
کەرکوک / رزگار شوانی
شاعیر ستار ئەحمەد عەبدولڕەحمان ساڵی 1962له شاری كهركوك هاتوەتە دونیاوهو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی وئامادهیی هەرلەوشارە تهواوكردوهو ساڵی 1980چوهته كۆلێژی ئهندازیاری بهغدا، پاش دوو ساڵی خوێندن لهبهر باری تایبهتی خۆی دهستی له خوێندن ههڵگرتوه ، ئەم شاعیرە بەردەوام بەشداری دەکات لەکۆڕو سیمینارو فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری چ لە کوردستان و کەرکوک و چ لە چالاکیەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد و یەکێتی نووسەرانی عیراق .
* کەی دەستت بە شیعر نووسین کرد ؟
- ساڵی 1987یهكهم بهرههمم له ژمارە 187 ی گۆڤاری بهیان بڵاوكرایهوه بە ناوی (بڕیار) ، لهوكاتهوه بهردهوامم و خاوهنی دوازدە كتێبم لهوانه: ئاسۆ برینی ههتاوه(شیعر)، كۆچباری گزنگ (رۆمانه شیعر) ، نیشتمانێك لههاژهی ئاو(شیعر) ، زریوهی ئهستێره دهسرازهی زامه (شیعر) ، سۆزی شاعیر(شیعری گۆرانی) ، ئاوابوونی جهسته لهسهفهری دڵدا(شیعر) گۆرانییهك بۆ چرۆكان ( شیعری مناڵان)، لەگەڵ كتێبێكی شیعری بەزمانی عەرەبی بەناونیشانی ( دموع الایام ) بهرگی یهكهمی دیوانهكهشم بهچاپ گهیشتووه بهناونیشانی دیوانی ستار ئهحمهد ، زیاتر لەپەنجا شیعرم كراون بەسروودو گۆرانی و لەلایەن گۆرانیبێژانەوە وتراون ، هەروەها شیعرەكانم وەرگێڕدراون بۆ عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی و ئەمازیغی ، چل شیعریشم وەرگێڕدراوەتە زمانی عەرەبی ، پاش ئهوهی بهرشاڵاوی راگواستن كهوتم لهشاری سلێمانی گیرسامهوه و لەساڵی 2000 وە خهریكی كاری رۆژنامهوانیم ولهم شوێنانهش كارم كردوه : رێبازی ئازادی،هاوڵاتی،كهركوكی ئهمڕۆ،بانهڕۆژ،رۆژنامهی ههواڵ، ئێستاش نیشتهجێی كهركوكم و بەڕێوەبەری رۆژنامەی سیروان و سكرتێری (گۆڤاری كەركوكمان) م و ههمیشه بهردهوامم لهبڵاوكردنهوهدا .
* چی وای لێ کردی شیعر بنووسیت ؟ ئایا شاعیرە گەورەکان کاریگەرییان هەبوە بەلاتەوە ؟
- تەمەنم حەوت ساڵبوو باوكم كۆچی دواییی كرد ، ئەمەش زۆر كاری تێكردم وهەمیشە هەستم بەبۆشاییەكی دەروونی دەكرد ، بۆیە لەتەمەنێكی كەمدا شیعر بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەناخمدا چەكەرەی كرد ،
لەراستیدا سەرسامم بەهەموو شاعیرە گەورەکان ، بەڵام وەكو شاعیرێكی دیاریكراو كاریگەری لەسەرم نەبوە .
* شیعرەکانت بەزۆری گوزارشت لە چی دەکەن ؟
- شیعرەكانم رەنگدانەوەو دەنگدانەوەو تیشكدانەوەی ناخی خۆمەو بەزۆری گوزارشت لەناهەموارییەكانی ژیان و ئەو ستەم و كارەساتانە دەكەن كەبەسەر میللەتەكەمدا هاتوون .
* ئایا شیعرت کراون بە گۆرانی و کێن ئەوگۆرانیبێژانە ؟
- بەڵێ نزیكەی پەنجا شیعرم كراون بەسروودو گۆرانی لەلایەن گۆرانیبێژانەوە وتراون .
ناوی شیعرەكانم لەبیر نییە ، بەڵام لەلایەن ئەم گۆرانیبێزانەوە وتراونەتەوە : حەسەن غەریب ،
عەلی زەنگنە ، هەژار عەبدولستار،
ئالان مەردان ، سیروان عومەر ،
مستەفا رەئوف ، ئومێد شوانی ، عیماد جاف ، نیزام گلی ، ئاراز ،
مەنسوور كەركوكی .. هتد ،
تایتڵی ئەو تەمسیلیانەیش كاتی خۆی لەتەلەفزیۆنی كەركوك تۆمار كران زۆریان شیعری من بوون ، تاکو ئێستاش گۆرانیبێژان داوام لێدەكەن شیعریان بۆ بنووسم ، بەڵام هەتا ئێستا لەسەر داوای هیچ كەسێك شیعرم نەنووسیوە ، بەڵكو شیعرەكانم پێشتر نووسراون و منیش پێشكەشیان دەكەم .
* وەکو شاعیرێکی بەئەزموون ، شاعیرانی کوردی کەرکوک چۆن دەبینیت ؟
- شاعیران هەمیشە رووی راستەقینەی میللەتەكەیانن ، بەهەمان شێوەش شاعیرانی كورد لەكەركوكدا نوێنەری مافە رەواكانی میللەتەكەیانن لەم شارەداو هەمیشە داكۆكیان لەداد و یەكسانی و برایەتی و پێكەوەژیان و مافە رەواكانی خەڵكی ئەم شارەیان كردوە .
بەڕای تۆ چی بکرێ بۆ زیاتر برەودان بە بواری ڕۆشنبیری لە شاری کەرکوک ؟
- پێویستە ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان كارا بكرێنەوە ، وەكو كۆمەڵەی رووناكبیری ، سەندیكای رۆژنامەنووسان ، بنكەی گەلاوێژ ، یەكێتی نووسەران ، هەتا بزاڤی رۆشنبیری كوردی لەم شارەدا بەرەو پێشتر بچێت .
* لەکۆتاییدا شیعرێکی خۆت کە کراوە بە گۆرانی ، بکە بە دیاری لاپەرەی (ئەدەب وهونەر) .
- گۆرانی بەستەی ئەنفال
شیعری / ستار ئەحمەد
وتنی / حەسەن غەریب
کەدڕکێ بەپەنجەی کوردێکا دەچەقێ
هەست دەکەم گیانم
لەجەستەم دەرئەچێ
کاتێک کەشیعرێک دەهۆنمەوە
دڵم دەبێتە بەفرو
لەهەڵەبجەدا دەتوێمەوە
کەشیعرێکیش لێم دەڕەنجێ
بۆ مەزاری سەیوان دەچێ
هەموو شتێکم خۆشدەوێ
لەدایکی ئەنفالێک بچێ
ئای حەز دەکەم بۆ یەکجاریی
لەکەرکوکا ڕۆحم دەرچێ