دیمانە/  هۆک بەڕۆژی ـ  سۆران.

لە ناوچەیەكدا كە هێشتا ژن هێڵی تۆخ بە چواردەوریدا كێشراوە و ڕێگری لە خولیا و خواستەكانی دەكرێ، خاتونێك پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان، ڕێگەیەكی جیاواز و نەختێك قورس دەگرێتە بەر، ١٣ ساڵە تاكە شوفێری تاكسییە لە شارەكەی.

(پەیمان سۆفی) ئێستە تەمەنی ٥٥ ساڵە، هەموو ڕۆژێ بە بێدەنگی ڕێگە پێچاوپێچەكانی كۆمەڵگە و شارەكەی دەبڕێت، ڕێبواران لە خاڵێكەوە دەگوازێتەوە بۆ خاڵی مەبەست.

چیرۆكی ئەو ژنە تەنها  لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێلێك و گواستنەوەی ڕێبواران نییە، بەڵكو پەڕینەوەیە بەسەر ئەوداب ونەریتانەی ژنیان کۆت و بەندکردوە  بەسەرئەو کلتوورەی ئازادییەكانی ژیانیدا سنووردارکردووە.

 پەیمان خەڵكی ڕواندزە، دایك و باوكی نەماون، لەگەڵ خوشك و براكەی لە ماڵێكدا دەژین، بە تاكسییەكەی بژێوی پەیدا دەكات، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا وەك خۆی دەڵێ  بەربەستێكی وەهای نەهاتووەتە  ڕێ  كە جێی  باسكردن بێت.

بە باوەڕ بەخۆبوونەوە دەڵێ لە خوای بەزیاد پێ خەڵك لێم ڕازینە، بە خۆشم ئیوە دەزانن  كە نەفەر لەگەڵ من ئەبیت لە ئوتوبێلەکەمدا زۆر كەیف خۆشترە لە سایەقی دی .

پەیمان لە تەمەنی  ٤١ ساڵییەوە دەستی بەو كارە كردووە، دەڵێ خوا گەورەیە، دەست لەو ئیشەی هەر ناگرم، چونكە بەمنداری حەزم لێ بوو ترومبێلی باژۆم، ئێجا ئێستەكە بویتە مەسدەر ڕزقیشم هەتا پێم بكرێ و لۆم بچیتە سەر واز سایقیێ ناینم.

ئەو ماوەی ١٣ ساڵە تاكە شوفێری ژنە كاری تاكسی دەكات، پێی خۆشە ژنانی دیكەش لە سنووری ڕواندز و سۆران دەست بەو كارە بكەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

لێخوڕینی تاكسی لەناو شارێكی پێچاوپێچ و پڕ بەرزی نزمیی وەك ڕواندز، هەروەها لە شارێكی قەرەباڵغی وەك سۆران، بێ ڕووداوی هاتوچۆ نابێت،  وەك هەر شوفێرێكی دیكە تووش بووە، بەڵام  وەك خۆی دەڵێ خۆشبەختانە ژیانی گیانیی لێ نەكەوتووەتەوە.

خوشك و براكەی هاندەر و پشتیوانیی سەرەكیی ئەو ژنە بوون  بۆ دەستكردن بە كاری شۆفێریی تاكسی و دەڵێ ئیستەش ئەوان هەوێنی بەردەوامبوون ئەون  لە كارەكەیدا.

لە ژیانی ڕۆژانەدا هەر كەس تووشی كێشە دەبێت، بەڵام وەك ژنە شۆفێرە تاقانەكەی تاكسیی ڕواندز باسی دەكات، تا ئێستە تووشی كێشەیەكی  گەوری نەبووە لەسەر كارەكەی، بۆ ئەوەش سوپاسی هاوشارییەكانی دەكات، هەروەها ڕۆڵی شۆفێرانی پیاو باش هەڵدەسەنگێنێ و ئاماژە بەوە دەكات كە شوفیران بە گشتی ماندوون و هیوای سەلامەتی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت. سوپاسی ڕێگای کوردستانیش دەکات بۆئەوبەسەرکردنەوەیە.

جێگای بیرهێنانەوەیە"ساڵی ١٩٠٨ یەكەم ژن لە مێژوودا بەناوی (مەدام دیكۆرسێل) بوو بە شۆفێری تاكسی لە پاریسی پایتەختی فەرنسا، ئەمەش دوای ئەوەی لە 1906 ەوە چەندین ژنی تر هەر لە پاریس هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی شۆفێری  تاكسییان دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پیشەكە بۆ چەندین ساڵ بوو لەلایەن پیاوانەوە قۆرغ كرابوو، بە ناچاری كشابووتەوە وازیان هێنابوو، لە نیویۆركی ئەرمەیكاش یەكەم ژنە شۆفێری تاكسی بە تاكسی بە ناوی

(وێڵما ڕۆژێی) لە ساڵی ١٩١٥ دا دەستبەكار بوو.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا