ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 

٭ پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعی عیراق و نووسەر (مزهر بن مدلول ــ ابو هادی) بەشداربووێکی دی داستانی خواكوڕكە ، لەبارەی شەڕی خواكوڕك دوو سێ لاپەڕەی لەژێر ناونیشانی ( دەربارەی شەڕی قارەمانانەی قەبری زاهیر) بۆ نووسیوین، وا دەقەکەی بە وەرگێڕدراوی دەخەینەڕوو:

  " لە دوای ڕووداوەکانی پشتئاشان لە ئایاری 1983  و کشانەوەی کاتی پێشمەرگە بۆ ناوچەی زێوە، پێشمەرگەکانی حزبمان لە هاوینی 1983دا  گەڕانەوە بۆ ناو خاکی عیراق ناوچەی لێلکان بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ و بەرگری دژ بە ڕژێمی بەعسی فاشست. لە زستانیش بارەگاکانمان لە ناوچەی لۆلان دامەزراند. چەند پەلێکمان لەم ناوچانە( لۆلان،دەراوی سەروو، دەراوی خواروو،ناوچەی ص بۆ ڕاگەیاندن ) بڵاوەیان پێکرا و جێگیرکران.

دوای پەرەسەندنی شەڕی نێوان عیراق و ئێران و گەیشتنی پاسدار بۆ سەر سنوور، ناچار بووین بۆ ناوچەی دوورتر و پارێزراوتر بگوازینەوە، بۆیە هێزەکانمان بۆ دۆڵی خواكوڕك پاشەکشێ پێکردن. لەوێ بەسەر  ئەم شوێنانە دابەش بووین:( سبیگا، ئەسپیندارە، ئارمووشی خوارو، ئارمووشی سەروو، دجلە، موسلۆک، پیربەینان)لەگەل هەندێ بنکەی هاوینە.

ئەم ناوچانە، ناوچەی بە ئاو و داروبار و شاخاوی سەخت بوون. هاوسنووریش بوون لەگەل ئێران و تورکیا ، لە لایەکی دی بە دەشتی بەرازگر دەبەسترانەوە، ئەو دەشتەی بەسەر زۆر گوندی عیراقی دەینواڕی و پێشمەرگەکانیش دەگەیشتنە  گوندەکانی ناوچەکە و پرۆسەی پەیداکردنی ئازووقە و جل و بەرگ و پێداویستی دی لەم ناوچەیە بەئاسانی بەڕێوەدەچوو.

لە ساڵی 1984 لەم ناوچەیەدا، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە. لە ساڵی 1985یش چوارەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی عیراق هەر لەم ناوچەیەدا لە (ئارموش) بەڕێوەچوو.

بەشێوەیەکی گشتی تاکو ساڵی 1988 لەم ناوچەیەدا جێگیر بووین. لەم ماوەیەشدا پێشمەرگە شیوعییەکان چالاکی سەرنجڕاکێشیان ئەنجامداوە و دەیانتوانی خۆیان بژێنن و کاروباری ڕاگەیاندن بەتایبەتی ئێزگەی ڕادیۆی دەنگی گەلی عێراق بەڕێوەببەن.

بەر لە مانگی تەممووزی 1988 زانیاریمان پێگەیشت کەوا لە چوارچیوەی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، پێشڕەوی سوپا و جاش بەرەو ناوچەکانی بارەگاکانمان دەستیپێکردووە و بەردەوامە. لە سەرەتای تەمموزدا چەند یەکەیەکی سوپای ڕژێم دەستیان بەسەر ئەو بەرزاییانەدا گرت کە بەسەر دۆڵی خواكوڕكدا دەنواڕن .تۆپبارانی ڕژێم بۆ سەر ناوچەکە بێبڕانەوە بەردەوام بوو. سوپای عیراق ئامادەباشی تەواوکردبوو، هێرشی چڕ و فراوانی بۆ سەر پێشمەرگە لەم ناوچەیەدا لە 19-7-1988 دەستیپێکرد. پێش ئەو کاتە هەموو پەلەکانی پێشمەرگەکانمان بەرەو سێگۆشەی سنوور واتا بۆ بارەگای پیربەینان پاشەکشێ پێکرابوو. لەوێشەوە بەرەو لوتکەی ئاری کە دواشوێن بوو بۆ بەرگری پێشمەرگە ،تەنیا 7 هاوڕێمان لە بارەگای دجلە مابوون. پەیوەندی بێتەل لەگەڵیاندا پچڕابوو، ئەوانیش بریتیبوون لە هاوڕێمان ابو هادی فەرماندەی کۆمەڵەکە، ئەو پێشمەرگانەی لە گەلی بوون:( فوقی، زمناکۆ، ابو وسام، ابو حسێن) و ئەوانی دی. بەهۆی ئەم دابڕانەیان هاوڕێیانی سەرکردایەتی لەوە دەترسان کەوتبنە دەست هێزە هێرشبەرەکانی دوژمن. بۆیە مەفرەزەیەکی سێ کەسییان بۆ دەرکردن کە پێکهاتبوو لە:( منیرــ ابو قیس فەلسەفە، ابو حمدان و هاوڕێیەکی دی ئێستا ناوەکەیم لەبیر نەماوە)تاکو بیاندۆزنەوە.

کۆمەڵە پێشمەرگە دابڕاوەکە بارەگای دجلەی جێهێشتبوو بەسەر لوتکەی چیا کەوتبوون لە نزیک گەلی ڕەش شەوێک لەوناوە مابوونەوە بەیانی ڕۆژی دواتر بەهۆی دووربین سەیری دۆڵەکەیان کردبوو بینیبوویان کە عەسکەر و جاش گەیشتوونەتە شوێنی بارەگاکانیان و بەرەو بیربینان لە پێشڕەویدان.

ئەم کۆمەڵە پێشمەرگە دابڕاوە بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆیشتن کە چاوەڕوان بوو هاوڕێکانیان بۆ ئەوێ پاشەکشێ بکەن، لە ڕێگا تووشی کۆمەڵێکی زۆر لە پێشمەرگەکانی پارتی هاتبوون کە لە ناوچەیەکی سەختدا خۆیان حەشار دابوو، داوایان لە هاوڕێیان کردووە لەگەلیان بمێنن و بەیەکەوە بەرگری بکەن. بەڵام کۆمەڵە پێشمەرگەکەی ئێمە ڕەتیان کردۆتەوە چونکە دەیانویست بگەنەوە لای هاوڕێکانیان .. لەژێر بارودۆخی تۆپبارانی چڕی دوژمن دوو ڕۆژ  بەڕێگاوەبوون، ڕێگای سەختی شاخاوی پڕ لە هەوراز و نشێو،ئینجا لەگەل ئەو مەفرەزەیەی لە دوویان دەگەڕان یەکتریان دۆزیوەتەوە، مەفرەزەکە بەوەندە نان و موعەلەباتەی پێیان بووە ئەو کۆمەڵە هاوڕێیانەیان لە مەترسی لە برسان مردنیش ڕزگارکردووە.

لە ناوەڕاستی ئابی 1988  پێش ئەوەی هێزە هێرشبەرەکانی ڕژێم بگەنە بارەگاکانمان لە پیربنان  هاوڕێمان پێشمەرگەی کۆمەنیستی قارەمان مام عەلی بە ساچمەی تۆپی دوژمن پێکرابوو و شەهید بوو. ئەو سەر بە جەماعەتی سازمانی ئێرانی بوو بەڵام لەگەل ئێمە پێشمەرگە بوو .تاکو کۆتایی ژیانی چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی هاوڕێیان بەستابۆوە .یەک لە هاوڕێ دڵسۆز و ئازاکان بوو، یادی بەخێر.

هاوڕێیان لەسەر لوتکەی چیای ئاری کۆبوونەوە، پانتاییەکی فراوان بوو، لوتکەکانی ئەم چیایە لەگەل لوتکەکانی چیای ئێران تێکەڵ دەبنەوە، ڕوبارێکیش لە سنووری تورکیا جیای دەکاتەوە. بە زیاتر لە دوو کاتژمێر لە بارەگاکانمان لە پیربینان دوور بوو.

لەسەر ئەم لوتکە چیایە هاوڕێیانمان و پێشمەرگەکانی دی درێژترین و توندترین شەڕی بەرگرییان لە مێژووی شەڕی پارتیزانیدا ئەنجامدا. ماوەی شەڕەکە 52 ڕۆژی خایاند، شەڕێک لە نێوان دامێن و لوتکەی چیا، شەڕ لەگەل سوپایەکی بێژمار و پڕ چەک و لەخۆبایی..هەموو جۆرە چەکێکی لە تۆپ و کاتیۆشا و فڕۆکەی لە دژمان بەکاردەهێنا. هەزاران جاشیش هاوکاری سوپا بوون. سەرەڕای ساردی ئاو و هەوا .. لەو ماوەیەدا ئەوەندەی سەرما و ئەسپێ و برسێتی و نەخەوتن ئازاریان دەداین ئەوەندە لە ئازاری دوژمن نەدەترساین!!

پێشمەرگە ناوی لەم شەڕە نا شەڕی قەبری زاهیر، ئەو قەبرەی نازانرێ بۆ و کەی و کێ لەم شوێنە نێژراوە؟! ئەو شوێنەی بۆ ژیان دەستنادات!!

پێشمەرگە توانی ڕووبەڕووی هێرشەکانی دوژمن ببێتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بیانوەستێنێ، سوپا و جاش بەهەموو توانا و زۆری ژمارە و چەکە جۆربەجۆرەکانیان و بۆردومانی فڕۆکەش لەولا بوەستێ، نەیانتوانی ئیرادەی بەرگری پێشمەرگە تێکبشکێنن. دوژمن وا تێگەیشتبوو کە پێشمەرگە لەم شوێنەدا بۆیان دەبێتە نێچیرێکی ساناو لەناوی دەبەن، بەڵام ورەی پێشمەرگە لەم شەڕەدا ئەوەندە بەرز بوو وەسف ناکرێت، بەرگەی هەموو شتێکیان گرت لە پێناوی ئەوەی سوپا نەگاتە سەر ئەم لوتکە چیایە. ئەو پێشمەرگانەی شانبەشانی ئێمە لە دژی هێرشەکان قارەمانانە بەرگرییان دەکرد، پێشمەرگەی حزبەکانی:( پارتی دیموکراتی کوردستان کە جگە لە شەڕ و بەرگری هاوکاریان باش بوو بۆ دابینکردنی خواردن و فیشەک بۆ هەموو پێشمەرگەکان، جەماعەتی ئاڵای شۆڕش و پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان کە سامی عەبدولڕەحمان بەرپرسیان بوو).

بارودۆخەکە بۆ شەڕی درێژخایەن گونجاو نەبوو، هێزە هێرشبەرەکان خاوەن توانای زۆر بوون و دەیانتوانی درێژە بە هێرشەکانیان بدەن، خاوەن ئامێر و چەکی پێشکەوتوو بوون کە لەگەل چەکەکانی پێشمەرگەدا بەراورد نەدەکرا. هەروەها کەشوهەوا لەسەر ئەم لوتکە شاخە سارد بوو لە بەرژەوەندی پێشمەرگە نەبوو، هێڵەکانی پاشەکشێمان زۆر ئاڵۆزبوون.

پاشەکشێی پێشمەرگە شیوعییەکان دەبوو بە ڕەزامەندی وەرگرتنی لایەنی ئێران بێت.

  ئەو لوتکە شاخەی بەرگریمان لەسەری دەکرد نە پەنابەردی گەورە، نە دار و درەخت نە ئاوی لێ دەستدەکەوت، تەنیا ئەو دڕک و گژوگیایەی لەسەر شین دەبوو کە توانایان هەبوو بەرگەی ئەم کەش و هەوا سەختە بگرن.

دوای زیاتر  لە 50 ڕۆژ لە بۆردومانکردنمان بە تۆپ و تەیارە و کاتیۆشا.. سەرەڕای برسێتی و تێنوێتی و بێبەشبوون لە حەسانەوە و نووستن و خۆ شووشتن ..دوای ئەوەی پێشمەرگەکانی پارتی و ئەوانی دی پاشەکشێیان کرد، هیچ ڕێگایەکمان لەپێش نەما جگە لە پاشەکشێکردن. بەمجۆرە هاوڕێیان بڕیاریاندا بەرەو دۆڵی کۆکا بەناو خاکی ئێران پاشەکشێ بکەین.

ژمارەی هاوڕێیانمان کەم نەبوون کە بەرەو شوێنی تازەمان رۆیشتین، ناوی هەندێکیانم لەبیرە وەکو:( ئەبو حیکمەت، ئەبو داود، د.حسان عاکف، منیر ــ ابو قیس فلسفە، ملازم قوسەی، عەلی مالیە، ابو گۆران، ساتع، ابو عشتار، ابو نهران)..هتد ئەوانی دی زۆر بوون ".


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە