هەژار ئیبراهیم-سۆران

 

"لەم چەند ڕۆژەی دواییدا کتێبی "سەختییەکانی منداڵیم" کەوتە بەردیدی خوێنەران و لێرەولەوێ لەبارەیەوە نووسرا. خەڵکانێک بۆچوونیان وابوو کە نەدەبوو نووسەر بەو شێوە نەرێنییە باس لەڕۆڵی کارەکتەری باوک بکات. بەشێکیش پێیوایە کە ئەوەی نووسەر باسی کردووە بۆتە کلتوور. باوکسالاری زیانی زۆری هەبووە لەسەر خێزان و کۆمەڵگەش. ڕێگای کوردستان گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ یاسین ڕابیعە نووسەری ئەم کتێبە ئەنجامدا.

ڕێگای کوردستان: سەرەتا با بزانین یاسین ڕابیعە کێیە؟

 من یاسین ڕابیعە، ڕابیعە ناوی دایکمە، خەڵکی گوندی قێرژەی بناری سەفینی خۆشناوەتیم، لەساڵی 1990لەدایکبوومە. هیچ قۆناغێکی خوێندنم نەبڕیوە. ساڵی 2005 لە خولێکی نەخوێندەواریدا بە دوو حەفتە فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بووم. ساڵی 2007 لەگەل سابات خان ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێناوە. ساڵی 2008 بوومە پێشمەرگە و تا ئێستاش هەر پێشمەرگەمە.

ڕێگای کوردستان: گەر ناساندنێکی کورت بۆ کتێبەکەت بکەیت.

یاسین ڕابیعە: ماوەی دوو ساڵە خەریکی نووسینی ئەو کتێبەم. بیرەوەرییەکانی منداڵیم، یەکەمین کتێبمە.

ڕێگای کوردستان: کتێبی بیرەوەرییەکان وەک دەزانین زیاتر ئەوانەی دەچنە تەمەنەوە دەینووسن، کەچی تۆ لەتەمەنی گەنجییەوە بیرەوەرییەکانی ژیانت نووسیوە.

یاسین ڕابیعە: مەرج نییە من تەمەنم بگاتە نزیک پیری ئەوجا بنووسم، پاشان کێ دەڵێ من ئەوەندە تەمەندرێژ دەبم، ئێستا زۆر باشە کە هەموو ڕووداوەکانم لەبیرە.

ڕێگای کوردستان: مەبەستت لەگێڕانەوەی ئەو بیڕەوەرییانە، بەتایبەتی لەبارەی کارەکتەری باوک بەو شێوە زەقە چییه؟

یاسین ڕابیعە: ئەو بەڕەهایی پیرۆزبوونەی باوک من بەڕەوای نازانم، ئەو هەموو منەتکردنەی دایک و باوک لەسەر منداڵەکانی زۆر بێ مانایە، بۆچی دەبێت منداڵ خۆی بە قەرزاری دایک و باوک بزانێ لەکاتێکدا هیچ ئاگای لێ نەبووە لەو پرۆسەیە داسەپاوەدا، دایک و باوک خۆشەویستن، بەڵام پیرۆز نین. چونکە ئەگەر هەر شتێک پیرۆزکرا، خۆت لە بەرانبەریدا بەبچووکی دەبینی، ئەوە بۆ دایک و باوکێک ئەگەر هیچ کێشەیان نەبێت ئەوجا پیرۆز نییە، وێڕای ئەوەی باوکی خراپ و دەستوەشێن و جوێنفرۆش و دکتاتۆرمان زۆرە، کە بەشێوەیەکی زۆر قێزەون ئەزیەتی ژن و منداڵەکانی خۆی دەدات تائێستاش ئەو باوکە سەقەت و نەخۆشانە هەن، بۆیە دەبێ قسەیان لەسەر بکرێت و چیتر پیرۆز نین.

ڕێگای کوردستان: ئەو ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییەت درکاندنی ئەو ستەمەی باوک لە تۆ، هیچ کێشە و نیگەرانییەکی لەلای خوشک و برا و خانەوادە و خزمانت بۆ دروستنەکردووی، ناڕەزایەتی لەو کتێبەت دەرببڕن؟

یاسین ڕابیعە: نا چونکە من پازدە سالە ئیش لەسەر دروستکردنی خۆم دەکەم زۆر جار ڕەخنەم لە نەزانی و گەمژەیی خۆشم گرتووە، باسی کارە ناشرینەکانی خۆشم کردووە لە ڕابردوودا، بۆیە کەس و کارم باش لە ڕێگە و مەبدەئی من دەزانن هیچ دەخالەت لەژیانی من ناکەن.

ڕێگای کوردستان: تا ئێستا لەکوێ ناساندنت بۆ کردووە، بەنیازی له کوێی تر کۆڕی ناساندنی بۆ بکەیت؟

یاسین ڕابیعە: لە هەولێر و سلێمانی و کۆیە ناساندنی بۆ کراوە بەنیازم لە ڕانیە و سۆرانیش ناساندنی بۆ بکەم.

ڕێگای کوردستان: لەکۆتاییدا گەرشتێکت مابێت؟

یاسین ڕابیعە: دوا قسە ئەوەیە با ئێمە فێری ڕەخنە و پێشنیار و بۆچوونی جیاواز بین، چیتر ئەوا بە رەهایی خۆمان پیرۆز نەکەین لەسەر منداڵەکانمان.  با ڕەواناس بین، واز لە خۆپیرۆزکردن بهێنین، سوپاس بۆ ڕۆژنامەکەتان بۆ پرسیار و بەدواداچوون، لە بارەی کتێبی سەختییەکانی مندالیم، بۆگرنگیدان  بە ئەدەب و پەرتووکی نووسەران و ناساندنیان.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا