بۆ خوێندنەوە و ڕانانی دەقە ئەدەبییەكان داوای مۆڵەتیان لێكراوە

سازدانی: بڕیار عەبدولڕەحمان

گرووپی خوێنەرانی ڕواندز لە ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و ئەندامانی گرووپەكە خوێندنەوەیان بۆ كۆمەڵێك كتێب كردووە و بەشدارییان لە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكان كردووە. بەپاساوای نەبوونی مۆڵەت رێگریان لێدەكرێت كە كۆببنەوە، ڕانان بۆ ئەو دەقە ئەدەبییانە بكەن، كە خوێندویانەتەوە. لەم دیمانەیەدا هەژار ئیبراهیم سەرۆكی گرووپی خوێنەرانی ڕواندز، تیشك دەخاتە سەر كار و چالاكییەكانیان و ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە بەردەمیان.

ڕێگای كوردستان: ئامانج لە دروستكردنی گرووپی خوێنەرانی ڕواندز چیبوو؟

هەژار ئیبراهیم: لەساڵی ٢٠١٧ بەهاوكاری مامۆستا وشیار جەبار ئەم گرووپەمان دامەزراند. ئامانجیش لێی هاندانی كچان و كوڕانی شارەكەمان بوو بۆ گرنگیدان بە خوێندنەوە و پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیارییان. مەبەستمان بوو خوێندنەوە بكەین بە كولتوور.

ڕێگای كوردستان: بوونی ئەم گرووپە تا چەند كاریگەری هەبووە لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیری لە دەڤەرەكەدا؟

هەژار ئیبراهیم: هەموو كارێكی باش كاریگەری خۆی هەیە، ئێمە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەموو ڕۆژانێكی هەینی كۆبوونەوەمان دەكرد و گفتووگۆمان لەسەر ئەو كتێبانە دەكرد، كە خوێندبوومانەوە، سەرنج و تێبینییەكانمان لەسەریان دەخستەڕوو، دواتر ئەندامانی گرووپمان سەرپشك دەكرد بەئارەزووی خۆیان كتێبێك دیاریبكەن و بیخوێننەوە.

ڕێگای كوردستان: لایەنی پەیوەندیدار تا چەند هاوكاری كردوون؟

هەژار ئیبراهیم: لایەنی پەیوەندیدار سەرەتا هاوكارمان بوون، بەتایبەت بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕواندز، لە كاتی ئەنجامدانی چالاكی لە پێشانگای كتێب و گەشت و كۆبوونەوەكانمان، بەڵام وەك لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری ڕواندز و قائیمقامی ئەوكاتی ڕواندز، هاوكارمان نەبوون. ڕۆژێك بەزارەكیش دەستخۆشییان لێنەكردین، ئیدارەی شارەكە بانگی كردین و وتی گرووپێكی بێ مۆڵەتن بۆتان نییە چالاكی بكەن.

ڕێگای كوردستان: دوای ڕاگرتنی چالاكییەكانتان، ئێستا بە چ شێوازێك كاردەكەن؟

هەژار ئیبراهیم: تەنها ئەكاونتێكی فەیسووكمان هەیە، لەوێوە گرنگی بە بابەتی ڕۆشنبیری دەدەین و مەیدانی هیچ كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكی و گەشتێكمان نەماوە، چونكە داوای دەركردنی مۆڵەتمان لێدەكرێت، ئێمەش گرووپێكی قازانجنەویستین و هیچ هاوكاری و نەسریەیەكمان نییە. لەناوخۆ پارەمان كۆكردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاكی، تاكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكمان لە هیچ كەس و لایەنێك وەرنەگرتووە. گرووپ بێلایەنانە كاری كردووە، بەداخەوە بەپاساوی نەبوونی مۆڵەت ڕێگریمان لێدەكرێت.

ڕێگای كوردستان: بەرنامە و كاری داهاتووتان چیە؟

هەژار ئیبراهیم: لە ئێستادا تەنیا لە ڕێگای گرووپچاتێكی ئەندامان و فەیسبووك كار دەكەین و ئامانجمان خزمەتكردنە بە بواری ڕۆشنبیری و هۆشیاری خەڵك بەگشتی و تاك بەتایبەتی. تا بەربەست و ڕێگریش هەبێت، ناتوانین چالاكی مەیدانی ئەنجامبدەین. 

رێگای كوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، هیوادرین بەزوویی كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبییەكانتان دەستپێبكەنەوە.

 سوپاستان دەكەین، سوپاسی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان دەكەین، كە هەموو كات گرنگی بە بابەتی ڕۆشنبیری و بەكولتووركردنی خوێندنەوە و كتێبی نووسەران دەدات و ڕانان و خوێندنەوەیان لەسەر بڵاودەكاتەوە و  بە خوێنەرانیان دەناسێنێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا