
حەوت ساڵ بەسەر ئاوابوونی ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەب و تێكۆشانی نیشتمانی و چینایەتی كوردستاندا تێدەپەڕێت.
پرۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (١٩٣٤ - ٢٠١٩)، ناوێكی درەوشاوەی كتێبخانە و زانكۆكان بوو، مێژوویەكی زیندووی گەڕۆك بوو زۆرێک لە وێستگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی و فیكریی گەلی كوردی لە سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمدا بڕیبوو.
دكتۆر عیزەدین، كە لە بنەماڵەیەكی ئایینی و ڕۆشنبیری دیاری سلێمانی (بنەماڵەی دێلێژە) چاوی بە ژیان هەڵهێنا، زۆر زوو لە مزگەوتەوە ڕێگەی كاروانی خەباتی سیاسی گرتەبەر و بوو بە یەكێك لە سیمبولە دیارەكانی حزبی شیوعی كوردستان و عێراق. ئەو مرۆڤە بوو كە هەم لە ڕاپەڕینەكانی بەغدادا تێکۆشانی کرد، هەم لە چیاو و ئەشكەوتەكانی كوردستاندا چەكی پێشمەرگایەتی كردە شان، و هەم لە زانكۆكانی مۆسكۆ و باكۆ و بەغدادا بوو بە چرایەكی زانستی بۆ ئەدەب دەبی کوردی.
خاوەنی ٩١ كتێبی چاپكراو و سەدان وتار و لێكۆڵینەوە، كەسایەتییەك بوو كە توانی "ئەكادیمیا" لە قاڵبە وشكەكان ڕزگار بكات و بێتیە ناو شەقام و مەجلیسی خەڵك. ئەو نەك هەر یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بەڵكو یەكەم بەیاننامەی ئەو ڕێكخراوە بە قەڵەمە بڕشتەكەی ئەو نووسرا. تەنانەت كاتێك بوو بە ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان، وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ و خەمخۆر، دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك بوو.
لە کاتێکدا، حەوت ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئەم زانا گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هەفتەنامەی (ڕێگای كوردستان) بە ئەركی خۆی دەزانێت ئاوڕێكی ورد لە كەلەپوورە دەوڵەمەندەكەی بداتەوە. لەم دۆسیە تایبەتەدا، میوانداری دوو كەسایەتی دیار دەكەین: "پرۆفیسۆردکتۆر وریا عومەر ئەمین" زمانەوان و ئەکادیمی ناودار و "دكتۆر جەمشید حەیدەری" وەك هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوپیشەیەكی نزیكی دكتۆر عیزەدین، تا پێكەوە تیشک بخەینە سەر ڕەهەندە شاراوەكانی ژیانی ئەو مرۆڤەی كە وەسیەتی كرد تەنانەت لە مردنیشدا لە تەنیشت "گۆران" و "محەمەدی مەلا كەریم"ی هاوڕێی بێت.
دکتۆر عیزەدین مستەفا مەحموود
زانایەکی گەورە و فرە ڕەهەندی چەپ
دۆسییەی هەفتەنامەی «ڕێگای کوردستان» لەبارەی دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ
چاوپێکەوتن لەگەڵ د. جەمشید حەیدەری لەبارەی دکتۆر عیزەدینەوە
تەوەری یەکەم: زمان و ئەدەب
جەنابی دکتۆر جەمشید؛ ئێوە وەک پسپۆڕێکی زمانی کوردی، شێوازی نووسینی دکتۆر عیزەدین چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەو تا چەند توانیبووی زمانی ئەکادیمی و زمانی گێڕانەوەی ئەدەبی بەیەکەوە گرێ بدات؟
شێوازی زمانی نووسینی ئەکادیمی (لێکۆڵینەوە) لەگەڵ شێوازی زمانی گێڕانەوە جیاوازە ، چونکە نووسینی ئەکادیمی بۆ پسپۆڕان بەکار دێت، لە کاکڵدا زمانی گێڕانەوە بۆ خوێنەران .بە گشتی د. عیزەدین زانایەکی گەورە بوو لە بواری زمان و لە شێوازی دەربڕین. لەهەردوو بواردا بەرهەمە زانستیەکانی ئەوە دەسەلمێنن.
دکتۆر عیزەدین لە نووسینەکانیدا زۆر جەختی لەسەر ڕەسەنایەتیی زمان، بەکارهێنانی وشەی کوردی و کورداندنەوە دەکردەوە؛ کاریگەریی ئەو لەسەر «پەرەپێدانی زمانی ستانداردی کوردی» لە ناوەندە زانستییەکاندا چی بوو؟
گومانی تێدا نییە، بەرهەم و نووسین و دەرسەکانی لە زانکودا، کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر پەرەپێدان و پیشکەوتنی (ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن زمانی ستاندار)، من لەو باوەڕەدام زمانی ستانداردی کوردی (کرمانجی خواروو، کرمانجی سەروو)، ئەو کات دەبنه ستاندارت کە دەوڵەتت هەبێت لە هەموو دام و دەزگەکان و لە پەروەردە دا بەکاربهێنرێت.. ئێستا لە کوردستان (باکووڕ کرمانجی سەروو، باشوور کرمانجی خواروو) ئەو دوو شێوازە بە دوو ئەلف و بێی جیاواز دەنووسرێن. بۆیە ناکرێت بڵێن یەک زمانی کوردی ستاندارمان هەیە.
بێگومان د. عیزەدین زۆر تێبینی هەبوو لەسەر بە هەڵە بەکارهێنانی زمانی کوردی ، لە بواری مێدیایی بەتایبەتی لە تێڤیدا.
. دکتۆر عیزەدین چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەقە کلاسیکەکاندا (وەک خانی و مەحوی) دەکرد؟ ئایا ئەو زیاتر وەک زمانناسێک سەیری دە کردن، یان وەک مێژوونووسێکی ئەدەب؟
بەڵی گومان د. عیزەدین شارەزایەکی باشی هەبووە لە هەموو زاراوەکان ، بەتایبەتی لە سەرەتای کارکردنی لە زانکو –
بابه تی دیالێکتەکانی کوردی دەوتەوە، ئەوەش یارمەتیدەربوو بۆ زانینی هەردوو زارەوەی سەرەکی. جگە لەوە د. عیزەدین بۆ ماوەی چەند ساڵیک لە لە زانکۆدا لە سەر بەرهەمەکانی نەحمەدی خانی کاری کردووە. جگە لەوەی دکتۆرای دووەمی لەسەرخانی بووە، بەرچاوم نەکەوتووە. لەسەر مەحوی لێکۆڵینەوەی کردووە، هەروا لەسەر بابا تاهیری عوریانی، مەلای جەزیری، فەقێ تەیران، بەردەشانی و شێخ ڕەزای تالەبانی بە وردی و بابەتیانە لێکۆڵینەوەی لەسەریان کردووە.
تەوەری دووەم: ئایدۆلۆژیا و خەباتی سیاسی (حیزبی شیوعی)
ئێوە و دکتۆر عیزەدین هەردووکتان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون؛ بیری مارکسیزم و ڕیالیزمی سۆسیالیستی تا چەند هەوێنی نووسین و ڕەخنە ئەدەبییەکانی دکتۆر عیزەدین بوو؟ ئایا ئەو دەقە ئەدەبییەکانی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیادا دەبینی، یان بە دیدێکی فراوانتر لێی دەڕوانی؟
من پێموابە بیری مارکسی لەگەڵ ( رێبازى ڕیالیزمی سۆسیالستی) دوو بابەتی جیاوازن، چونكە مارکسیزم زۆر فرەوانترە لە (رێبازەی کە لە ساڵی ١٩٣٦ - لە یەکەم کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی سۆڤیەت لە دایکبووە).
بێگومان من و دکتۆر عیزەدین لێکدانەوەمان لە ڕوانگەی بیری مارکسیەوە بوو، چونکە لە هەڵسەنگاندنەکەمان بۆ دەقەکانی ئەدەبی پایەبەند نەبووین بە چەمکێکی سەپێنراو (مه بە سستم ریالیستی سۆسیالستییە) چونکە پایەبەندبوون، واتە لەدەستدانی ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین.
کاتێ کە دکتۆر عیزەدین هات بۆ دکتۆرای دووەمی ، لە لینینگراد لە ژووری من - لەگەڵ برۆفیسۆر قەناتی کوردۆ ڕۆنیشتین، دکتۆر بە تەمابوو لەسەر ریبازی سۆسیالستی، لە ئەدەبی کوردی دا بنووسێ، من پێم گوت: ئێمە نووسەر (چیرۆکنووس و شاعیری هەڵگری بیری مارکسیمان هەیە، بەڵام بەرهەمەکانیان ناچێتە ناو ڕێبازی سۆسیالیستی. مامۆستا کوردۆیفیش لەگەڵم هاوڕابوو . ماموستا کوردۆیف پێشنیاری کرد دکتۆر عیزەدین دکتۆراکەی لەسەر خانی بێت، بەتایبەتی دکتۆر باسی لێکۆڵێنەوەکانی خۆی لەسەر خانی کرد . دکتۆر بەدیدێکی زانستیانە دەقەکانی هەڵسەنگاند.
لە مێژووی سیاسیی کورددا، دکتۆر عیزەدین وەک ڕۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕ دەناسرا. ئێوە وەک هاوڕێیەکی نزیکی، چ یادەوەرییەکتان لە کۆبوونەوە حیزبییەکان یان چالاکییە سیاسییەکانیدا هەیە کە نیشانەی پابەندبوونی ئەو بێت بەو فیکرەوە؟
من و دکتۆر عیزەدین هاوڕا بوویین بەرامبەر خەتی ئابی ١٩٦٤ و لەتبوونەکەی (١٩٦٧/٩/١٧)، بەڵام من و د. عیزەدین لەیەک ڕێکخراوەی حیزبی کارم نەکردووە، بەلام دانیشتن و گفتوگۆمان زۆر بووە، بە تایبەتی کە جاری سێیەم هاتە سۆڤیەت . من مانگانە سەردانی مۆسکۆم دەکرد و شەویش لای ئەو دەمامەوە. هەندێ شەو نیوەی شەو هەڵدەستا و دەستی بۆ قەڵەم دەبرد، یاخود کتێب، یان دەستمان بە قسەکردن دەکرد. دکتۆر ماندووبووبی نەدەزانی.
دکتۆر عیزەدین چۆن دەیتوانی لە یەک كاتدا هەم «کادیرێکی سیاسی» بێت و هەم «ڕۆشنبیرێکی ئەکادیمیی بێلایەن» کە هەموو لایەنەکان ڕێزی لێ بگرن؟
دکتۆر عیزەدین هیچ کاتێ ئیدیعای ئەوەی نە کردوە کە ڕۆشنبیرێکی بێلایەنە ، بە پێچەوانەوە هەردەم پێداگری لەسەر پایەبەندبوونی بە مارکسییەوە دەکرد، بێگومان ئەو ڕۆشبیرێکی ئەکادیمی فرە ڕەهەند بوو. لە پەرلەمانی کوردستان وسەرۆکایەتی یەکێتی نووسەران کورد وەک ڕۆشنبیرێکی پایەبەرز وکادیرێکی پاکی خاوەن هەڵوێست ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لەهەموو بوارێکدا.
تەوەری سێیەم: هاوڕێیەتی
. جەنابی دکتۆر؛ گەورەترین و جوانترین تایبەتمەندیی دکتۆر عیزەدین کە لە هاوڕێیەتیی چەندین ساڵەتاندا بۆت دەركەوتووە، چی بوو؟ چ شتێک لەو پیاوەدا هەبوو کە لە کەسانی تردا نەبوو؟
د. عیزەدین ئەمەکدار و بە وەفا بووە بۆئەو هاوڕێیانەی کاریگەرییان لەسەری هەبوو. نموونە بوون لە ژیانیدا وەک شەهید جەمال حەیدەری و مامۆستا عەبدوڵا گۆران و مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم.
. دوای حەوت ساڵ لە کۆچی دوایی، ئەگەر دکتۆر جەمشید حەیدەری بیەوێت لە یەک ڕستەدا پێناسەی «کەلەپووری دکتۆر عیزەدین» بکات، چی دەڵێت؟
کەلەپوری د. عیزەدین بەشێکە لە مێژووی شارستانیەتی کورد.
د. عزالدین مستەفا ڕەسووڵ - یەکەم ئەندازیاری زمانی ستاندارد
و یەکەم ئەکادیمیستە، پرس و گرنگێتیى زمانى ستانداردی کوردیى ورووژاند و کتێبى لە بارەیەوە بڵاوکردەوە.
وریا عمر أمین
.
لە ساڵى خوێندنى ١٩٦٨ ــ ١٩٦٩ لە قۆناغى دووەمى بەشى کوردیى زانکۆى بەغداد بووم ، ، بەهەشتى د. عزالدین مستەفا ڕەسوول وانەى (شێوەکان) ى پێ دەوتینەوە..بەرنامەى وانەکە (داستانى مەم و زینى ئەحمەدى خانى) بوو . هەر حەفتەیەى پەنجا شەست دێرمان لێ دەخوێند و شیمان دەکردنەوە و لەگەڵ شێوەزارەکانی تر بەراوردمان دەکردن و گفتوگۆمان لە بارەیانەوە دەکرد و ئەزبەرمان دەکردن. من ئیستاش سەدان دێریم لێ لەبەرە و لە بیر ماوە. زمانى ستاندارد و زمانى ئەدەبى یەکگرتوو بابەتێکى سەرەکى بوو لە بەرنامەکەدا.
د. عزالدین پوختەى موحازەرەکانى خۆى لە بارەى زمانى ستانداردەوە وەک کتێبێ لە ساڵى ١٩٧١دا بە چاپ گەیاند. یەکەم ئەکادیمیستە پرس و گرنگێتیى زمانى یەکگرتووى کوردیى ورووژاند و کتێبى لە بارەیەوە بڵاوکردەوە. بۆتە سەرچاوەى سەرەکى بۆ بابەتى زمانى یەکگرتووى کوردى. هەر چییێکى لە بارەى پرسى ستاندەردەوە دواى ئەم کتێبە دەرچووبێ ، هەموو دووبارە کردنەوەى بۆچوونەکانى د. عزالدینن.
لە پاڵ بابەتى وانەکە و لە ڕێى چەمک و ناوەرۆکى دێرەکانى داستانى مەم و زینەوە ، د. عزالدین فێرى زۆر شتى دەکردین ، کوردایەتى ، مێژوو ، فەلسەفە ، پەروەردە ، مرۆڤایەتى .. وا دیار بوو خۆشى پڕۆژەى هەبوو لە بارەى ئەحمەدى خانییەوە.. وا بوو لە ساڵى ١٩٧٩چوو لە مۆسکۆ وەک نامەیێک بە ناونیشانى (ئەحمەدى خانى ـ شاعیر و بیرمەند .. فەیلەسووف و سۆفى) پێشکەش بە زانکۆى مۆسکۆى کرد و بەرزترین بڕوانامەى پێ وەرگرت.
ئەوساڵە بوو د. عزالدین ، داواى لە ئێمەى قوتابى کرد باسێک لە بارەى شێوەکان و زمانى یەکگرتووى کوردى ئامادە بکەین . ئەوسا ئێمە قوتابیى قۆناغى دووەم بووین ، ئاستى زانیاریمان نزم بوو . ژمارەى هەموو کتێبەکانى کتێبخانەى کوردى بە گۆڤارەکانەوە لە ٣٠٠ ڕەت نەدەبوو.لەمانە هەر سی چل کتێب و باس و فەڕهەنگ لە بارەى زمانى کوردییەوە بوون . بە پشت بەستن بەو چەن سەرچاوە کەمەى ئەوسا بەردەست بوون ڕاپۆڕتەکەم ئامادەکرد.
لەو ساکەوە تا ئیستا کە دەکا ٥٥ ساڵ بەر لە ئیمڕۆ، بە سەدان وتار و لێکۆڵینەوە و نامە و کتێب لە بارەى شێوەزار و ستانداردى زمانى کوردییەوە بڵاوکراونەتەوە .گەر زانیارییەکانى ئەم ڕاپۆڕتە بەراودرد بکرێن لەگەڵ زۆربەیان دەبینین جیاوازییێکى ئەوتۆ لە نێوانیاندا بەدى ناکرێت. .هەر هەمان ئەو زانیارییانەن کە لە نووسینەکانى تۆفیق وەهبى و ڕۆژهەڵاتناسەکاندا خراونەتە ڕوو ، بێ تاقیکردنەوەى مەیدانى دووبارە دەکرێنەوە. ئەمە بەڵگەى ئەوەیە کە زۆربەى لێکۆڵینەوەکانمان ئامادە کردن و لێک وەرگرتنن. لەگەڵ ڕیزم بۆ هەندێکیان.
سەرەڕاى ساکارى و سەرەتاییى ڕاپۆڕتەکەم ، وێنەکەى و هی ئەو نەخشەیەى شێوەکانى زمانى کوردى کە ٧٠ ساڵ بەر لە ئیمڕۆ بڵاوکراوەتەوە دەخەمە بەرچاو.
ڕاپۆڕتەکە نۆ لاپەڕەیە ، ئەو بەشەى باسى ستاندارد و دابەش کردنى شێوەکانى کوردییە (ل: 6 ـ 7 ـ 8 ـ 9) ، بە پرینت وەک خۆى بێ هیچ گۆڕانکارییێک دەخەمە ڕوو.
*******
چۆن زمانى پەتى پەیدا ئەبێ
ئەو شێوەیەى بۆى هەڵئەکەوێ بەسەر شێوەکانى تر زاڵ بێ یا بەسەر زۆربەیانا ئەوە ئەبێ بە زمانى وڵات یا وەک پێى ئەڵێن (زمانى پەتى) یا ( زمانى نەتەوە). بەم شێوەیە لە قوتابخانەکان ئەخوێنرێ و کاروبارى وڵات هەڵئەسوونرێ.
چەن هۆیەک هەیە وا ئەکا شێوەیەک بەسەر شێوەکانى ترا زاڵ بێ و ببێ بە زمانى وڵات و نەتەوە و پێى بوترێ زمانى پەتى .. ئەم هۆیانەش ئەمانەن..
١ ــ هۆى ئایینى .. ئایینێک لە ناوچەیەک پەیدا ئەبێ و بە شێوەى ئەو ناوچەیە بڵاو بێتەوە لە ناوچەکانى ترى ولاتا و خەڵکەکە بڕواى پێ بکەن .. بێ گومان هەموو ڕوو لەو شێوەیە ئەکەن ئایینەکەى پێ نووسراوەتەوە و هەموو فێرى ئەبن وەکو زمانى عەرەبى.. چونکە ئاینى ئیسلام و قورئان بە شێوەى قوڕەیش بوو هەموو ئەوانەى کەوتنە ژێر ئاڵاى ئیسلام ڕوویان لەو شێوەیە کرد ، و لە ئەنجاما بوو بە زمانى پەتیى نەتەوەى عەرەب..
٢ ــ هۆى سیاسی : دەسەڵات لە ناوچەیەکا پەیدا ئەبێ و کار و بارى وڵات و خوێندن لە وڵاتەکە بەم شێوەیە بێ و بسەپێنرێ بەسەر ناوچەکانى ترا.
٣ ــ هۆى ئابوورى .. ئەمەش لە ناوچەیەکا بارى ئابوورى گەش بێ و خەڵکى ناوچەکانى تر هەموو ڕووى تێ ئەکەن و بزووتنەوەى بازرگانى بەهێز بێ و هات و چوو زۆر بێ بۆ ئەم ناوچەیەز
٤ ــ پەیدا بوونى دەستەیەک لە نووسەران و شاعیرانى بەرز کە بەرهەمەکانیان بچێتە ناو دڵى هەموو نەتەوەکە بە هەموو شێوەکانییەوە.
بۆمان دەرئەکەوێ ئەوەى زمانى پەتى پەیدا ئەکا و دروستى ئەکا ، ئەوەیە شتێک هەبێ هەموو میللەتەکە ڕووى تێکا و لە یەکیان ببەستێ.
.
زمانى کوردى و شێوەکانى
زمانى کوردى یەکێکە لە زمانەکانى بەرەى هیند و ئەوروپى ـ لقى ئێران. بەرەى هیند و ئەوروپیش بە تەواوى نەزانراوە و ساغ نەبۆتەوە لە کوێوە هەڵقوڵاوە و یەکەم نیشتمانى کوێوەیە.؟ و هەموو ئەوەى لەلایەن زانایانەوە وتراوە دەربارەى پەیدا بوونى تەخمین و لێکدانەوەى بێ بەڵگەى عیلمییە. هەندێ لە زانایان ئەڵێن لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا لە ڕووسیا پەیدا بووە .. هەندێکیش ئەڵێن لە ناوچەکانى دەریاى بەڵتیق.
زمانەکانى لقى ئێرانیش بریتییە لە زمانانى . ( کوردى ــ فارسیى کۆن ــ ئاوێستا و زەند ئاوێستا ــ پەهلەوى ــ فارسیى نوێ ــ ئەسیتى ــ ئەفغانى .. هتد).
زمانى کوردیش زمانى نەتەوەى کوردە .. (ئەم نەتەوەیەش لە وڵاتى کوردستان نیشتەجێیە ، کە کەوتۆتە نێوان هێڵى (٣٣) و (٤٠) ى پانى، و (٣٧) و (٤٨) ى درێژى. و ڕووى (٦٥٠, ٤٠٩ ) کیلۆمەتر ئەبێ)(١)
(١) ـ الواقعیە فی الادب الکردى ـ الدکتور عزالدین رسول. ص ١١.
شێوەکانى زمانى کوردى
گەلێ لە زانایان و نووسەرانى مێژووى کورد و زمانى کوردى هەوڵى ئەوەیان داوە ئەتلەسی زمانی کوردی بە دەستنیشانکردنی شێوەزارەکانی بخەنە ڕوو. لەمانە محمد امین زەکى و شێخ محمدى خاڵ و توفیق وەهبى .. هتد.
.
یەکەم : محمد امین زەکى لە کتێبى ـ مێژووى کورد و کوردستان ــ بەم جۆرە زمانى کوردى دابەش دەکا و دەیکا بە سێ بەش : ـ
١ ــ بەشى ئێرانى :
أ ـ شێوەى (سنە ــ کرمنشاه)
ب ــ شێوەى (کێوى و کۆچەرەکان)
٢ ــ کرمانجیى ڕۆژهەڵات .
ئەمەش بریتییە لە شێوەى هەولێر و سلێمانى.
٣ ــ کرمانجیى ژووروو و ڕۆژئاوا.
ئەم بەشەش بریتییە لە شێوەى کوردەکانى (ئەریڤان) و کوردەکانى (بارۆکلى) کە لە دەورانپشتى چیاى ئارارات نیشتەجێن. و کوردەکانى (ئەرزرووم) و (بایەزید) و ناوچەى (ئەرمیە ــ هەکارى ــ شمدینان) . و ناوچەى (بادینان ــ بهتان) و ناوچەى (تور عابدین ــ ماردین ــ دیار بەکر) و ناوچەى ژوورووى سووریا(١)
.(١) ــ محمد امین زکى ــ خلاصە تاریخ الکرد و کردستان ـ الطبعة الثانية . ص ٣١٩.
.
دووەم : شیخ محمدى خاڵ زمانى کوردیى کردووە بە چوار بەش.
١ ــ زازا.
٢ ـ کرمانجیى دەستە چەپ (شمالى) کە بۆتانییە و(بادینى) و (هەکارى) و (بایەزیدى) و(شەمدینانى) یە.
٣ ــ کرمانجیى دەستە ڕاست کە (سۆرانى) و (بابانى) و (موکریانى) و (ئەردەلانى) و (کەلهوورى) و (گۆرانى) یە.
٤ ــ لوڕى کە (بەختیارى) و (لەکى) و (فەیلى) یە.(٢)
٢) ـ فەڕهەنگى خاڵ ــ شێخ محمدى خاڵ ـ ل ٢٦.
.
سێیەم : توفیق وەهبی زمانى کوردیى کردووە بە چوار شێوەى گەورە ، و هەر شێوەیەکیش لەمانە چەن لقێکە و هەر لقەى چەن لقێکى بچووکترە .
.
چوارەم : مستەفا ڕەسوول چوارەم : دکتۆر عزالدین
١ ــ شێوەى کرمانجى
ئەم شێوەیەى کردووە بە دوو بەش.
أ ــ شێوەى کرمانجی ژووروو. ب ــ شێوەى کرمانجیى خواروو.
أ ــ شێوەى کرمانجیى ژووروو. ئەم شێوەیە پێنج لقە.
١ ــ بادینانى : لە زێى گەورەوە تا شاخەکانى هەکارى . ((عیڕا{)
٢ ــ بۆتانى : لە ڕۆژئاواى (زاخۆ) وە تا (ماردین) و (نسیبین) بە پانى و ، بە درێژى لە (سعرد٩ ەوە تا (دیر الزور) ، عیڕاق و سوریا).
٣ ــ هەکارى : (تورکیا).
٤ ــ ئاشتیانى:
٥ ــ بایەزیدى:
ب ــ شێوەى کرمانجیى خواروو ک ئەم شێوەیە چوار لقە.
١ ــ سۆرانى: لە زێى بچووکەوە تا زێى گەورە .(عیراق).
٢ ـ سلێمانى : لە سیوانەوە تا زێى بچووک. (عیڕاق).
٣ ــ موکریانى : لە (شنۆ) و (لاجان) ەوە بەسەر (سابڵاخ) و (سەردەشت) دا تاوەکوو (میان دواو). (ئێران).
٤ ــ سنەیى : ناوچەى سنەیە لە ئێران (ئەردەلان).
٢ ــ شێوەى گۆران : ئەم شێوەیە چوار لقە:
١ ــ زەنگەنە: ڕۆژهەڵاتى خوارووى کەرکووک .(عیڕاق)
٢ ــ هەورامى : (هەورەمانى لهۆن و هەورەمانى تەخت) کە کەوتۆتە نێوان مەریوان و سیروان (نیوەى کەوتۆتە عیڕاق و نیوەى ئێران)
٣ ــ با جەڵانى : کەوتۆتە ناوچەى خانەقین. (عیڕاق).
٤ ـ کاکەیى : لە خوارووى کەرکووک. (عیڕاق)
٣ ــ لوڕى : ئەم شێوەیە لە خوارووى کەرمەنشاوە تا خەلیجى فارسییە. و ئەکرێتە پێنج لق.
١ ــ لەکى : خێڵیکە لە زەند.
٢ ــ کەلوورى : کەوتۆتە لوڕستان.
٣ ـ بەختیارى : کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتى کەرمەنشاه لە ئێران.
٤ ــ مامەسەنى :
٥ : فەیلى : لە ئێران لە ناو شاخى پشتکۆ دائەنیشن
٤ ـ زازا .. لە ڕۆژئاواى (دیار بەکر) بە (ئۆرفە) و خەرپووت و دەرسیم لە کوردستانى تورکیا.
.
