ئامادەكردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەكەم
پێشەكی: لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا لە سەدەی بیستەم، لە باكوور لە باشوور لە ڕۆژهەڵات لە خۆر ئاوا پێشمەرگەو جەنگاوەرو خەباتكارە نیشتمانپەروەرەكان لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕین و بزووتنەوە چەكدارییەكاندا، قارەمانانە لە پێناوی ئازادی و مافە ڕەواكاندا جەنگاون، نەبەردی و داستانیان تۆماركردووە،قوربانیان داوە، بۆ داگیركەرانی كوردستانیان سەلماندووە كە هەرگیز دەستبەرداری خەبات نابن لە پێناوی بەرگریكردن لە خاك و كەلتوورو سەروەری و گەیشتن بە ئازادی و مافی ڕەوا، وەكو هەموو میللەتانی سەرگۆی زەوی. داستانی خواكورك (19ی تەممووز تاكو 5 ی ئەیلوولی 1988) یەكێكە لەو شەڕە دژوارانەی كە تیایدا ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێنی دكتاتۆر دوو فەیلەق(1 و 5) سەربازو بە هەزاران جاش و جۆرەها تانك و چەكی قوڕس و لە ئاسمانیش بە فڕۆكە هێرشی بۆ ناوچەی خواكورك و سێگۆشەی سنووری عیراق ئێران توركیا دەستپێكردووە بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەو بەرەی كوردستانی و كۆنترۆڵكردنی سنوور. بە تایبەتی دوای ڕاگیرانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ــ ئێران بەگوێرەی بڕیاری un ژمارە 598، ڕژێمی بەغدا دەسبەتاڵ بوو بۆ هێرشی دڕندانەی بۆسەر كوردستان و لێدانی هێزی پێشمەرگە.بە تایبەتی لە دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دژ بە خەڵكی شاری هەڵەبجەو زۆر شوێنی دی و دەستپێكردنی پرۆسەی ئەنفال لە نیسان تاكو ئەیلوولی1988، دەركەوت كە مەبەستی ڕژێمی بەغدا تەنیا لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد نییە بەڵكو لە پلان وستراتیجی دابوو هەموو گەلی كوردستان قۆناغ بە قۆناغ لەناوببات. ئا لەو كاتەدا لە دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال و كۆنترۆلكردنی بەشی زۆری ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگەو پاشەكشێی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەرسنوورو ئەودیوی سنوور، هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی خواكورك و نزیك لە سێگۆشەی سنوور، كە پێكهاتبوو لە زۆرینەی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند مەفرەزەیەكی شەڕكەری حزبی شیوعی عێراق كە ژمارەیان لە نێوان(50 تا 80) پێشمەرگە دەبوو، لەگەل چەند پێشمەرگەیەكی پارتی گەلی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و ئاڵای شۆڕش.. ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بۆ ماوەی دەوروبەری 50 ڕۆژ ڕووبەڕووی دڕندانەترین هێرش و پێشڕەوییەكانی سوپای عیراق و جاشەكان بوونەتەوە، وەكوو باران گوللە تۆپ لەسەریان دەباری و بە جۆرەها فڕۆكەش بۆردومان كراون. هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان لە ماوەی ئەو50 ڕۆژەدا بە ورەیەكی بەرز ڕووبەڕووی هێرشی ڕژێم بوونەتەوە، تەنانەت لەم ماوەیەدا یەك پێشمەرگەش تەسلیم بە ڕژێم نەبۆتەوە، بەداخەوە 29 پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و 104 پێشمەرگەش برینداربوون، بەڵام هیچ پێشمەرگەیەك بە دیلی نەكەوتۆتە دەستی ڕژێم. كاك مەسعود بارزانی ڕاستەوخۆش سەرپەرشتی شەڕەكانی كردووە، هاوڕێیان عومەر عەلی شێخ و ئەبو داود هەردوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی (حشع) سەرپەرشتی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعیان كردووە، هەردوو هاوڕێ د.حسان عاكف(ابو یسار) و هاوڕێ ئیبراهیم سۆفی (ابو تارا) بەرپرسی ڕاستەوخۆی مەفرەزە شەڕكەرەكانی حشع بوون. بەم بەرگری كردنە هێزی پێشمەرگە سەلماندوویەتی كە لە توانایدا هەیە بە ئیرادەیەكی شۆڕشگێڕانە ڕووبەڕووی گەورەترین سوپای داگیركەران ببێتەوە. هەروەها هێزی پێشمەرگە لەو كاتە هەستیارەدا بەهۆی خۆڕاگری و بەردەوامبوونی لە بەرگریدا ڕێگای خۆشكردووە تاكو خەڵكی گوندەكانی ئەودەوروبەرانە ئەوانەی لەبەر شاڵاوی ئەنفال و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی ڕایاندەكرد،خۆیان بگەیەننە ئەودیوی سنوور بۆ ناو خاكی ئێران و توركیا. ئێمە لێرەداو لە ساڵیادی ئەم داستانە مێژووییەدا و بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك و چەند چاوپێكەوتنێك لەگەل هاوڕێیانی بەشداربوو لەم داستانە، چەند ڕاستی وزانیارییەك دەربارەی ڕۆڵ و بەشداربوونی پێشمەرگە شیوعییە قارەمانەكان دەخەینە ڕوو. بەداخەوە هەموو ساڵ ڕاگەیاندنەكانی پارتی كە یادی ئەم داستانە دەكەنەوە ئاماژە بۆ ڕۆڵ و بەشداری قارەمانانەی پێشمەرگە شیوعییەكان ناكەن. لەم بەشەدا وەڵامەكانی بەڕێزان : خەیری عیراقی و د.سەردار ڕواندزی و ڕۆژگار پیرداود لەگەل چەند بڕگەیەك لە نووسینێكی بەڕێز فوئاد سدیق بڵاو دەكەینەوە. ٭ هاوڕێ و پێشمەرگەی دێرین خەیری عیراقی دەڵێ: " شەڕو داستانی خواكورك لە مانگی ئابی 1988 بە گەرمی دەستی پێكردو تاكو 5-ئەیلوول بەردەوام بوو. حكومەتی بەعس لە دوای وەستانی شەڕی عێراق ــ ئێران هەموو هێزێكی بەكارهێنا بۆ لێدانی پێشمەرگە. هێزەكانی پارتی لەم میحوەرەدا زۆرینەبوون،دەوروبەری 1000 پێشمەرگەیان لەم شەڕەدا بەشدار بوون. یونس ڕۆژبەیانی و زەعیم عەلی فەرماندەی مەیدانی هێزەكانی پارتی بوون.كاك مەسعود بارزانیش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەكانی دەكرد.هێزی بەشداربووی ئێمە لە دەوروبەری 50تا60 پێشمەرگەبووین،ئەوەی من ئاگادار بووم چوار پێشمەرگەی ئاڵای شۆڕشمان لەگەڵدا بوو. شەڕەكەمان لەگەل برادەرانی پارتی بە یەكەوە دەكرد. پێشمەرگەكانی ئێمە دۆشكەو چەكی كالیبەریان بەكار دەهێنا،جگە لە كلاشینكۆف و بیكەیسی . من لەسەر دۆشكە شەڕم دەكرد،كە چەك و تەقەمەنی دەهات و دابەش دەكرا جیاوازی نەدەكرا لە نێوان پێشمەرگەكانی ئێمەو پارتی.شەڕێكی چاكمان كرد،ئێمە وەكو حزبی شیوعی شەهیدێكمان هەبوو مام عەلی ڕۆژهەڵاتی یادی بەخێر، من و هەردوو هاوڕێ شەماڵ حەوێزی و ڕۆژگار ناشتمان. هاوڕێ ئەبو تارا بەرپرسی سەربازیمان بوو،د.حسان عاكف(ابو یسار) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حشع ڕێكخەری پەیوەندییەكانمان بوو لەگەل پارتی.زەعیم عەلی و یونس ڕۆژبەیانی لەسەر هەموو پێشمەرگەكان دەسووڕانەوە دەیانگوت چیتان پێویستە بۆتان بنێرین. هاوڕێ د.سەردار ڕواندزی(د.غەفار) پزیشكی پێشمەرگەبوو،ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە چارەسەركردنی بریندارەكان بە گشتی.لەگەلیشمان دەهات بۆ بەرەی شەڕ. لەو پێشمەرگانەی دی كە لەگەلمان بوون و لەبیرم ماون ابو سامی، ابو فلاح، ساگع، ڕۆژگار مورتكە،فارس جەجۆ،شەماڵ حەوێزی)..زۆری تر . لەگەل برادەرانی پارتی بە یەكەوە لە بەرامبەر دوژمن شەڕمان دەكرد،لە هەر خولەكێك دەوروبەری 20 گوللە تۆپ لە دەوروبەرمان دەكەوتەوە، ئێمە تەنیا یەك شەهیدمان هەبوو، بریندارمان نەبوو،بەڵام برادەرانی پارتی شەهیدو برینداریان زۆر بوو. هەموو پێشمەرگەكان پێكەوە بووین ، ڕۆڵی زۆر باش و مەردانەیان بینی. بەڕاستی ئەم شەڕە داستان بوو، ئەو هەموو هێزەی دوژمن ، جەیش و جاش و تۆپباران و فڕۆكەش بەردەوام لەسەرمان بوو ، دەترساین چەكی كیمیاویش لەدژمان بەكاربێنن.سێ جار ویستیان بە كیمیاوی لێمان بدەن هەوا لە بەرژەوەندیان نەبوو. پێشمەرگە لە بەرامبەر دوژمن خۆڕاگرو ورەبەرز بوو.ڕۆڵێكی ئازانەیان گێڕا تاكو دواڕۆژو كشانەوەمان و چەكەكانمان لەگەل خۆمان بردو هیچ شتێكمان بەجێ نەهێشت.چووینە دۆڵەكۆگەی ، پارتیش چوونە دیوی ئێران،شنۆو دەوروبەری. ڕۆڵی ڕاگەیاندنیش باش بوو، هەموو ڕۆژ مەوقفی شەڕیان دەدایە ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عیراق.مەعنەویاتی پێشمەرگە لەكاتی شەڕ بەرز بوو، بۆ دوژمنمان سەلماند ئێمە ماوین و لە مەیدانین و بەرگری دەكەین.دوا جار بەهۆی فراوانی هێرشەكەی سوپای عیراق و بەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێك و فڕۆكەو مەترسی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و وەستانی شەڕی عێراق ئێران و هاتنی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەرسنوور،هێزی پێشمەرگە بە شەڕ كشایەوە بۆ سەرسنوورو ئەودیوی سنوور و دوای شەڕێكی مەردانەی 50 ڕۆژی كۆتایی بە شەڕەكە هات و سوپای عیراق ناوچەكەی گرت ، بۆ سوپای عیراق ئەم ناوچەیە ستراتیجی بوو. ٭ د.سەردار حوسێن تاهیر ڕواندزی (د.غەفار)بەشداربووی ئەم شەڕە وەكو پزیشك و پێشمەرگە: د.سەردار لە ساڵی1984 دوای ئەوەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری پزیشكی لە مۆسكۆ بەدەست دێنێت،گەڕاوەتەوە كوردستان و پەیوەندی بە ڕیزەكانی پێشمەرگەی حزبەكەی حزبی شیوعی عێراق كردووە بۆ تێكۆشان و خزمەتكردن و تاكو ساڵی1989 بەردەوام بووە وەكو پزیشكی شۆڕش و پێشمەرگە لە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە خزمەتی پێشمەرگەو خەڵكی گوندنشینەكانی كردووە. د.سەردار یەكێك بووە لە بەشداربوانی داستانی خواكورك، وەكو پزیشك لە بارودۆخی دژواری شەڕەكەدا خزمەتی زۆری پێشكەش كردووە. تاكو ئێستا چەند جار لەبارەی شەڕی خواكورك و ڕۆڵی خۆی و هاوڕێیانی لێدوانی داوەتە ڕۆژنامەو گۆڤارەكان و خۆشی لەسەر شەڕەكەی نووسیوە، د.غەفار لە بارەی ڕۆڵی هاوڕێیانی حزبی شیوعی لەم شەڕەدا قسەی بۆ كردووین و دەڵێ:" هاوڕێیان ڕۆڵی قارەمانانەیان هەبوو لەم داستانە مەزنەدا، بەشداری هێزی پێشمەرگەكانی بارەگای ڕاگەیاندنی حزب لە ئارموش ، هێزی پێشمەرگەی بنكەی موسلۆك، پێشمەرگەكانی بنكەی بارەگای م.س لە شێخانۆك كە هەموو بەشدارییەكی چالاكانەیان هەبوو. شایانی باسە هاوڕێ ئەبو یەسار ڕۆڵێكی باشی بینی وەك بەرپرس و پزیشكیش،سەردانی سەربازو ئەفسەرە بریندارەكانی لای پارتی دەكرد بۆ چارەسەركردنیان. هێزی پێشمەرگەی حزب كە لە داستانی خواكورك بەشداربوون بە 60 پێشمەرگە مەزەندە دەكران.پێشمەرگەی فیداكارو خۆڕاگربوون، هاوڕێ ئەبو فاروق ئەندامی (م.س) و هاوڕێ ئەبو تارا سەرپەرشتی پێشمەرگەكانی حزبیان دەكرد.هەروەها بەسەرپەرشتی و بەشداری هاوڕێیان: ئەبو یەسارو خەیری عیراقی و ئاسۆ گەرمیانی و زوهێرو ملازم قوسەی..هتد لەم داستانەدا لە ڕیزی هاوڕێیانی ئێمە مام عەلی شەهید بوو،كە كوردی ڕۆژهەڵات بوو،دەرچووی زانكۆ بوو بەشی فیزیا و مامۆستای دواناوەندی بوو. ئەوەی پەیوەندی بە كاروئەركی پزیشكی ئێمەوە هەبێت، لە یادمە كاتژمێر دەی بەیانی بوو دوو جانتای گەورەی پڕ لە جۆرەها دەرمان بە وڵاغێك بۆ شوێنی دیاریكراومان برد لە نێوان دوو گردی نزیك هەر 10 سەنگەرەكەی هێزی بەرگری پێشمەرگە، پاشان دوو چادرو 12 بەتانییان لە لایەن هەڤاڵانی پارتی بۆ ناردین،لە ڕۆژی19-7-1988 شەڕەكە دەستی پێكرد. بەشی پزیشكی مەیدانی بەرەی كوردستانی لە شەڕی خواكورك لەم هاوڕێ و هەڤاڵانە پێكهاتبوو:( د.حسان عاكف جگە لە پزیشكی بەرپرسی پێشمەرگەكانی حشع بوو،د. سەردار ڕواندزی كە لەوێ بە د.غەفار ناسراو بووم، د. ئیبراهیم گەرمیانی، د.خەیری شێخانی، د. سامی حاجی ئەمین، عەزیز ئەرگۆشی، سڵێوە شەقڵاوەیی، هەڤاڵ حاجی، ابو وسام، محەمەد مەجید)..هتد دوای كۆتایی داستانی خواكورك كە شەڕی (قەبری زاهیر)یشی پێ دەوترێت،لەگەل پزیشك و كارمەندانی تەندروستی پارتی بۆ ماوەی پێنج مانگ لە گوندی زێوەی ناو ئێران ماینەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی تەندروستی بە پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكە. لە داستانی خواكوركدا هێزی یەكگرتوو و هاوخەباتی بەرەی كوردستانی بە دەستەی نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان ناسێنرا كە بە دوو فڕۆكەی هەلیكۆپتەر بۆ دوو ڕۆژ دەهاتنە سەر سنوور و دەچوونەوە " . ٭ هاوڕێ ڕۆژگار پیرداود یەكێكی ترە لە پێشمەرگە شیوعییە بەشداربووەكانی داستانی خواكورك، لە بارەی ئەو هاوڕێ پێشمەرگانەی لەم شەڕەدا بەشداربوون ئەم ناوانەی لەبیرە:( د.حسان عاكف، ملازم قوسەی، ساگع،ابو زویا، ابو علی، گۆران، باخەوان، شەماڵ حەوێزی، ڕۆژگار، د.ابو وسام، د. غفار: دوو دكتۆر بوون لە یارمەتیدان و تیماركردنی بریندارەكان جێدەستیان دیاربوو". ٭ فوئاد سدیق و داستانی خواكورك: پێشمەرگەی دێرین و نووسەرو ڕۆژنامەنووس فوئاد سدیق لە ژمارە(74) ی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان كە لە 14-9-1993 دەرچووە،وتارێكی لەژێر ناونیشانی:( داستانی خواكورك بە نەبەردی گوڵەجەرگە شیوعییەكانیش ئەنجام درا) تیایدا هاتووە: " داستانی خواكورك ڕاستەوخۆ لە 19-7-1988 بە شێوەیەكی زۆر چڕو بەربڵاو دەستی پێكرد. هێزەكانی پارتی لە سەرەتاوە بە سەركردایەتی زەعیم عەلی بوون،مەفرەزەكانی حزبی شیوعیش بە سەركردایەتی هاوڕێ ابو یسار بوون، كە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق بوو.هەروەها هاوڕێیان عومەر عەلی شێخ و ابو داود كە هەردووكیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوون ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەكەیان دەكرد. لە ڕاستیدا هەموو ئەو ئەو هێزانەی لە ناوچەی خواكورك بوون بە پێی قەوارەی خۆیان بەشداریان لە شەڕەكەدا كرد. پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی هەر لە سەرەتاوە بەردەوام نزیكەی 50 پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی شەڕەكەدا بوون. پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی لە بیربەنان كە بارەگای (م.س)ی لێبوو شەڕێكی دەستەویەخەی جوامێرانەیان ئەنجامدا كە دوژمن زیانێكی ئێكجار زۆری لێكەوت و ئێمەش پێشمەرگەیەكی كۆڵنەدەرمان بە ناوی مام عەلی شەهید بوو. گرتنی پیربەنان و دەوروبەری وایكرد چی هێزی پێشمەرگە هەیە بچنە سەر زنجیرە چیای قەبری زاهیر و لەوێ سەنگەر بگرن،چونكە زنجیرە چیای قەبری زاهیر جگە لەوەی بڵندترین شوێن بوو لە ناوچەی خواكورك هەروەها زۆر نزیكی سنووری توركیاو ئێران بوو ، واتا سێ گۆشەیی هەڵكەوتبوو،دەمانزانی لەم شوێنە كیمیا باران ناكرێین، چونكە ڕژێمی بەغدا لە لایەك نەیدەویست توركیای لێ هەڵسێتەوە لە لایەكی تریش لەگەل ئێران لە گفتوگۆدابوو،تەنها ئەوەندە بوو هەموو جۆرە چەكێكی قورسی بەرامبەر بەكار دەهێناین. د.غەفار كە شەهادەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی هەبوو ئەندامێكی حشع بوو، شەوو ڕۆژ حەسانەوەی نەبوو، چ لەبەر نەخۆشی خەڵكی ناوچەكە ، چ لەبەر گوڵە جەرگە بریندارەكان . پێشمەرگەكانی پارتی هەمیشە ستایشی حزبی شیوعیان دەكرد بۆ ئەو هەوڵ و لەخۆ بوردنەی. شەوی3/4-9-1988 لووتكە چیایەكی زۆر بڵند كە هێزی بارزان بە سەركردایەتی د.سەعیدی پارتی لێ بوو، لایەكی چیایەكە كەوتە بەردەستی دوژمن،بۆ شەوی 4/5-9-1988 چیایەكە بە تەواوی كەوتە بەردەستی دوژمن، ئیتر لەبەر ئەو لووتكە چیایە كە بەرزترین لووتكە بوو دەیڕوانییە سەر قەبری زاهیر ناچار هێزی پێشمەرگە لە 5-9-1988 بڕیاری كشانەوەی دا " . (ماویەتی) لە بەشی دووەمدا چەند هاوڕێیەكی دی بەشداربووی ئەم داستانە قسەی خۆیان دەكەن.لەگەل خستنەڕووی چەند بەڵگەیەكی دی دەربارەی بەشداری پێشمەرگە شیوعییەكان لە داستانی خواكورك.