رزگار حوسێن ناسراو بە رزگار فلوت، هونەرمەندو گەنجێكی دانیشتووی شاری رانیەیە، ئەو جگە لەوەی دەنگێكی خۆشو زوڵاڵی هەیەو لە هەمان كاتیشدا مۆسیقاژەنێكی لێهاتووشەو بەردەوام فلوت و نەی دەژەنێ، رێگای كوردستان بە باشی زانی چەند پرسیارێكی لە نزیكەوە ئاراستە بكات.
سازدانی/ هێڤا هێرش
-لەسەرەتادا وەك مۆسیقاژەنێك دەركەوتی یاخود گۆرانیبێژ؟
+ سەرەتا وەک ژەنیارێک دەرکەوتم، دواتر بەگۆرانی کلاسیک و سونەتی دەستم پێکرد
- باشترین یادەوەرییەكانت چین لە ماوەی چالاكیەكانت لەو بوارەدا؟
+ یادگاری زۆر خۆش و تایبەتم هەیە، یەکێک لەو یادگاریانە ساڵی ٢٠٠٤ بوو لە بەرنامەی "ئاوێنە"دا بەشداری پێشبڕکێیەکم کرد لە کەناڵی کوردسات، یەکەمی بەرنامەکە بووم، دواتر کە هاتمەوە، دەست خۆشی زۆرم لێکرا.
-هۆكاری سەرەكی نەبوونی چالاكی هونەریت لە ئێستادا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
+ هونەر لە ئێستادا کڕچوو کاڵییەکی زۆری پێوە دیارە، بەتایبەت بۆ هونەرمەندان هیچ پشتگیریەک ناکرێن، ئەوەی ئێستا دەیبینی لە یانەی شەوانەکان بۆ مەرامی کۆمەڵێ کاربەدەستانە و جەوی خۆیانی پێ بەڕێ دەکەن، نەکردنی باشترە لەوەی بەچاوێکی لاوازو بێنرخ سەیر بکرێن.
-ئایا هەست بە پەشیمانی دەكەیت لە وەستان، یان هێشتا حەزت بە گەڕانەوە هەیە؟
+ من بەیەکجاری دوور نەکەوتومەوە، هەرکەسێک بە ڕۆح هاتبێتە ناو ئەو بوارە، مەحاڵە بتوانێ وا بەئاسانی دەستبەرداری ببێت، وەستانیشم لەو ماوەیەدا هۆکارەکەی ڕوونە، کە دەبینین چەندین کەس پەیدابوون بوونەتە ڤایرۆسێک بۆ ناو هونەر، قودسیەتی هونەریان نەهێشتووە و لە قودسیەتی هونەرمەندانیان کەمکردۆتەوە، ئەو پرسیارە لە هەر هونەرمەندێک بکەیت، هەمان وەڵامی منیان دەبێت، بەڵام لە ئێستادا وەک جەنگاوەرێکی ونبوو خۆمان مەڵۆسداوە بۆ کاتێکی گونجاو و شیاو.
- چ ئامۆژگارییەك دەدەیت بە هونەرمەندە گەنجەكان كە دەیانەوێت لەم بوارەدا كار بكەن؟
+ پێشوەختە کە نیازیان وایە کارێکی هونەری بکەن، پرس بە چەند کەسی لێهاتوو ئەکادیمی بکەن، چونکە پرسکردن سەنگی مەحەکە،گۆرانی وتن وەک تیرێک وایە کە لە کەوان دەردەچێت، جوان بیهاوێژیت ئامانجی خۆی دەگرێت، هەڵە بیهاوێژیت ئەو ئامانجە لەدەست دەدەیت.