
چەپبوون، تەنیا لە یادێكدا كورتنابێتەوە. بەڵكو پرسێكی دانەبڕاوی ژیانی مۆدێرنە. لە مۆدێرنەدا، چەپ و شیوعییەت وەك دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدایكبوون. حیزبی شیوعیی كوردستان، بەشێكە لەو دیاردەیە كە لە هەناوی چەپی عێراقییەوە سەریهەڵدا و پاشان لكا بە ئەزموونی سیاسیی كوردییەوە. لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی حیزبدا، هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان فایلێك لەمەڕ چەپی كوردی و ناوچەكە دەكاتەوه و چەندین پرسیاری جۆراوجۆر ئاراستەی نوسەران و چالاكوانان دەكات.
لە فایلێكی تر، هاوڕێیان (هاورێ عبداللە و شاهۆ عەلی ) وەك ، نووسەر و وەرگێڕی نێو دنیای فیکری چەپ، بەیەکەوە وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.
پرسیار: لە كۆمەڵگایەكی ڕاگوزەری وەك كوردستان، پرسەكانی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی، گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و بەئەقڵانیكردنی كایەكانی ژیان و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی داهات، و ژیانێكی یەكسان و دادپەروەرانە پرسگەلێكی زیندوون؛ ئەركی چەپ دەبێت چی بێت، ئایا ئەركی چەپ لە كوردستان هەمان ئەركە لە كۆمەڵگایەكی تردا؟
وەڵام: پێویستە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارێکى فرەڕەهەندى هاوشێوە، بە کۆمەڵێک دیمەنى مێژوویى- سیاسیى ڕووداو و پێشهاتەکاندا بچینەوە بۆ ئەوەى تا ڕادەیەک بزانین ڕۆڵ یان ئەرکى چەپ دەکەوێتە کوێى ئەم دۆخە سیاسى و کۆمەڵایەتییەى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستانەوە. پرسیارە سیاسییەکە لە هەرێمى کوردستاندا چیتر بە تەنیا ڕزگاربوونى تاکى کورد نییە لە چەوساندنەوەى دەوڵەتی” بێگانە”، بەڵکو ڕزگاربوونیشە لە چەنگى دەسەڵاتى خۆماڵى. دەوڵەت و دەسەڵات لە نێو ڕژێمە سیاسییەکانى جیهانى سێیەمدا، یان بە دیاریکراوتر لە نێو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دوو چەمکن بە ئەندازەى ئەوەى گوزارشت لە یەکترى دەکەن، هاوکات لە سیاقى ئێمەدا دژ بە بەرژەوەندییەکانى یەکتریشن. لە دواى ڕووداوی "ڕاپەڕین"ــەوە هیچ هەوڵێکى ئەوتۆ نەدراوە بۆ درووستکردنى ئەتەنۆمێکى دەوڵەتى-دامودەزگایی لەم قەوارەیەى هەرێمى کوردستاندا، بەڵکوو پتر دابەشکردنى دەسەڵات بووە بە فۆرمێکى فیوداڵانە، بە ماویەکى کورتیش ئەم دابەشکردنە جەنگێکى ناوخۆیی وێرانکەرى هێنایە ئاراوە، کە جەنگێک نەبوو لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردن یان ململانێیەکى ئایدیایی مۆدێرنانە نەبوو لەسەر سیاسەت و ئابووری و بەڕێوەبردن، بەڵکوو جەنگێک بوو لەسەر پاوانخوازی و بەرژەوەندیی دوو "دەسەڵات" دژ بەو قەوارە "دەوڵەت"ـى یان ئەو دامودەزگایانەى کە دەبوو سەرپێ بخرێن، هەر لە پەرلەمانەوە تا نووسینەوەى دەستوورێک و تا دەگاتە درووستکردنى هێزێکى سەربازى نیشتیمانى هتد. هۆکارەکانى دروستبوونى دەسەڵاتێکى هاوشێوە لەم جوگرافیایەدا زۆرە و لێرەدا جێگەیان نابێتەوە بۆ باسکردن. ناسیۆنالیزمى کوردى، نوخبەیەکى سیاسیین کە توانییان دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن بە ناوى "شەرعیەتى شۆڕشگێڕیی" شاخەوە و هیچ کات ئەم بەناو شەرعیەتەشیان لە خزمەتى بە مۆدێرنزاسیۆن کردنى قەوارە دەوڵەتییەکەی هەرێمى کوردستاندا نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ کۆى دامودەزگاکانى ئەم قەوارەیەیان پەکخستووە و لە ژوورە تاریکەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، نەک بە سیاقى یاسایی نووسراو و ئیقرارکراوى خۆى.
"ئەنتۆنیۆ گرامشى" پێى وا بوو کە دەسەڵات بە تەنیا لە ڕێگەى هێزەوە مانەوەى خۆى ناپارێزێت، بەڵکوو لە ڕێگەى دروستکردنى "ھەیمەنە"ــوەش. واتا دەسەڵات کۆمەڵگا قەناعەت پێ بهێنێت کە بەرژەوەندییەکانى دەسەڵات خودى بەرژەوەندییەکانى هەمووانە، هەر جۆرە دژایەتیکردنێکی ئەم بەرژەوەندییانەش واتا دژایەتیکردنى گەل/نیشتیمان/کۆمەڵگایە. لە قۆناغێکیشدا چیتر ئەم گوتارە ڕزیوە نەیدەتوانى خەڵکى کوردستان دامرکێنێتەوە و قایلیان بکات، بۆیە یەکێک لەو میکانیزمانەى دەسەڵات پەناى بۆ برد، بریتی بوو لە ئیسلامیزم "ڕۆحى جیهانە بێ ڕۆحەکە" بە قەولەکەى مارکس، ئەمەش ڕێک بەو شێوەیەى کە ڕژێمەکەى "سەدام حوسێن" لە ژێر ناوى "حەملەى ئیمانی" لە سەرەتاى نەوەتەکاندا بەرپای کرد پاش جەنگ و ماڵوێرانییەکانى” ئێران و کوەیت”. دەسەڵاتى هەرێم لە دوو ئاستدا ئەم ئیسلامیزمەى بەرپا کرد و بەهێزی کردن، یەکەم وەکوو ئەفیونێکى کۆمەڵایەتى لە ڕێگەى بنکە سەلەفییەکەى نێو کۆمەڵگاوە، دووەمیش وەکوو ڕێکار و ڕێوشوێنى کردەیی کۆنەپارێزانەى جیاوازەوە لە نێو دەسەڵاتە خۆجێیەکانى حیزبەکاندا، ئەمەش لە پێناو دووبارە شەرعیەتدان بە "وەلى ئەمر/دەسەڵات" بە فۆرمێکى ئایینى (نەک هەر کوردایەتى) و دەرنەچوون لە تاعەت/ملکەچبوون بۆ دەسەڵات، دەرئەنجام ئەمە بوو بە گوتارى زۆربەى مینبەرە هەرە ئسووڵی و سەلەفییەکانى هەرێمى کوردستان. ئەم تاکتیکە کلاسیکییە لە ڕێگەى "موقەدەس"ــەوە بە درێژایی مێژوو دەرئەنجامى زۆرباشى هەبووە بۆ دەسەڵاتەکان بە تایبەتیش لە مێژووى هاوچەرخى ڕۆژهەڵاتە ئیسلامییەکەدا، بەڵام لە کۆتاییدا چەنێک دەسەڵات ڕوویەکى پیرۆز (موقەدەس) وەربگرێت یان بنوێنێت، لە ناواخندا وەکوو کایەیەکى سیاسیی (مودەنەس) دەمێنێتەوە.
نیولیبڕالیزم لە سەرەتاى حەفتاکانەوە، پانتایی گەشەکردن و سەپاندنى سیاسەتەکانى بە ناوى "بازاڕى ئازاد"ــەوە لەو کۆمەڵگایانەدا باشتر جێبەجێ دەکرد کە دۆخیان هاوشێوەى هەرێمى کوردستان بوو، واتا ژینگەیەکى پێرفێکتن بۆ تێپەڕاندنى کۆى سیاسەتەکانى بانکى جیهانى و سندووقى دراوى نێودەوڵەتى بە کەمترین ئاستى ملکەچکردن. گەرچى یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانیش بۆ تێپەڕاندنى ئەو سیاسەتانە بە تەنیا نوخبە دەسەڵاتدارەکان نین، بەڵکوو بەهۆى ئامادەیی "ئەقڵى بەرخۆری" و غیابى “ئەقڵى "ڕەخنەیی"ـشەوەیە لە نێو کۆمەڵگادا.
هەرێمى کوردستان بریتییە لە نموونەیەکى سەیروسەمەرەی پەیوەست بە نیولیبڕالیزمبوونیشەوە؛ پاش ساڵى ٢٠٠٣ و ڕووخانى ڕژێمى بەعس و گەیشتنى کۆمپانیا فرەنەتەوەکان و باڵادەستبوونى سیاسەت و ڕێکخراوەکانى نیولیبڕالیزم لە عێراق و هەرێمى کوردستاندا، دەسەڵاتى حیزبیی هەرێم دووبارە گورزێکى تر دەدات لە قەوارە سیاسی و دامودەزگاییەکەى هەرێم. سەربارى ئەوەى لە بنەڕەتدا دامودەزگاکان لە دواى ڕاپەڕینەوە بارمتەى دەسەڵاتێکى بنەماڵەیی خێڵەکی بوون، ئەم جارەیان بە ناوى "ئابووریى ئازاد"ـەوە بە پرۆسەیەکى ورد و بێباکانە هەڵدەستن بە هەڕاجکردنى کەرتە گشتییەکان و دەیانخەنە بازاڕەوە بۆ فڕۆشتن، مەهزەلەکەش لەوەدایە کە خودى کڕیارەکانیش هەر خودى دەسەڵات خۆیەتى لە ژێر ناوى وەبەرهێن و کۆمپانیاى سێبەر و هتدەوە!
بە هۆى دۆخى تایبەتیى جیۆپۆڵەتیکى و فاکتەرە لۆکاڵییەکانەوە، شەقامى ناڕەزایەتى و کۆمەڵگاى مەدەنى بە تەواوەتى پەکخراوە و شتێکى ئەوتۆى لێ نەماوەتەوە. گرنگترین دوو هۆکارى ئەمەش، یەکەمیان بریتییە لەو ترسە هەمیشە ئامادە و باوەى نێو کوردانە لە داگیرکاریى وڵاتانى ناوچەکە بۆ قەوارە سیاسییەکە و گەڕانەوەى کوردانى باشوورە بۆ چوارگۆشەى یەکەم، و دووەمیشیان بریتییە لەو گورزەى کە بەر بە شەقامى سیاسى و مەدەنى کەوت لە پاش داکەوتنە زنجیرەییەکانى ئۆپۆزسیۆنى پۆپۆلیستەوە کە جڵەوى گوتارى ناڕەزایەتییەکانى کردبوو. ئەمەش دەرئەنجام پانتاییەکەى باشتر چۆڵ کرد بۆ ئەوەى هەردوو دەسەڵاتى حیزبیی هەرێم لە پێناو بەرژوەندیى تایبەتیی خۆیاندا، بە تەواوەتى ئەو دامودەزگایانەى کە بوونیان وێنەییش بوو، دایانبخەن یان هەڵیانپەسێرن، بەمەش نەک هەر گوزەران و ژیانى خەڵک بەڵکوو کۆى قەوارەکەشی ڕووبەڕووى نەمان کردووەتەوە.
لە نێو وەها وێرانەیەکدا، ڕەنگە ئەرکى کۆمۆنیستەکان یان چەپەکان بە گشتى، سەخت و دژوار دەرکەوێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەمە پێرفێکتترین ژینگەیە بۆ کارى چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئێستادا، چونکە ئەنتاگۆنیزمە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان گەیشتوون بە ترۆپک، هەروەها کۆمەڵانى خەڵک ئەزموونى سیاسى و کۆمەڵایەتیی کەڵەکەبوویان هەیە و بە ئاسانى ناخزێنە نێو گوتارێکى ترى پۆپۆلیستانەى نوێوە. لێرەدا گرەوەکە بە تەنیا لەسەر هۆشیاربوونەوەى خەڵک نییە، چونکە ئەمە هەمیشە وەکووو پرسێکى ڕێژەیى دەمێنێتەوە، بەڵکوو گرەوەکە لەسەر ئەو ڕۆڵە سیاسى و کۆمەڵایەتییەیە کە بزاوتى چەپ لە ئێستادا دەتوانێت بیگێڕێت، بزاوتێک کە لە نێو هاوکێشەى حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بوونى نەبێت وەکوو پاشکۆ و موستەفید و خاوەن سەفەقەى سیاسى و هتد.
لە ئەگەرى بوون یان دروستبوونى بزاوتێکى هاوشێوەیشدا، ڕەنگە پرسیارە ئەزەلییە لینینییەکە یەکسەر قوت بێتەوە، کە ئەویش ئەوەیە "چی بکرێت؟" وەڵامى ئەمەش لە دوو ئاستى سەرەکیدا خۆى دەنوێنێتەوە، یەکەمیان: ستراتیژ، دووەمیانیش: تاکتیک. پێشمەرجى ئەم ستراتیژ و تاکتیکەش زۆرن، بەڵام پێشەنگیان دەستهەڵگرتنە لەو خوێندنەوە و ویستە کلاسیکییانەى نێو دنیاى تیۆر، کە نەک لەبەر ئەوەى هەڵەن، بەڵکوو بۆ ئەم قۆناغەى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق پتر وەکوو درووشمى کۆمیدى دەکەونەوە نەک وەڵامێکى واقیعى و عەقڵانیی.
دەبێت ستراتیژى ئەمڕۆى چەپ و کۆمۆنیستەکان لە پاڵ داکۆکیکردن لە بەها سۆشیالیستییەکانەوە بریتى بێت لە بە مۆدێرنزاسیۆن کردنى قەوراە و کۆمەڵگاى هەرێمى کوردستان، ڕەنگە بۆ تێگەیشتنە کلاسیکییە بە ناو ڕادیکاڵەکە، ئەمە ڕیفۆرمێک بێت و کارە "موقەدەس"ـە سەرەکییەکەى ئێمە نەبێت. هەندێک پێیان وایە کە بۆرژوازى خۆى ئەم کارە لە ئەستۆ دەگرێت، یان سەیرورەیەکى مێژوویی هەیە ئەم کارە بە شێوەیەکى خۆڕسکانە دەهێنێتە ئاراوە. ئەم تێگەیشتنە سواوانە هیچ نین بێجگە لە خۆدزینەوە و خوێندنەوەیەکى ئایدیۆلۆژى کە هاوشانە بە جەدەلێکى بیزەنتینیانە، و درێژەدانە بە دۆخى باو.
دەبێت کۆنگرەیەکى بەرەنگاری لە لایەن چەپەکانەوە ببەسترێت تیایدا بە وەلانانى جیاوازیی فیکرى و سیاسی، و ئەولەویەتەکە "وەڵامدانەوە بە واقیعى هەرێمى کوردستان" بێت و کارنامەى نوێ و گشتگیر سەرپێ بخەن کە بنەڕەت و ستراتیژى کۆنگرەکە "کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن" بێت. ئەمەش لە ڕێگەى بەشداریکردنى لە قەوارە سیاسییەکەى هەرێمى کوردستان وەکوو فراکسیۆنێکى نێو پەرلەمان لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە، هەروەها کارنامەى ئەم فراکسیۆنە کارکردن بێت لەسەر نووسینى دەستوورێکى سێکۆلار، سەرپێخستنى ئابوورییەکى نیشتیمانى، بوژاندنەوەى کەرتى گشتى، ڕێکخستنەوەى کەرتى تایبەت، داڕشتنەوەى یاساى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بێت، هەروەها جۆرەها کەیسى گرنگ و چارەنووسسازى ترى هاوشێوە بێت. یەکێک لەو کەیسە ئاڵۆزانەى تر کە ئەرکى چەپ و کۆمۆنیستەکانە یەکلایى بکەنەوە، ئەویش وەڵامدانەوەى پرسى "عێراقیبوون"ـە. دەبێت پەیوەندى و تێگەیشتنێکى سیاسى و کۆمەڵایەتی تر داڕێژرێت لەگەڵ عێراق وەکوو دەوڵەت و کۆمەڵگا، دوور لەو تێگەیشتنە و مامەڵە نەخۆش و وێرانەى کە ناسیۆنالیزمى کوردى هێناوێتییە ئاراوە، ئەم پەیوەندییە نە بەدوژمنکردنى عێراق و ڕەتکردنەوەى سنوورەکەى بێت، نە پاشکۆیەتیش بێت بۆ مەرکەزیەتى بەغدا و بێئیرادەکردنى هەرێمى کوردستان.
هەروەها داڕشتنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە ئیرادە و قەوارەى هەرێمى کوردستان،و پابەندکردنى هاوپەیمانانى نێودەوڵەتیش بە پاراستنى قەوارەکە لە ڕێگەى بنەماى ئابوورى و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە، لێرەشدا نە دژایەتى و نە پاشکۆیەتى بگیرێتە بەر بەرانبەر بە هێزە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو واقیعى باڵانسی هێز لە مامەڵەکردندا ڕەچاو بکرێت.
لێرەوەیە کە دەرگا واڵا دەبێت بەرانبەر بە هەر ئیمکانێکى گەشەکردنى سیاسى و کۆمەڵایەتی تر لە داهاتوودا. بۆ ئێستا دەبێت چەپ و کۆمۆنیستەکان "بازدان بەسەر قۆناغەکاندا" لەبیر بکەن، چونکە دەمێکە واقیع بەسەر چەپى کوردیدا بازیداوە،
هاوڕێم، هەموو تیۆرێک خۆڵەمێشییە، بەڵام دارى زێڕینى ژیان هەمیشە تەڕ و سەوزە: گۆتە.
پرسیار: پەیوەندیی نێوان تیۆر و واقیع یەکێکە لە پرسە ئالۆزەکانی دونیای چەپ و نەریتی چەپ، لەمڕۆدا پرسی گواستنەوەی تیۆر بۆ واقیع چۆن دەبینن لە هەلومەرجێکی گۆڕاودا؟
وەڵام: هەڵبەت لەناو نەریتی چەپدا تێڕوانینی جیاواز و ناکۆک بەیەک هەیە سەبارەت بە پرسی پەیوەندیی تیۆر بە واقیعەوە، بۆیە لێرەدا و لەم دەرفەتە سنووردارەدا دەکرێت تەنیا چەند سەرنجێکی خێرا و چەند سەرەقەڵەمێک بخەینە ڕوو. پێش مارکس و لە سەردەمی خۆشیدا کەس وەک ئەو, تیۆر و واقیعی بەو جۆرە پێکەوە گرێ نەداوە. ئەمە بە ڕوونی لە تێزی یانزەی دەربارەی فیورباخ دەردەکەوێت: "فەیلەسوفان تا ئێستا تەنیا جیهانیان بە شێوەی جۆراوجۆر تەفسیر کردووە، بەڵام پرسەکە گۆڕینێتی." مارکس لە هەناوی ئەو مێژووەدا لە ڕێی تێگەیشتنی دیالەکتیکی و ماتریالیستییەوە بۆ مێژوو، کۆمۆنیزم وەک تیۆرێکی ڕزگاریخوازی دادەڕێژێت و گرێشی دەدات بە پراکتیکی سیاسی و سوبێکتی ڕزگاریخوازەوە کە بۆ ئەو سیاقەی ئەو، پرۆلیتاریایە. دەبڕینی "گواستنەوەی تیۆر بۆ واقیع" پتر وەک پرۆسەیەکی میکانیکی دەردەکەوێت، تیۆر لە سیاق و سەرزەمینێکی ترەوە بۆ واقیعێکی دیاریکراو بهێنرێت، یان ڕەچەتەیەکی ئایدیۆلۆژیی هێنراوی ئامادە، بە بەری واقیعێکدا بکرێت، کارێک کە چەپەکانی باشووری کوردستان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست بەدواوە، کردبوویان. تیۆری شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمۆنیستەکانی ئەوکات، ڕەچەتەیەکی ئایدیۆلۆژیی ئامادە بوو کە لە شوێنی ترەوە دەهێنرا، واتا نە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکردنەوە و تێگەیشتن بوو لە واقیع، نە دەرهاویشتەی جیاوازی و ناکۆکییە بونیادییەکانی نێو کۆمەڵگا بوو. پێکهێنانی ئەو هەموو گرووپ و ڕێکخراو و ڕەوتانەش بۆ ناکۆکیی شەخسی و بنبەستی پراکتیکی سیاسییان دەگەڕایەوە. تیۆر بەرهەمی بیرکردنەوەیە لە ناکۆکی و جیاوازی و ململانێی هێزەکانی ناو واقیعێکی دیاریکراو. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانە هاوشان بە تیۆریزەکردنی واقیعێکی دیاریکراو، بیر لە گۆڕینشی دەکاتەوە. کاتێک قسە لەسەر پەیوەندیی تیۆر بە واقیعەوە دەکەین، دەبێت قسە لەسەر پراکتیکی تیۆری و پراکتیکی سیاسی و گۆڕینی واقیع بکەین. تیۆر و بیرکردنەوە خۆی جۆرێکە لە پراکتیک، چونکە هەم دەبێتە پێشمەرجی گۆڕینی واقیع و هەم بە بەشێک لە پراکتیکی گۆڕینەکەی. بۆ ئەوەی لە پراکتیکی سیاسی و واقیعدا ئەڵتەرناتیڤێکی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازنەی حەقیقی سەرپێ بخرێت، دەبێت پێشوەختە ئەو ئەڵتەرناتیڤە لە ئاستی تیۆریدا بخوڵقێنرێت. لێرەشدا مەبەست لە تیۆر ڕەچەتەیەکی ئامادەی فەرماندان نییە بە پراکتیکێکی دیاریکراو و تەواری، بەڵکوو بریتییە لە تیۆریزەکردن و بیرکردنەوەی بەردەوام و پرسیار و گومانی بەردەوام، پاڵپشت بە میراتی ئایدیای ڕزگاریخوازانەی هاوچەرخ. تیۆر و ئایدیای ڕزگاریخوازانەی حەقیقی، لە ئاستی سوبێکتیڤیدا، زەمینەی لەدایکبوونی سوبێکتێکی ئازاد دێنێتە کایەوە کە لە خۆیدا ئەڵتەرناتیڤی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانەی هەڵگرتووە و ڕووەو پراکتیکی سیاسیی ڕزگاریخوازانە هەنگاو دەنێت. ئازادی، چەندێک ئازادبوون بێت لە هەلومەرجە دەرەکییەکان، هێندەش ئازادبوونە لە پانتایی سوبێکتیڤدا و بگرە پێشمەرجێتی، بۆیە بێ بوونی سوبێکتێکی ئازاد، پراکتیکێکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەش بوونی نابێت. تیۆری شۆڕشگێڕانەی حەقیقی ئەو پۆتانشێڵ و هێزەی تێدایە لە ڕێی سوبێکتی شۆڕشگێڕەوە لە پراکتیکی سیاسیدا ئەکچواڵ و بەرجەستە ببێت و بگۆڕێت بۆ هێزی سیاسی. بەڵام لەمڕۆدا پراکتیکی تیۆری و پراکتیکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە و دروستبوونی سوبێکتی شۆڕشگێڕ کارێکی ئاسان نییە، سەرمایەداری هاوکات لەگەڵ قەیران و کارەساتەکانی خۆیدا، دەگۆڕێت و گەشە دەکات، لە ڕێی کۆمەڵێک میکانیزمەوە بەردەوام خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و خۆی وەک سیستەمێکی ئەبەدی و هەمیشەیی دەردەخات، بەردەوام سوبێکتەکان ملکەچ و ڕام دەکاتەوە. سەرمایەداری، گۆڕینی سیستەمەکە وەها مەحاڵ دەردەخات، وەک ئەوەی سلاڤۆی ژیژەک ئاماژەی بۆ دەکات، ئەمڕۆ "وێناکردنی کۆتایی جیهان لە وێنای گۆڕینی ئاسانترە." لای ئاڵتۆسێر سیستەمی باڵادەست لە ڕێگەی دوو دەزگاوە درێژە بە خۆی دەدات و خۆی بەرهەم دێنێتەوە، دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت و دەزگا ئایدیۆلۆییەکانی دەوڵەت. دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بریتیین لە سوپا، هێزی پۆلیس، زیندان... دەزگا سەرکوتکەرەکان لە ڕێگەی زەبروزەنگ و توندوتیژییەوە بەرگریی لە دۆخی باڵادەست دەکەن و هەموو ڕاپەڕین و هەستانێکی جەماوەری دژ بە دۆخی باڵادەست کپ دەکەنەوە. دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت، سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، خێزان، سیستەمی یاسایی، میدیا، کولتوور و دامەزراوە ئاینییەکان هتد، دەگرێتەوە. لای ژیژەک دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان کۆمەڵێک میکانیزمن باوەڕهێنان بە سیستەمی باڵادەست دروست دەکەن. ئەم میکانیزمانە جگە لە کارکردن لە پانتایی ئاگاییدا، کار لە پانتایی نائاگاییانەی سوبێکتەکاندا دەکەن، ڕایان دەهێنن و ئەو باوەڕەیان لە لا دروست دەکەن دۆخی باڵادەست وەک دۆخێکی سروشتی و خۆڕسک وەربگرن. وەک چۆن سیستەم بە ڕێگە و میکانیزمی جۆراوجۆر خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و خۆی وەک سیستەمێکی ئەبەدی و دۆخێکی سروشتی نیشان دەدات، ئاواش دەبێت لە ئاستی پراکتیکی تیۆری و پراکتیکی سیاسیدا بەردەوام بەرەنگاریی فراوان و جیاواز بخوڵقێنرێت. لەو وێنا کەماڵگەرایی و ئەبەدییەی سیستەم بدرێت کە خۆی وەک سیستەمێکی بێ ئەڵتەرناتیڤ دادەنێت، هاوکاتیش ئەڵتەرناتیڤی ڕزگاریخوازانە و سوبێکتی بەرەنگار و شۆڕشگێڕ بخوڵقێنرێت.
پرسیار: چەپبوون وەک چەمکێکی فیکری و سیاسی و گۆڕاو لەمڕۆدا بریتییە لە چی؟
وەڵام: چەپبوون لەمڕۆدا، مانای فراوان و جیاواز و بگرە ناکۆک بەیەکیش دەگرێتەوە. لەناو تیۆری ڕزگاریدا، چەندین ڕەوت و ئاراستەی سیاسی و نەریتی فەلسەفی و فیکری جیاواز هەن، تا ڕادەی جیاوازی و ناکۆکیی زۆر گەورەش. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەمووان، هەوڵە بۆ ڕەخنەکردن و تێپەڕاندنی سیستەم و خوڵقاندنی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕزگاریخوازانە. بیریارە چەپە هاوچەرخەکان لە خوێندنەوەیاندا بۆ جیهانی ئەمڕۆ و شێوازی ئیشکردنی سیستەمەکە، تەنیا بۆ مارکس ناگەڕێنەوە، بەڵکوو بۆ بیریار و فەیلەسوفانی تریش دەگەڕێنەوە، لە هەمان کاتدا هەموو خەسڵەتە هاوچەرخەکانی جیهانی ئەمڕۆ، وەکوو گەشەی تەکنۆلۆژیا، پێشکەوتنی زانست، کۆمەڵگای زانیاری، فەزای مەجازی و ... لەپێش چاو دەگرن. ژیژەک لە شوێنێکدا باس لە پێگەی پرۆلیتاریا دەکات، پێگەیەک جگە لە پرۆلیتاریا هەموو ئەوانەی بگرێتەوە کە چەوساوەی ناو سیستەمەکەن. دەشێت ئەمە بۆ چەپبوونیش بەکار بێنین و باسی پێگەی چەپبوون بکەین و هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە دژن بە سیستەمی باڵادەست و هەوڵی ڕاگرتن و تێپەڕاندنی دەدەن. ئەوەی گرنگە هەبێت دایالۆگی ڕەخنەگرانەی بەردەوامی ئەو ڕەوت و ئاراستە جیاوازانەیە و نەسڕینەوەی یەکتری و جیاوازییەکانە. چەپبوون بۆ سیاقی ئێمە مانای زۆر فراوان و جیاوازی لەخۆی نەگرتووە. سەرەڕای هەبوونی ئاراستە و بیرکردنەوەی جیاواز، بەڵام فۆرمی زاڵی چەپبوون، ئەو ئاڕاستە مارکسییە تەقلیدییە بووە کە پراکتیکی تیۆریی، کورت کردووەتەوە بۆ ڕەچەتەی ئایدیۆلۆژیی ئامادە، بیرکردنەوە و تیۆریزەکردن بە جۆرێک لە سەرگەرمی دادەنێت کە هەر خودی سەرمایەداری بۆی دروست کردووین بۆ ئەوەی ئەرکە حەقیقییەکەمان فەرامۆش بکەین: ڕووخاندنی سەرمایەداری و بنیاتنانی سۆشیالیزم. ئەم ئەقڵێتە هەمیشە لە چاوەڕوانی هاتنی ئەو چرکەساتەدایە کە سەرمایەداری بکەوێتە دۆخێکی وەهاوە لە ڕێی ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەی دەستبەجێوە بڕوخێنرێت. ئەم ئەقڵێتە هەم خودی کردەی تیۆریزەکردن و بیرکردنەوە بێبەها دەکات، هەم دەست بۆ هیچیش نابات، چونکە بۆ ئەو، خودی دەستبردن بۆ کردنی هەر شتێک جگە لە شۆڕش هەر گەمەی ناو سیستەمەکە و بەرهەمهێنانەوەی سیستەمەکەیە. پرسی ڕزگاریی نیشتمانی گۆڕیوە بۆ پرسێکی ناسیۆنالیستییانە، بەها گرنگەکانی ناو مۆدێرنەشی کورت کردووەتەوە بۆ بەهای لیبراڵانە. چەپبوون بۆ سیاقی ئێمە دەبێت ماناکانی فراوان بکرێنەوە و تەنیا لە مارکسیزمی تەقلیدی و گەڕانەوە بۆ مارکسدا کورت نەکرێتەوە. بیرکردنەوە و پراکتیکی تیۆری بە بنەما بگرێت و پراکیکی سیاسیی هەمەچەشن بخوڵقێنێت. بەدەر لە خەمە سۆشیالیستییەکان، بەها گرنگەکانی ناو مۆدێرنەش بەهەند وەربگرێت.
