دیمانه/ هاوڕێ كرێكار
لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر هەندێك پرسی تایبەت بە كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان و كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەكانی لەسەر كۆمەڵگە روندەكاتەوە. هاوكات باسی گەشەسەندن و قۆرخكاری میدیا دەكات و ئاڵنگارییەكانی بەردەم میدیا حزبی شیوعی كوردستان روندەكاتەوە.
ڕێگای كوردستان: دۆخی میدیای حزبی شیوعی كورستان لە چ ئاستێكدایە؟
كانیاو بایز: هەڵبەت میدیایی حزبێك كە مێژویەكی دوورو درێژو خەباتێكی پرسەروەری هەبێت و بە رۆژگاری بەرزو نزم و جیاواز تێپەر بووبێ لە هەر سەردەم و بارودۆخێكدا لە ژێر چەتری پرنسیپ و بەرنامە و ئایدیایی حزبی، ستراتیژی كاركردنی خۆی هەیە و لە هەمان كاتدا هەل و مەرجی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئەركە ئەخلاقیەكانی لەبەرچاو دەگرێ لە پراكتیزەكردنی كاری میدیایی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە كە لە ئەركە نشتیمانی و چینایەتیەكان و داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی تاك و كۆمەڵگاو وەك ناوندێك بۆ رۆشنبیران و ئەدیبان و داكۆكیكارانی چین و توێژە جیاوازەكان و پێشكەوتن خوازان درێخی بكات. هەردەم وەك پردێك لە نێوان رۆشنبیران و نوسەران و سیاسەتمەداران و هزری تاك بە پاراستنی بنەما رەوشتیەكانی كاری رۆژنامەوانی كاری كردوە.
هەرچەندە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و گۆرانكارییە هەرێمایەتیەكان و رەهەندەكانی سیاسەتی پۆپۆلستی كە میدیا پایەیەكی گرنگی گەشەسەندنیەتی كاریگەری نەرێنیان هەیە، بەتایبەتی كە بارودۆخی دارایی رەنگدانەوی دیاری هەیە لەسەر راگەیاندنی حزبییمان.
ڕێگای كوردستان : دۆخی ڕۆژنامەگەری كوردی لە چ ئاستێكدایە؟
كانیاو بایز : هەرچەندە دونیایی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجیا لە گەشەسەندن و پێشوەچونی بەردەوام دایە و كاریگەری لەسەر كایەكانی میدیا هەیە بە شێوەی گشتی و لەسەر ئاستی جیهان، هاوكات بوونی چەندین هۆكاری تری جۆراوجۆر بۆ نەبونی خوێنەری راستەقینە و لەهەمانكاتدا كەمی رۆژنامەوانی پیشەیی راستەقینە، هەروەها بە داخەوە گەشەسەندنی خێراو بێ سانسۆری و سۆشیال میدیا و بەربڵاوی لە كاری میدیایی بۆ دۆخی رۆژنامەگەری كوردی كاریگەری نەرێنی زیاتری هەبووە. هەرچەندە لە ماوەی دەسەڵاتی پەرلەمانەكانی كوردستان تاكو ئێستا (پێنج) یاسای پەیوەست بە كاری رۆژنامەوانی دەركراون، بەڵام بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ و پێشهاتەكان و هەندێجار كەموكوری لە یاساكان كە پێویستان بە هەمواركردن هەیە و بە هۆی ململانێ سیاسیەكان و گرژیەكانی نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان نەتوانراوە ئەم هەموارانە بكرێن كە لە ئێستادا پێویستیەكی گرنگ و كاریگەرن بۆ بەبەهاكردنەوە و راستكردنەوی دۆخی رۆژنامەگەری كوردی بە جۆرێك كە بگەرێتەوە هەمان پێگە مێژوویی و كاریگەرەكانی. هەروەها نەبوونی ئازادی رادەربرین هۆكارێكی تری دۆخی نالەباری رۆژنامەگەری كوردین .
ڕێگای كوردستان: میدیای كوردی ئێستا خزمەت بەكۆمەڵگا دەكات ؟ ئەگەر نەخێر بۆ؟
كانیاو بایز: بەڵێ، بەڵام دەكرێ بە رێژەیی دەستنیشان بكرێت، چونكە ئەگەر لە رووی خێرایی لە بڵاوبونەوەو زیادبوونی پەیوەندی لە نێوان رۆژنامەوان و گەیاندنی پەیام و بابەتە رۆژنامەوانیەكان لە رووی ئەلیكترۆنیەوە و وەك هۆكارێكی ناراستەوخۆی وشیاربوونەوەی كۆمەڵگا دەستراگەیشتنی تاك بە داتاو زانیاری هەمەچەشنە و جۆراوجۆر تارادەیەك بەڵێ، بەڵام لە رووی كوالێتی لە ناوەرۆكی بابەتە رۆژنامەوانیەكان و بەربڵاوی و بێسانسۆری، یاخود بەكارهێنانی بۆ جۆشدانی تاك بە بیری كۆنەخوازی و توندرەوی و چڕكردنەوی ململانیكان، نەك هەر خزمەت ناكا بەڵكو هۆیەكی خراپە.
ڕێگای كوردستان : ئێستا ئەوەندێ میدیای كەسەكان لای خەڵك پڕ خوینەرر ترن، میدیای حزب و كۆمپانیاكان كەمتر، هۆكاری ئەمە چییە؟
كانیاو بایز: گەشەسەندنی سیاسەتی سەرمایەداری و قۆرخكردن و پەرەسەندنی نەهجی پۆپۆلستی و یەكێ لە هۆكارە سەرەكیەكانن لەهەمان كاتدا بەهۆی پەیرەوكردنی سیاسەتە هەڵەكانی هەردووحزبی دەسەڵات لە سی ساڵی رابردووكە لە ئەنجام بووە مایەیی لاوازبوونی پێگەی حزبەكان لەلای تاك و كۆمەڵگا بەگشتی و نەمانی متمانە بە بەرنامەو پەیام و راگەیاندنەكانیان هۆكارێكی ترن .وەهەروەها كەمی میدیایی سەربەخۆ و نەپاراستنی ئیتیكی و بێ لایەنی كاری رۆژنامەوانی لەلایەن میدیایی حزبەكان هۆكارێكی ترن.
ڕێگای كوردستان: دەوتریت میدیای كوردی هۆكارێكە بۆ زیاد بوونی ڕێژەی كوشتن و زیادبوونی ڕووداوەكان؟
كانیاو بایز: بەڵێ بۆهەندێ لە میدیا بێ سانسۆر و دوور لە پرنسیپ و بەها مرۆڤایەتیەكان كە بەبێ هیچ بەرپرسیارێتیەك یان بەبێ رامان لە دەرئەنجام و رەهەندەكان و كاریگەریەكانی بڵاوكردنەوەی هەندێ جۆری بابەت و هەواڵ كە دەبنە هۆی زیادبوونی دەمارگیری و قبولنەكردنی بیرورای جیاواز لە ناو كۆمەڵگا یاخود هاندەرو رێنیشاندەر بۆ جۆرەكانی توندوتیژی بەتایبەتی لەنێوان پێكهاتە و ئاین و نەتەوەجیاوازەكانی كۆمەڵگاو هێزە جیاوازەكان بە تایبەت ئافرەتان كەبە شێوەیەكی روون و بەرچاوە، لە كاتێكدا پێویستە میدیا رۆلی سەرەكی ببینێ لە بنیاتننی تاكی ئاشتیخواز و كۆمەڵگای ئارام وشیاركردنەوەیان بە مافە تاكەكەسی و رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتیەكان . هاوكاربێ لە پەروەردەی تەندروست و دارشتنی بناغەیەكی پتەوی رێزو خۆشەویستی لە نێوان تاكەكان .