دیمەنی نوێی ناوچەکە ، کشانەوەی ئەمریکا و پرسی سەروەریی عێراق لە  دۆسێیەکی تایبەت بە ڕاگەیەنراوەکەی حیزبی شیوعیی کوردستان دا 


ڕێگای کوردستان 


دیمەنی سیاسی و ئەمنی ئێستای ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و گۆڕانکاری هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە کاتێکدا دۆزی ڕەوای نەتەوەیی لە پارچەکانی تری کوردستان ڕووبەڕووی تەسفیەی مەیدانی و کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، ناوخۆی عێراق و هەرێمیش لەبەردەم مەترسیی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیماناندان. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم دۆخە و تێگەیشتن لە گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بە کورتهێنانە ئەمنییەکان، لاوازیی لۆجستیی هێزە فەرمییەکان و دابەشبوونە ناوخۆییەکان، فراوانبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان و هەژموونی هێزە ئیقلیمییەکان دەكات.
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە وردەكارییەكانی ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان هاوڕێ ( زیرەک کەمال ) لە دۆسێیەکی تایبەتدا وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.

 پرسیار: ئایا بەردەوامی مۆدیلی دابەشکاری بڕیاری حزبی لەسەر حسابی دامەزراوە حزبیەکان تا چەند بۆتە هۆی هەڵوەشانەوەی پرۆسە سیاسی و یاساییەکان و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە متمانە بە سیستەمی سیاسی؟

وەڵام/ بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە سەرەوە کە بەرەی کوردستانی وەکو شەرعیەتی شۆڕشگێڕی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە دەگرێتە دەست، دوای ١٩٩٢ کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ نوخبەی سیاسی نەیتوانیوە یاخود نەیویستووە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای بە دامەزراوەیی کردن و بنەما یاساییەکان کاروباری ئیداری و حکومی بەڕێوە ببات، چونکە حزب دەستی خستۆتە ناو هەموو کایە ئیداری و حکومی و یاسایی و هەموو بوارە جۆر بەجۆرەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە لەسەر بنەمای تەسکیەی حزبی و شوناس و ناسنامەی حزبی پلە و پایەی ئیداری و حکومی دەستنیشان دەکات، واتا ئینتیمای وابەستەیی و پێچەند و چونی حزبایەتی پێوەر بوو،بۆ وەرگرتنی نەک هەر پۆست و پلەی سیاسی بەڵکو لە دامەزراندنی فەڕاشێک لە فەرمانگەیەک هەتا بەرزترین پلە لەسەر بنەمای حزبایەتی دادەندران نەک پسپۆڕی و توانا و لێهاتووی و شارەزایی،لەکابینەکانی حکومەتی هەرێم زۆرجار دەرچوی بواری کشتوکاڵی دەکرا بە وەزیری کارەبا، پسپۆڕی بواری کارەبایی دەکرا بە وەزیری ڕۆشنبیری، شارەزا و پسپۆڕی بواری پەروەردەیی دەکرا بە وەزیری پلان دانان، واتا بە درێژایی ئەو مێژووە بڕوانامە و ئەکادیمیا و پسپۆڕی و شارەزایی بەلاوە دەندران و لەسەر بنەمای گوێرایەڵی و وابەستەیی و کوێرانە بە ئەمر و بڕیارەکانی حزبی پۆست و پلە و پایە لەسەرەوە بۆ خوارەوە وەکو گوێزی خێرات دابەش دەکران، ئەمەش سستی و ناکارامەیی و داتەپین و داڕزینێکی زۆری لە کایە جۆربەجۆرەکانی سیستەمی سیاسی و ئیداری دروست کرد،نەک هەر ئەمە بەڵکو حزب بە کۆنتڕۆڵ کردن و دەست بەسەردا گرتنی هەموو سێکتەر و جومگە سەرەکیەکانی حکومڕانی نەوەستا،  بەڵکو سیستەمی دادوەریشی خستە ژێر بڕیار و ڕکێفی خۆی، چونکە بەشی هەرە زۆری دادوەرەکان لەسەر بنەمای ناسنامەی حزبی لە دادگاکان دادەمەزران، نەک لەسەر بنەمای پسپۆڕی و شارەزایی.
 حزب دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی دروست کرد کە خۆی کرد بە ژێر خانی هەموو کایەکانی حکومڕانی هەر خۆشی کۆی سەرخانەکانی دروست کرد،لەکاتێدا ڕاپەڕین و قۆناغی دوای ڕاپەڕین دەبوایە بکرێتە دەستپێک و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەسەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی سەرجەم چین و توێژەکان درک بە ئەوە بکەن کە بەری ڕەنج و قوربانیدانی ڕاپەڕین و هەموو شۆڕشەکانی چنیوەتەوە. دەبوایە قۆناغی دوای ڕاپەڕین، قۆناغی ڕاونانی فکر و ئایدیا و کلتور و شێواز و کایەی حکومڕانی بەعسی بوایە لە هەموو بوارەکان. واتا ئەم قۆناغە شەڕکردن بوایە لەگەڵ بەعسیزم لە هەموو جومگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و کلتوریەکان، چونکە بەعس بە تەنیا سیستەمێکی سیاسی نەبوو بەڵکو بزاڤ و ڕێبازێکی فکری و ئایدۆلۆژی و فاشیانە توتالیتاریانە و دڵ ڕەقانە بوو. لەڕێگای بەرنامەیەکی ورد و دارێژڕاودا دەستکاری هەموو جومگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان و  سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆڤی کردبوو، بەعس کۆمەڵگایەکی دروست کردبوو لەسەر ئەو بنەما و بچم و شێوازەی کە خۆی دەیەویست. هێڵە گشتیەکانی کایەکانی ژیانی و داڕشتبوو کە هەموو کۆمەڵگا و تاک بە تاکی کۆمەڵگای لەناو فایلێکدا کۆکردبۆوە و سەرجەم جوڵەکانی ژیانی خستبووە ژێر ڕکێفی خۆی. کایەی سیاسی و حزبی لە وڵاتەکەمان نەک هەر شەڕی فکر و کلتوری بەعسیزمی نەکرد بەڵکو هەموو ئەو فکر و کایانەی بە زیندویی هێشتەوە،نەک هەر ئەوە بەڵکو خۆشی لە ڕێگای پیادەکردن و دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا دواتر بەرپا کردنی کارەساتی شەڕی ناوخۆ زیادەیەکی تری خستە سەر پاشماوەی بەجێماوی بەعسیزم. دەسەڵات تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەدەبی و هونەری و وەرزشی و هەموو بوارەکانی تری خستە ژێر کۆنترۆڵی حزبیانەی خۆی و کردنی بە بارەگای حزبی. ئەو کلتور و ڕێبازە ئایدۆلۆژی و حزبیەی کە نوخبەی سیاسی دەست ڕۆیشتووی وڵاتەکەمان پیادەی کرد وای کرد کە بڕوانامە و لێهاتووی و شارەزایی و پسپۆڕی هیچ جۆرە نرخ و بەهایەکی نەمێنێت بەمەش ئینتیمای چین و توێژەکانی کۆمەڵگای بە حکومەت و کایەی ئیداریەکان لەق و لاواز کرد و پردی متمانە و پەیوەندی نێوان هەردوو لای داڕوخاند، چونکە وابەستەیی و ئیلتیزام کردن بە حزبایەتی و ئەندام بوون لای حزبە حوکمڕانەکان دۆخێکی دروست کرد کە کوردستان لە جوگرافیایەکی جوان و دێرین و ڕازاوە ببێ بە ماڵێکی حزبی.
نەمانی ئەو ئینتیمایەش یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە متمانەی یەک بەیەکی کۆمەڵگای کوردستان لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین،لە لاوازی و پوکانەوە دابێ، بۆیە ئێستاش ئەگەر بمانەوێ ڕایەڵەی پەیوەندی لە نێوان سیاسەت و حکومڕانی لەلایەک و ملەت لە لایەکی تر دروست بکەینەوە دەبێت ئینتیما و تەسکیەی حزبی لە دڵسۆزی و لێهاتویی و پسپۆڕی جیا بکەینەوە. 

پرسیار: هۆکارە بنەڕەتییەکانی سەرهەڵدانی قورستر بوونی گوزەرانی خەڵک بۆچی دەگەڕێتەوە و تا چەند پەیوەندی بە قەیرانی مووچە و گرانی و قۆرغ کاری بازاڕەوە هەیە؟

وەڵام/من لە وەڵامی پرسیاری پێشومدا ئاماژەم بەو پاشاگەردانی و شپرزەیی و نالەباریە کرد کە کایەی سیاسی حزبی دەست ڕۆیشتوو لە وڵاتەکەمان دروستی کردووە، هەڵبەتە زۆرن ئەو هۆکارانەی کە بونەتە مایەی دروست بوونی قەیرانی بێ کاری و برسیەتی و نادادی و کە دەکرێ یەک لە فاکتەرەکانی بە دامەزراوەیی نەکردنی سیستەمی حکومی و ئیداری بێت لە وڵاتەکەمان، لاواز کردن و پشت گوێ خستن و ئیشنەکردن بێت بە یاسا، واتا ئەوەی بۆتە هۆکاری قەیرانی جۆراوجۆر لەناو هەناوی سیاسی و ئیداریدا خودی دەسەڵات خۆی بووە و هەڵبەت بە ڕەچاو کردنی هەلومەرجی نێودەوڵەتی و عێراقی و ئەو گوشارە جۆر بە جۆرانەی کە حکومەتی عێراقی لە دژی گەلەکەمان پیادەی کردووە، واتا گوشارەکان و ئابڵوقەی جۆراوجۆری حکومەتی عێراق و نەبوونی سیستەمێکی تۆکمە و پلانێکی کارامە و زیندوو لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان باری سەر شانی کۆمەڵانی خەڵکی بە جۆرێک قورس کرد جوڵە و برستی لێبڕی. لەهەموو دنیادا کایەی ئیداری و حوکمڕانی و یاسایی ڕووبەڕووی قەیرانەکان دەبێتەوە، بەربەستیان لەبەردەمدا دروست دەکات و لێناگەڕێت سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی تێکبدات شپرزەیی و داروخان لە کایە جۆربەجۆرەکان دروست بیت بەڵام بە داخەوە لە وڵاتی ئێمە کایەی ئیداری و حزبی بە شێوازێک داڕێژراوە کە خۆی قەیران دەخاتە سەر قەیرانێکی تر. بیرمان نەچێت پرسی مووچە هەر لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ ەوە چەند ساڵێکی لێدەرکەی، ساڵەکانی تر بەردەوام وەکو بەڵا و پەتایەکی ترسناک و ئافاتگێڕ بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە، واتا بە درێژایی ئەو ساڵانە کارمەندان و فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی وڵاتەکەمان هیچ مانگێک بە بێ چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی مووچەی خۆیان وەرنەگرتووە. بەشێکی ئەو هۆکارەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوشار و ئابڵوقە ئابووریەی کە حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەکاری هێناوە، بەشێکی تری هۆکارەکانی قەیرانی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێ پلانی و بۆ نەخشە سازی و بێ بەرنامەیی کە لە ئیدارەدانی وڵاتەکەماندا هەیە کە نەتوانراوە یان نەیان ویستووە ژێرخان و سەرچاوەی داهاتی ناوخۆیی و بە شەفافی و رونی کۆبکرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی دامەزراوە حکومی و ئیداریەکە،هەڵبەت هۆکارێکی تری کۆی قەیرانەکانی تر نەبوونی ئۆپزسیۆنێکی خاوەن بەرنامە و نەخشە و پلانێکی تۆکمە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ئەدا و ڕێڕەوی کارکردنی حکومڕانی دابنێت و ناچار بە گۆڕانکاری و هاندانی بکات بۆ پابەند بوون بە زامن کردنی مووچە و خزمەتگوزاری و ئیدارەیەکی سەرکەوتوو . هەڵبەت ئەو ناکاریگەر بوونی ئۆپۆزسیۆن وایکردووە کایەی حکومڕانی بێبەربەست و بێ ڕووبەڕوو بونەوەیەکی کاریگەر ئەوە بکات کە خۆی دەیەوێت نەک ئەوە بکات کە لەبەرژەوەندیەکانی سەرجەم کۆمەڵگە بێت.
من کە لە کاتێکدا ئەوە دەڵێم کە گلەیی و ناڕازی بوون و بێزاری خەڵک لە دەست قەیرانی مووچە و  زۆرکردنی باج و بێکاری و لەناو کۆمەڵگا تەشەنەی کردووە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە پێی پێویست نەک هەر نەیتوانیوە سەر قافڵەچی و ڕێبەرایەتی ناڕەزایەکانی خەڵک بکات بەڵکو نەیان توانیووە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیش لە نێوان خۆیان ئەنجام بدەن و  نەک هەر ئەمە بەڵکو بەشێکیان لە میدیاکان بەربوونەتە گیانی یەکتری و مرۆڤ کە سەیریان دەکات شەڕەکانی کەپکی حەمەداغا و  کڵاو قاسم و دێگەڵەی بیردەکەوێتەوە، بۆیەش ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان و داڕشتنی بەرنامە و پلانێکی تۆکمە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک پێویستی بە یەک خستنی هەوڵ و تواناکانی ئۆپۆزسیۆن هەیە کە تیایدا کاریگەری ئەوتۆی هەبێت کایەی ئیداری و دەسەڵات ناچار بە گۆڕانکاری و پابەند بوون بە جێبەجێ کردنی خواست و داواکاریەکانی کۆمەڵانی خەڵک دێت  
پرسیار:  دەستبەردانی زلهێزەکان و کێبڕکێی هەژموون گەرایی لە ناوچەکە چۆن وەک هەڕەشەیەکی جدی لەسەر سەروەری خاکی عێراق هەرێمی کوردستان دەبیندرێ،ئایا هەرێم دەتوانێت بەرگریەکی نیشتیمانی پەیڕەو بکات؟

وەڵام/هەر لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ دروست بوونی ئەزموونی حکومڕانی خۆمان، یەکێک لە فاکتەرە ترسناکەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیری سیاسی، دەست تێوەردانی وڵاتانی هەرێمایەتی و دەوروبەری وڵاتەکەمان بووە لە کاروباری ناوخۆیی. سیاسەتی ئیقلیمی بە جۆرێک کاریگەری لەسەر کایەی سیاسی و ڕێڕەوی حوکمڕانی دروست کردووە کە بە ئاشکرا پەیوەندیەکانی ئیدارەی هەردوو زۆنی بەو وڵاتە ئیقلیمیانە بە ڕوونی دەرخستووە، نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەو کاتەی لە نەوەتەکان شەڕی ناوخۆ دەگاتە چڵەپۆپە و لوتکەی ترسناکی بە ئاشکرا بینیمان کە هەردوو وڵاتی هەرێمایەتی ئێران و تورکیا هاتنە ناو شەڕەکە و زیاتر بەنزینیان پێدا کرد و بگرە هاوسەنگی هێزیشیان لە نێوان هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو بەجۆرێک دروستکرد کە خۆیان دەیانویست. هەڵبەت تاکو ئێستاش کاریگەری سیاسەتی هەردوو وڵات بەسەر کۆی هەرێمی کوردستان بەکۆی گشتی و ڕێرەوەی ئیداری لە هەردوو زۆندا بە ئاشکرا دیارە، هەڵبەت ئەوەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت و سەری لە سیاسەت دەربچێت ئەو ڕاستیە دەزانێت سیاسەتی ناوخۆیی هێزی ناوخۆیی لەکاتێکدا دەتوانێ ڕووبەڕووی هێزە دەرەکیەکان بێتەوە و بەربەست لەبەر دەمی نەخشە و پلانەکانیان دابنێ کە ئەو وڵاتە خاوەنی گوتارێکی سیاسی هاوبەش و سیاسەتێکی یەکگرتووە و هێزێکی سیاسی یەکگرتوو بێت، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە لەسەر بنەمای گوتارێکی نیشتیمانی و وابەستە بوون بە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و نیشتیمان نەبووە و ڕووبەڕووی نەخشە و سیاسەتە ترسناکەکانی وڵاتانی هەرێمایەتی ببنەوە لە چەندین بواردا بەڵکو زۆرجار خۆیان فاکتەر و هۆکاری ئەو دەست تێوەردانەن، چونکە بە داخەوە تا ئەو چەند دێڕەش دەنووسم هەرێمی کوردستان، نە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نە لەسەر ئاستی عێراقی و بگرە جیهانیش خاوەن گوتارێکی سیاسی و نیشتیمانی یەکگرتوو نییە و بگرە ئەوەی ئەو گوتارە فۆرمۆڵە و گەڵاڵە دەکات کایە و بەرژەوەندی سیاسی حزبییە نەک نەخشە و بەرنامەیەکی نیشتیمانی. هەر ئەمەش وایکردووە کە ئێمە دەستی هەواڵگری سیخوڕی وڵاتانی دەورووبەر لەناو کایەی سیاسی و بگرە میدیا جۆربەجۆرەکانی بە ڕوونی درک پێدەکەی.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا