سازدانی: هێڤا هێرش
هاوژین محسین خانمێكی هونەرمەندی شێوەكارە كە ماوەیەكە دەستی بە كاری هونەری كردووە. ئیشكردنە هونەرییەكانی جیاوازن و بە سەلیقەیەكی تایبەتەوە كار دەكات، یەكێك لە تایبەتمەندیی لە كارەكانی كە جێگای سەرنجە ئەوەیە، ئافرەت بەردەوام وەك بابەتێكی سەرەكی لەناو تابلۆكانیدا هەن، لەم چاوپێكەوتنەدا باسی سەرچاوەی ئیلهامی، ئامانج لە كارەكانی و ، بەرنامەی داهاتووی دەكات.
- بیرۆكەی ئەو كارە هونەرییانەت لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
+ زۆربەی ئەو بیرۆکانەی کە بۆم دروستدەبن و ئەنجامیان دەدەم، لە هەستی ژیانی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرن، ئاستەنگەکان، خۆشییەکان، و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە ژیانی رۆژانەماندا تووشیان دەبین، وادەکات ئیلهامێکی هونەريت بۆ دروست ببێت، من لە دەوروبەرەکەم و لە هەستەکانی خۆمەوە ئیلهام وەردەگرم.
- دەتەوێت لە رێگەی تابلۆكانتەوە چی بە بینەر بڵێیت؟
+ لەڕێگەی کارە هونەرییەکانم و تابلۆکانمەوە، دەمەوێت خۆشەویستی و هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی بە بینەر بگەیەنم، کورد بوون و یەکپارچەیی زۆر گرنگە بۆم، و دەمەوێت ئەو هەستانە بە شێوەیەکی جوان و کاریگەر لە کارەکانمدا ڕەنگ بدەمەوە.
- وەك خانمێكی شێوەكار تا چەند پشتگیری له كارەكانت دەكرێت؟
+ لە كوردستان دوو جۆرە پشتگیری هەیە، ماددی و مەعنەوی، لە راستیدا پشتگیری مەعنەوی زۆر باش هەیە، راستە بۆ بەردەوام بوونی كارە هونەرییەكان هاندەرێكی باشە، بەڵام بەس نییە، چونكە شێوەكار بەردەوام پێویستی بە لایەنی ماددیش هەیە، كە ئەمەی دووەمیان زۆر كەمە.
- شێوازی كارەكانت چۆن گۆڕاوە لە سەرەتاوە تاكو ئێستا؟
+ زۆرجار ئەو کارانە لە سەرەتاوە بە سادەیی و بێ پلان دەکرێن، با بڵێین هەڕەمەکین. بەڵام لە ئێستادا بە دڵنیاییەوە شێوازی نوێ و بیرۆکەی نوێ بەکاردەهێنم، پێداچوونەوە و پەرەپێدان بەشێکی گرنگی ژیانی هونەرمەندە.
-كام كارت دەستكەوتی گەورەی هەبووە، یان شانازی زۆرى پێوە دەكەی؟
+ من شانازی بە هەموو کارەکانمەوە دەکەم، چونکە زۆر بە دروستکردنیان ماندوو دەبم و لە دڵەوە کاریان لەسەر دەکەم. بەڵام کۆتا کارم بریتی بوو لە کریستاڵ بەندی، یەکێکە لەو کارانەم کە ناوم ناوە "شاکار". ئەم کارە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە و زۆر بە سەلیقەوە دروستم کردووە.
+-كارو بەرنامەی داهاتووت چییە؟
کار و بەرنامەی داهاتووم پیشانگایەک دەبێت لەسەر ژیانی ئافرەتانی کورد، لەو پیشانگایەدا هەوڵدەدەم ڕۆڵی گرنگى ئافرەتی کورد لەنێو تابلۆكانمدا نیشان بدەم و ، ئەو هێز و جوانییەی کە ئافرەتی کوردی تیایدایە بە شێوەیەکی هونەری بەرجەستە بکەم.
-چیت هەیە لە كۆتایی؟
+ سوپاس و ڕێزی زۆرم بۆ هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان کە ناو بە ناو دەبینم هونەرمەند و بەهرەمەندان لەو بوارە بەسەردەکاتەوە، ئەمە خزمەتێکی گەورەیە بۆ هونەر و کولتووری کوردی، و دڵنیام کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەرەپێدانی هونەری کوردیدا دەبێت.
چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوژین - شێوەکاری کورد ## سەرچاوەی ئیلهامی هونەری *رێگای کوردستان:*