دیمانە/هەژار ئیبراهیم _سۆران.
ڕەخنەلەبەتایبەتیکردنی کەرتی پەروەردەدەگرێت.دەڵێت: پەیمانگا و زانکۆکان بوونەتە شوێنی دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر کوڕی بەرپرس و سەرمایەداران.
(جابر عەبدوڵڵا) ساڵانێکەوەک مامۆستایەک وانەبەقوتابیان دەڵێتەوە . چەند ساڵانێکە لەچوارجێوەی پڕۆژەیەک لەهەوڵدان بۆگەڕانەوەی ئەوقوتابیانەی کە لەقوتابخانەدابڕاون .لەم دیدارە دا هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابیان لەناوەندەکانی خوێندن دەخاتەڕوو تیشک دەخاتەهەوڵ و کۆششەکانیان...
+ئەوپڕۆژەیه چیيه و چۆنەوکەی دەستی پێکردوەو چەند مامۆستا تیایدا بەشدارن؟
- پڕۆژەکە هاوبەشە لە نێوان ڕێکخراوی (یونسێف) و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە یەکی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە و ماوەی چل ڕۆژ دەخایەنێت. لە سنووری پەروەردەی سۆران هەشت مامۆستا تێیدا بەشدارن و دابەشی سەر دوو گرووپی چوار کەسی کراوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی دەست بەئیشکردن دەکەن تاکوو دووی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبن. بۆ بیرخستنەوەی بەڕێزتان دەمەوێ پێتان بڵێم ئەمە سێەمین ساڵە ئەو پڕۆژەیە هەیە ساڵی دووەمە کە من تێیدا بەشدارم.
+تائێستا توانیوتانە چەند قوتابی بگەڕێنەوە بەرخوێندن لەسنووری ئیدارەی سۆران؟
- بەداخەوە ژمارەی گەڕاوەکان لە ئاست چاوەڕووانی و ماندووبوونمان دانییە، دەکرا زیاتر بگەڕێنەوە بۆ خوێندن بەڵام ڕەنگە زۆر هۆکار هەبن کە فێرخوازانی دوورکەتوو لە خوێندن نەگەڕێنەوە، کە ڕەنگە نەتوانم لەو دیدارە کورتە هەموو هۆکارەکان باسبکەم. سنووری کارکردنی ئێمە تەنها سنووری پەروەردەی سۆرانە لەو سنوورەش ساڵی ڕابردوو کاری باشمان کرد و ژماریەک فێرخوازمان گێڕایەوە بەر خوێندن، بەس وەک پێشتر وتم لە ئاست خواستی ئێمە نەبوو. بەڵام گرنگترین کار کە ساڵی پار ئەنجامدا، کردنەوەی قوتابخانەیەک بوو لە گوندی (هێشمێ)ی دەڤەری برادۆست و کردنەوەی چەند پۆلێکی بنەڕەتی بوو لە هەندێک لە قوتابخانەکانی سنووری قەزای سیدەکان کە فێرخوازانی چەند گوندێک تێیدا سوودمەند بوون.
+هۆکارەکانی وازهێنان لەخوێندن چیبوون زیاتر؟
- کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وایانکردووە کە فێرخواز لە خوێندن داببڕێت، یان واز لە خوێندن بهێنێت. سەرەکیترین هۆکار لایەنی دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵکییە. ڕۆژانە لەگەڵ زۆرێک لەو خێزان و دایک و باوکە ڕووبەڕوو دەبین کە توانای دارایان بەشی ئەوە ناکات منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی ئامادەییان لێ نیە و فێرخوازان پێویستیان بە هاتووچۆیە لە ڕێگای ئۆتۆمبێلەوە، ئەمەش باری سەرشانی خێزانەکانی گرانکردووە بە تایبەتی ئەگەر خێزانێک زیاد لە فێرخوازێکی هەبێت. کۆمەڵێک تریش هەن وەک زەحمەتی فێربوون و کارپێکردنی منداڵ و باری تەندروستی و هاوسەرگیری کردن لەخوار تەمەنی هەژدە ساڵ، بە تایبەتی لای کچان، بەڵام ئەوەی لە هەموو هۆکارەکان زیاتر سەرنجی ڕاکێشام زۆرێک لە فێرخوازان لە قوتابخانە بێزارن هۆکارەکەی بۆ توندوتیژی بەشێک لە مامۆستایانە کە تاکوو ئێستاش لەسەری بەردەوامن. ئەگەر توندوتیژی جەستەیش نەمابێت تووندتیژی زمان شەڕی دەروونی دژی فێرخوازان درێژەی هەیە.
+چی دەکرێت بۆئەم قوتابیانەی دەگەڕێندرێنەوەبەرخوێندن لەڕووی ماددی مەعنەوییەوە؟
- لەڕووی ماددی شتێکیان بۆ ناکرێت شایەنی باسکردن بێت، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە پاڵپشتێکی تەواویان ئەکەین و گشت ڕێگا یاسایی و پەروەردەییەکان دەگرینەبەر بۆئەوەی فێرخوازی دابڕاو بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
+ حکومەت تاچەند هاوکارە لایەنی پەیوەندی دار،کەپەروەردەییە؟
-پێشتر وتم، پڕۆژەکە هاوبەشە لە نێوان حکومەت و ڕێکخراوی یونسێف، کەواتە حکومەتە هاوکارە لەو پڕۆژەیە. لە هەر گوند و گەڕەکێک قوتابخانەی لێبێت کاتێک بۆ ئاماری فێرخوازە دابڕاوەکان داوای ئامارمان لێکردبن، بە سوپاسی زۆرمان بۆیان هاوکاریان کردووین، ئەمەش کارئاسانی زیاتری بۆ دروست کردووین.
+ زیاتر لەچ تەمەنێکەوە قوتابیان دابڕاون و وازیان لەخوێندن هێناوەهیچ داتەیەک هەیە پۆلینی تەمەن بکات؟
- لە گشت تەمەنێکمان هەیە کە وازیان هێناوە، بەڵام زیاتر ئەوانەن کە لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی دەرنەچوون. واتا وازهێنانیان زیاتر پەیوەندی بە قۆناغەکانی خوێندنەوە هەیە نەک تەمەن. چونکە فێرخوازی دابڕاو هەیە تەمەنی بیست ساڵە لە پۆلی نۆ دەرەچووە، بە خوێندنی ڕۆژ و شەو و دەرەکیشەوە. ئەمە بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیش ڕاستە. بۆ پۆلێنکردنی تەمەنیش ئەکرێ دوایی تەواوبوونی پڕۆژەکە دیاری بکرێت کە کام تەمەن زیاتر واز لە خوێندن دێنن.
+هیچ داتاوزانیاریەک هەیە،کەڕێژەی نەخوێندەواری چەندە لەئیدارەی سۆران؟
- ئەوەی ڕاستی داتا و ئامارێکی دروستی باوەڕپێکراو لەبەردستدا نییە تاکوبزانین ڕێژەی نەخوێندەواری لە سنووری ئیدارەی سۆران چەندە. ئەگەر هەشبێت لای من نییە بۆیە ناتوانم هیچ ئامارێک بڵێم.
+وەک مامۆستایەک چیت هەیەلەسەر بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردەو ئەو هەموو زانکۆو پەیامانگا و قوتابخانە تایبەتیانە؟
- بۆ مەسەلەی بە تایبەتکردنی کەرتی پەروەردەش، بەڕاستی جێی داخ و ئەسەفێکی زۆرە کەرتە حکومییەکان بکرێنە تایبەت، بە تایبەتی پەروەردە و تەندروستی. تایبەت تریش پەروەردە. یەک لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی فێرخوازان ئەو جیاوازییە چیانەیەتییە زۆرەیە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئەمەدا بوونی هەیە. بەڕاستی کاتێک سەردانی هەندێک خێزان دەکەین تووشی شۆکی گەورە دەبین کە ئاستی خراپی گوزەرانی ئەو خێزانانە دەبینین. دەی کاتێک پەروەردە دەدرێتە کەرتی تایبەت هەرگیز منداڵی ئەو خێزانانە ناتوانن لە قوتابخانەیەکی شایستە بخوێنن. چونکە قوتابخانە حکومییەکان و پەیمانگا و زانکۆکان بوونەتە شوێنی دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر کوڕی بەپرس و سەرمایەداران، ئەگەر سنوورێک بۆ ئەم پاشا گەردانییە دانەندرێت لە داهاتووێکی نزیک شکستی گەورەتر دروێنە ئەکەین لە بواری پەروەردەدا و کاریگەری خراپیش لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات.
+ئەگەرشتێکت مابێ لەکۆتایی؟
-دوا وتەم ئەوەیە کە کورد لە هەموو نەتەوەکانی تری دونیا پێویستی بە خوێندنە، چونکە لە هەمووان زیاتر پێویستی بە ئازادییە. گەلی ئێمە ئەگەر بیەوێت بمێنێت بە تەنها لەڕێی شەڕکردن بۆ مانەوە ناتوانێت گرەنتی مانەوەی خۆی بکات، بەڵکو ئەبێ شەڕبکات لە پێناو ماناکانی مانەوەدا. گرنگترین شتیش لە ژیان و مان، ئازادییە، بۆ گەیشتن بە ئازادی، ئەشێ ڕێگای جۆراو جۆر تاقیکرابنەوە و نەگەیشتووین بە ئازادی. خوێندن ڕێگایەکی گرنگە کە تاک و کۆمەڵی کورد هەرگیز نابێت دەستی لێ هەڵبگرن تاکو دەمان گەیەنن بە ئازادی.