دیمانە/ دهۆک بەڕۆژی

عایشە عومەر ساڵی 2002 لەدایکبووە. قوتابی زانکۆی سۆران بەشی زانستە گشتییەکان قۆناغی چوارەمە. ئەم خانمە گەنج و دەستڕەنگینە کۆشکێکی خواردنەوە لەنێو گەلیی عەلی بەگدا بەڕێوەدەبات. ڕێگای كوردستان بەسەریکردۆتەوە.

ڕێگای كوردستان: چی وای لێکردیت ئەم قاوەخانەیە بکەیتەوە؟

عائیشە عومه‌ر: حەز و خولیای خۆم وەک کچێک بۆ دروستکردنی جۆرەکانی قاوە و شیرینی وایلێکردم بڕیاری کردنەوەی قاوەخانەیەک بدەم. بێگومان ئاسان نەبوو، بەڵام پشتگیری خێزان و دۆست و هاوڕێکانم یارمەتیدەر بوون تا بتوانم بە خەونەکەم بگەم.

ڕێگای كوردستان: پێش ئەوەی کافێکە بکەیتەوە، هیچ ئەزموونت لە بوارەکەدا هەبوو؟

عائیشە عومه‌ر: کاتێک بیرۆکەی قاوەخانەکەم بۆ دروستبوو، هیچ ئەزموونێکم نەبوو، بەڵام حەزم بۆ کارەکە وایکرد هەوڵبدەم و بتوانم پێبگەم. ئێستا کارەکم زۆر باش ئەنجامدەدەم، میوانەکانمان زۆر لێمان رازین و هیوای بەردەوامیمان بۆ دەخوازن. تێڕواینیان زۆرباشە بۆکاری خانمان. شوێنەکەمان بۆتە جێی سەرنجی گەشتیارەکان.

ڕێگای كوردستان: کێ یارمەتیدەرت بوو تا بتوانیت ئەم کافێیە بکەیتەوە؟

عائیشە عومه‌ر: سەرەتا خۆم بەتەنیا بووم، بەڵام دواتر خێزانەکەم و کاک ئەحمەد خاوەنی کۆمپانیا میجر زۆر هاوکارم بوو، هەمیشە یارمەتیدەر و هاندەرم بوو بۆ پێشخستنی بیرۆکەکەم.

ڕێگای كوردستان: چی پەیامێکت بۆ کچان هەیە کە دەیانەوێت کاری خۆیان هەبێت؟

عائیشە عومه‌ر: پەیامم ئەوەیە کە جگه له خوێندن و بڕوانامە، با فێری كارێكی نوێ ببن و لەسەرپێی خۆیان بوەستن و گوێ نەدەنە قسەی خەڵکی، بەتایبەتی ئەو جۆرە کەسانەی کە پێیانوایە نابێت ئافرەت کاربکات و خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆبێت. واته دەكرێت دكتۆر بیت و میوزكژەنیكی باش بیت. دەكرێت جگه له تایبەتمەندیی بڕوانامەکەت كاری تر بزانیت و بیكەی به داهات.

ڕێگای كوردستان: ئەو رۆژەی یەکەم کڕیارت هات، چی هەستێکت هەبوو؟

عائیشە عومه‌ر: ئەو کاتەی یەکەم کڕیارم هات دڵم زۆر خۆش بوو، لە دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیم بەوە بگەم کە دەمەوێت، بۆیە خواردنەوەکەمان بە دیاری پێشکەشکرد و میوانەکەشمان دڵی زۆر پێ خۆش بوو، دەستخۆشی لێکردین .

ڕێگای کوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، بەهیوای کاری جوانتر.

عائیشە عومه‌ر: زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان کە منتان بەسەرکردەوە، زۆر گرنگە پەرە بە توانا و کاری خانمان بدرێت تا بتوانن زیاتر بناسرێن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا