سازدانی هاوڕێ كرێكار / گەرمیان

لەدیمانەیەكی ڕێگای كوردستاندا، هیوا محەمەد ئەندامی سەركردایەتی حزبی شیوعیی كوردستان، باس لەخراپی دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییان دەكات و تیشكدەخاتە سەر هۆكارەكانی بێدەنگی خەڵك لەبەرانبەر ئەو دۆخەی كە دروستكراوە و هەڵویستی حزبی شیوعیی كوردستانیش لەم رووەوە رووندەكاتەوە.

ڕێگای كوردستان: وەرگرتنی یەك مووچە، خراپی دۆخی خەڵك چارەسەر دەكات؟

هیوا محەمەد: وەرگرتنی تەنها مووچەیەك دوای سێ مانگ كە لەو ماوەیەدا جەژنی قوربان هەبووە و خەرجی زۆرتر بووە، هیچ لە بارودۆخی خراپی مووچەخۆری ئاسایی ناگۆڕێت، چونكە تەنیا دواكەوتنی ئەم مووچەی مانگی ئایار نییە، بەڵكو چەند ساڵێكە ئەمە دووبارەدەبێتەوە و مووچەخۆر قەرزی كۆنیشی لەسەرە، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ماڵی كۆمەڵێك كەلوپەلی بەقیست هێناوە و ئێستا لەسەری كەڵەكەبووە، ئەمە لە لایەك و لە لایەكی دیكەوە گرانی بازاڕ و بارگرانی كرێ خانوو و نەخۆشخانەی تایبەت و پارەدانی دوو جۆری كارەبا (حكومی و موەلیدە) و قوتابخانەی تایبەت و هتد، بەجۆرێكی لێهاتووە بارگرانی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتییان و مووچەخۆران، بۆیە چارەسەری دۆخی خراپیان بە هیچ جۆرێك ناكات، چونكە فریای دابینكردنی گرنگترین پێداویستییەكان ناكات، بە بۆچوونی من تووشی بارودۆخێكی زۆر قورسیان دەكات لەنێوان ئەوەی چارەسەری رابردووی پێبكەن ئەی بۆ داهاتوو چی بكەن؟

ڕێگای كوردستان: هیچ گەرەنتییەك بۆ چاكبوونی دۆخەكە لە سایەی ئەم حكومڕانییە هەیە؟ میللەت چاوەێی باشبوون و كۆتاییهاتنی قەیرانەكان بكات؟

هیوا محەمەد : هیچ جۆرە دڵنیابوونەك نییە لە سیاسەت بەگشتی و لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، كورد وەكو حكومڕانی دوور لە هەموو كردارەكانی بەغدا، لە رابردوودشدا بەبێ بەغدا نەیتوانیوە چارەسەری قەیران بكات، ئەمە ماوەیەكی كەمە پارەی مووچەمان كەوتووەتە لای بەغدا، جاران لای حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، سیاسەتی ئابووری حكومڕانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەدانی حكومەتیان شكستخواردووە لە زۆربەی بوارەكاندا، بۆیە جێگەی متمانە نین و ناتوان چارەسەری دۆخەكەش بكەن، تەنها ململانێ دەكرێت لەسەر زۆركردنی پانتایی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا لەسەر حسابی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان. دڵنیابوون كاتێك دەبێت كە ئەم حزبە حكومڕانانەی هەرێمی كوردستان بەڕاستگۆیی سیاسەت بۆ خزمەتی خەڵك بكەن، دەستبەرداری بەرژەوەندی حزبی و كەسی خۆیان بن، شەڕی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی خۆیان تیكەڵ بە مافی خەڵك نەكەن لە بەغدا، داوای شایستەی خەڵكی كوردستان بكەن، نەك داوای دامەزراندنی وەزیر و بریكاری وەزیر و سوودمەندی حزبی، بۆیە جێگەی دڵخۆشی نییە، تاوەكو ئەمانە حكومڕانی بەمجۆرە بكەن خەڵك ئومێدی نەبێت دۆخەكەیان لە ئێستا باشتر بێت.

ڕێگای كوردستان: جەماوەر بۆ بیدەنگە لەئاست ئەو هەموو قەیرانە، هیچ ناڕەزایەتییەكی گەورەی وەك ساڵانی ڕابردوو نابینرێت، ئەمە بۆ؟

هیوا محمەد: بێدەنگی جەماوەر بەڕای من پەیوەندیی بە سێ بابەتی سەرەكی هەیە، یەكەمیان ئەم دەسەڵاتە لەڕاستیدا ئازادییەكانی بەرتەسككردووەتەوە و جەماوەر بەئاسانی ناتوانێ ناڕەزایی دەربڕێت و گرتن و ترساندن و تۆقاندن زۆر لە رابردوو زیاترە، واتا حكومڕانی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی چاوی لەسەر خەڵكە و چاودێری چالاكوان و خەڵكی ناڕازی دەكات و جۆرێك لە كەشی ترسی دروستكردووە، هەروەها ئەوانەی لە رابردوودا خۆپیشاندانیان كرد و كوژران هەموویان بێ ئەوەی تاوانبارێك لەسەری بگیرێت تێپەڕی، ئەمە بۆ خۆی گرفتێكی گەورەی بۆ خەڵك دروستكردووە و جۆرێك لە بێئومێدی هەیە. لایەنی دووەم بریتییە لەوەی لە قۆناغی رابردوودا هەركەس بانگەشەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كرد، خەڵكی بێئومێد كرد لەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بكات، هەركەس بەرژەوەندی كەسی خۆی لەپێشەوە دادەنێت، دەیان كەسی سیاسی بانگەشەی روخاندنی ئەم دەسەڵات و حزبە حكومڕانانەیان دەركرد ئێستا خۆیان لە پلە و پۆستی زۆر باڵای ئەو حزبانەن، واتا هاووڵاتی ئاسایی تووشی جۆرێك لە نیگەرانی بووە، لە ئەنجامدا دووڕووی سیاسی و چالاكوانی جەماوەری خۆیان لە رێگەی ناڕەزایەتی و شەقامەوە سوودی كەسیان مسۆگەر كردووە. لایەنی سێیەم ئەوەیە رابەر لە بیر و هۆشی خەڵكدا دروستنەبووە، تاوەكو ئێستا جەماوەری كوردستان خۆیان وابەستەی مێژووی حزبی سیاسی و خێڵ و عەشیرەت و كەسایەتی سیاسی كردووە، كە بەشێكی خراپی حكومڕانی ئەوانن، واتا خەڵك هێشتا سوورە لە سەر ئەوەی خوێنی بۆ حزبێك داوە، دەبێت دەنگی پێبدات. تاوەكو ئێستا غەنیمەی شاخ و تێكۆشانی باو و باپیرانیان بەكاردەهێنن، چەمكی چۆن دەبێت پشت لە حزبێك بكەین چەند ساڵە خەباتی هەیە، خوێنی داوە، تێكۆشانی هەیە، هەموو ئەمانە گرفتی بۆ خەباتی راستەقینەی گۆڕانگاری لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە كە تەنها بە چەپەكان دەكرێت و خەباتی گۆڕانكاری بە خەڵكی خاوەن دید و بەرنامەی ڕاستەقینەی خزمەتكردنی خەڵك دەكرێت.

ڕێگای كورستان: دۆخ و گوزەرانی خەڵك لەچ ئاستێكدایە؟ كێ هۆكاری خراپی ئەم دۆخەیە؟

هیوا محەمەد: دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك لەوپەڕی خراپیدایە، خراپییەكەی بەجۆرێكە كۆمەڵگەی تەنیوە، لە نموونەی نەبوونی بەشێكی زۆری پێداویستییە سەرەكییەكان بە پارەیەكی گونجاو و هەندێك بەخۆڕایی بۆ هاووڵاتییان بەردەست نییە، گرانبوونی بەشێكی زۆری ئەوانەی پێویستە لە سایەی سەرمایەداری حزبی بە رێگای دروستكردنی كۆمپانیای حزبی و ناڕەوا، زۆربوونی بێكاری و نەبوونی دەرفەتی كاركردن و زیاتربوونی ئاستی هەژاری و نەمانی چینی ناوەڕاست و زۆربوونی چینی هەژار، هۆكاری سەرەكی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی چەندین ساڵەی رابردووە، حزبەكانی حكومڕانیش دیارن كێن و چەند ساڵە دەسەڵاتداری دابەشكراوە و بەناوی حكومەت ڕەوایەتییان بە خۆیان داوە، بۆیە سیاسەتی حزبەكانی حكومڕان بریتییە لە رووكردن لە ئابوورییەكی سەرمایەداری و بڕوای تەواویان بەوە هەیە كە پێویستە هاووڵاتی خۆی منداڵی بخەتە بەر خوێندن و پارە بدات، نەخۆشەكەی ببات بۆ نەخۆشخانەی تایبەت و رازی بێت كارەباكەی بە پارەیەكی گران بەكاربهێنێت و ئاوی بە نرخیكی بەرز بۆ دەستەبەر بكرێت و بە پارەیەكی زۆر داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووەكەی و گۆڕینی ساڵنامەكەی بنووسێت، بۆ ئەمەش دەبێ قەرز بكات. هەموو ئەمانەی لە هەرێمی كوردستان كراون حزبی شیوعی پشتگیری نەكردووە، بەرنامەی ئێمە نییە، ئەوە ئەوانەن كە بۆ خۆیان بە پارەی خەڵك و پشتگیری لایەنەكان چاویان بڕیوەتە كوردستان و ناهێڵن خەڵكەكەی پشوویەك بدات خۆیان بە دەمسپی دەزانن و حكومڕانی دەكەن، بۆیە ئەوانەی كە هۆكارن ئەوانەن كە هێز و پارەیان لایە و تۆقاندن و ترساندن خەڵك بە ئازایەتی دەزانن.

ڕێگای كوردستان : بەردەوام گلەیی لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكرێت بەو ئاراستەی وەك ساڵانی ڕابردوو پێشەنگایەتی جەماوەر ناكەن و كاریگەرییان لەسەر دەسەڵات نییە؟

هیوا محەمەد: بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رەهەندێكی هزری دروست، حزبی سیاسی و جۆری حزبی سیاسی، بۆ پێناسەكردنی حزبی ئۆپۆزسیۆن بەپێی كۆمەڵگە و گرفتی كۆمەڵگە دیاریدەكرێت، ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا روودەدات ئەوەیە دەسەڵاتداریش كە دەیەوێت لە هەست و سۆزی خەڵك بدات و دەنگی مسۆگەر بكات بۆ هەڵبژاردن وەكو ئۆپۆزسیۆن قسەدەكات (لەراستیدا وەها نییە قسەكانیان)، بۆیە لەو دۆخەی هەرێمی كوردستاندا ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە ئەو حزبانەن كە خاوەنی بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی كەرتی تایبەت و بەهێزكردنی كەرتی گشتین، بەپوختی ئەو حزبانە ئۆپۆزسیۆنن كە دەڵێن "نەخۆشخانەی گشتی دەبێت چارەسەری نەخۆش بكات و نابێت نەخۆشخانەی تایبەتمان هەبێت، ئەركی حكومەتە كارەبا بە نرخی گونجاو بۆ هاووڵاتییان دابینبكات، قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆی ئەهلی بۆچی گونجاوە ئەگەر حكومەت هەبێت و زانكۆی حكومی هەبێت، ناكرێت كرێكارێك لای سەرمایەدارێك بەنرخێكی كەم كار بكات كەچی حكومەت پێویستی بە راژەكەی هەبێـت... هتد" بۆیە ئەو سەردەمە وردە وردە بەرەو كۆتایی دەچێت خەڵك بە قسە هەڵبخەڵەتێندرێت بێ ئەوەی بەرنامەی حزبەكەت بۆ خەڵك باس بكەیت خەڵك دوات بكەوێت، بۆ نموونە ئۆپۆزسێون چی دڵنیاییەك ئەداتە خەڵك كە نرخی كارەبا و ئاو هەرزانتر دەبێت لە ئێستا، چۆن بە چی بنەمایەك، بۆ نموونە ئێمە لە حزبی شیوعی دەڵێین گۆڕانكاری سیاسەتی ئابووری هەرێمی كوردستان و هەموو شتێك لە ژێر دەستی دەوڵەتدا بێت و كوالێتی باشتر بێت لە ئەهلی و كەسی، بڕوامان بەوە هەیە كرێكارێك دەبێت بە یاسای كار ژیانی بۆ رێكبخرێت لە رووی كاتژمێری كاركردن و بیمە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و نرخی كاتژمێری كاركردن، ئەمە شەرمە كەسێكی لیبراڵی باسی بكات یان حزبێكی دیكە و بیر و بۆچوونێكی دیكە كە سەرچاوەكەی داكۆكی نەبێت لە تاك، بۆیە لە لایەك خەڵك دوایان ناكەوێت وەكو جاران و لە لایەكی دیكەیش ناتوانن ئیدارەی قەیران بدەن و سەركردایەتییان پێناكرێت.

ڕێگای كوردستان: حزبی شیوعی خوێندنەوەی بۆ كۆی ئەم دۆخانە چییە كە لەهەرێم ڕوودەدەن ؟

هیوا محەمەد: حزبی شیوعیی كوردستان خوێندنەوەی بۆ باردۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان جیاوازە لە هەموو ئەو لایەن و رێكخراوە سیاسییانەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، چونكە بۆ خوێندنەوەی هەر دیاردە و رووداو و بارودخێك كە دێتەئاراوە دەگەڕیتەوە بۆ بنەمای فكری، واتا پرسیارە جەوهەرییەكە دەكات ئەویش ئەوەیە سەرچاوەی ئەم دیاردەیە لە چییەوە هاتووە؟ بۆچی هاتووە؟ كێ هۆكاری سەرهەڵدانی بووە؟ سەرچاوەی ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی خوێندنەوەی هەڵەی سیاسی و نەبوونی سەرچاوەی زانیاری دروست، كاری حكومڕانی سیاسی و پەسەندكردنی سیاسەتی ئابووری سەرمایەداری بەرابەرایەتی حزبە حكومڕانەكان و رازیكردنی رێنمایی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، هێنانی گرانی و قەیرانی كەرتی تایبەت و زیادكردنی بارگرانی كەرتی خزمەتگوزرای لە سەر هاووڵاتییان، هەموو ئەمانە بۆ ئەوە هاتووە كە وڵاتە زلهێزەكان پشتگیری مانەوەیان بن لە حكومڕانی و ئەركی پاراستنی كۆمپانیا حزبی و كەسییەكانیان بپارێزن و بەجۆرێك لە جۆرەكان ماوەی حكومڕانیان درێژتر بێت، ئەو حزبە حكومڕانانەی چەند ساڵەی رابردوو بەرپرسیارن، لە ئێستادا تابلۆیكی ئاڵوز هەیە لە ناوچەكەدا، پێشهاتەكان پێماندەڵێت گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات و نەخشەی سیاسی گۆڕانكاری بەسەردادێت، كوردستان لە بەر ململانێ ناوخۆییەكان تووشی دۆخێكی خراپ دەبێت، دیموكراسی ئەگەرچی دەیان پرسیاری لەسەرە، هەڵبژاردن ئەوە نزیك ساڵێك دەبێت حكومەتی بەرهەمنەهێناوە، دەزانین بەچی رێكارێك هەڵبژاردن كرا، ئەمە دۆخێكی ناسەقامگیری هێناوەتە ئاراوە، لاوازی گوتاری كوردی لە عێراقدا تووشی دەیان قەیرانی پەیوەندی كردووین، لە لایەك پارچەبوونی هەڵوێستی یەكگرتوومان لە بەرامبەر بەغدا لە لایەك دابەشبوون بەسەر دەوڵەتانی دراوسێ، بارگرانی خەڵك و تۆقاندنیان بەوەی نابێت ناڕازی بن، هێرش و شەڕی ناوچەكەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری گشتی و نرخی نەوت، كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی تاكی عێراقە، لە هەمووی گرنگتر رۆڵی ئیسرائیل لە گۆڕانكارییەكان و پەیوەندی كوردستان لەگەڵ ئیسرائیلدا، كە تاوكو ئێستا بە خاڵێك سەیری دەكرێت، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق یەكێكی دیكەیە لە بابەتەكان كە كورد لە ئێستاوە بەجۆرێك دابەشبووە كە تاوانبارە بە دەستگیرۆی كۆنە بەعسییەكان لە لایەك و لەلایەكی دیكەشەوە بە هاوسەنگەریی شیعەكانی نزیك لە ئێران، ئەم دابەشبوونە ناسروشتییە جگە لە لاوازبوون بەرهەمی نابێت، بەگشتی دۆخێكی ناسروشتی لە ئارادایە كوردستانێكی یەكگرتووی خاوەن یەك گوتاری نیشتمانی دوور لە بەرژەوەندی حزبی و كەسی پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەگەرەكان بۆ پلانی داهاتوو تاوتوێ بكات.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا