ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

بەشی دووەم

بە مەبەستی خستنە ڕووی زۆرترین زانیاری دەربارەی شەڕی خواکوڕک(19-8 تاکو 5-9-1988) 10 دە پرسیارمان بۆ (هاوڕێ فارس ــ  نازم) پێشمەرگەو کادیری دێرینی حزبی شیوعی عیراق و بەشداربووی شەڕەکە نارد، بە سوپاسەوە بە وردی و ڕوونی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی داوینەتەوە و وردەکاری شەڕ و داستانی خواکوڕک و ڕۆڵی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی لەم شەڕە مێژووییەدا خستۆتە ڕوو.

بە سێ جار وەڵامەکانی هاوڕێ نازم لێرە بڵاو دەکەینەوە.

٭مەغدید: هۆکارەکانی شەڕی خواکوڕک و هێرشە بەرفراوانەکەی ڕژێم بۆ سەر ناوچەی خواکوڕک چی بوون؟

ــ هاوڕێ نازم: هۆکارەکان تەواوکەری سیاسەتەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا بوو کە ماوەی  10 ساڵ بوو(1978-1988) پەیڕەوی دەکرد بۆ لەناو بردنی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی و بزووتنەوەی چەکداری کورد کە دژی ڕژێم شەڕیان دەکرد. بۆ ئەم مەبەستەش جۆرەها چەکی بەکارهێنا بە چەکە قەدەغەکراوەکانیشەوە . دوای ئەوەی شەڕی عیراق ــ ئێران (1980-1988) کەوتە کۆتایی، سەرانی ڕژێم وەک بڵێی باوەڕیان بەخۆیان نەدەهێنا کە بە سەلامەتی لەم شەڕە دەرچوون و لە دەسەڵات ماونەتەوە. بۆیە ئەمجارە بۆ تۆڵەکردنەوە لە کورد هەموو هێز و ئامێری جەنگی بەرەو کوردستان گواستەوە، بۆ زاڵبوون بەسەر بزووتنەوەی پێشمەرگایەتی، بە تایبەتی کە هەموو لا لەژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا یەکیان گرتبوو.

٭مەغدید: ماوەی شەڕەکە یان مێژووی شەڕەکە کەی و چەند بوو؟

ــ هاوڕێ نازم: شەڕەکە لە دووەم ڕۆژی دوای بڕیاری وەستانی شەڕی نێوان عیراق و ئێران لە 19-7-1988    دەستی پێکرد. ڕژێم هێزەکانی کۆکردەوە، هێزەکانی لە بەرەی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشووری عیراق بەرەو کوردستان هێنا. ئێمە بە دووربین سەیرمان دەکرد، دەمان بینی چۆن هێزی سەربازی بە هۆی فڕۆکەی هەلیکۆپتەر لەسەر ڕەبایا و سەربازگەکان دادەبەزینرێن، بە تایبەتی لە ناوچەی مێرگەسۆر و ناوچەکانی نزیک ئێمە. ئێمە لە خواکوڕک و لوتکەی (مەلا برایم) بووین، شەڕەکەش تاکو 6-9-1988بەردەوام بوو ئینجا ڕژێم لێبووردنی گشتی دەرکرد.

٭مەغدید: بە مەزەندە قەبارەی هێزی پێشمەرگەی بەشداربووی ئەم شەڕە چەندبوو؟  هەروەها ژمارەی پێشمەرگە بەشداربووەکانی حزبی شیوعی چەند بوو؟

ــ هاوڕێ نازم: سەرەتا قەبارەی هەموو پێشمەرگە بەشداربووەکان لەم شەڕە 350تاکو400 پێشمەرگە دەبوو. ژمارەی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعیش بە گوێرەی ڕەوتی شەڕەکە گۆڕانی بەسەردا دەهات. ئێمە لەگەل هاوڕێیانی ژن و هاوڕێیانی سەرکردایەتی لە بارەگاکانی پیربەینان و ئارمووش لە نێوان 150 تاکو 200 پێشمەرگە و کادیری سەرکردایەتی و کارگێڕی دەبووین، بڕیارێک لە سەرکردایەتی حزب درا، تەنانەت لەناو بنکەی حزبیش، بە نەهێشتن یان کشاندنەوەی سەرکردایەتی و هاوڕێ بەتەمەنەکان و پێشمەرگە ژنەکان و بریندارەکان لە مەیدانی شەڕ. تەنیا هاوڕێ شەڕکەرەکان مانەوە، ژمارەکەمان گەیشتە دەوروبەری 80 پێشمەرگەی شیوعی، ئەوانە بە درێژایی ماوەی شەڕەکە بە خۆڕاگری مانەوە و بەرگرییان کرد. ئەوەندەی لەبیرمە ئەم هاوڕێیانەی ناوەکانیانم لە خوارەوە تۆمارکردووە لە شەڕەکان بەشداربوون ، لەوانەیە هەندێ ناو یان زانیاری تەواوم دەربارەی هەندێ ناو لەبیر نەمابن:

1-  عومەر عەلی شێخ(ابو فاروق) ئەندامی م.س، کورد، سلێمانی

2- حەمید مەجید موسا( ابو داود )ئەندامی م.س ، عەرب، حلە.

3- د. حسان عاکف(ابو یسار) ئەندامی ل.م ، عەرەب، عانەــ ئەنبار

4- ئیبراهیم سۆفی(ابو تارا) لە سەرکردایەتی ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان بوو، کورد، هەڵەبجە.

5- داود ئەمین(ابو نهران)ڕۆژنامەنووس، عەرەب، ناسریە

6- فوقی، عەرەب، عمارە

7- شەهاب، عەرەب، بەغدا

8- د. سەردار حوسێن تاهیر ڕواندزی(د. غەفار)کورد،  ڕواندز.

9- ستار، عەرەب، عمارە

10- ابو حمدان

11-ابو عشتار ، سابئە، بەغدا

12- ملازم  قوسەی، عەرەب، بەغدا

13- ملازم زوهێر، بەغدا

14-ابو جون، سابئە، بەغدا

15- ئاسۆ، کورد، خانەقین

16- ابو کاوە ، کورد، خانەقین

17-ساتع، عەرەب، بەغدا

18- خەیری عیراقی، کلدانی، عنکاوا

19-سامر،کلدانی، ئەلقوش

20-ابو جاسم،عەرەب ، سماوە، چیرۆک نووس

21-کاردۆ کامۆ، کورد، کۆیە، نووسەر و وێنەگری تەلەفزیۆنی.

 22-ابو خالد، عەرەب، سماوە

23-عەلای مخابر،  عەرەب، بەغدا

24-شەماڵ حەوێزی، کورد، کۆیە ، نووسەر 

25-باخەوان،  کورد، هەڵەبجە

26-دڵزار، کوڕی ابو تارا ،  کورد، هەڵەبجە

27-ابو هادی،عەرەب، ناسریە، چیرۆک نووس و ڕۆژنامەنووس

28-ابو محمود،عەرەب، ناسریە، لە لقی بادینان بوو.

29-ابو حاتم،عەرەب، حلە

30-حجی  سامی، عەرەب، بەغدا

31-ابو زید،عەرەب  یان سابئە بوو، بەغدا

32- ابو حسین،سابئە،  بەغدا

33- ابو امال،عەرەب،  نازانم خەڵکی کوێ بوو.

34-ابو سمیح یان  ابو سمیر، عەرەب ،سماوە

35- ملازم  احسان، سابئە، بەغدا

36-ئاری، کورد لە جەماعەتی ئاڵای شۆڕش بوو

37-جەنگاوەری ئاڵای شۆڕش و پارتی گەل سامی عەبدولڕەحمان

38-د. منیر العانی (ابو  قیس)، سماوە

39-ابو محەمەد،عەرەب ،  بەغدا

40- ابو قیس ، عەرەب ، بەغدا، هاوژینی ئەستێرە، ئەندازیاری ئێزگە بوو.

41-ابو دجلە، عەرەب، بەغدا، ئەندازیاری ئێزگە بوو

42-ابو جعفر، عەرەب، بەغدا، مووشەکی ستریللای هەڵدەگرت.

43-شەهید مام عەلی، لە هاوڕێیانی حزبی شیوعی ئێران تودە بوو، لە بۆردومانی بارەگای پیربەینان شەهید بوو.

44-هاوڕێیەکی دی ناوەکەیم لەبیر نەماوە بەرپرسی ئیداری لقی خواکوڕک بوو،لە هاوڕێیانی سابئە بوو.

45-زیاد، عەرەب، بەغدا، هاوژینی هاوڕێ سەوسەن.

46-فارس (نازم)کلدانی، ئەلقوش

47-شێرکۆ، کورد، هەولێر

48-مامۆستا  عوسمان، کورد، کەرکوک

49- د. ابو عوف، عەرەب، بەغدا، پسپۆڕی کیمیا بوو.

50-حسن  بلبل، عەرەب، بەغدا

51-عەبوسی، سریانی، بەرتڵە، دەشتی نەینەوا

دەبێ هەڵە هەبێ لە زێدیان، بۆ نموونە خەڵکی بەغدا بێ من شارێکی ترم نووسیبێ لەوە داوای لێبووردن دەکەم.

هەموو ئەم پێشمەرگە شیوعییە دلێرانە لە شەڕ و بەرگری بەشداربوون هەر لە 3 ئاب تاکو  5-9-1988 .

٭ مەغدید:  قەبارەی هێزی دوژمن بە چەند مەزەندە دەکرا؟

ــ هاوڕێ نازم: هێزی دوژمن پێکهاتبوو لە هەموو فەیلەقی پێنج ، بەهێزکرابوو بە یەکە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی بەسرە. بێگومان دوای کۆتایی هاتنی شەڕی عیراق ئێران، ڕژێمی بەغدا ئەم دەرفەتەی بە هەل زانی تاکو هێزی زۆر بەرەو کوردستان بەڕێبکات بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی کە ڕێگای خەباتی چەکداری گرتبووە بەر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و هێنانەسەرکاری ڕژێمێکی دیموکراسی بۆ عیراق و حوکمی زاتی ڕاستەقینە بۆ کوردستان.

بە مەزەندەی ئێمە قەبارەی هێزەکانی ڕژێم کە هێرشیان کردە سەر ناوچەی  خواکوڕک لە 30 هەزار سەرباز و جاش کەمتر نەبوون، پڕ چەک بوون و پاڵپشتی کراوبوون بە تۆپ و فڕۆکەی سەمتی و بیلاتۆزی بچووک تایبەت بە شەڕکردن دژ بە پارتیزانان. دوژمن زۆر بە تۆپ لێی دەداین، کە دەنگی تۆپ دەوەستا فڕۆکەی سەمتی و هۆکر هنتری ئینگلیزی بۆردومانی دەکردین.

(ماویەتی)، لە بەشی سێیەمدا باسی ڕەوتی شەڕەکە دەکەین هەروەکو هاوڕێ نازم بە وردی  بۆمانی دەگێڕێتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە