گفتوگۆی فەیسیل فؤادی لەگەڵ سهیل زەهاوی
وەرگێڕاني ئاسۆ شێخ علی بەرزنجی 

بە درێژایی مێژووی حیزبی شیوعی عێراق، ژنە شیوعیەکانی عێراق هەمیشە یەکێك بوون لە پایە سەرەکییەکانی خەباتی سیاسی و جەماوەری. ڕۆڵی ژنان تەنها لە چالاکییەکانی تایبەت بە ژنان یان کاری کۆمەڵایەتی کورت نەبووەوە، بەڵکو بوارە جۆراوجۆرەکانی کاری حیزبیی گرتبووەوە: لە دووبارە بنیادنانەوەی ڕێکخراوەکان دوای لێدان و هێرشەکان، تا پاراستنی پەیوەندییە حیزبییەکان، گواستنەوەی نامە و بڵاوکراوەکان، دابینکردنی ماڵە نهێنییەکان، کۆکردنەوەی بەخشین و یارمەتییەکان، ڕێکخستنی ژنان و خوێندکاران، پشتیوانی لە بزوتنەوەی چەکداری شیوعیەکان، بێجگە لە گواستنەوەی چەك و زانیاری لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا.
ئەم ڕۆڵە بە تایبەتی لەو قۆناغانەدا زیاتر دەردەکەوت کە سەرکوتکردن و ڕاوەدونانەکان دژی حیزب توندتر دەبوون. لەو بارودۆخە هەستیار و مەترسیدارانەدا، دەستگیرکردنی هاوڕێیەك یان لێدانی هێڵێکی ڕێکخراویی، دەبووە هەرەشە بۆ پچڕانی پەیوەندی نێوان حیزب و جەماوەرەکەی. لەو ساتانەدا ژنانی تێکۆشەردەبوونە پێشەنگ بۆ دووبارە بەستنەوەی پەیوەندییەکان، چاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕێکخراو، و پاراستنی بەردەوامیی کاری حیزبی.
لە زۆرێك لەو حاڵەتانەدا، توانای ژنان بۆ جوڵانەوە لە ناو گەڕەکەکان، قوتابخانەکان، بازاڕەکان و ماڵەکان، و هەروەها توانایان بۆ دروستکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتییەکی گرنگ بوو بۆ بەردەوامبوونی ئەو کارە. بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هەرگیز لە مەترسی بەدوور نەبوو و لە چاوی دەزگا سەرکوتکەرەکانیش ون نەبوو، وەك دەسەڵاتداران هەندێک جار وێنایان دەکرد، یان چۆن لەڕوکەشدا دەبینرا.
زۆرێك لەو ژنە تێکۆشەرانە باجی بەشداریکردنیان لە کاری حزبی نهێنی دا. ڕووبەڕووی بەدواداچوون، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەی دڕندانە بوونەوە، هەندێکیان ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەست دا، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان لەسێدارە دران یان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا شەهید بوون.
بەڵام ئەو تێکۆشەرانە بە ئیرادەیەکی پتەوەوە بەردەوام بوون لە خەبات و کاری خۆیان. بەشدارییان کرد لە پاراستنی ڕێکخراوو برەودان بە پەیوەندییان لەگەڵ جەماوەر، بە تایبەتی لەو شارانەی کە لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئەمنی زۆر تونددا بوون.
لە شاری سلێمانی، ژنانی شۆڕشگێڕی شیوعی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێڵەکانی ژنان، خوێندکاران و جەماوەریدا گێڕا. هەروەها ئەوان توانییان کاری نهێنی ناو شاربە هێزی پێشمەرگەی شاخ گرێبدەن و پەیوەندیی نێوان ئەم دوو بەشەی خەبات بپارێزن.
لەم ئەزموونەدا، ژن تەنها توخمێکی یارمەتیدەری پیاو نەبوو، بەڵکو خەباتکارێکی تەواو بوو کە بەرپرسیارێتیی حیزبی لە ئەستۆ دەگرت، ڕێکخراوەکەی بەڕێوە دەبرد، بڕیاری دەدا و خۆی ڕووبەڕووی هەموو ئەو مەترسییانە دەبووەوە کە لە ئەنجامی ئەو بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی دەگرت.
لەم گفتوگۆیەدا، هاوڕێ سهیل زەهاوی، ئەندامی پێشووی  کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق وئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان، بەشێك لەو ئەزموونی تێکۆشانەی دەگێڕێتەوە وبە تایبەتی هەڵوەستەیەك لەسەر ژمارەیەك لەو ژنە شۆڕشگێڕانە دەکات کە لە شاری سلێمانی کاریان کردووە، و هەروەها لەسەر ڕێبازی تێکۆشانی هاوڕێ جیران شێخ مەحمود، کە نموونەیەکی دیار و بەرچاوی ژنی شیوعی بووە لە هەردوو بواری کاری نهێنی و ئاشکرادا.

کاتێک باس لە کاری نهێنی سەردەمی خەباتی چەکداری دەکەین، زۆربەی سەرنجەکان دەچنە سەر ئەنساڕەکان و مەفرەزە چەکدارەکان. ژنە شیوعیەکان لەکوێی ئەو ئەزموونەدا بوون؟
ژنە شیوعیەکان نە لە خەباتی چەکداری و نە لە ڕێکخراوە نهێنییەکانی ناو شارەکان دوور نەبوون،  بەڵکو بەشێکی سەرەکی بوون لەو ئەزموونە. ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە شاخ و گوندەکاندا ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژێم دەبوونەوە، ئەوا هاوڕێ ژنەکانمان لە شارەکاندا شێوازێکی دیکەی تێکۆشان و ڕووبەڕووبوونەوەیان خستەڕوو، شێوازێك کە لە مەترسی وگرنگیدا کەمترنەبوو.
ئەوان دەبوو لە ژێر مەترسی چاودێریی ئەمنیی هاتووچۆ بکەن، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە دووبارە دابمەزرێننەوە کە تووشی هێرش و لێدان دەبوون، بەیاننامە و دروشمەکانی حیزب دابەش بکەن، یارمەتییەکان کۆبکەنەوە، هەندێك لە پێداویستییەکانی هاوڕێیان دابین بکەن، و کاری جەماوەری بە هێڵە حیزبییەکانی دیکەوە پەیوەست بکەن.
هەروەها ژمارەیەکیان بەشدارییان لە گواستنەوەی نامە و کەرەستە حیزبییەکان کرد، هەندێك جاریش چەکیان دەگواستەوە. ئەوان بە باشی دەیانزانی کە ئەگەر بکەونە دەستی دەزگا ئەمنییەکان، دەکرێت دەستگیر بکرێن، ئەشکەنجە بدرێن و تەنانەت ڕووبەڕووی حوکمی سێدارەش ببنەوە.
بۆیە نابێت بەشداریی ئەوان تەنها وەك کارێکی لاوەکی یان یارمەتیدەر تەماشا بکرێت، چونکە ئەوان بەشدارانی ڕاستەقینەی خەبات بوون و ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەردەوامبوونی ڕێکخراو لە سەختترین و دژوارترین قۆناغەکاندا گێڕا.
ئایا هیچ یادەوەری کۆبەنەوەیەکی ڕاستەوخۆت هەیە لەگەڵ ژمارەیەك لەم ژنە خەباتکارانە؟
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٣دا، لە بنکەی «کەڕەجال» ی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگەی شیوعی لە ناوچەی هەورامان، دیدارم لەگەڵ سێ هاوڕێدا کرد: جیران شێخ مەحمود، خەرمان محەمەد و نیشتمان ئەحمەد. ئەوان لە شاری سلێمانییەوە هاتبوون.
گەیشتنی ئەوان بە بنکەکە ڕووداوێك بوو کە کاریگەرییەکی قووڵی لە دەروونمدا جێهێشت. ئەوان لە شارەوە تا ناوچەی ئەنساڕە شیوعیەکان ڕێگایەکی زۆر دژوار و مەترسیداریان بڕیبوو، هەموو ئەمەش لە بارودۆخێکی ئەمنی و جوگرافیایی زۆر سەختدا ڕوویدابوو. تەنها گەیشتن بە بنکەکە خۆی شتێکی ئاسایی نەبوو، چونکە پێویستی بە بوێرییەکی زۆر، دیسیپلین و وریایی هەبوو، لەگەڵ ئامادەبوون بۆ بەرگەگرتنی مەترسییەکانی ڕێگا و بەدواداچوون.
ئەو سێ هاوڕێیە ڕووحیەتێکی بەرزیان هەبوو. لە کاتی دیدارم لەگەڵیاندا، هەستم نەکرد کە ترس یان ماندووبوون کاریگەری لەسەر ئیرادە و ورەیان دانابێت. قسە و هەڵسوکەوتیان ڕووحی بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگری، هێزی ئیرادە و بەردەوامییان پیشان دەدا، لەپاڵ ئەو بوێرییەی کە کاری نهێنی پێویستی پێیەتی.
ئەوان لە قەبارەی مەترسییەکان زۆر باش ئاگادار بوون، بەڵام باوەڕیان وابوو کە بەردەوامبوون لە خەبات پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئازادیی گەل و پاراستنی کەرامەت و داهاتووی.
جۆری ئەوبەرپرسیارێتیەی کە هاوڕێ جیران شێخ مەحمود لەو کاتەدا لە ئەستۆی گرتبوو؟
هاوڕێ جیران شێخ مەحمود بەرپرسیاری حیزبیی هێڵی سەرەکیی ژنان بوو لە شاری سلێمانی. ئەو، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی، خەرمان محەمەد و نیشتمان ئەحمەد، و بە بەشداریی هاوڕێ بەسۆز، کە بە ناوی «مونیرە» ناسراو بوو، کۆمیتەی ژنانی حیزبییان لە ناو شار پێکهێنا.
ئەم بەرپرسیارێتییە گرنگییەکی زۆری هەبوو، چونکە ڕێکخراوی ژنان لە ڕێکخراوەکانی دیکە جیا نەبووەوە، بەڵکو بەشێک بوو لە تۆڕی کاری نهێنیی حیزب. هاوڕێیان بەرپرسیاری ئەوە بوون کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەندامانی ژنان دووبارە دابمەزرێننەوە، بە شێوەی تاکەکەسی یان لە ناو کۆمەڵەیەکی سنووردار ڕێکیان بخەن، ڕێنماییە حیزبیەکانیان بۆ بگوازنەوە و بەدواداچون بۆ چالاکییە جەماوەریەکان بکەن، هەموو ئەمانەش لەگەڵ پاراستنی توندی ڕێساکانی نهێنی پەرێزی.
لەگەڵ ئەرکە ڕێکخراوەییەکانیاندا، کاریان لەسەر جوڵاندنی ژنان و پەیوەستکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ژیانییەکانیان بە بابەتە سیاسییە گشتییەکان دەکرد. هەروەها لەگەڵ هێڵە حیزبییەکانی دیکە هاوکاری و هەماهەنگییان دەکرد و بەشدارییان لە دابینکردنی هەندێك لە پێداویستییەکانی کاری نهێنی و بزوتنەوەی ئەنساڕدەکرد.
ئایا چالاکیی ژنان تەنها لەو کۆمیتەیەدا سنووردار کرابوو کە جیران شێخ مەحمود سەرکردایەتی دەکرد؟
نەخێر، چالاکییەکان زۆرلەوە فراوانتر بوون و بۆ هێڵە ڕێکخراوەیی و جەماوەرییە جۆراوجۆرەکان درێژ ببووەوە. ژنانی شؤڕشگێڕهەبوون کە لە نێو ژنان، خێزانەکان و گەڕەکە میللیەکاندا کاریان دەکرد، نامە وهەڵوێستەکانی حیزبیان دەگواستەوە و یارمەتیی جۆرییان بە ڕێکخراو دەگەیاند.
لە نێو چالاکانی ئەم بوارەدا، بۆ نموونە، دەتوانین ناوی ئەم هاوڕێیانە بهێنین: هیرۆعەبدوڵڵا گوڕان، قومری خان، هاوسەری هاوڕێی شەهید مەحموود حەلاق، مونیرە ساڵح، فاتیمە عوسمان سەعید ناسراو بە دایکی شێردل، ناسکە، هاوسەری هاوڕێ جەمال والی، و شلێرعەبدولمەجید، کە ئێستا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستانە، هەروەها عائیشە دایکی کەیفی، سۆزە ئەمین، وئامانج ئەمین و نەجیبە مەحموود.
هێنانی ئەم ناوانە بەو مانایە نییە کە چالاکیی ژنان تەنها بەمانە سنووردار بووە، چونکە ژنانی شۆڕشگێڕی دیکەش بەشدارییان کردووە کە لەوانەیە ئەمڕۆ یادەوەرییەکان ناوی هەموویان بە تەواوی نەهێنێتەوە یاد. هەندێکیان ساڵانێکی زۆر بە بێدەنگی کاریان کردووە و ئەزموونەکانیان بەو گرنگییەی کە شایانی بووە تۆمارنەکراوە.
بۆیە، بەدەستهێنانەوەی ناو و یادەوەریی ئەوان تەنها بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی بەشێك لە بیرەوەریی کۆی حیزب و جوڵانەوەی ژنان.
شێوازی بەشداریی کچە خوێندکارو گەنجان لەو چالاکییەدا چۆن بوو؟
هێڵێکی ڕێکخراوی دیکەش هەبوو کە ژمارەیەك لە چالاکوانانی بواری خوێندکاری لەخۆ دەگرت. ئەرکەکانی ئەوان بوێرییەکی زۆریان پێویست بوو، چونکە قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەژێر چاودێریی توندی دەزگا ئەمنییەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵات بوون.
خوێندکارانی کچ بەیاننامەکانی حیزبیان دابەش دەکرد و دروشمەکانیان بڵاو دەکردەوە لە ناو قوتابخانەکان و لە دەوروبەریاندا چالاك بوون و یارمەتیدەربوون بۆ گەیاندنی ماددە و بەڵگەنامە حیزبییەکان. هەروەها هەندێکیان یارمەتیی هاوڕێیان دەدا لە گواستەوەی چەك، ئەمەش ئەرکێکی زۆر مەترسیدار بوو کەلە ئەگەری دەستگیرکردنیان  دەکەوتنە دەستی دەزگا ئەمنییەکان، ئەوەش دەکرا کۆمەڵێک دەرئەنجامی قورس و گرانی لێ بکەوێتەوە.
لە نێو چالاکانی ئەم هێڵەدا: زەریا عومەر، ناسراو بە  زانا، کۆیستان ڕەحیم، ماردین ئیبراهیم، پەروین غەریب، ئاڤان عارف، شوکریە سەعید و کەژاڵ غەریب، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە.
ئەم کچە گەنجانە سەلماندیان کە کاری سیاسی بە تەمەن پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە هۆشیاری، بوێری و ئامادەیی بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پێوانە دەکرێت. ئەوان لە ژینگەیەکدا چالاك بوون کە دەسەڵات هەوڵی دەدا گەنجان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە کاری سیاسی دووریان بخاتەوە، بەڵام ئەوان ڕێگای بەرەنگاربوونەوە و پشتیوانی لە کێشە و داواکارییەکانی گەلەکەیان هەڵبژارد.
دەمەوێت بە شێوەیەکی فراوانتر لەسەر هاوڕێ جیران شێخ مەحمود بوەستین. چۆن وەسفی کەسایەتیی ئەو دەکەیت؟
جیران شێخ مەحمود، لە تەمەنی منداڵییەوە، بە کەسایەتیەکی بەهێزو پێداگرلەسەربەدیهێنانی ئامانجەکانی ناسراو بوو. ئەو لە ژیانی خۆیدا بە لە خۆبردووییەوە وێنەی ژنە شیوعیەکی خۆڕاگر و بەهێزی پیشان دەدا کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی دەکرد و ڕێگەی نەدەدا بارودۆخە سەختەکان ئیرادەی تێك بشکێنن.
ئەو لە نێوان پابەندبوون بە پێداگری و گەرم وگوڕی مرۆڤدۆستی هاوسەنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەو خاسیەت و تایبەتمەندییانەی هەبوو کە شایستەی ئەوە بوو ڕێبەرایەتیی ڕێکخراوی ژنان بکات لە شاری سلێمانی، بەڵام ڕابەرێك نەبوو کە تەنها لە شوێنی فەرماندانەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڕێکانی بکات. نزیك بوو لێیان، گوێی لە قسە و نیگەرانییەکانیان دەگرت، بەشداریی کێشەکانیانی دەکرد و متمانە و هەستی هێمنی پێیان دەبەخشی.
خەندەو ڕۆحی زیندوو و پڕوزەییە بەردەوامەکەی جیران، لە بارودۆخێکدا کە ترس و نیگەرانی زاڵ بوو، سەرچاوەی هێز بوو بۆ هاوڕێکانی. ئەم لایەنە مرۆییە لە کاری نهێنیدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە شۆڕشگێڕ تەنها پێویستی بە ڕێنمایی نییە، بەڵکو پێویستی بە کەسێکە کە ورەی بەرز بکاتەوە و هەستی پێ بدات کە لەبەرامبەر زەبر و زۆر و مەترسییەکاندا تەنیا نییە.
ئایا مێژووی سیاسیی خێزانەکەی کاریگەریی لە پێکهێنانی کەسایەتیی ئەو هەبوو؟
بێگومان. خێزانی جیران لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا، بەهۆی چالاکیی سیاسی و حیزبیی ئەندامانی خێزانەکەی، چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش و پشکنینی دەزگا ئەمنییەکان بونەتەوە. دوای کودەتای هەشتی شوباتی ساڵی ١٩٦٣، دەسەڵاتی فاشییەکان دوو خاڵی جیرانیان لە سێدارە دا، ئەوانیش هەردوو تێکۆشەری شیوعی، شەهیدان شێخ مەعروف بەرزنجی و شێخ حوسێن بەرزنجی بوون.
دەکرا ئەزموونێکی ئاوا ئازار بەخش پاڵ بە مرۆڤێکەوە بنێت بۆ پاشەکشکردن یاخود دوورکەوتنەوە لەکاری سیاسی، بەهۆی بوونی ترس لەسەر خۆی و خێزانەکەی، بەڵام جیران ڕێگایەکی دیکەی هەڵبژارد. ئەو قوربانیانە پەیوەندیی ئەویان بە کێشە و داواکارییەکانی گەلەکەیەوە قووڵتر کرد و پێداگریی لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات و بەرزکردنەوەی ئاڵای حیزب زیاتر کرد.
ئەو بە باشی دەیزانی ئەو ڕێگایەی هەڵیبژاردووە ئاسان نییە و لەوانەیە هەمان ئەو چارەنووسەی بەسەردا بێت کە بەسەر هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەیدا هاتبوو، بەڵام لە بیروباوەڕی خۆی یان لە بەرپرسیارێتییەکەی دەستی هەڵنەگرت و ساردنەبووەوە.
ئایا هیچ ڕووداوێکت لەبیرە کە هێزی دەروونی و شانازیی جیران بە قوربانییەکانی خێزانەکەی پیشان بدات؟
یەکێك لەو ساتانەی کە بەهێزی کەسایەتی و خؤڕاگری ئەو دەردەخات، ئەو کاتە بوو کە کوڕەکەی، ئاسو شێخ عەلی، لە کاتی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا بریندار بوو. جیران ڕێگای خۆی بەناو قەرەباڵغی جەماوەردا کردەوە تا گەیشتە لای و دەموچاوی بە شانازی و سەرسامییەوە درەوشابووەوە کاتێك بینی کوڕەکەی خۆی بۆ ئازادی و کەرامەتی گەلەکەی قوربانی دەکات. 
ئەو دایکێك بوو کە دڵی بۆ برینی کوڕەکەی  دەسووتا ونیگەرانیەکەی لە ناخیدا شەپۆلی دەدا، بەڵام لە پشت ئەو دڵە پڕ لە سۆزەوە، ژنێکی تێکۆشەر وەستابوو کە هەمووژیانی باوەڕی بەو بەهاو ئامانجانە هەبوو کە کوڕەکەشی بۆیان تێدەکۆشا، لەو ساتەدا، دوو هەست لەناخیدا یەکیان گرتبوو، ترس ودڵەڕاوکێی دایکێك بۆ کوڕەکەی و شانازی ژنێکی تێکۆشەر بۆ هەڵبژاردنی کوڕەکەی بۆ وەستان لەگەڵ گەلەکەی. ئەوە ساتێك بوو کە سۆزی دایكایەتی وهۆشیاری تێکۆشەرانە، لە ناخی جەیراندا، بەیەکەوە تێکەڵ بوون.
کەی خەباتی ڕێکخراوەیی دەست پێ کرد؟
جیران ژیانی خەباتکارانەی خۆی لە تەمەنی شازدە ساڵیدا دەست پێ کرد، کاتێک پێش شۆڕشی چواردەی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨، پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراقەوە کرد. 
دوای شۆڕش، کاتێك ڕێگە بە کۆمەڵە درا بە شێوەیەکی ئاشکرا چالاکی بکات و لق لە پارێزگاکانی عێراقدا دابنێت، جیران بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو ژنانی ناوچەکەی چالاك بوو. ئەو قۆناغە گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی ئەزموونی ئەو، چونکە دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژنان پێدا و وای کرد بە کێشە و گرفتەکانیان ئاشنا ببێت، کار بۆ ڕێکخستنیان بکات و هانیان بدات بۆ بەشداری لە ژیانی گشتی.
لای ئەو، دۆزی ژنان لە دۆزی کۆمەڵگە جیا نەدەکرایەوە. ئەو ئازادکردنی ژنانی بە خەباتی دیموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی نەتەوەکان و ئازادیی گەلەوە بەستەوە.
کودەتای شوباتی ساڵی ١٩٦٣ چۆن کاریگەریی لەسەر ژیان و چالاکییەکانی دانا؟
دوای کودەتای خوێناوی شوبات، هاوڕێ جیران ڕووی لە کاری نهێنی کرد لە شاری کەرکووك، لە هەمان کاتیشدا ‌هاوڕێی ژیانی، شێخ عەلی، پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگە شیوعیەکانەوە کرد لە ناوچەی بەمۆ.
کاتێک هاوسەرەکەی گەڕایەوە، جیران بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە ناچار بوو بگوازێتەوە بۆ شاری سلێمانی، لەوێش هەردووکیان کاری خۆیان لە بارودۆخێکی نهێنیدا بەردەوام کرد. دوای ئەوە، بە بڕیاری حیزب، بۆ هەولێر و پاشان بۆ بەغدا گواسترانەوە. جیران لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٣ تا ١٩٧٢دا لە بارودۆخی کاری حیزبی نهێنی و خۆشاردنەوەدا ژیا و کاری کرد.
ئەو ساڵانە زۆر سەخت بوون، چونکە ژیان لە خۆشاردنەوەدا تەنها گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون نیە، بەڵکو مانەوەیە لە دۆخێکی بەردەوامی وریایی و ئاگاداری، کەمکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وریابوون لە جوڵە و قسەکردن، و ئامادەبوون بۆ گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە کاتی دەرکەوتنی هەر مەترسییەك. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، جیران چالاکییەکانی بەردەوام کرد و ڕێگەی نەدا ئەو بارودۆخە ئەو لە حیزب و کێشەکانی خەڵك دوور بخاتەوە.
دوای کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغە، لەگەڵ ‌هاوڕێی ژیانی گەڕایەوە بۆ سلێمانی بۆ بەردەوامبوون لە کاری حیزبی.
گرنگترین ئەو بەرپرسیارێتییە ڕێکخراوەییانەی دوای گەڕانەوەی لە ئەستۆی گرت ؟
لە نیسانی ساڵی ١٩٧٢دا، جیران لە ناو کۆمیتەیەکی حیزبیی ژنان لە ئاستی قەزا کاری کرد کە بە «کۆمیتەی ئاڵا» ناسرا بوو. ئەم کۆمیتەیە لە هاوڕێیان زەکیە بابان، نازنین، ئافتاوعەزیز، سنەوبەر، نەجیبە سدقی، قومری و ڕابیعە پێك هاتبوون، لەگەڵ جیران.
دامەزراندنی ئەم کۆمیتەیە دەربڕینی فراوانبوونی چالاکیی ژنان و پێویستی بەبوونی هەیئەتێك بوو کە بەرپرسیارێتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییانە لە ئەستۆ بگرێت. 
جیران لە کاری خۆیدا لە ناو کۆمیتەکە، ئەزموونی پێشووی خۆی لە کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق لەگەڵ ئەزموونی درێژی کاری نهێنی تێکەڵ کرد. ئەمەش وای کرد بتوانێت لەگەڵ بارودۆخی چالاکیی ئاشکرا و نیوەئاشکرا مامەڵە بکات و لە هەمان کاتدا خۆی بۆ ئەگەری گەڕانەوەی سەرکوت و بەدواداچوون ئامادە بکات.
چی ڕوویدا دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس هەڵمەتەکەی دژی حیزبی شیوعی عێراق توندتر کرد؟
کاتێك دەسەڵاتی بەعس هەڵمەتێکی توند و سەختی دژی حیزبی شیوعی عێراق دەست پێ کرد و حیزب ناچار بوو لە بەرەکە بکشێتەوە، هاوڕێ جیران بە بڕیاری حیزب جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ کاری حیزبی نهێنی.
دەستەیەکی سەرکردایەتیی نوێ پێکهێنرا کە هاوڕێیان هیرۆعەبدوڵڵا گوڕان، قومری، عایشە حسێن، ڕابیعەی دایکی ئامانج و جیران شێخ مەحمودی لەخۆ دەگرت. دەستەکە هەستا بە دووبارە پەیوەندیکردن بە هاوڕێیان وبە شێوەی تاکەکەسی، پاشان چالاکیی ژنانیان لەگەڵ بارودۆخی نهێنی ڕێکخستەوە.
دروستکردنەوەی ڕێکخراو دوای هێرشەکان یەکێك بوو لە سەختترین ئەرکەکان، چونکە دەزگا ئەمنییەکان خێزانەکان، ماڵەکان و شوێنەکانی کاری چاودێری دەکرد و هەوڵی دەدا لە ڕێگەی یەك کەسەوە دەست بەسەر تۆڕێکی تەواوی تێکۆشەراندا بگرێت.
بۆیە پەیوەندیی تاکەکەسی ئامرازێك بوو بۆ پاراستنی ڕێکخراو و کەمکردنەوەی زیانەکان، لەئەگەری کەوتنەدەستی یەکێك لە ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە.
جیران و هاوڕێکانی ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە پاراستنی ئەو بەشەی ڕێکخراو کە ما بوو، گەڕاندنەوەی ئەو پەیوەندییانەی پچڕابوون، و پاراستنی بوونی حیزب لە نێو ژنان و جەماوەردا.

 


ساڵانی کاری نهێنی و ئاشکرا چییان بۆ ئەزموونی حیزبیی جیران زیاد کرد؟
ئەو ساڵانە دەرفەتێکی فراوانیان بۆ جیران ڕەخساند بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر و تێگەشتن و ئاشنا بوون بە بارودۆخ و کێشەکانیان. ئەو نزیك لە ژنان و خێزانەکانیان بوو و بە باشی دەیزانی ئەوان لە چەوسانەوە و هەژاری، بێبەشی، سەرکوتی سیاسی و جیاکاریی کۆمەڵایەتی چ ئازارێك دەچێژن.
بۆیە چالاکییەکانی تەنها لە دووبارەکردنەوەی دروشمە گشتییەکان پێك نەهاتبوو، بەڵکو لە گوێگرتن لە خەڵك، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنیان و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان سەرچاوەی دەگرت. ئەو تێدەگەیشت کە بنیاتنانی حیزب تەنها بە بڕیارە ڕێکخراوەییەکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بەوە هەیە کە حیزب لە نێو جەماوەر بوونی هەبێت، پێداویستییەکانیان تێبگات و متمانەیان بەدەست بهێنێت.
هەروەها ئەم ئەزموونە توانایەکی گەورەی پێبەخشی بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، هەڵبژاردنی کەسانی گونجاو بۆ ئەرکەکان، پاراستنی نهێنی پەیوەندییەکان و جیاوازیکردن لە نێوان بوێری پێویست و سەرگەرمی بێباکانە و نەخەمڵێندراو.
چۆن توانی سەرەڕای چاوەدێری و هەوڵەکانی ڕژیم بۆ گرتنی، درێژە بە چالاکییەکانی بدات؟
دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ماوەی جۆراوجۆردا چاودێرییان بەسەر جیرانەوە هەبوو و هەوڵیان دەدا شوێنی بدۆزنەوە و دەستیان پێی بگات، بەڵام ئەو زۆر وریا و ئاگادار بوو و ئەزموونێکی درێژی لە شێوازەکانی کاری نهێنی هەبوو.
ئەو دەیزانی چۆن بجوڵێت، کەی پەیوەندییەك ببڕێت کە لەوانەیە مەترسی بۆ کەسانی دیکە دروست بکات، و چۆن نهێنییەکانی ڕێکخراو بپارێزێت. بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەکەیەوە، چەندین جار توانی لە چاودێری و بەدواداچوون ڕزگاری ببێت و لە نهێنیدا بەردەوام بێت لە چالاکییە حیزبییەکانی.
بەڵام وریایی جیران بە مانای ترس یان دوودڵی نەبوو، بەڵکو بەشێك بوو لە بەرپرسیارێتییەکەی بەرامبەر هاوڕێ ژن و پیاوەکانی. تێکۆشەری نهێنی تەنها خۆی ناپارێزێت، بەڵکو تۆڕێکی تەواو لە کەسان، خێزانەکان و پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکان دەپارێزێت.
جیران توانی ئەو هاوسەنگییە سەختە بپارێزێت، هاوسەنگی لەنێوان بوێری و دیسیپلین، و لەنێوان دەستپێشخەری و وریایی.
ئەزموونی جیران شێخ مەحمود وهاوڕێکانی ئەمڕۆ چی پەیامێك لەخۆ دەگرێت؟
ئەم ئەزموونە پیشانی دەدات کە ژنە تێکۆشەری شیوعی لە کەناری مێژووی تێکۆشانی سیاسی نەبووە، بەڵکو یەکێك بووە لە بەشدارانی دروستکردن و پێکهێنانی ئەو مێژووە. ئەوان لە بنیاتنانی ڕێکخراو و بەڕێوەبردنی بەشدارییان کرد، زیندان و بەدواداچوون و خۆشاردنەوەیان بەرگە گرت، کاری حیزبییان بە کاری جەماوەرییەوە بەستەوە و لە ناو شارەکانەوە بەشدارییان لە پشتیوانیی خەباتی چەکدار کرد.
ئەزموونی جیران و هاوڕێکانی هەروەها دەریدەخات کە قارەمانی تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی چەکدارانەدا کورت نابێتەوە. قارەمانی دەتوانێت پاراستنی پەیوەندییەکی حیزبی نهێنی لەژێر چاودێریدا بێت، یان لە گەیاندنی بەیاننامەیەك، شاردنەوەی هاوڕێیەك، گواستنەوەی پەیامێك یان چەکێك، یان دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵێك کەس دوای دەستگیرکردنی هەندێک لە ئەندامەکانی.
لەوانەیە ئەم کارانە کاتێك کە بە تەنیا باس دەکرێن، بچووك و سادە دەربکەون، بەڵام کۆی ئەوانە بووە هۆی بەردەوامی و مانەوەو پاراستنی حیزب لە سەختترین و تاریکترین بارودۆخەکاندا.
وەفاداری و ڕێزگرتن لەم ژنە خەباتکارانە پێویستی بەوە هەیە کە ئەزموونەکانیان تەنها لە سنووری بیرەوەریی زارەکی نەمێنێتەوە. لە ئەستۆی ئێمەیە ناو و شایەتییەکانیان تۆمار بکەین، ئەو بەڵگە و دۆکیومێنتانەی کە ماونەتەوە کۆیان بکەینەوە و نەوە نوێیەکان بەو ڕۆڵەی ئەوان گێڕاویانە ئاشنا بکەین.
ئەوان بۆ ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ خەباتیان کرد و قوربانییەکی زۆریان پێشکەش کرد، بێ ئەوەی چاوەڕێی پاداشت یان ناوبانگ بکەن.
ژیانی جیران شێخ مەحمود تەنها چیرۆکی کەسێکی تاك نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی نەوەیەکی تەواوی ژنانی شیوعی کە ڕووبەڕووی دیکتاتۆری بوونەوە، بەشدارییان لە پاراستنی حیزب و بەردەوامکردنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ جەماوەر کرد و سەلماندیان کە ژن دەتوانێت لە سەختترین قۆناغەکانی خەباتدا ڕابەرایەتی بکات، خۆڕاگر بێت و بڕیاری خۆی بدات.
"سوپاس بۆهاوڕێ سهیل زەهاوی بۆ ئەم زانیارییانە دەربارەی ڕێکخراوە نهێنییەکانی حیزبی شیوعی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی هاوڕێ لە ساڵی ١٩٨٤ تا ساڵی ١٩٩١ لە شاری سلێمانی لە ماڵێکی نهێنیدا خۆی شاردبووەوە." (وەرگێڕ)

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا