ئاشنا عومەر: ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی هەیە بۆ مانەوەیان لە هونەر
هەڤپەیڤین: كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند ئاشنا عومەر ناوی تەواوی( ئاشنا عومەر حەمە عزیز)-ە ساڵانێكەخۆی خستۆتە ناو دەریای هونەری گۆرانی و موزیك،هەر لەسەرەتای ژیانی هونەرییەوە، هەوڵی ئەوەی داوە بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆی فێری هونەری موزیك بكات دوای تەواوكردنی پەیمانگاو كۆلێژی هونەر توانی بڕوانامەی ماستەریش هەر لەبواری موزیك بەدەست بهێنێت، جگە لەوەش ئەو ئەندانی تیپی "ئۆكێسترای كوردستان " ئەندامی تیپی گروپی "مریەم خان " بووە.بۆ زیاتری ئاشنا بوون بەم خاتوونە هونەرمەندە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
*سەرەتا پێمان باشە باس بەلە چۆنیەتی ئاشنا بوون بەهونەری موزیك بكەیت.
- كاتێ قوتابی بووم لە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی حەزوو و ئارەزووم بۆ هونەری موزیك هەبوو، بۆیە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەو حەزوو ئاروەزووە، چوومە بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر،لە ساڵی 2003 بەسەركەوتووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانمتەواو كرد، بۆ ماوەی 10 ساڵ مامۆستای سرود وگۆرانی، دواتر كۆلێژی هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی موزیكم تەواو كرد لە ساڵی 2014، ماوەی چەند ساڵێك وەك معیدە لەبەشی موزیكی كولێژی هونەر كارم كرد، تا ساڵی2021 چومە خوێندنی باڵا و ماستەرنامەم لە زانستەكانی موزیك بە دەست هێنا.
لەو نێوەندەدا ماوەی چەند ساڵێك، ئەندامی" ئۆكێسترای كوردستان" بووم ، ئەندامی گروپی" مریەم خان" بووم كە گروپێكی خانمانە بوو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەشداری تەواوی چالاكییەكانی ئەم گروپانەم كردوە وەك دەنگ وەك ژەنیار لە ماوەی ئەم ساڵانەدا.
*كاتێ فێربوونی موزیكت هەڵبژارد تووشی هیچ كێشەوگرفت نەبوویتەوە؟
- بەڵی كاتێك موزیكم هەڵبژارد توشی كێشە و گرفتی زۆر بوومەوە، چونكە ئەو كاتە كۆمەڵگە قبوڵی نەبوو ئەفرەتێك لەسەر شەقام بە ئامێرەوە ڕێ بكات یاخود بە پاس بتوانێت بگەیتە شوێنی خوێندن، نەبوونی و خراپی لایەنی ئابووری خێزانەكان كە بە هۆی نەبوونیەوە نەمان دەتوانی ئامێرێكی پێویست بكڕین و گرنگی بە خۆمان و بەرەوپێشبردن بدەین،بۆیە سەردەمی ئێمە گرفت و كێشە زۆر بوون.
*تاچەند خێزانەكەت هاوكارت بوون بۆ ئەوەی لە كاروانی موزیك بەردەوام بیت؟
-خێزانەكەم هەموو هاوكار بوون ،چونكە باوەڕیان هەم بە هونەركردن هەبوو لە هەمان كاتدا باوەڕیان بە توانای ئافرەت هەیە ، پێیان وایە كە ئافرەت دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و كۆمەڵگە بەرەوپێش ببات لە ڕێگەی ئەو كارەی ئارەزووی دەكات.
*ئەو ژنیارانە كامەن كە كاریگەریان لەسەر بەرێزتان هەبوو؟
-ژەنیاری باش و بە توانا هەیە لە ناو كومەڵگەی كوردی، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو ، كورد و كۆمەڵگەی كوردی دەبێت شاناز هونەرەكەیەوە بكات و بە ژەنیارەكانیشی.
*موزیكی كوردی لە ئێستادا لە ئاستێك دا دەبینیت؟
- موزیكی و گۆرانی كوردی لە ئێستادا تێكەڵەیەكی پێوە دیارە، گەنجی باش و خوڵقێنەر هەیە كە ڕێز لە هونەرەكەی دەگرێت، دەنگی باش و ئەدای باش و تێكستی باش و میلۆدی باش.، بە داخەوە هەندێك كەسی بە ناو هونەرمەندیش چەپ و ڕاست بە بێ گوێدانە هیچ كەوتونەتە ناو هونەرو بێ هەستی و بێ ئێحساس فەراغەكانیان بە هونەر پردەكەنەوە و ناویان لە خۆیان ناوە گۆرانی بێژ ،ئەوەش جێگەی داخە كە هیچ فلتەریك نیە و بە ئاسانی دەتوانیت ببیت بە گۆرانی بێژ.
*رەخنەگری موزیك لە نێون موزیكی كوردی لەچ ئاستێك دایە؟
- بە شێوەیەكی گشتی لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا ڕەخنەی بنیاتنەر بوونی نیە، تەنیا ڕەخنەی ڕووخێنەر هەیە و بە بێ هیچ پێوەرێكی زانستی قسە لەسەر هەموو بابەتێك دەكرێت و هونەری موزیكیش لەونێوەندەدا بێبەش نییە.
*ئەو سیفەتانە چین كەپێوستە لە هەموو موزسیانێكدا هەبێت؟
- ڕۆشنبیری گشتی و خوێنەوەی تایبەت و بە ئەكادیمی بوون دەبێت لە موزیسیاندا هەبێت، ڕوو گەش و ئەدای قسەكردن و گفتوكۆ كردن دەبێت لە ئاستی ئەو ژەنیارەدابێت، بۆ ئەوەی جگە لە ژەنین ڕاوێژی تیۆریشی پێ بكات، چونكە ژەنیار ئامێریكی موزیكی كەسی ئاسایی نیە، بەڵكو كەسی نوخبەی كۆمەڵگەیە.
*ئاستی پەیمانگای و كۆلیژی هونەرە جوانكانی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئاستی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان و كۆلێژی هونەر بە شیوەیەكی گشتی باشە، بەڵام كەموكوڕیش هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە، درك بەوە دەكرێت كە لە ڕابردوودا هونەرمەند و مامۆستا ی باشتر پێئەگەێنرا، ئەوەی ڕاستی بێت، هونەر بە گشتی گۆرانی و موزیك بە تایبەتی لە ڕووی پراكتیكیەوە بێ بایەخ بووە، چونكە دەرچوان ناچارن دوای دەرچوونیان كاری دیكە بكەن بۆ بژێوی ژیانیان ،یاخوود كاری لایڤ موزیك ، ئەمەش حەقی خۆیانە، چونكە هیچ ڕێگەیەكی دیكەیان نیە،بۆ بژێوی ژیانیان.
* ئاستی گۆرانیبێژان و موزسیانانی كچانی كورد لەچ ئاستێك دایە؟
- ئاستی ئافرەت هەر وەك هەمیشە ئاساییە، چونكە گرنگی پێدان نیەو پاڵپشتی و دەستگیرۆی ئافرەتان بەهرەمەند لەم بوارە لاوازە، تاك و تەرا لەسەر ئاستی ژەنین و دەنگ ، ئافرەت دروست دەبێت، كە دروستش دەبێت ئەمەنە قسەی ناخۆش و تیروتوانج ئاراستەی دەكرێت، بە دەگمەن دەمێننەوە لە ناو پرۆسەكە، ئەگەر سەرەنج بدەن لێرە و لەوێ بە پەنجەی دەست هەم موزیسیان هەم گۆرانی بێژ دەبینرێت، هۆكاریش بۆ ئەمە زۆرە یەكێك لەوانە بەڕێژەیەكی زۆر كەم خێزانەكان ڕێگە بە كچەكانیان دەدەن كە بچنە ناوەندەكانی خوێندنی هونەر ، نایانەوێت، كچەكانیان شەهادەی ئەوە بە دەست بهێنن كە ئارەزووی دەكەن، پێیان وایە ئەو هەموو ساڵەی خوێندنی كچەكانیان لە هونەردا بێت، لە كۆتایدا ڕەنج بە خەسار دەبن، ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی هەیە بۆ مانەوەیان لە هونەر.
*لەوماوەیەدا بڕوانامەی ماستەر لە بواری موزیك بەدەست هێنا، ئەگەر باس لە ناوەڕۆكی توێژینەوەكەت بكەیت؟
- بەڵێ بڕوانامەی ماستەرم بە دەست هێنا لە زانستەكانی موزیك. ناونشانی ماستەر نامەكەم (ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانی هاوچەرخی كوریدا) ناونیشانێكی نوێ و كارێكی دەگمەن بوو، ئەزموونێكی نوێ بوو زۆر شت فێر بووم ،گەشتمە ئەنجامێكی باش لە توێژینەوەكەم، ناوەڕۆكی باسەكەم زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا، جوانیناسی ، گۆرانی هاوچەرخ و هاوچەرخی كوردیە، شیكاریمان بۆ نموونەی ئەو گۆرانیانە كردوە كە بۆ باسەكەم هەڵمبژاردوە، بە داتا لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە گەشتینە ئەو ئەنجامەی كە دەمانویست.
*ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەكەین، كە دەرفەتان بە ئێمە بەخشی.
-منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە.