دیمانە: محەمەد چاوشین
ھێمن ئەمین مەنسوور، سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، لەو دیمانەیەدا لەگەڵ"ڕێگای کوردستان"، وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە سەبارەت بە ڕەوتی شاخەوانیی لە ھەرێمی کوردستان و ئاسۆی پێشکەوتنەکانی ئەم ڕەوتە لە کوردستان و ھەروەھا کێشە و گرفتەکانی بەردەمی شاخەوانیی. ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا ڕوونی دەکاتەوە کە شاخەوانیی لە کوردستاندا کێشە و گرفتی لەبەردەمدا ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرەدەوام لە پێشکەوتندایە.
ئاستی شاخەوانیی لە ئێستای کوردستاندا گەیشتووەتە کوێ و فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان چ ھەنگاوێکی ناوە بۆ پێشخستنی ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستاندا؟. ئایا شاخەوانیی لە ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانین ئێمەیش بە وڵاتانی دنیا بڵێین"ئێمەیش ھەین"؟
دەتوانم لە چەند رەھەندێكەوە باسی ئاستی شاخەوانيی و ڕۆڵی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بكەم، ڕەھەندی یەكەم پەروەردەییە كە بەلای منەوە بۆ ئەم سەردەمە گرنگترینە. لە ئێستادا لە ئاستێكی باش داین، زنجیرەیەك خول و ڕاھێنان و كاری كرداری ستاندارد ھەیە كاری لە سەر دەكەین بۆ پرۆسەی پەرەپێدان و پێگەیاندنی كۆمەلێك شاخەوان كە نیەتیانە گەشە بە تواناكانیان بدەن و ئامادەیی وەبەرھێنانن لە كەسایەتی شاخەوانيیان .
ڕەھەندی دووەم، ڕەھەندى ڕێكخستن و ئۆرگانیزەبوونه كە ئەمەش بۆ وڵاتێك كە خاوەن ھیچ پاشخانێكی یاسایی و كاڕگێڕی نیيە لەم بوارە ھەروا سانا نیە، بەڵام وا بۆ ماوەیەك دەبێ لەگەڵ چەند دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی ھەرێم دەستمان بەو كارە كردووە.
دەتوانم بڵێم لەم دوو ئاستە كە زۆر جەوھەری و پێویستن، لە پەرەسەندن و پێشكەوتنی باش داین. ساڵانە و بەشێوەیەکی بەردەوام، ڕەوتی شاخەوانیی بەردەوام لە گەشەسەندن دایە، ئاستی تێگەیشتن و بواری زانستی شاخەوانان بەردەوام لە ھەنگاونان دایە بەرەو پێشەوە، ئەمەیش بەھۆی شەونخوونی و ماندووبوونی بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆن لەلایەک، لە لایەکەی تریشەوە خواستی خودی شاخەوانانە بۆ وەرگرتنی زانستەکانی شاخەوانیی. ھەموو ئەو خول، سیمینار، ۆرکشۆپانەی تایبەت بە بواری شاخەوانیی لە کوردستاندا دەکرێنەوە، لەژێر ڕۆشنایی ستانداردە باوەڕپێکراەوەکانی دنیای شاخەوانییە کە لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی جیھانيی(UIAA)ەوە تەئید کراون.
بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان ساڵانە گەشتی شاخەوانیی بۆ چیاکانی دەرەوەی کوردستان ڕێک دەخات، مەبەست لەو گەشتانە چییە ؟ ھەروەھا بۆ گەشتەکانی دەرەوەی وڵات، ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ فیدراسیۆنی شاخەوانیی ئەو وڵاتانە ھەیە کە گەشتیان بۆ دەکەن بۆئەوەی ھاوکاریتان بکەن؟
ساڵانێكە بەشی تەکنیک و فێرکاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، گەشتی وڵاتانی دەرەوە و لوتكەكانی سەروو ٤٠٠٠ چوار ھەزاری ئەنجام دەدات بە ناونیشانی
«گەشتی شاخەوانانی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات»، بۆ ئەم گەشتانەش پێشوەختە ئاگاداری بڵاو دەكاتەوە و ئامادەكاری ڕاھێنانی جەستەيی بۆ ڕێكدەخات، كۆبوونەوە و پلانی گەشتەكە ڕێكدەخات، ئەم گەشتانە ئەزموونێكی گرنگ و پڕ بایەخ دەبەخشێتە شاخەوانانی كوردستان لە ڕووی شارەزایی و دونیابینی ڕۆشنبیری شاخەوانيی، لە ڕووی ھوونەر و تەكنیك، ھاوكات ھەر گەشتێكی دەرەوە دەبێتە وانەیەكی بەنرخ بۆ شاخەوانان، شارەزاتر و ھۆشیارتری دەكات لەگەڵ ناسین و مامەڵە لەگەڵ كەرەستە و پێداویستی شاخەوانيی. ئێمە بەردەوامین لە ئەنجامدانی ئەم گەشتانە و پشتگیری ئەو گرووپانەش دەكەین كە گەشتی دەرەوە ئەنجام دەدەن .
کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ڕێکخستنی گەشتە شاخەوانییەکانی دەرەوەی کوردستان چین و ئێوە چۆن بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا زاڵ دەبن؟.
كێشە ھەیە، چونكە پرسەكە ڕەھەندێكی یاسایی و بڕینی سنووری نێودەوڵەتی ھەیە، ئەمەش پێویستی وەرگرتنی ڤیزا و پێشكەشكردنی داوای ڤیزا ھەیە، عێراقیش وەك دەوڵەت خراپترین پاسپۆرتی ھەیە، بەڵام ئێمە پاڵپشتی شاخەوانانین، بە نووسراوێكی ڕاستەوخۆ بۆ نوێنەرایەتيیەكانی بیانی لە ھەولێری پایتەخت ئاسانكاری دەكەین بۆ ئەوەی ڕێكارەكان باشتر بەڕێوە بچن، لە ساڵانی ڕابردوو ئەزموونمان ھەبووە لەم بارەوە بەردەوام ڕووبەرووی ئەم جۆرە كەیسانە دەبینەوە .
بۆ ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانیش تاڕادەیەك كێشەمان نیيە، چونكە شاخەوانانی كورد لە باكور و ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە ئاستێكی باڵا پێشكەووتوون و ڕۆڵ دەگێڕن لە بواری ڕێبەری و دابينكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم بوارە .
ئایا چیاکانی کوردستانیش ھاوشێوەی چیاکانی وڵاتانی دیکەی جیھان، بوونەتە جێی سەرنجی شاخەوانانی جیھان و سەردانی ئێرە بکەن؟
چیاكانی كوردستان بەشێكن لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس، ئەم جوگرافیایە خاوەن مێژوویەكی دێرین و دەوڵەمەند و شارستانیەتی میسوپۆتامیا و سۆرمەر و میدییەكانە، ئەم جوگرافیایە ڕووگەی سەرەتایی شارستانیەتی مرۆڤایەتييە، چیاكانی ئەم جوگرافیایە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشتیاری و سەرچاوەی جۆراوجۆرى ژیان و كشتوكاڵ و نووسینە، بۆیە بێگومان لە ڕووی گەشتیاری شاخەوانیی و سرووشتیەوە، خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی، بەو پێیەی زنجیرە چیاكانی زاگرۆسیش بەگشتی ھەڵكەوتەكەی نزیكە لە ئەڵپ، لەبارە بۆ شاخەوانيی لە ھەر چوار وەرزى ساڵدا.
لەو ماوانەی پێشوودا،《ژۆن میکسا》ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی و جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان بوو، مەبەستی سەردانەکەی چی بووە و ئەوان چۆن لە ڕەوتی شاخەوانیی لە کوردستان تێگەیشتوون؟.
ئێمە لەكەناڵی جیاوازەوە پەیوەندی نێودەوڵەتی و شاخەوانیمان ھەیە، سوود لە ئەزموونی دەرەوە وەردەگرین، ڕاویژیان پێ دەكەین، بەرنامە و گەشتی ھاوبەشیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین، 《ژۆن میکسا》خێزانی خاتوو "ماری"، بۆ پرسێكی زانستی و نووسینی توێژينەوەیەكی ئەكادیمی تایبەت بە گەشەپێدانی شاخەوانيی كوردستان لێرەبوون، بەڵام ھەردووكیان كەسایەتی زۆر گرنگی ئەكادیمی و خاوەن پێگەن لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی جیھانيی(UIAA)دا، بە سوپاسەوە توانیمان چەند چالاكييەك پێكەوە ئەنجام بدەین، گرنگترینیان ئەنجامدانی دوو كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری و دوو سیمینارێكی تایبەت بە جۆرەكانی ڕێبەری شاخەوانيی و بابەتی دامەزراوەیی شاخەوانیی بە ھاوبەشی لەگەڵ تۆڕی شاخەوانیی كوردستان لە ھەردوو شاری سلێمانی و ھەولێر.
لەو ماوانەی پێشوودا، ھەریەک لە"فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان" و "تۆڕی شاخەوانیی کوردستان"، چەندین دانیشتن و گفتووگۆی بەرھەمدار و چالاکی ھەمەجۆرتان بەیەکەوە ئەنجام داوە، تەنانەت باسیش لە یەکگرتنی ھەردوو ئۆرگان کراوە، دەتوانین بزانین دوایین ھەنگاوی ھەردوولا بۆ لێک نزیک بوونەوە و یەکگرتن چییە و چۆنە؟.
ئەمە بابەتێكە كە بە خۆشحاڵیەوە لە ساڵی پارەوە لە ژێر ڕێنمایی بەڕێز "د.ئەنور علی دۆڵەمەڕی"دا، دەستمان پێكردووە، دیدار و كۆبوونەوەی بەردەوام ھەیە، دەرئەنجامی ئەم ھاوبەشيیە شاخەوانیيە، ئەنجوومەنێكمان پێكھێناوە بەڕێز "شێخ كماڵ عبداللە" سەرپەرشتی دەكات، ئامانج لەم ئەنجوومەنە، كاركردنی بەردەوام و دوزینەوەی نەخشە ڕێیەكی گونجاو و پەسەندە بۆ ئەوەی لەداھاتوودا بگەین بە چوارچێوەیەكی ھاوبەشی ئۆرگانی یەكگرتوو. دەبێ ئەوەش بڵێم، ئەم دەست پێشخەری و كاری ھاوبەشە، ئاراستەی"یەكێتی شاخەواني كوردستان"يش كراوە، بەڵام تاكوو ئێستا ھیچ ھەماھەنگی و بە پیرەوە ھاتنێكیان نەنواندەوە!. بەڵام ئۆمیدمان ھەیە و ئاسۆ ڕوون دەبینین كە لە داھاتوودا ئەوانیش ببنە بەشێك لەم ڕەوت و ئاراستە ھاوبەشە شاخەوانيیە كوردستانيیە.
لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم، سەرەڕای ئەوەی كە شاخەوانيی مۆدێرن مێژوویەكی دێرینی نیيە و ھیچ یاسا و پاشخانێكی ئیداری لەكوردستان و عێراق بوونی نیيە، بەڵام لە دوای درووستبووبی "فیدراسیۆنیی شاخەوانيی كوردستان"، ھەنگاوێكی كرداری و ژێرخانی بۆ ئەم ڕەوتە نراوە، لەو كاتەوە ئاسۆی فراوانبوون و گەشەكردن و چالاكی گرووپەكان دەستی پێ كرد، دواتر بەداخەوە، بە ھۆی سوودوەرگرتن ھەردوو یاسای كۆمەڵە و ڕێكخراوەكان ژمارە ١٨ ی ساڵی ١٩٩٣، یاسای ڕێكخراوە ناحكومیەكان ژمارە ١ ساڵی ٢٠١١، ژمارەیەكی زۆر پێكھاتەی شاخەوانيی درووست بووە كە ھەندێكیان خەریكە ئاراستەی ئەم ڕەوتە بە ئاقارێكی تر ببات، ئومیدەوارین لە داھاتوودا، حكومەتی ھەرێمی كوردستان و لایەنە فەرمیەكان، ئاگایان لەم بابەتە بێت، كە پێمان وایە چالاكی شاخەوانيی وەك جوڵانەوەیەكی وەرزشی جەستەیی و تەكنیكی ئامانجدار، پێویستی بە چەترێكی تایبەتمەند و فیدراسێۆنێك ھەیە كە ھەمووان كۆبكاتەوە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، ئەو چەترەش "فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان"ە .