ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ماوەیەک پێش ئێستا ئەم چاوپێکەوتنەم لەگەل فەرماندە(فەریق نعمان علوان سهیل) ناسراو بە (ملازم خدر)، دەربارەی شەڕی ناودارو یەکلاکەرەوەی هەندرێن (ئایاری1966) بە زمانی عەرەبی ئەنجامداوەو تۆمارم کردبوو، دوای ئەوەی خستمە سەر کاغەز (تفریغ)م کرد، وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی.

گرنگی چاوپێکەوتنەکە لەوەدایە، ملازم خدر یەکێک بووە لە فەرماندە ناسراوەکانی شەڕی هەندرێن، ئەوکات جێگری بەرپرسی یەکەمی لێژنەی ئازادی بوو(ئەم لێژنەیە بەرپرس بووە لە هێزەکانی حیزبی شیوعی عیراق لە ناوچەکەدا  لە هەردوو ڕووی حیزبی و سەربازی)دا، ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی شەڕی هەندرێنە. لەم چاوپێکەوتنەشدا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی داومەتەوە،چەندین نهێنی و زانیاری گرنگی بۆ درکاندووم . ئەم چاوپێکەوتنە بۆ من یەک لە سەرچاوە گرنگەکانمە. بە تەمای بڵاوکردنەوەی نەبووم، تەنیا دەمویست وەکو سەرچاوە سوودی لێ وەربگرم، بەڵام دواجار پێم باش بوو وەکو دیکیۆمێنتێکی گرنگ دەربارەی شەڕی هەندرێن لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) بڵاوی بکەمەوە. فەرموون ئێوەو پرسیارەکانی ئێمەو دەقی وەڵامەکانی فەرماندە ملازم خدر.

٭مەغدید: قەبارەی هێزەکانی حیزبی شیوعی عیراق لە ناوچەکە ،پێش شەڕی هەندرێن و لە کاتی شەڕەکەدا  چەند بوو؟

ــ ملازم خدر: هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب ئەوکات لەناو شۆڕش (1500)

  پێشمەرگە دەبوون. لە چەند ناوچەیەکدا بنکەو بارەگایان هەبوو. لە ناویاندا لە ناوچەی باڵەک و بەشێکی تر نزیکتر بوون و لەسەر هێزی هەندرێن ئەژماردەکران.

لە کاتی شەڕی هەندرێندا هێزی بەشداربوومان لەم پرۆسەیە دەوروبەری(150) پێشمەرگە بوو. هێزی هێرشبەرمان (60) پێشمەرگە دەبوو، (25) پێشمەرگەشمان بە جوولەی سووڕانەوە لە دەوری هێزی دوژمن ئەرکیان پێ سپێردرابوو. بەشێکیش ئەرکی ئەوەبوو بریندارەکان بگوازنەوە،بەشێک خواردنی پێویست ئامادەبکەن، بەشێک بۆ ئامادەکردنی تەقەمەنی، هەندێک بارەگاکانی خەلفی یان دەپاراست ، دواجارهەندێک بە ئەرکی کێشانەوەی زیانەکانی دوژمن هەڵدەستان.

 ٭ مەغدید: بەرپرسە سەربازییەکانی حیزبی شیوعی لە هەندرێن کێ بوون؟

ــ ملازم خدر: لە ڕاستیدا هێزەکانی حیزبی شیوعی لە ناوچەکەدا  لە چوارچیوەی لێژنەی ئازادی بوو، ئەم لێژنەیە لە هەردوو ڕووی سەربازی و حیزبی بەرپرس بوو. دەربارەی سەرکردایەتی کردنی لێژنەی ئازادی ؛ بەرپرسی یەکەمی ڕەئیس (کەمال نعمان سابت) بوو، یاریدە دەرەکەشی ملازم خدر بوو. ئەندامەکانیش بریتی بوون لە:( محەمەد فەیلی، تەحسین محەمەد خەلیل،حاجی مەلا سەعید، منیر عسکر، ئەدیب سمعان، ملازم احسان، ملازم عەبدولرەحمان، ملازم عەلاء) ئەمانە توخمە سەرەکییەکانی لێژنەی ئازادی بوون.

٭ مەغدید: چەکەکانی دەستی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی پێش شەڕەکەو لە کاتی شەڕەکەدا چی بوون؟

ــ ملازم خدر: لە ڕاستیدا چەکەکانمان ئەوەندە باش نەبوون، پشتمان بەو چەکانە دەبەستا؛چەکی سەرەکیمان تفەنگی بڕنۆ بوو. هەندێ هاوڕێ کلاشینکۆفیان هەبوو، چەکەکان هەندێکیان لە لایەن حیزبەوە دابینکرابوون، هەندێکیش هاوڕێیان لەگەل خۆیان هینابوویان ، جگە لە چەکی پشتیوان (الاسلحە الساندە) کە تۆپێکی 25 رتلمان هەبوو،لەگەل دوو (هاونی 81 ملم)ی .

٭مەغدید: ئایا تەقەمەنیتان بە گوێرەی پێویست هەبوو؟

ــ ملازم خدر: سەبارەت بە تەقەمەنی لە سەرەتادا بە گوێرەی پێویست نەمان بوو. تەقەمەنیمان بۆ شەڕی درێژ خایەن نەبوو، بەڵام کە بارزانی مەلا مستەفا، لە بارەگای ئیدریس بارزانی لە کۆسپی سپی لە لایەن ئێمەوە بە وردەکاری شەڕی هەندرێنی زانی و زانی کە ئێمە لە ڕۆژانی ئایندە هێرش دەست پێدەکەین، داوای لە ئیدریس کرد پردێک دروستبکات بۆ گەیاندنی خۆراک و تەقەمەنی و هەموو پێداویستی دیکە.

٭ مەغدید: پەیوەندی نێوان هێزەکانی حیزبی شیوعی لەگەل هێزی باڵەک چۆن بوو؟ ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لە کۆسپی سپی چی بوو؟ ئایا ڕۆڵی هەبوو لە دانانی پلانی هێرش؟

ــ ملازم خدر: لە ڕاستیدا پلانی هێرش و جێبەجێکردنی شیوعییەکان و دۆستەکانیان پێی هەڵسان. سەبارەت بە کاک ئیدریس  ئەو سەرپەرشتی هەموو بەرەکانی دەکرد. واتا سەرپەرشتی بەرەی هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا. ئەو لە لایەن بارزانییەوە ڕاسپێردرابوو کەوا پێداویستی بۆ هەموو بەرەکان دابین بکات.  

 ٭مەغدید: پەیوەندی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی لەگەل هێزەکەی عزەت سلێمان بەگ لە هەندرێن چۆن بوو؟

ــ ملازم خدر: سەبارەت بەو هێزانەی لەگەلمان بوون پێش شەڕی هەندرێن ، ئێمە پەیوەندیمان لەگەل هێزی عزەت سلێمان بەگ هەبوو، کاک عزەت یەکێک بوو لە دۆستە نزیکەکانمان.هێزی عزەت پێک هاتبوو لە خزمەکانی، لە خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەریان. بەشێکیان شیوعی بوون ، بەشێکیان پارتی بوون. هێزەکەی تێکەڵ بوو،هێزەکەی عزەت سلێمان بەگ ناسراو بوو.  هەروەها لە کاتی شەڕی هەندرێن(2 تاکو12ی 1966) هێزی پشتیوانی ترمان بۆ هات،عسمەت دینۆ خەڵکی زاخۆ بوو، مستەفا نێروەیی، نعمان ئامێدی هاتن لە ڕۆژانی شەڕەکەدا چەند ڕۆژێک لامان مانەوە ، وا بزام چوار پێنج ڕۆژ مانەوە. بەڵام کە شەڕەکان لە گەرووی عومەراغای و لە چیای زۆزک توند بوو ئاگاداریان کردینەوە و گوتیان ئێوە وەزعتان باشە ، پێویستە ئێمە بۆ زۆزک و گەرووی عومەراغا بچین . ئەو سێ هێزەی پارتی کە بۆ هەندرێن هاتبوون پێش 12-5 (واتا پێش تۆمارکردنی داستانی هەندرێن) کشانەوە.

٭ مەغدید: قەبارەی هێزەکانی عیراقی چەند بوو کە لە دوو لەسەر سێی مانگی ئایار1966 سەرچیای هەندرێنیان داگیرکرد؟

ــ ملازم خدر: بە خەملاندنەکانی ئێمە لیوای چواری سوپای عیراق و دەوروبەری (2000) دوو هەزار جاش دەبوون.

٭ مەغدید: کێن ئەوانەی پلانی ڕزگارکردنی چیای هەندرێنیان داناوەو پلانەکە چۆن بوو؟

ــ ملازم خدر: پلانەکە ، نەخشە داڕشتن و جێبەجێکردنی لە لایەن هێزی هەندرێنەوە بوو کەسەر بە حیزبی شیوعی بوو،واتا لە لایەن لێژنەی ئازادی دانرا. پێش ئەم شەڕانە ئێمە چەند پلانێکی سەرکەوتوانەمان لەبەر دەست بوو ، بۆنموونە هێرش کردنە سەر پێگەیەکی دوژمن لە شوێنێکی دیاریکراودا.. ئێمە خاوەن پلانەکانی خۆمان بووین. بەڵام لە سەرەتای مانگی ئایاری (1966) پلانێکمان دانابوو، چونکە ئەگەری ئەوە هەبوو سوپا دەست بە هێرش بکات، ئەم پلانەشمان چەند خاڵێکی بنەڕەتی لەخۆ گرتبوو وەکوو؛ چالاککردنی هەواڵگریمان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی جوولەکانی سوپا ، زانیاریمان لە ڕێگای ڕێکخراوە حیزبییەکانمان و دۆستەکانمان کۆدەکردەوە. زانیاری لە هاوڕێیانمان لەناو ڕیزەکانی سوپا بەدەست دەگەیشت، جگە لە چاودێری سەربازی و گۆڕانکاری لە چاودێریدا. زانیاریەکانمان دووپاتیان دەکردەوە کە ڕژێم نیازی هێرشی هەیە بۆسەر ناوچەکە ، بەڵام کەی و چۆن؟ ئەمەش پەیوەندی بە لایەنی جێبەجێکار هەبوو. لەو کاتەی (زەید ئەحمەد عوسمان) سەردانی ناوچەکەی دەکرد بە نیازی ئاشتی ئێمە چاودێریمان بۆسەر حکوومەت خەست کردبوو،زانیاریمان پێدەگەیشت دەربارەی کۆکردنەوەو گواستنەوەی هێزەکانی سوپا لە هەولێر بۆ (سپیلک) و (خەلیفان) و (ڕواندز) . هەروەها زانیاریمان پێدەگەیشت کە حکومەت بەهۆی فڕۆکە سەربازی بۆ ناوچەکە دەگواستەوە، بۆ ڕۆژی دوایی کە فڕۆکەکان دەگەڕانەوە کراوەبوون، بەڵام کە دەهاتن داخراو بوون!! لە هەمان کاتدا بۆ سەر لێشێواندن پڕۆپاگەندەیان بڵاودەکردەوە کەسەربازی مۆڵەت وەرگرتوو دەگوزنەوە.یان جێگۆڕکێ بە هێزەکان دەکەن. بەڵام لە دوای لێکۆلینەوە لە بارودۆخەکە بە شێوەیەکی دروست و واقعی، بۆمان دەرکەوت کە سوپا نیازی وایە پرۆسەیەک دژی هێزەکانمان ئەنجام بدات ، هەروەها دژی چیای زۆزک . من بەخۆم پەیوەندیم بە مەرحوم بارزانی کرد و پێم ڕاگەیاند کە بارودۆخەکە بەمجۆرەیە، پێم ووت ئێمە گومانمان هەیە، پێمان وایە حکومەت دەیەوێ کارێک لە دژی ئێمە لە هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا ئەنجام بدات.  بارزانیش ووتی:" من باوەڕم بە حکومەت نییە،بەڵام ناچارم دانوستان قبوول بکەم، ناوی لێدەنێم شەڕ ڕاگرتن لە پێناوی دابینکردنی پشوودانێک بۆ جوتیارەکانمان، پشوودانێک بۆ پێشمەرگەکانمان.. تا بزانین بارودۆخەکە بە کوێ دەگات".. لە ڕاستیشدا لە ئەنجامی  بەردەوامبوونی شەڕ باری ئابووریمان خراپ بوو، بە گشتی خەڵک بێزار بوو، لەمبارەیەوە ڕەئی بارزانیش تەواو بوو. هەروەها بارزانی پێی گوتم:" من پشتگیری لە زانیاریەکانتان دەکەم".. 

 لە  هەمان کاتدا خەڵک خۆشحاڵ بوون  بە هاتن و چوونی شاندی حکومەت ، تەنانەت بە (زەید ئەحمەد عوسمان)یان دەگوت:( کۆتری ئاشتی)!! با واقع بینانە قسە بکەم هەندێ لە سەرکردەکانی پارتی بە نیوە چارەسەریش ڕازی بوون. ئەمەش زیاتر بۆ خراپی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەردەوامبوونی شەڕ دەگەڕایەوە. خەڵک بێزار بوو، هەندێک پێیان وابوو کە حکومەت جددیە لە چارەسەری مەسەلەی کورد. بۆیە دەبینین حکومەت لە(2/3ــ 5ــ1966) هێرشی کردە سەرچیای هەندرێن..

لە ڕاستیدا هەڵوێستی لایەنەکانی تریش کاریگەریی کردبووە سەر هاوڕێیانمان . زۆرینەی پێشمەرگەکانی پارتی لە بەرەکانی شەڕ کشابوونەوە بە هۆی دەنگۆکانی وتوێژ لەگەل حکومەت. لە هەمان کاتدا ئێمەش پلانێکمان لەبەردەستدابوو دەمانویست ئاڵ وگۆڕ بە هێزەکانمان بکەین لە هەندرێن. سێ هێڵی بەرگریمان هەبوو،تاکو هەمیشە هێزەکانمان ئامادەییان هەبێت.بەڵام ئەو بارو دۆخەی هەبوو کاریگەریی لەسەر ئێمەش دانابوو ، پێش هێرشەکەی حکومەت لە سەرەتای مانگی ئایار دەوروبەری12 تاکو14 جەنگاوەرمان لەسەر هەندرێن بوو، کە مام سدیق ڕواندزی سەرکردایەتی دەکردن.

٭ مەغدید: عزەت سلێمان بەگ لە یاداشتەکانیدا دەڵێت، حیزبی شیوعی لە هەندرێن دوو لقی هەبوو،ئێمەش یەک لقمان هەبوو،کە باسی دوا کۆبوونەوەش دەکات بۆ دانانی پلانی هێرش لە هەندرێن ناوی بەشداربوان دێنێ کە لە لایەن حیزبی شیوعی:( کەمال نعمان، فاخر مێرگەسوری، ملازم عەبدولرەحمان، مام سدیق ) بوون، لە لایەنی خۆشیان ناوی چوار کەسی هێناوە، کە لە ڕۆژی11-5 لەسەر پلانەکە ڕێک کەوتوون بۆ هێرشی(12-5) ،لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟

ــملازم خدر: پلانەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو. من گوتم پلانەکە لە لایەن سەرکردایەتی ڕێکخراوی ئازادی حیزبی شیوعی دانراوە کە ڕەئیس کەمال سەرپەرشتی دەکردو ملازم خدر جێگری بوو. ڕەئیس کەمال بەرپرسی یەکەمی سیاسی و سەربازی بوو،هەندێ نهێنی لە پلانەکەدا هەبوو، نەدەبوو هەموو کەس بیزانێت،بەڵام لە کاتی جێبەجێکردن ئاگادارکرانەوە، هەروەکو کاک عزەت دەڵێ ، ئەمە ڕاستە پلانەکە دانرابوو هێزی کاک عزەتی بەشداری لە شەڕەکەدا کرد،هەروەها فاخر مێرگەسۆری و برایەکەی تەنانەت باوکیشی بەسەر هەندرێن کەوت. بۆیە باسکردنی پلانەکە بۆ فەرماندەکان لەسەر هەندرێن لە لایەن کەمال نعمان سابت بوو. پلانەکە پێشتر دانرابوو ، تەنانەت ئەرکەکانیش دابەش کرابوون. پێش هێرشەکە بە دوو ڕۆژ من بریندار بووم ، تەنیا یەک شەو لە خەستەخانە مامەوە. پلانەکە بەسەر بەرپرسەکان دابەشکرا، لە لوتکەی ئەرموس کە سەرکردایەتی لێبوو،پێکهاتبوو لە ڕەئیس کەمال،فاخرو عزەت ، بڕیاردرابوو کۆبوونەوەیەک بکرێت بۆ دابەشکردنی ناوچەکە ، سەرکردایەتی بەرپرسە لە ناوچەی نزیک لە کەپکە موو تاکو ناوەڕاستی گەلی عاسی ، ملازم عەبدولرەحمانیش بەرپرس بوو لە ڕێگاگرتن لە هێزی دوژمن لە کاتی تێکشکانیدا ، (25) جەنگاوەری لەگەلدا بوو،ملازم خدر بەرپرس بوو لە تۆپ و دامێنی چیای هەندرێن تاکو ئاکۆیان. بەمجۆرە هێزەکان دابەشکران ، تۆپەکانیش ؛ دوو تۆپ لەسەر چیای بوو، دوو تۆپی هاون، تۆپێکی25 ڕەتلیش لە خوارێ بوو.

بڕیار درا بۆ ڕۆژی سێیەم پلانەکە جێبەجێ بکەین، دوای ئەوەی خۆمان بۆ هێرش ئامادەکرد. وا دیار بوو حکومەت زانیاری پێگەیشتبوو، چونکە ئێمە قەدەغەی هاتوچۆمان ڕانەگەیاندبوو، دەبێ هەندێک لە پێشمەرگەکان قسەیان کردبێت، حکومەت سیخوڕی لە ناوچەکە هەبوو،لەو ڕۆژەی ئێمە بە تەمای هێرش بووین،حکومەت دەستی بە بۆردومانی ناوچەکە کرد.مەترێک چوارگۆشە نەمابوو قونبەلەیەکی لێ نەکەوتبێت، بۆیە کاتەکەمان گۆڕی ،بە جۆرێک دوامان خست و کاتەکەمان دەگۆڕی تاکو سوپا باوەڕی بە سیخوڕەکانی نەمینێت، ئینجا ئێمە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەمان بکەین، کاتێک دیاری بکەین جیاواز بێت ، تەنیا سەرکردایەتی ئاگاداری گۆڕانکریەکان بوو لە پلانەکەدا، هەموو ڕۆژێکیش پڕۆپاگەندەمان بڵاودەکردەوە کە سبەی هێرش ئەنجام دەدەین، ڕژێمیش دەستی بە تۆپباران دەکرد،تا گەیشتینە ئەوکاتەی ئێمە گوتمان سبەی هێرش دەستپێدەکات یەک تۆپمان لە لایەن سوپا بۆ نا هاوێژرێت. ئینجا ئێمە دەست بە بۆردومانیان دەکەین، واتا تا ئەوکاتەی حکومەت بڕوای بە سیخوڕەکانی نامینێت. بۆیە بڕیارماندا هێرش لەو کاتە گونجاوە دەست پێبکەین.

لە کاتی ئاساییدا شەڕی پارتیزانی یان شەڕی بەرەیی بە شەو یان بەیانی زوو ئەنجام دەدرێت،تاکو بە کت و پڕی ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە بڕیاری کاتژمێر چواری ئێوارەماندا کە هێرش دەست پێبکەین،لەبەر چەند هۆیەک ،یەکەم فڕۆکە چەند دەتوانێ لە ئاسمان لەسەر هێرشبەران بمینێتەوە؟ دووەم،لەم کاتەدا هێزە سەربازیەکان خۆیان دەکەنەوە،پشوو دەدەن، چونکە باوەڕیان نەدەکرد لەم کاتەی دەمەو ئێوارە هێرشیان بکرێتە سەر.

سەبارەت بە هێزەکانی ئێمە مەعنەویاتی بەهێز بوو ، باوەڕی وابوو کە بە یەکەم هەنگاوی هێرش سەرکەوتوو دەبین لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان. ئێمە بڕیارمان دابوو کە هەموو بنکەو بارەگاکانی پێشەوەی دوژمن هەر لە کەپکە موو تاکو ئەشکەوتی شەهیدان دەستنیشان بکەین تاکو بەهۆی تۆپەکانمان بە وردی بۆردومانیان بکەین. دوو یان سێ گوللە تۆپ لە هەر بنکەیەک بگرین تاکو تۆپەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی بنکەکە، بە قیاسی ئەم تۆپە بەردەوام دەبین و بەمجۆرە ئامانج دەپێکین و هەڵە ڕوونادات،  هەمو ڕەبیە سەربازیەکانمان بەمجۆرە بۆردومانکرد. ڕێنماییشمان بۆ پێشمەرگە فیدائیەکانمان دەرکرد کە هێرش نەکەنە سەر هیچ ڕەبیەیەک بەر لە بۆردومانکردنی بە تۆپ.

کە بنکەیەکی سەربازی بۆردومان دەکرا بۆردومانی لەسەر هەڵدەگیرا بەرەو بنکەیەکی تر، لەو کاتەدا دەستەی هێرشبەر بۆ سەر بنکەکە هێرشی دەستپێدەکرد، بەمجۆرە بنکە سەربازیەکان یەک لە دوای یەک بۆردومان دەکران و هێرشیان دەکرایە سەرو داگیر دەکران. وا دانرا بوو ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ نەکرا نابێ هێرش بکرێتە سەر بنکەکان ، واتا ئەگەر بە تۆپ بۆردومان نەکرا ، ئەگەر کێشەیەک لە تۆپەکان ڕوویبدایە چارەسەرمان بۆ ئەم ئەگەرەش دانابوو. یەک لە هاونەکان ڕەئیس کەمال قیادەی دەکرد، دووەم هاونیش فاخر حمد ئاغا مێرگەسوری قیادەی دەکرد. لە گرتنی دووەم ڕەبیە پێش ئەوەی دەست بە بۆردومانی بکرێت بە تۆپ،  شەهید عەریف یونس کە سەرلقی پێشمەرگە فیدائییەکانمان بوو پاڵەوانێکی ناودارو ئازا بوو،هێرشی کردە سەر ڕەبیەکە، بەداخەوە پێکراو شەهید بوو،چونکە پەلەی کرد لە هێرشکردن. دوای شەهیدبوونی عەریف یونس فاخر مێرگەسۆری لە جیاتی ئەویش سەرکردایەی شەڕەکەی دەکرد.

لە کاتژمێر چوار هێرشەکەمان دەستی پێکرد،ڕەبیەکان یەک لە دوای یەک کەوتن ، تۆپەکان ڕۆڵی گرنگیان بینی لەم هێرش و سەرکەوتنەدا. تۆپی25 و هاونەکان ،هەروەها ملازم عەبدولرەحمان بەرپرس بوو لە جوولانەوەی ڕێگاگرتن لە دوژمن، دەگەیشتە ناوچەی گڕوشێخان  و لە دەوری هێزەکان دەسووڕایەوە، ڕێگای نەدەدا هیچ هاوکارییەک بۆ هێزەکانی حکومەت سەربکەوێت.  لە هەمان کاتدا بۆی دانرابوو دەست بەسەر ئەو هێزانەی دوژمندا بگرێت کە پاشەکشەیان دەکرد.بەداخەوە لە کارەکەی زۆر سەرکەوتوو نەبوو.چونکە نەیتوانی هەموو ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات بەهۆی ئەوەی دوژمن بە لوغم چاندبووی.

ئاماژە بۆ هەندێ مەسەلەی گرنگی تر دەکەم:

1- ڕەئیس کەمال گەیشتە بارەگای سریە، هەموو شتێک لە شوێنی خۆی بوو، ئامێری بێتەل کاری دەکرد کراوە بوو شفرەکەش لەوێ بوو. ڕەئیس کەمال دەستیکرد بە ناردنی بروسکە بە شفرەی سوپا بۆ هەموو هێزەکانی لیوای چوار لە دەقی برووسکەکەدا دەڵێ:" یاخییەکان بەرەوپێش دێن دەسبەجێ بکشێنەوە".. هاوڕێمان ئەم برووسکەیەی بە شفرەی لیوا نارد ، لەم کاتەدا عەقید سەعید حەمۆ سەرپەرشتیاری پرۆسە سەربازیەکان لە حەوزی ڕواندز هاتە سەر هێڵ و ووتی:" براکانم نەکشێنەوە ئەمانە یاخییەکانن". بەڵام سوودی نەبوو، چونکە لە سەربازیدا ئەفسەروسەرباز برووسکە بە گوێرەی شفرەی نهێنی خۆیان وەردەگرن. بۆیە هەموو لیوایەکە دەستی بە پاشەکشەکرد. هەندێکیان بە بێ شەڕ پاشەکشەیان کرد،بۆیە دەستکەوتمان کەم بوو، چونکە سوپا هەمووی ڕایکردو پاشەکشەی کرد.ئێمەش گەیشتینە ناوچەی گۆڕی سعاتێ کە بەسەر حامیەی ڕواندزێ دادەنۆڕی، ئەوێش سنووری ئێمە بوو لە پێشڕەویماندا.

زیانی سوپا زۆر بوو، هەموو لیوای چوار لەسەر هەندرێن تێکشکاو پاشەکشەی کرد.ئەوەی سەیربوو ڕادیۆی بەغدا سروودی بڵاو دەکردەوە گوایا هانی سوپا دەدات و دەیگوت:" لە دوویان بن لە دوویان بن ئەی پاڵەوانانی هەندرێن"!!!سەعید حەمۆ پەیوەندی بە فەرماندەی لیوای بەغدا کردووەو داوای لێکردوون کە ئەم بەرنامەو سروودانە لە ڕادیۆ بوەستێنن، پاڵەوانی هەندرێنی چی، پاڵەوانەکانی هەندرێن وا بوونەتە پۆلیسی هات و چۆ لە گەلی عەلی بەگ!!! 

لە ڕاستیدا وابوو بە جۆرێک پاشەکشەیان کردبوو زۆریان پێڵاویشیان بەجێهێشتبوو بە بە پای پەتی ڕایانکردبوو..

لە کاتی هێرش و تێکشکانی سوپا فڕۆکەکان دەهاتن ، پێشان فڕۆکە تەنانەت ئاژەڵ و باڵندەشی ڕزگارنەدەکرد، دەیکوشتن،بەڵام ئەمجارە فڕۆکەکان لە دە خولەک زیاتر نەمانەوە،چونکە هێزەکان تێکەڵ ببوون ،فڕۆکە نەیدەتوانی سەرباز لە پێشمەرگە جیا بکاتەوە، بۆیە ئەجارە فڕۆکە هیچ دەورێکی ئەوتۆی نەبینی. شەڕەکە بەمجۆرە تەواوبوو. ئەوان واتا سوپا لە ماوەی12 ڕۆژ نیوەی هەندرێنیان داگیرکرد، ئێمەش لە دوو کاتژمێردا هەندرێنمان لێ خاوێن کردنەوەو دامانبەزاندن. دوایی زانیاریمان لە ڕێکخراوە حیزبییەکانمان لە ڕواندز بە دەست گەیشت ئەگەر بێت و لەدوای سوپای بەزیودا پێشڕەویمان بکردایە دەگەیشتینە حامیەی ڕواندز(حامیە، سەربازگەی سەرەکی سوپا بوو لە ڕواندز) لە حامیە سوپا دەستی کردبوو بە بارکردنی تۆپەکانیان بۆ پاشەکشێ . بەڵام ئێمە هێزی زیادو یەدەگمان نەبوو تاکو سەرکەوتنەکەمان وەبەرهەم بێنین. بۆ کات و پلانی وا دەبێ هێزی زیادو یەدەگت هەبێت.بەداخەوە ئێمە ئەو هێزەمان نەبوو.

٭ مەغدید: لە سەرەتادا شوێنی تۆپەکانتان لە کوێ بوو؟کەی دەستت بە بۆردومانکرد تاکو بریندار بوویت؟

ــ ملازم خدر: تۆپە25 ڕتلییەکەمان یەک شوێنی جێگیری نەبوو،لە شوێنێک داماننابا دەبوو شوێنی جێگرەوەشمان هەبێت، تاکو شوێنەکان ئاشکرا نەبن،دەمانگواستەوە بۆ شوێنی جێگرەوە. هەندێ جار دەچووینە هێلەکانی پێشەوە ،ئەمەش مەترسی تیابوو. دەبوو سوود لە مەودای ئەم تۆپە وەربگرین، دووەمینیش دوژمن بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئێمە ئەوەندە لێیان چووینەتە پێش ، ئێمە لە ناوچەی بەرانبەر میراجیان لە دامێنی بەرزێوەبووین، لەو دیوی ڕێگای گشتی بەرزێوە. ناوچەیەکی بە پەناوپێچ بوو، سوودمان لەم ناوچەیە بینی کە لە بەرانبەر هەندرێن و ڕواندز بوو. ئەم تۆپەمان بە جۆرێک کاری دەکرد کەوا کەس باوەڕی نەدەکرد بەم تۆپە هەموو پێگەکانی دوژمنمان پێکابێت. پێش ئەوەی برییندار بم بەم تۆپە پێگەکانی سوپام لە هەندرێنیش بۆردومان دەکرد. دوایی گەڕامەوە بۆ زۆزک دوایی بۆ گەرووی عومەراغا و بۆ شوێنی تر. بە جۆرێک دوژمن وایدەزانی بە چەند تۆپێک بۆردومان دەکرێن. لە ڕاتیشدا جگە لە تۆپەکەی من یەک هاونی81 ملمی دیکەو لەکاتی شەڕەکەشدا دووەم هاونمان بەدەست گەیشت کاک ئیدریس بارزانی بۆی ناردین.

٭ مەغدید: چۆن بریندار بوویت؟

ــ ملازم خدر: بە دوو ڕۆژ پێش هێرشی12 ئایار ڕەحمەتی بارزانی داوای دیداری کرد،چونکە من بەرپرسی پەیوەندیەکانیش بووم ، سەرەڕای ئەوەی جێگری بەرپرسی هێزەکەمان بووم. لە بەرەی شەڕ گەڕامەوە لە بەرسرین وەستام، بارەگای سەرەکیمان لەوێ بوو. بارەگایەکی بچووکمان لەسەر شەقامەکە هەبوو، لە بەرانبەریدا چایەخانەیەک هەبوو، لە چایەخانەکە دانیشتم، هاوڕێیان داوایان لێکردم چایەک بخۆمەوە، لە چایخانەکە دایشتم، جگە لە هاوڕێیانمان کەسی تری لێنەبوو، چونکە خەڵکی ناوچەکە لەو بارودۆخەدا  نەدەهاتنە ئەوێ. لەو کاتەدا فڕۆکەیەکی ئینگلیزی هات ، دوو مووشەکی تێگرتین،یەکەمیان بەو شوێنەکەوت کە ئێمەی لێدانیشتبووین، مووشەکەکەی تر بەر هاوڕێیەکمان کەوت کە لە بارەگاکەدا بوو، ناوی عەدنان ئەکبەر بوو، وابزانم لە دەرگای بارەگا وەستابوو، هاوڕێیان بانگیان کرد: فڕۆکە فڕۆکە.. یەکسەر بۆردومانی کرد، منیش سەروشانم برینداربوو، بە هاووڕێیانم ووت :جگە لە هاوڕێ عەدنان کەسی تر بەرنەکەوتووە. بەداخەوە هاوڕێ عەدنان هەرپارچەی کەوتبووە شوێنێک.. سەیارەکەی منیش سووتا، بە سەیارەیەکی تر من و بریندارەکانیان گواستەوە.دەرکەوت سێ کەسی تریش لە هاوڕێیان بریندار بوون. ئێمەیان بردە نەخۆشخانەی شۆڕش کە هاوڕێمان د. حەسەن بەڕێوەبەری بوو. منیش دەمزانی دوای یەک دوو ڕۆژی تر بە تەمای هێرشین بۆ سەر دوژمن.

٭ مەغدید: ئایا ناوی ئەو  25 گیانبەختکەرەی هاوڕێیانت لەبیرە کە لە داستانەکە، شەهید عەریف یونس فەرماندەیان بوو؟

ــ ملازم خدر: هەموو ناوەکانم لە بیر نییە، مام سدیق لە پاڵەوانە ناسراوەکان بوو. هەروەها شەهید عەریف یونس و هاوڕێکانی تریش...

٭ مەغدید: ناوی بریندارەکانت لە بیرە؟

ــ ملازم خدر:بریندارەکان کەم بوون، من لە بریندارەکان بووم،  عەدنان ئەکبەریش بە شەهیدی هەندرێن دادەنێم. چونکە دوو ڕۆژ پێش هێرشەکە شەهید بوو، خەڵکی موسڵ بوو، لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی حیزب پەیوەندی پێوە کردبووین. ئەوانەی ڕۆڵی پاڵەوانانەیان بینی لە داستانی هەندرێن : ڕەئیس کەمال نعمان سابت، کۆچی دوایی کردووە. ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە نەخشە دانان ، خاوەن توانایەکی سەربازی باش بوو. قونسوڵی سەربازی عیراق بوو لە یەکێتی سۆڤیەت، لە دادگای مهداویش کاری کردووە. لە شیوعیە ناسراوەکان بوو. لە خانەنشین بوونیشی غەدریان لێی کرد. بە ڕاشکاوانە پێت دەڵێم بە کاک مەسعود بارزانیم گوت با ڕوتبەی عەمیدی پێبدەین. 

ڕەئیس کەمال لە لای مەلا مستەفا بارزانیش خۆشەویست بوو، هەروەها لە لای کاک ئیدریس و کاک مەسعودیش. ئەندامی لێژنەی تەنفیزی شۆڕشی کوردستان بوو، تاکە عەرەب بوو ئەندامی ئەم لێژنەیە بوو( بڕوانە: شێرزاد زەکەریا محەمەد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستان ــ عیراق، دهۆک 2010،ل 132. کتێبەکە بە زمانی عەرەبیێە) دووەم کەسایەتی بۆ مێژوو پێت دەڵێم عزەت سلێمان بەگ بوو. 

لە سەرەتای هێرشی سوپا زۆرینەی هاوڕێیان چووبوونە ڕایات لە ئاهەنگی ژنگواستنەوە بۆ ملازم ڕیاز کە یەکێک بوو لە هاوڕێ پاڵەوانەکانمان،بەشداربوون. لە سەرەتای هێرشەکە من بە تەنها مابووم، نەڕۆیشتم بۆ بۆنەکە، یەکسەر هێزێکم پێکهێنا لەو پێشمەرگانەی لێمان نزیک بوون، لە وارەکۆن و میراجیان و هەندێکی بەرسرین، بەرەو سەر چیای هەندرێن بەڕێمکردن، خەبەریشم بۆ هاوڕێیانی تر نارد کە زوو بگەڕێنەوە.

کەسایەییەکی تر کە ڕۆڵی هەبوو فاخر حەمەد ئاغا مێرگەسۆری بوو، ئەوکات لە حیزب تووڕە بوو، بەڵام هەر شیوعی بوو، خۆی و برای سەرکەوتن و دەوریان هەبوو. 

ئەوەی شایانی باسە حەمەد ئاغای مێرگەسۆری باوکی فاخرو سلێمان بەگی دەرگەڵە خۆیان و پێشمەرگەو پاسەوانەکانیان دەیان ویست سەرکەون و بەشداربن لە هێرشەکە ، پێمان وتن مەعقول نییە ئێوە بەو تەمەنە بچن. ئەوانیش دەیان گوت هەردەچین. سەرکەوتن لە خەلفی شوێنیان بۆ تەرخانکرا.سەیری غیرەتی خەڵک بکە لەو کات. تەنانەت ئافرەتانیش دەیان ویست سەرکەون بۆ سەر هەندرێن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.

یەکێکی تر لەوانەی ڕۆڵی پاڵەوانانەی بینی ملازم عەبدولرەحمان کمیل بوو. لەوانەی لە بواری ئیداری دەوری کاریگەریان هەبوو ملازم ئیحسان و حاجی مەلا سەعید ڕواندزی و ئەدیب سەمعان بوون.

زۆرینەی بەرپرسەکان لە هێزی ئازادی دەوری خۆیان بینی.بەرپرسەکان لە پشتەوە دانەنیشتبوون،بەڵکو لە پێشەوەبوون و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکرد. هەندێک بەرپرس بوون بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، هەندێک بەرپرس بوون لە دابینکردنی ئازووقەوتەقەمەنی.هەموو ئەندامانی لێژنەی ئازادی لەبەرەی شەڕدابوون. 

بۆ مێژوو دووپاتی دەکەینەوە کە عزەت سلێمان بەگ و زراری برای سەرکەوتن بۆ بەرەی پێشەوەو ڕۆڵی پاڵەوانانەیان بینی. هەروەها سەعیدی حەمەد ئاغای مێرکەسۆری. 

هەروەها یەک لە پیاوە ئازاکانی شەڕەکە عەبدوڵلا تۆفیق بوو، کە لەگەل دەستەی هێرشبەر بوو. زۆر دلێرانە بە ڕەشاشەکەی هێرشی کردە سەردوژمن و ڕۆڵی پاڵەوانانەی بینی .

مام ئەلیاس سەرلق بوو کوڕی لە هێرشەکە شەهید بوو فرمێسک لە چاوی نەهاتە خوارێ. بست بە بست شارەزای هەندرێن بوو.خۆی و هاوڕێیەکی تری بەناوی عەلی خەڵکی شەقڵاوە بوو. ئەمانەو زۆر هاوڕێ و پێشمەرگەی قارەمانی تر ڕۆڵی پاڵەوانانیان بینی لە داستانی هەندرێن.   

  


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە