر: کتێب پارێزەری هزری مرۆڤە، بۆیە بەپێویستمزانی بیکەم بە کتێب، بەناوەڕوک و پێرستی جیاوازەوە.
ڕێگای كوردستان: کەی ھەستت کرد کتێبەکەت تەواو بووە و حەزت کرد بڵاوی بکەیتەوە؟
هێڤی عومەر: پێشتر داوام لێکرا توێژینەوەکەم بکەم بە کتێب، بەڵام ئامادەنەبووم، چونکە بەپێویستمزانی گۆڕانکاری تێدا بکەم، ئەمساڵ هەستم کرد کەوا کاتێکی گونجاوە بۆ بڵاوکردنەوەی.
ڕێگای كوردستان: سەختترین بەش لە نووسینی ئەم کتێبەدا چی بوو؟
هێڤی عومەر: سەختترین بەش بەشی سێیەم بوو، کە لێکدانەوەی بۆ بکەم و خاڵە باش و لاوازەکان و دژیەکەکان دیاریبکەم.
ڕێگای كوردستان: ئەو پەیامە یان بیرۆکەیە چییە کە دەتەوێت بە خوێنەرانی کتێبەکەت بگەیەنیت؟
هێڤی عومەر: پەیامی سەرەکی من لەم کتێبەدا ئەوەیە کە مرۆڤەکان وەکو مرۆف لەیەکتر بڕوانن ئەگەر وەک مرۆڤ لەیەکتر نەڕوانن ئەوا جیاکارییەکان قبوڵ ناکەن، هەرچەندە لەم سەردەمەدا خوێنەر سەنتەرییە، خوێنەر بڕیاردەدات چۆن پەیامێک بدۆزێتەوە لە بیرۆکەکانی ناو کتێبەکان.
ڕێگای كوردستان: ماوەی چەندێکت پێویست بوو بۆ تەواوکردنی کتێبەکە؟
هێڤی عومەر: ماوەی سێ ساڵ بوو کارم لەسەر کتێبەکە دەکرد کواڵێتی کتێبەکەم لە ڕووی ناوەرۆکەوە بۆ گرنگ بوو نەک ژمارەی لاپەڕە و بەکارهێنانی گوتەی گۆتیانی تیوری.
ڕێگای كوردستان: ئایا پلانت هەیه بۆ نووسینی کتێبی تر؟
هێڤی عومەر: بەڵێ بێ گومان بەم نزیکانە کتێبی دووەم کە ژانری چیڕۆکە بەچاپ دەگەینم.
ڕێگای كوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەهیوای كاری جوانتر.
هێڤی عومەر: زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان كە منتان بەسەركردەوە. زۆر گرنگە میدیا بایەخ بە توانا و كاری خانمان بدات، تا بتوانن زیاتر بناسرێن و بەرهەمەكانیان پەرەپێدەن و لەسەرپێی خۆیان بوەستن.
هێڤی ساڵی 1998 لە هەولێر لەدایكبووە. ساڵی 2022 بەشی کوردی لەزانكۆی سۆران تەواو كردووە.