"جەلال دەباغ لە ساڵی ١٩٣٩دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکە لە کادرە سەرەتاییەکانی حیزبی شیوعی عێراقی و سەردەمانێکی زۆر پێشمەرگە بووە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراقی بووە. هەروەها یەکێکە لە نووسەر و وەرگێڕە دیارەکان، چەندین پەرتووکی نووسیوەو وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.

لە بەشی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، باسی دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراقی دەکات.

لەگەڵ چەندین بابەتی دیکەی مێژوویی کە لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت.

ڕۆژنامەنووس کاوە ئەمین:

بینەران و بیسەرانی خۆشەویست سڵاوتان لێبێت. لە بەرنامەیەکی دیکەی پەنجەمۆر لەگەڵ ئێوەی بەڕێزداین، لەبەرنامەی ئەمجارەدا میوانداریی کەسایەتییەکی سیاسیمان کردووە، هەروا نووسەرو ڕۆشنبیر ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێڕاقی کە ئەویش مامۆستا جەلال دەباغە.

لەم بەرنامەیەدا لەسەر میژوی حزبی شیوعی و بەتایبەتیش هەڵویستی حزبی شیوعی لەسەر پرسی کورد، پەیوەندییە لۆکاڵی و جیهانییەکانی ئەو حزبە وە هەروەها خەباتی چەکداری، بەرەی نیشتیمانی کە لەگەڵ حزبی بەعس هەیانبووەو ئەوپەیوەندییانەیکە لەگەڵ حزبە کوردیەکان و حزبە شیوعییەکان و حزبەکانی دەوروبەر هەیانبووە،ئێمە کۆمەڵێ بابەتی گرنگی میژوویی باسدەکەین و مامۆستا شایەتییان لەسەردەدا.

 

مامۆستا بەخیربێی بۆ بەرنامەی پەنجەمۆر.

جەلال دەباغ : سوپاست دەکەم خۆشبی، بژیت، پێشەکی سوپاسی گەرم بۆ کەناڵی رووداووەبۆ ستاڤی بەرنامەی پەنجەمۆرو بۆبەڕێزتان بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

کاوە ئەمین: زۆر سوپاس مامۆستا حەز ئەکەم لەوێوە دەستپێبکەین باسیحزبی شیوعی عێڕاقی دەکەین بەتایبەتی کە جەنابت یەکێکبوویت لەکادیرو سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبەو بە تایبەتیش لە کوردستاندا. ئەو کاتەی حزبی شیوعیعێڕاقی دروستبوو لە ساڵی ١٩٣٤دا زەمینەیەک هەبوو بۆ دروستبوونی حزبێکی وا؟پێویستبوو لە عێڕاقدا حزبی شیوعی دروستبێ؟

جەلال دەباغ - بەڵێ بێگومان پێویستبوو حزبی شیوعی دروستبێت و زەمینەیەکیباش و لەبار رەخسابوو.

بۆ دروستبوونی حزب مەرجی سەرەکی بوونیچێنی کرێکارو جوتیارانی شۆڕشگێڕە.

لە عێڕاقدا گەلێک پڕۆژەو فابریکەو گەلێک کۆمپانیاو کەرتی بییانی و زۆر شتیتر هەبوو کە چینی کرێکاری تێدا خەمڵابوو، وە نەقابەکانیان دروستبووبوونو، پێویستبوو حزبێکی سیاسی شیوعی مارکسی- لێنینی سەرکردایەتی ئەو بزاڤە بکات.

ئا لێرەوە کرێکارێکی ناسراو (یوسف سەلمان یوسف) کە لەقەبەکەی (فەهد)بوو وەیەکێک بوو لە برا مەسیحییەکان، بڵێین ئاشورییەکان، زۆر چالاکانە کەوتە جموجۆڵ بەنیازی دامەزراندنی ئەو حزبە، هاوڕێ فەهد پەیوەندی باشبوو لەگەڵ زۆری ئەو خەڵکانەی لەو سەردەمەدا لەناوابوون و تێدەکۆشان هەروەها لەگەڵ تێکۆشەرانی کوردا، لە پێشی هەموویانەوە مەلا عوسمانی مەلاشەریفی رەنگەرێژانیکە برادەرێکی هەولێری بوو، وە لەگەڵ فەهدا برادەربوو.

 

کاوە ئەمین-باشە مامۆستا ئەوانەی حزبی شیوعییان دروستکرد ئەوکاتە،بڵێین لە یەکەم کۆبوونەوەو یەکەم کۆنگرەدا ئەمانە نوێنەری کێبوون ؟ نوێنەری چینی کرێکاریان تیابوو یاخود وردەبۆرژوابوون؟ کێبوون؟ یانی نوێنەرایەتی کێیان دەکرد؟

جەلال دەباغ-بەزۆری کرێکار، کریکاربوون.

کرێکاربوون و رەنجکێشبوون و، رۆشنبیرانی شۆرشگێڕبوونوە لەو سەردەمەدا لەناو وڵاتدا بزاڤێک دروستببوو، کریکاران مانگرتنیان دەکردو داوای مافەکانی خۆیان دەکرد،  لەبەرئەوە ئەوانەی کە حزبیان دامەزراند نوێنەرانی ئەو چینەبوون، بەتایبەتی ڕۆشنبیرانیشیان تیابوو.

ئەوەی شایانی باسە رۆڵەی هەموو نەتەوەکانیان تیابووکلدۆئاشور، کورد، عەرەب،

کاوە ئەمین-بەس مامۆستا لەسەرەتاوە کوردیان لەگەڵدا نەبوو،یەعنی وکو ئەندامی دامەزرێنەرکورد هەبوو لەناو کۆنگرەدا، مەسەلەنلە ساڵی ٩٣٤دا بەشداربووبێت؟

جەلال دەباغ- بەڵێ لە پێش ئەوە لە ٩٣٤دا کوردی وا نەبوو، بەڵام لەدوای دەساڵ کە کۆنفرانسی یەکەمی حزب لە نیسانی ٩٤٤دا پێکهات، کوردێک، بەتەنیا کوردێکبەشداریکرد کە ئەویش مەلا عوسمانی مەلا شەریفی رەنگەرێژانی هەولێری بوو، لەو کۆنفرانسەدا زۆرکەم بەشداربوون،هەژدە کەسێکبوونلەوێدا بەرنامەیەکیان داناو دامەزراندنی حزبی پڕۆلێتاریایانتەواوکرد

کاوە ئەمین- باشە مامۆستالەلایەنە مێژوییەکەی، باس لەوە ئەکرێکە جووەکانی عێڕاق دەوری سەرەکییانبینیوە لە دروستکردنی حزبی شیوعی.ئەگەر وایە چ مەبەستێکیان هەبووە؟، ئایا مەبەستێکی تایبەتی هەبووە کە جووەکان بەو شێوە بەرفراوانە، ئەگەر وابێ،بەشداربون لە دامەزراندنی حزبی شیوعیدا؟.

جەلال دەباغ- بەڵێ جووەکان بەشداربوون لە دامەزراندنی حزبی شیوعیدا هەربەو مەبەستەی کە ئەوانیش ڕەنجکێشبوون، چەوساوەبوون، مافخوراوبوون و، تێئەکۆشان لەپێناو مافە ڕەواکانی خۆیاندا شانبەشان هەموو بەشەکانیتری نەتەوەوچینەکانیتری وڵات. لەبەرئەوە جولەکەکان دەورێکی کاریگەریان هەبوو لە دامەزراندنی حزبدا

کاوە ئەمین: کەواتە پاڵپێوەنەرێکی دەرەکی نەبوو وەکو بڵێینمەسەلەی زایونیزم و ئەمانەبۆ ئەوەی بچنە ناوحزب؟

جەلال دەباغ-بە هیچ جۆرێک، ئەوان لەدژی زایونیزمبوون، لەپێشدا "عصبة مکافحة الصهیونیة"دروستبوو،کۆمەڵەی بەربەرەکانی زایونیزم کە جولەکەکان دەورێکی باشیان لەو کۆمەڵەیەداهەبوو لەدژی زایونیزم، لە دژی ئیمپێریالیزم،  لە دژی داگیرکارو بۆ سەربەخۆیی نیشتیمانیی عێڕاق.

کاوە ئەمین– مامۆستا  شیعاری حزب  ئەوەی کە ئەڵێ وڵاتێکی ئازادو گەلێکی بەختیار..وایە..؟

جەلال دەباغ- نیشتیمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیار

کاوە ئەمین- ئەم دروشمە مەبەست چیبوو لەوەی گەلێکی هوشیار؟ خۆ گەلێک نەبوو بەناوی گەلی عێڕاقەوە !مەبەستیان چیبوو؟ گەلی کورد هەبوو، عەرەب هەبوو، ئاشوری هەبوو تورکمان هەبوو

جەلال دەباغ- بۆچی ؟ گەلێک هەبوو بەناوی گەلی عێڕاقەوە، گەلی عێڕاقیش هەبوو، گەلی کوردیش هەبوو، ئەو گەلانەیتریش هەبوون،لەبەرئەوە دروشمەکەئەوەبوو نیشتیمانەکە کە عێڕاقە ئازادبێ، لە کۆتی دیلی ئیمپریالیزمی بەریتانیا رزگاریبێ، لە ناوچەی ئیستەرلینی بەریتانی رزگاریبێ . وە نیشتیمانەکە ئازادبێ و گەلەکەشی گەلێکی بەختیاربێ بەو مانایەی کە لەناو وڵاتدا ئیش بکا دەرفەتی کارکردن هەبێ یەکسانی هەبی لە بۆچوون و لە ژیانیانداو،ئافرەتان رزگاربن، بەشەکانیتر، لاوان، قوتابیان،

کاوە ئەمین- کەواتە یەعنی سیاسەتێکی گشتگیری هەبوو بۆ هەمووی

جەلال دەباغ- سیاسەتێکی گشتگیر هەبوو،چەند ڕێکخراوێکیش هەرزوو دامەزران لە دەوروبەری حزب، وەک پەیوەستگای ئافرتانی عێڕاق (رابطة المرأة العراقیة) وەک یەکێتی قوتابیان و خوێندکارانی عێڕاق و پاشان کوردستان لە دواترداو ئەمانە لەخەباتدا بوون وکەمایەتی ئەرمەن کە چەوساوەبوون لەگەل جولەکەکان لەگەل کورد لەگەڵ سریانەکان لەگەڵ تورکمان، هەموو ئەمانە بەشداربوون لە دامەزرزندنی حزبی شیوعی عێڕاقدا.

کاوە ئەمین-  بەڵێ ، مامۆستا ئەگەر باسی یەکەم جیابوونەوە لە ساڵی ٤٢، ٤٣دا، وانییە؟یەکەم جیابوونەوە لە حزبدادروستدەبێ بۆ ماوەیەک ئەو جیابوونەوەیە بۆچی ڕوویداخۆ حزب تازە دروستبووبوو،هەمووی تەمەنی شەش ساڵبوو..؟

جەلال دەباغ-لەو وەختانەدا جیابوونەوە رووی نەداوە،با عەرزت بکەم لە پێشدا کۆنگرەی یەکەم لەدوای کۆنفرانس، لە نیسانی ١٩٤٥دا پێکهات، ئا لەو هەل و مەرجانەدا

کاوە ئەمین- مامۆستا پێش ئەوە کۆمەڵەی میللەت هەبوو،مەسەلەن هینێکهەبوو بەناوی (إلی الأمام)

جەلال دەباغ-بۆ پێشەوە.

کاوە ئەمین-بۆ پێشەوە،جەماعەتێکبوون، ، ئەمانە لە ساڵی ١٩٤٢دا تەقریبەن لەحزب جیابوونەوەو دوایی چوونەوەپاڵ حزب

جەلال دەباغ –بەڵێ، ئێمە باسی دامەزراندنی حزب دەکەین لە کۆنفرانسی یەکەم و لە کۆنگرەی یەکەمدا، لەبەر ئەوەی کە لە پێکهاتەی گەلی عێڕاقدافرە چین و فرە نەتەوە هەیە بەتایبەتی لە چینەکانیشەوە کە دێنە ناو حزبی شیوعیعیراق هەندێ بیروڕاو ئایدیۆلۆژی خۆیان دەهێنن لەبەرئەوەکارێکی وادەکرێ کە جیاوازی دەخوڵقێ، هەندێک دەیانویست بالۆرەی سەیرو سەمەرە لەدژی هاوڕێ فەهدو، لەدژی مارکسییە- لێنینییەکان و ئەیانویست دەسەڵات بەسەر حزبدا بگرن، بەڵام لەرووی  تێگەیشتن وچالاکی فەهدو هاورێکانییەوە هەموو ئەو تاقمانە بەزێندران و یوسف سەلمان یوسف(فەهد) توانی هەموو خەلایاو شانەکان لە ساڵی ١٩٣٤دا یەکبخات و، لە ماوەی دەساڵدا ئینجا کۆنفرانس ببەستێ و زەمینە خۆشبکات،  لە پاشیشدا لەماوەی ساڵێکیشدا کۆنگرە ببەسترێ.

کاوە ئەمین- باشە ئەی مامۆستا ئەوەی پەیوەندی بە کوردە چەپەکانەوە هەبوو، بەتایبەتی جەماعەتی یەکێتی تێکۆشین و ئەمانە، بۆچی ئەمانە نەئەچوونە ژێر باری فەهد، هەروا بە ئاسانی نەچوون

جەلال دەباغ- بەڵێ ،لە پێشدا رێکخراوی یەکێتی تێکۆشین دروستبوو(وحدة النضال) ئەوانە ئەیانویست ئەفکاری خۆیان فەرزکەن،بەڵام خۆیان پێڕانەگیرا لەبەردەمی رێبازی مارکسی – لێنینی هاوڕێ فەهدو برادەرەکانیدا، هاوڕێکانیدا

کاوە ئەمین- بەڵام هەندێکیان،مامۆستا، حزبی شۆڕشیان دروستکرد، دوایی پارتی دیمکراتی کورددروستبوو، یەعنی خۆ حزبی شیوعی نەیتوانی هەموویان لە بۆتەکەی خۆیدا بتوێنێتەوە.

جەلال دەباغ- بەڵێ ئەوە لە دواییدا زۆر سەرچاوە هەیە کە باسی ئەوانە دەکات بە دوورو درێژی، ئەوانە هەندێکیان وازیان هێناو دانیشتن، هەندێکیان هاتن لە ڕیزەکانی حزبدا تێکۆشانیان کردو یەکیانگرت لەگەڵ حزبدا، لە ڕیزی ئەوانەدا هاوڕێ ساڵح حەیدەری، برای

 

 هاوڕێ جەمال حەیدەری یەکێکبوو لەوانەی کە لە قیادەی شۆڕش وقیادەی یەکێتی تێکۆشیندا کاری دەکرد، بەڵام لە دواییدا بوون بە چەند بەشێکەوە هەندێکیان هەڵوەشانەوە ، هەندێکیشیان لەگەڵ حزبدا بوون بە یەک و هاتنە ڕیزی تێکۆشانەوە.

کاوە ئەمین- باشە مامۆستا هاوڕێ فەهد بۆچی دژی حزبی هیوابوو، یەعنی هۆکار چیبوو؟ لەبە ئەوەی حزبێکی ناسیۆنالیستی بوو؟، خۆ لەناو ئەوانیشدا تەقریبەن ئاڕایەکی چەپ هەبوو؟

جەلال دەباغ- نەخێر ئەوە وردنییە، بەهیچ جۆرێک هاوڕێ فەهد دژی حزبی هیوا نەبووە بەڵام مەقولەیەکی بە ناوبانگی هەیە ئەڵێ: 'الشعب الکوردي بحاجة إلی حزب العمل ولیس حزب الأمل-گەلی کورد پێویستی بە حزبی کارە نەک حزبی هیوا"یەعنی ئەو حزبە دەوری خۆی دی بە قیادەی ڕەفیق حیلمی و ئەوان، وە زۆر تێکۆشەر هەبوون لەوێوە هاتنە ناو حزبەوە، بەڵام فەهد نەک لە دژیبوو، بەڵکو روونیکردەوەکە ئەو حزبە لە قۆناغێکدا دەوری خۆی دیوە بەڵام ئێستا حزبێکی نوێ دامەزراوە، کە ئەبێدامەزرێ، کە ئەویش حزبی چینی کرێکاروجوتیاران و ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕە، کە ئەمە حزبی ئیشکردنە نەک هەر تەنیا حزبی هیوا، حزبی دیوەخانان نییە

کاوە ئەمین- بۆ حزبی هیوا وابوو مامۆستا؟

جەلال دەباغ- حزبی هیوا حزبی هیوابوو، ناوەکەی بەخۆیەوەیە، وە ئەو جەزرییەت و ئەو تێکۆشانە ڕا شکاوەی لەحزبی شیوعی عێڕاق وەشایەوە ئەوان بەهیچ جۆرێک نەیانئەتوانی ئەوە بکەن چونکە

کاوە ئەمین- ئاخر ئەوان حزبێکی کوردیبوون، مامۆستا، خۆ بەتایبەتی ئەوان حزبی هیوا بەس لە کوردستاندا خەباتییان دەکرد، حزبێکی کوردی بوون و یەعنی بیروباوەڕی ناسیۆنالیستییان هەبوو نەتەوەیی یەعنی

جەلال دەباغ- بەڵێ حزبی کوردی بوون بەڵام ئەوحزبە کوردییە ئەتوانی بڵێی رۆڵەی

 

زۆرچینو توێژی تیا کۆببوەوە، مەساڵحی کوردیش بە گشتی مەسالحیهەموو چین و توێژەکانی ئەگرتەوە لەکاتێکدا حزبی شیوعی عێڕاق جەختی کردەوە لەسەر بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو جوتیاران

کاوە ئەمین- کەواتە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە حزبی شیوعی دژی حزبی لەو جۆرە بوو

جەلال دەباغ - ناتوانی بڵێی دژ بەڵام لەرووی ئایدیۆلۆژییەوە حزبی شیوعی حزبێکی تەرزێکی نوێ بوو وە حزبە قەومییەکان کە موجود بوون حزب ئەیویست ئەوانە دەوری خۆیان ببینن بۆ نمونەداوالە میللەتی کورد دەکا دەڵێ حزبی خۆتان دروستکەن، یەعنی حزبێکی قەومی وطنی دیموکراتی دروستکەنکە لە پاڵ حزبی چینی کرێکارو لەپاڵ حزبەکانیتردا رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێ. لەواقیعدا حزبی هیوا لەو قوناغەدا دەورێکی باشی دی لەناو بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی ڕۆشنبیران وکۆکردنەوەیان لە دەوری هەندێ ئامانج بەڵام ئەو حزبە تاسەر نەیتوانی ئیشبکات و، میللەتی کوردیش پێویستی بە حزبێکی قەومی دیموکراتی هەبوو کە فەهد ئیستیعابی ئەوەی دەکردو باش لەوە تیگەیشتبوو بۆیە داوای لەگەلی کورد دەکرد کە حزبی خۆتان دروست بکەن کە مەبەستی پارتی بوو

کاوە ئەمین- وەدروستیشیانکرد

جەلال دەباغ- دروستیشیانکرد کە مەبەستی پارتی بوو

کاوە ئەمین- دەی مامۆستا ئەگەر وایە بۆچی دژی دروستکردنی حزبی شیوعی کوردستانبوون؟ یەعنی ئەوکاتە مەبەستم کە ئەوان ئەیانویست حزبێکی وادروستبێ بۆچی بۆ کورد ڕەوانەبوو حزبی شیوعی کوردستان هەبێ؟

جەلال دەباغ- نەخێر ئەوکاتە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان  نەگەیشتبووە ئەو قۆناغەی کە حزبێکی شیوعی تایبەتی دروستبێ بۆ کوردستان، لەبەرئەوە هەر لەڕیزی حزبی شیوعیدا لەپێشدا لقێک دروستبوو (الفرع الکوردی) بە قیادەی هاوڕێ فەهد، دوایی ئەم لقە کوردییە پەرەی سەند بوو بە لقی کوردستانی

کاوە ئەمین- بەڵێ، ساڵی چەندا  کرا بە لقی کوردستان مامۆستا؟

جەلال دەباغ- ساڵی ١٩٤٥ لقەکە دروستبوو، ئۆڕگانی تایبەتیی خۆیدامەزراند کە رۆژنامەی ئازادی بوو، لە دواییدا، لە پاشاندا بووبە لقی کوردستانی حزبی شیوعی عیڕاق، لەدوای ئەوە لە کۆنفڕاسی دووەمی حزبدا بوو بە هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی لە کۆنفرانسی داربەسەردا پەسەندکراو بوو بە هەرێمی کوردستان، کۆنگەی پێنجەمیش موصادەقەی لەسەرکرد بوو بە هەرێمی کوردستان ، لەپاشدا لەکۆنگرەییەکەمی هەرێمدا لە دەرگەڵە سەلاحیاتی زۆرتری وەرگرت ساڵی ١٩٦٩ بوو بە خاوەنی بەرنامەی تایبەتی خۆی بەڵام لە پەیڕەوی ناوخۆکەیدا هەر لەگەڵ حزبی شیوعی عێڕاقدا مایەوە

کاوە ئەمین- باشە مامۆستا جا ئێمە بەدرێژی باسی ئەوانە ئەکەین، ویستم ئەو پرسیارە  بکەم تۆ باسی مەلاعوسمانتکرد.کەواتە مەلا عوسمان یەکەمین کوردە کە لەسەرکردایەتی حزبی شیوعی عێڕاقی دا بەشداربووە؟

جەلال دەباغ- بەڵی وایە مەلا عوسمانی مەلا شەریفی ڕەنگەڕێژانی یەکەمین کوردە لە کۆنفرانسی یەکەم و لەکۆنگرەی یەکەمدا بەشداربووە

کاوە ئەمین- بەڵێ،  ئەی مامۆستا هەڵوێستی ئەو لە ساڵانی چلەکاندا بەتایبەتی لە مەنطیقەی بارزان وئەوانە شۆڕش هەبوو حزبی شیوعی ئەڵێن دژایەتی ئەو شۆڕشەی کردووە یا پشتیوانی کردووە؟

جەلال دەباغ- بەهیچ جۆرێک دژایەتی نەکردووەو بە عەکسەوە پشتیوانی کردووەو بەیاننامەی دەرکردووە لە ساڵی١٩٤٥دا.

 

کاوە ئەمین- لە ٩٤٣ بۆ ٩٤٥

جەلال دەباغ- لە ٩٤٣ بۆ ٩٤٥شۆڕشەکە بەردەوامبووەو، پشتگیری کردووەو داوای کردووە کە مافە ڕەواکانی میللەتی کورد بدرێ، ناوچەی بارزان تەعمیر بکرێ، شەڕو کوشتار بەرامبەر بارزانییەکان نەکرێ وە بەهیچ جۆرێک دژایەتی نەکردووە.

کاوە ئەمین- بەڵێ،ئەی مەسەلەی ئۆتۆنۆمی و شتیوا لە چلەکانداهیچ باس کراوە باسی ئۆتۆنۆمی و یەعنی حزبی شیوعی چ جۆرە مافێکی بۆ کورد بەڕەوا ئەبینی ؟

جەلال دەباغ- ئەو کاتە حزبی شیوعی بڕیاری دابوو مافی چارەنووسی گەلان، گەورەو بچوکیانئەوە تەبعەن نەتەوەی کوردیش ئەگرێتەوە، ئەوە بە نیسبەت حزبەوە نوختەیەکی مەبدەئی بوو. بڕیاردانی مافی چارەنووسی گەلان بەڵام لەو قۆناغەدا وەک بەشێک لە گەلی عێڕاق تەماشا ئەکرا کە پێویستە هەموو مافە ڕەوا دیموکراتییەکانی خۆی هەبێ بەنیسبەت میللەتی کوردەوە، لە پاشدا پێ بەپێی پەرەسەندنی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان هەلوێستی حزبی ئێمەش گۆڕدرا بەرەو پێشچوو

کاوە ئەمین- مامۆستا بۆ مێژو هەڵوێستی هاوڕێ فەهد بەروون و ئاشکرایی، وەکو بەڵگە هەبێ هەڵوێستی چی بووە لەسەر کورد؟ یەعنی هیچ شتێکی هەیە کەلەسەر کوردی نووسیبێ باسی کوردی کردبێ باسی مافی چارە نووسی کوردی کردبێ؟

جەلال دەباغ- بەڵێ، بەڵێ ئەوە منتەواوی دانراوەکانی هاوڕێ فەهدم کرد بە کوردی وە بەرگییەکەمی بڵاوکرایەوە، ئەتواندرێ بخوێندرێتەوە زۆر شتی تێدایە بەنیسبەت میللەتی کوردەوە، ئەوە لەلایەک، لە لایەنێکیترەوە لەوکاتەدا وەک بەشێک لە گەلی عێڕاق داوای دیموکراتی و سەربەخۆیی دەکرا بۆ هەموو میللەتی عێڕاق کە ئەمە کوردیش دەگرێتەوە. لە پاشدا خەڵکێکی تێنەگەیشتوو، یان بە مەبەست، بەرەنگاریی فەهدیان دەکردو درۆو دەلەسەیان بڵاو دەکردەوەگوایە فەهد نەتەوەی کوردی بە ئەقەلییەت داناوە، لەپاشدا ئێمە چەند جار روونمان کردەوە کە ئەقەلییەت مەبەستی کەمایەتییە بەنیسبەت عەرەبەوە لەعێڕاقدا لەرووی ژمارەو دانیشتوانەوە، بەڵام دوایی پێ بەپێی پەرەسەندنی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان،مەبەست ئەوە نەبووە کە کورد نەتەوە نییە، مەبەست ئەوەبووە کە کورد لەچاو قەومەکانیتردا کەمایەتی بووە بەڵام

کاوە ئەمین- بەس مامۆستا ئەوە لەژێر سێبەری عەبدولکەریم قاسمدا نەبوو لەبەر ئەوەیگوتی کوردو عەرەب شەریکن لەم نیشتیمانەدا؟

 

جەلال دەباغ- نەء نەء پێش ئەوە، بەڵام حزب گەیشتە ئەوەی کە هەموو ئەوانەی کە لەچاو زۆربەدا پێیان دەوترا کەمایەتی لەپاشدا مادام خەڵکی ئەو وڵاتەن  وەلەو وڵاتە ئەژین کەمایەتینین ژمارەیان هەرچی چەندێ بێت، نەتەوەن، مەسەلەن کورد بەشێکە لە نەتەوەیەکی گەورەی دابەشکراو بەچوار بەشەوە کە ملیۆنەها کەس

کاوە ئەمین- ئەمە بە بەڵگە هەیە مامۆستا؟

جەلال دەباغ – بەڵێ بە بەڵگەو بەنووسین هەیە بەڵێ زۆر بەڵگەی حزب هەیە ، زۆر نووسین هەیە ئەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ ئەوانەی مێژوی حزب باسئەکەن، کتێبەکەو دیراسەکانی حەنا بەطاطۆ، بیرەوەرییەکانی برادەران، نووسینەکانیجەمال حەیدەری، فەهد، سەلام عادل

- جا ئێمە باسی ئەوە دەکەین، مامۆستا حەزدەکەی پشوویەک دەدەین دوایی درێژە بە قسەکانمان ئەدەین

-بەڵێ،

*****

 دووبارە سڵاو بەڕێزان درێژە بە پەنجەمۆر ئەدەین لەگەڵ مامۆستا جەلال دەباغ

کاوە ئەمین – مامۆستا حەزدەکەم کەمێک باسی ، ئێمە باسی ئەو قۆناغە مێژوییانە ئەکەین بەڵام تۆ بۆخۆت خەڵکی سلێمانیت و لێرە لەدایکبوویت و بڵێین لە کۆتایی چلەکانداتا رادەیەک ئاگاداری وەزعی ناو شاری سلێمانی بوویتزۆر جار باسی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و شیوعی ئەکرێ لەسەر مەسەلەی ئەوەی نەتەوەیە کورد، نەتەوە نییە، پارتییەکان ئەڵێن حزبی شیوعی ئەیگوت کورد نەتەوە نییە، ئەمانیش لەسەرئەوە دردونگ ئەبوون و ئەیانگوت کورد نەتەوەیەو ئەمانە، ئەو ناکۆکییانەی نێوان ئەم دوو حزبە بەتایبەتی لە چلەکاندا لەسەرچی بوو؟

جەلال دەباغ- پێش ئەوەی بێمە سەرئەوباسە ویستم بڵێم کە رێکخراوێک لەحزب جیابۆوە بەناوی (ئاڵای کارگەران-رایة الشغیلة) ئەمانە کۆمەڵێک تێکۆشەری گەورەی

کاوە ئەمین- ئەوە ساڵی٥٣ یە یان پەنجاو

جەلالدەباغ- بەڵێ، ساڵی ٥٣، ئەوە وەکو جەمال حەیدەری وەکوو نافیع یونسوکەسانیتری تێکۆشەر لەو رێکخراوەبوون لەپاشدا کە لە پەنجاو پێنجدا سەلام عادل بوو بە سکرتێری حزب لەپەنجاو شەشدا ئەو رێکخراوەیە لەگەل حزبدا یەکیان گرتەوە،

کاوە ئەمین- بەڵێ،

جەلال دەباغ - یەکیانگرتەوە، حزب لە قۆناغێکی نوێدا خۆی دیتەوە کە چالاکی و هەڵسوڕانی زۆرتربوو، لەو ساڵی ٩٥٦ ەدا  من بوومە ئەندامی حزب وای دائەنێم کە

کاوە ئەمین-بەس تۆ پێشتر لەیەکێتی قوتابیاندا نەبووی؟. تۆ یەکەمجار بووی بە ئەندامی

حزب؟

 

جەلال دەباغ- نەخێر دواتر. یەکەمجار بووم بە ئەندامی یەکیتی قوتابیان لە ٩٥١داوئەوانە دوایی لە ٥٦دا بووم بە ئەندامی حزب،

کاوە ئەمین- منیش مەبەستم ئەوەبوو

جەلال دەباغ- یەکێتی  گشتی قوتابیانی عێڕاق، کە بە عەرەبی پێیان ئەگوت (إتحاد الطلبة العام) ئەو کاتە ئەو یەکێتییە سەر بەحیزب بوو، وەقۆناغێک بوو، لەبەر هەرسەبەبێک بێ، زۆر شتی حزبی لەکۆبوونەوەکانییەکێتیدا باس دەکران، وە خەڵکەکە ئامادە ئەکران بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی حزب، ئینجا من لە ٥٦دا نامەی ئەندامێتیم بۆ هاتەوەو بووم بە ئەندامی حزب. مەبەستم ئەوەیە لەو فەترەیەدا حزب کە یەکیگرتەوە، گەیشتە قۆناغێکی

 نوێ لە چالاکیەکانیدا، ئەو کاتە پارتی لەپێشتردا ناوی پارتی دیموکراتی کوردبوو   لە پەنجاو حەوتدا لەگەڵ حزبی ئێمە چووەهاوپەیمانیەکی دوو قۆڵیەوە، چونکە ئەوکاتە لە ٥٧دا (جبهة الإتحادالوطني) دروستبوو، لەحزبی ئیستیقلال وحزبی بەعس و حزبی وطنيدیموکراتی، حزبی شیوعی، ئەو حزبە بۆرژوازیە عەرەبیە قەومیانە رازی نەبوونپارتی دیموکراتی کوردی بێتە جەبهەوە، چەند حزب هەوڵی دا ئەوان

رازی نەبوون لەپاشدا حزب بە ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵیی نووسراو لەگەڵ ئەو حزبە رێککەوت، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردو، لەخیلالی حزبەوە لەتێکۆشانی بەرەی یەکێتینیشتیمانیدا بەشداربوو.

کاوە ئەمین - باشەکەواتە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی بەتایبەتی ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و، ئەوەی کە باسدەکرێت. ئایا ئەو ناکۆکیانە ئەوەندەزەقبوون؟ بەتایبەتی  لەسەر مەسەلەی نەورۆزو لەسەر مەسەلەی وەکو گوتم کورد نەتەوەیە یان نەتەوە نیە؟ ئەو شتانە هەبوون مامۆستا

جەلال دەباغ – هەبوون بەس لەلایەنی حزبەوەهەڵوێستێکی رێکوپێک وڕاست و دروست و زانستانە هەبوو، بەڵام قەومیەکان بەداخەوە بەرچاو تەنگن، پارتی و یەکێتی و حزبەکانیتر دەساڵی ئەوێ هەتا لە ئێمە تێئەگەن. من بە میسال بۆت ئەهێنمەوە

کاوە ئەمین - ئێ مامۆستا بۆ بەرچاو تەنگن؟ ئەوان ئەڵێن کورد نەتەوەیەو مافی هەیە دەوڵەتی هەبێ وەک هەر خەڵکێکیتر ئەوە بۆ بەرچاوتەنگیە؟

جەلال دەباغ -پێش ئەوان حزبی شیوعی گوتوویەتی ئێمە ئیعتراف ئەکەین بە مافی هەموونەتەوەکانلە مافی چارەنووس و بڕیاردانی

کاوە ئەمین –بەڵام دیاریان نەکردووە، ئەڵێن هەمووگەلان، یەعنی کوردیش ڕاستەلە ناو ئەو گەلانەدایە بەڵام بۆ کورد بە تایبەتی خۆوایان نەگوتووە.

جەلال دەباغ –چؤن وایان نەگوتووە؟ کە ئەو لە ساڵی ٩٤٥ە وە لقی کوردی هەبێ و دوایی لقی کوردستان و لە بەرنامەکەدا داوابکرێ وبارزان بە مەزڵوم دابنرێ و داوای مافەکانی گەلی کورد بکری، ئەمە چۆن نەبووە بووە بەڵام ئەو کاتە زیاتر حزب لەگەڵ خەباتی یەکێتی هەموو حزبەکاندابوو بۆ رزگارکردنی عێڕاق و، لە عێڕاقێکی دیموکراتیدا مافەکانی گەلی کورد بەتەواوی بدرێن

کاوە ئەمین - باشە مامۆستا بەڵام ساڵی ٩٤٩ هەتا  ٩٥٣مامۆستا بەهائەدین نوری ئەبێ بە سکرتێری حزب

 

وانیە؟ لەو فەترەیەدا باس ئەکرێت کە هەندێک هەڵەی حزب ڕاستکراوەتەوەو، ئەوەی بە میساقی (باسم) بەناوبانگەوئەڵێ کورد ئەبێ مافی هەبێت و مافی تەنانەتچارەنووس و ئەوانە، خەڵک ئەلێ لەدوای ئەوەوە، لەدوای هاتنی کوردێک لەدوای ئەوەی کە بوو بە سکرتێری حزبی شیوعی عێڕاقی ئەوشتانەهاتنە ئاراوە ئەوە ڕاستە؟

جەلال دەباغ –بەهیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نیە، ئەوە هەڵوێستی حزبە

کاوە ئەمین - ئەی بۆ بەناوی باسمەوەبوو؟ دیارە باسم ناوی نهێنی خۆی بوو

 جەلال دەباغ –ناوی نهێنی خۆیبوو، ئاخر ئەوخۆی کە هات هەندێ زاتیەتی    هەبوو ئەو شتانەی بەناوی حزبەوە، ئەیکرد بەناوی خۆیەوە، لەبەرئەوە

 لەدوایشدا دەرینەبردو گۆڕییان و، ئینجا کەریم ئەحمەد بوو بە سکرتێرو کەریم ئەحمەدیش رۆڵێکی باشی هەبووبۆهاتنی سەلام عادل کەبووبە سکرتێری حزب،

 

وە لەساڵی ٩٥٦دا لەگەل (رایة الشغیلة- ئاڵای کارگەران) دا یەکیگرتەوە.

 

کاوە ئەمین - ئەگەر جەنابت وەکو کادیرێکی پێشوو وەکو ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی وەکو مێژونووسێک ئێستا کە زۆر شت دەربارەی مێژو ئەنووسیتەوەئەو فەترەیە ٩٤٩تا ٩٥٣ کە مامۆستا بەهادین نوریسکرتێربووەچی گۆڕیو بۆچی کەوتە بەر رەخنەو لەلایەن حزبەوە ؟ تەنانەت باسی ئەوە ئەکری کە

جەلال دەباغ - ئاخر من نامەوێ بچمە سەر ئەو باسە

کاوە ئەمین - ئاخرباشە بەشێکی گرنگی مێژوی حزبە خۆ

جەلال دەباغ -نووسراوە هەمووی تۆ ئەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ سەرچاوە  

کاوە ئەمین - جا من ئەمەوێ لەدەمی جەنابتەوە بیبیستم..

جەلال دەباغ –بەکورتی پێتدەڵێم کەلە فەترەی باسم دا زۆر شت لەجێی خۆی نەبوو،  جۆرە چەپگەریەک رووی دا، جۆرە فەردییەتێک ڕووی دا،لە پاشدا ئەوە مەرکەزێکی حزبی بوو سێ کەس بوونلەو مەرکەزەدا هاوڕێ بەها، لەگەڵ ڕێزم بۆی، دەوری کەسیتری نەهیشتبوو، ئەوەی کە ئێمە بیستوومانەو خوێندومانەتەوە، لە فەترەی قیادەی هاورێ بەهادا، بە حەقیقەت خۆپیشاندانی زۆر دەستپێکرا، لە سلێمانی، لە شوێنەکانیتر  دروشمی نان و هەرزانی بەرزکرایەوە،دروشمیدژی ئیمپێریالیزمی بەریتانیا بەرزکرایەوە،بە نیسبەت کوردەوە بزاڤەکەی لە قۆناغێکدانەبوو کەلەوەزیاتر تەحەمولبکات کە حزب ئەیکرد. لە پاشدا لەگەڵ پەرەسەندنی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا کە حزبی شیوعیش بەشێکە لەو بزاڤە هەڵوێستی حزبیش بەرە بەرە پەرەی سەندو

 کاوە ئەمین - ئەی مامۆستا ئەگەر ئەو پرسیارە بکەم مادام باسی ئەو فەترەیە دەکەین ئێمە قۆناغ بە قۆناغباسی بکەین، ئەمەوێ ئەو پرسیارە بکەم

جەلال دەباغ – من ئەوانەم خوێندۆتەوە تێیدا نەژیاوم

کاوە ئەمین – بەلێ ئەزانم،

بیرەوەرییەکانی بەدر شاکیر سەیاب، ئەگەر خوێندبێتتەوە، لەوێدا باسی ئەو

قۆناغە زۆر بە خراپ ئەکات ئەڵێ هەڵوێستی ئەخلاقی ئەخاتە پاڵ هەندی لە سەرکردەکانی حزبەوە

جەلال دەباغ –من نامەوێ موناقەشەی بەدر شاکر سەیاب بکەم، کە ئەدیبێکی پێشکەوتنخوازی موبدیع بوو بەڵام رووخاو وازی لە حزب هێناو هەڵوێستی دوژمنایەتی گرتەبەر بەرانبەر بە حزب، خۆی ئەوەی دیاریکرد لەبەرئەوە نامەوێ بچمە درێژەی ئەو باسەوە

کاوە ئەمین - یەعنی ئەو دوای بەربوونی لە زیندان ئەو هەڵوێستانەی گرتەبەر یان

چیبوو بۆچی پێی ئەڵێن بەزیوهەرکەسێک لەگەڵ حزب نەمێنێ ئیتر پێی ئەوترێ بەزیو؟

جەلال دەباغ –نەخیرلەگەڵ حزب نەمێنێ هەمووی بەزیونییە بەڵام ئەوەی کەببەزێ ئاڵای موکافەحەی شیوعیەت و موکافەحەی حزب بەرزدەکاتەوە لەدژی حزب ڕاستیەکان ئاوەژودەکاتەوە ئەو وەختە تۆ پێی ئەلێی بەزیوەو ڕوخاوە.

کاوە ئەمین - کەواتە ئەو شتانەی ئەو ئەیڵێ ڕاست نییە

جەلال دباغ –بەدر شاکیر ئەلسەیاب هەندێکی ڕاست نیەو هەندێکی ڕاستە  کە وەکوو عەرەب ئەڵێن:

 "کلمة حق یراد بها باطل" تێگەیشتیچۆن یەعنی ئەوە نامەوی بچمە سەردرێژەی ئەو باسە چونکە بەدر شاکیر ئەلسەیاب شاعێرێکی نوێخوازە، گەلێک بەرهەمی جوانی هەیەو زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لەکاتی شیوعێتیدا بووە.

مەسەلەن لەناو کوردا هەردی، ئەحمەد هەردی شیوعی بوو، وەختێ شیوعی بوو شیعری:

 ئازادیخوای کوردین ئێمەی نووسی:

 ئازادیخوای کوردین ئێمە

شورەی پۆڵاو بەردین ئێمە

پشتی جوتیاری زەبوونین  

ئاڵای بەرزی چونیەکبوونین

شیری دەستی لێقەوماوین 

لەڕووی زوڵما هەڵکێشراوین 

 ئاغاو بەگزادانی زۆردار

 جەردەی گیانی گەلی هەژار

 خؤێنخۆری ئەم نیشتیمانەن 

ئالاتی دەستی بێگانەن

رۆژی خۆی گیانیان دەردێنین  

تؤڵەی گەلیان لێ دەستێنین

 

   کاوە ئەمین - ئەمە شیعری هەردییە؟ ئەوکاتەی کە شیوعی بووە؟

جەلال دەباغ - بەڵێ

کاوە ئەمین - بەس ئەڵێن هەندێ لە شیوعیەکانیش هەندێکیان گۆڕێوە "ئازادیخوای کوردین ئێمە"یانلێ لابردووە.!

 جەلال دەباغ – نەء.. نەء ..  شیعرەکە من لەبەرمە کە هاوڕێ هەردی نووسیویەتی.

هەردی شاعیرێکی پێشکەوتنخوازبوو هەتا دوایی کە بووش بە قەومییابڵێین کاژیک و شتیوا هەرهەڵوێستی ئیجابیبووە لەحزبی ئێمە، هەر هەڵوێستی  ئیجابی و راست  زانستانەبووە لە مەسەلەی کوردا، لە کوردستان کەوازی لەپاسۆک هێنا یەکەمکەس نامەیئیستیقالەکەی بۆ من نارد، لەپاشدا کە لە سلێمانیلەخەستەخانە نەخۆشبوو ئیـمە وەفدیك چووین بۆ لای زۆری پێخۆشبوو،  هەردی وەکو بەدر نیە نەگەڕایەوە لەدژی حزب و بۆخزمەتی دوژمنان ئیشێ بکات، هەموو بەرهەمەکانیشی هەر لە خزمەتی تێکۆشاندا مایەوە..

کاوە ئەمین –باشە ، مامۆستا ئەو ساڵانەی، وەک گوتم سەرەتای پەنجاکان و ئەوانە ئەو هەموو خۆپیشاندان و چالاکیانە لە عێڕاق و لە کوردستان و لە سلێمانی وئەوانە ئەو هەموو هینە چی بوون؟ ئایا حزب بەئاشکرا ئیشی دەکرد ئەوکاتە؟

جەلال دەباغ - نەخێر حزب لەو کاتەدا قیادەی بزاڤی رزگارخوازیی گەلی کوردستانی دەکردو، زۆر بەهیزتر بوولە پارتی، ئەو وەختە،لەبەرئەوە دروشمی ڕاست و دروستی بەرزئەکردەوە لەناو قوتابیاندا ، لەناو کرێکارانداو، لە سلێمانی زجیرەیەک خۆپیشاندانی ئەکرد، من لە منداڵیەوە لەوخۆپیشاندانانەدا لەگەڵ کۆمەڵێ لە برادەرەکانمدا بەشداربووم، ئێمە دارولاستیکمان هەڵدەگرت،بەردمان ئەگرتە پۆلیسئەوان  لەبیرم دێ فوئاد جەلال غەریب کلێتەی لەسەرابوو، کۆنەکان وەکو ئەنوەر عوسمان،وەکو کوڕانی عەلی ئایشەخان: سەلاح و حەسەن و حوسێن، ئەمانە زۆر، کوڕانیمیرزا کەریم..

كاوە ئەمین - ئەمانە شیوعی بوون؟

 

جەلال دەباغ - بەڵێ،  ئەمانە هەموولە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار ئەبوون.دروشمی ڕاست و دروستیان بەرزئەکردەوە، حزب، لەناو کرێکاراندا داوای نان و هەرزانی ئەکرد، داوای دەرچوونی ئەکرد لە ناوچەی ئیستەڕلینی،  داوای سەربەخۆیی ئەکرد بۆ عێڕاق، داوای مافەڕەواکانی گەلی کوردی ئەکرد، لەبەر ئەوە خەڵکێکی زۆر لەدەوری کۆبوونەوە، لەناو قوتابیاندا دروشمی (حیاة جامعیة حرة -ژیانکی زانکۆیی ئازاد) ئەوە دروشمی ئێمەبوو،  لەبەر ئەوە خەڵکێکی زۆر لەگەڵ حزب بوون و ڕۆژانە خۆ پیشاندان ئەکرا، تەنانەت لە یەکێک لەخۆپیشاندانەکاندا                               برادەرێک لە پشتی سەری پۆلیسێکی دا یەکەوڕاست کەوت و مرد، نەیانزانی ئەو برادەرەبووە

 کاوە ئەمین - لە سلێمانی؟  

جەلال دەباغ - بەڵێ،نەیانزانی ئەو برادەرەبووە،علی حاجیقادریان تاوانبارکرد،  فەقیرە گرتیان و بیستساڵیان حوکم دا، بەو تاوانە، لە واقیعدا ئەویش نەبوو برادەرێکیتربوو کە دۆنکیەکی دا بە پشتیسەری پۆلیسێکداو کوشتی  لەبەرئەوە ئەو خۆپیشاندانە گەورانە،

 

 کاوە ئەمین - کاریگەریی هەبوو لەسەر حکومەت ؟

 جەلال دەباغ - کاریگەری زۆریانهەبوو لەسەر جەماوەر، ڕیزەکانی حزبی فراوانکرد و خەڵکەکە تێگەیشت کە ئەم حزبە نوێیە لەگەڵ داخوازیەکانی گەلدایە

کاوە ئەمین - باشە، حزبی شیوعی لەناو سوپای عێڕاقدا دەوری چی بوو؟

  جەلال دەباغ – حزبی شیوعی لەناو سوپای عێراقدا هەر لە کۆنەوە ریکخراوی هەبووەو تەنزیمی دەرەجەدارو سەربازو ئەفسەرانی کردووە، لیژنەیەکی تایبەتی هەبوو بۆ رێکخستنی سەربازەکان، ئەو لیژنەیەو ئەو تەنزیماتە دەورێکی کاریگەریان گێڕا بۆ شۆرشی ١٤ی تەمووز بۆ ئامادەکاریی، هەندێ کەس وادەزانن عەبدولکەریم قاسم شیوعی بووە! نەخێر عەبدولکەریم قاسم شیوعی نەبووە قەت، بەس پیاوێکی نیشتیمانپەروەربوو، پێاوێکی ئازابوو لەگەڵ ئەو رێکخراوانەی حزب و لایەنەکانیتر لەناو سوپادا ١٣/ مانگ بڵاوکرایەوە کە لە ١٤ی مانگدا  تەحشیدی جەماوەریان کرد بۆ پشتگریی عەبدولکەریم قاسم

کاوە ئەمین - ئەی مامۆستا پێش ئەو ئینقیلابە جاریتر هەبووە کە شیوعیەکان هەوڵ بدەن  دەست بەسە حکومەتا بگرن لەڕێگەی ئینقیلابەوە هیچ هەوڵێکی وا هەیە، پێش ١٤ی تەمووز؟

جەلال دەباغ - نەمبیستووە. بەڵام شایانی باسە ئەفسەرانی کوردیش لەناو ئەو رێکخراوانەدا، رێکخراوەی ئەفسەران و عەسکەریەکانی حزب دەوریان هەبووە،

 بۆ نمونە: رەئیس مستەفا عەبدوڵا کە خەڵکی سلێمانیەئەوە ڕەئیسبوو لە جەیشداو، شیوعیش بوو، لەلایەنی شۆڕش و قیادەی عەبدولکەریم قاسمەوە تەکلیف کرا کە هێرشبەرێتە  سەر قصر الرحاب، مەسئولەکەشی کوردێک بوو، حەمە عەلی شەریف کە موقەدەم بوو پەلاماری قصرالرحاب یان داو قصرالرحاب یان گرت،

 

   بە داخەوە نە توجیهی حزب بوو، نەتەوجیهی ئەو ئەفسەرنە کە عائیلەی مالیکە هەموویان لەناوبران، بەهۆی تەقەکردنێکەوە هەموویان لەناوبران.

 کاوە ئەمین - کەواتە حزب و عەبدلکەریم قاسم و ئەوانە، پێیان خۆشبوو یان پێیان ناخۆشبوو ئەو رووداوەروویدا؟

جەلال دەباغ – پێیانناخۆشبوو، چونکە ئەوان ئەیانویست بگیرێن و بدرێنە مەحکەمە، حەتا نوری سەعید کە بۆی چوون ڕایکردبوو، جلی ژنانەی لەبەر کردبوو، رۆیشتبوولەپاشدا جەماوەر گرتیان لە شاریع، موندەفیع بوون،

ڕایانکێشابوو،لەتوپەتیانکردو کوشتیان، ئێمە، حزب ئەیویست کە نوری سەعید نەکوژرێ بگیرێ، نەکوژرێ بدرێتە مەحکەمە وە مەحکەمەی مەهداویش

دروستبوو کە زۆر لە خائینان وپیاوانی عەهدی مەلەکیدادگاییکردو سزای رەوای دان بەسەردا  بەڵێ

کاوە ئەمین - مامۆستا  مەبەستت سەعید قەزازیشە؟

جەلال دەباغ - بەڵێ مەبەستە سەعید قەزاز، بەداخەوە لەسەر بینایەکی سلێمانی پەیکەری بۆ دروستکراوە..! ئەگەر ئیدارەیەکمان هەبێ ئاگای لە شتەکان بووایە ڕێگەی نەئەدا پەیکەری جەلادێکی وەکو سەعید قەزاز دروست بکرێت، بۆچی؟ چونکە سەعید قەزاز مەسئولە لە گیانی دەیان کرێکار لە گاورباخی کە گولەیان

 بە سنگیانەوە نا، سەعید قەزاز وەزیری ناوخۆبوو، پیاوێکی نۆکەری رێژیمی پاشایەتی و نۆکەری ئیمپێریالیزم بوو، تەنیا یەک شت لە مەحکەمەدا هەڵوێستێکی گرت گوتی کە ئیعداممکەن سەری ئەوانە لەلای قاچی منن، ئینجا ئەوە قسەیەکەو کردوویەتی با ناوی بنێن ئازایەتی..!

کاوە ئەمین - کەواتە تۆ بۆ مێژو بە خائینی ناو ئەبەیت؟ بە کەسیکی خراپ

جەلال دەباغ – بەلێ، بەڵێ..! بۆ مێژو

کاوە ئەمین - بەڵام خەڵکیتر بەکەسی نیشتیمانپەروەرو ئەوەی ناو ئەبەن.

جەلال دەباغ - بە هەڵەداچوون ئەوانە هەموویان.. نیشتیمانپەروەر کەسێک نیە گولە بنێ بەسنگی کرێکارانی گاورباخیەوە،  ئەگەر بێیتە سەر لاپەڕەکانی تاوانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی دەیان جەریمە ڕووی سەعید قەزازو ڕووی نوری سەعیدو رووی ئەقطابی رێژیمی پاشایەتی ڕەش دەکەن.

کاوە ئەمین - زۆر باشە مامۆستا، ئێمە ئالێرەدا ناچارین کۆتایی بەم ئەڵقەیەی بەرنامەکەمان بێنین، لە ئەڵقەی داهاتوودا بەدرێژی باسی کودەتای ١٤ی تەمووزدەکەین!، کە ئێوە هەندێک پێی دەڵێن شۆڕش و هەندێک پێی دەڵێن کودەتا!.

بینەران و بیسەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە هاتینە کۆتایی ئەڵقەی ئەمجارەمان

 پێکەوە پڕۆڤەی ئەڵقەی ئەم جارەمان دەبینین.!!!(١)

 

(١) سەرنجێک لە نووسەرەوە: کاک کاوە ئەمین لەکۆتایی هەر ئەڵقەیەکدا دەنووسی:

 "پێکەوە پڕۆڤەی ئەڵقەی ئەم جارەمان دەبینین. " ئەو پڕۆڤانە خۆی نووسیونی و قسەی من نین، لەبەر ئەوە من لەو بەناو پڕۆڤانە بەرپرسنیم و تەنیا لە پێنچ بەشی دیدارەکەم بەرپرسم کە هەموویان راستین. کاتێکیش کاک کاوەم ئاگادارکرد کە ئەو ناڕاستیانەی بەناوی منەوە نووسیویانە لای ببەن، گوتی ناتوانم و ئەوانەمان بۆیە نووسیوە تا سەرنجی خەڵک ڕاکێشین و دیدارەکە بخوێندنەوە!!!!!

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە