
گرێ (complex)، چه‌مكه، بگره چه‌مكێكی ڕیشه‌داری سه‌رنجڕاكێشیشه. وشه‌كه له زمان و زه‌ینی كوردی دا، زۆر پێگه‌ی چه‌مكی وه‌رنه‌گرتووه. پتر ناتۆره‌یه‌كی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ناوكه چه‌مكایه‌تییه‌كه‌ی زۆر ڕوون نییه.
گرێ (یان له ده‌ربڕینه شه‌عبییه‌كه‌یدا "عوقده")، به‌و واتا ته‌واو نه‌رێنییه نایه‌ت كه ببێته هاومانای نه‌خۆشی، ناته‌واوی، تێكچوونی ده‌روونی و هتد. به‌ڵكو پتر ناوێكه بۆ پێكداچوونی هه‌ندێك ئاڵۆزی له ژیانی مرۆڤدا كه سروشتی گرێكوێره‌یه‌كی وه‌رگرتووه له وێنه فیزیكییه‌كه‌یدا. وشه‌كه هه‌ر له یۆنانی كۆنه‌وه خۆیشی بیرخه‌ره‌وه‌ی ئاڵۆزی، گرێكوێره، جومگه، و پێكداچوونی هه‌ندێك نوخته‌یه. بۆیه گرێ، واته به‌ركه‌وتنی مرۆڤ به دونیای ده‌ره‌وه، ئه‌وانیتر، سروشت، چاره‌نووس و هتد. هه‌ركاتێك ئه‌م به‌ركه‌وتنه، ڕوویه‌كی پاتۆلۆژیك (گرژ و نه‌خۆشانه)ـی وه‌رگرت، ئه‌وده‌م كه‌مێك له مانا ده‌روونییه‌كه‌ی نزیك بووینه‌ته‌وه.
گرێ، به‌ساده‌یی، واته شتێك له ده‌روونی مرۆڤدا هه‌یه هه‌رس نه‌بووه. ئاڵۆزییه‌ك له‌نێوان مرۆڤ و واقیعدا هه‌یه، له به‌ری ناڕوات. یان ئاره‌زوویه‌كم هه‌یه، ڕێگری زۆره؛ ئیدی لێره‌وه ئاڵۆسكانێكی ده‌روونی درووستده‌بێت. واته كاتێك ده‌وترێت "فڵان كه‌س، گرێی فڵان شتی هه‌یه"، ئه‌وا به‌و مانایه دێت ئه‌و شته له ناخیدا هه‌رس نه‌بووه؛ یانژی نه‌هاتووه‌ته‌دی. به‌م واتا گشتییه، گرێ پتر ئاره‌زوویه‌كی به‌دینه‌هاتووه یاخۆ كێماسییه‌كه و هتد. وه‌ك بڵێی پتر دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه تا ده‌روونی.
له ده‌روونشیكاریی فرۆیددا، گرێ تاڕاده‌یه‌ك جیایه له‌و مانا شه‌عبییه‌ی كه هه‌یه‌تی: له شه‌عبییه‌كه-گشتییه‌كه‌دا باریكی نه‌رێنیی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه. به‌ڵام له ده‌روونشیكاری دا، گرێ ڕاستییه‌كی گه‌ردوونییه و ئاده‌میان گشتی ئه‌زموونیده‌كه‌ن. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه به‌ناو چه‌ند گرێیه‌كی بونیادی دا تێده‌په‌ڕێت و بگره مه‌رجی گه‌شه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌شه. ئه‌وه‌ی گرێی نییه، یان ئاژه‌ڵه یان خودا. هه‌موو مرۆڤێك به گرێی ئۆدیب، خه‌سان، و هتدا تێده‌په‌ڕێت. فرۆید خۆی زۆر كه‌م وشه‌ی گرێ به‌كاردێنێت، و نایداته پاڵ هه‌موو شتێك. به‌ڵام بۆ نموونه‌ش، گرێی ئۆدیب ژێرخانی كه‌سایه‌تیی مرۆڤه.
هه‌ندێجار لای فرۆید، چه‌مكی تریش ده‌بینینه‌وه كه له مانای گرێ نزیكده‌بنه‌وه. له‌وانه چه‌مكی به‌رهه‌ڵستی، سه‌مپتۆم و هتد. به‌رهه‌ڵستی، واته به‌رهه‌ڵستی به‌ڕووی چاره‌سه‌ری ده‌روونشیكارانه‌دا كه نه‌خۆشه‌كه نایه‌وێت فڵان شتی بیربكه‌وێته‌وه. واته به‌رهه‌ڵستی به‌ڕووی بیرۆكه‌یه‌كی چه‌پینراوی نه‌سته‌كی دا ده‌نوێنێت كه به زۆری ده‌چێته‌وه سه‌ر دایباب و ڕابردووی مناڵی. به‌م پێیه، گرێ په‌یوه‌ندیی به سه‌ره‌تاكانی ته‌مه‌نه‌وه هه‌یه تا گه‌وره‌یی و كه‌متر ناو و ناتۆره‌یه‌كی كه‌لتوورییه. سه‌مپتۆم، یاخۆ نیشانه‌ی نه‌خۆشییش هه‌ر خۆی له چه‌مكی گرێ ده‌خشێنێت؛ چونكه هه‌ر سه‌مپتۆمێك نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه نه‌سازانێك له شوێنێكی تری كۆئه‌ندامی ده‌روونییماندا هه‌یه. ئه‌م نه‌سازانه، هه‌مووده‌م كه‌موكورتی نییه، و بگره به‌شێكه له شوناسی مرۆڤ. بۆ نموونه، زۆرجار مرۆڤ چێژ له‌و نه‌سازانه شاراوه‌یه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت كه ده‌قاوده‌ق نازانێت كه‌وتووه‌ته كوێوه.
گرێ له ده‌روونشیكاری دا، پرۆسه‌یه‌كه درێژده‌بێته‌وه بۆ هه‌موو ژیان. ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌گۆڕێن، جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن، كه‌وڵی دی ده‌پۆشن و هتد. زۆرجار ده‌ركه‌وته‌ی گرێكان، له فۆرمی داهێنه‌رانه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه. مرۆی داهێنه‌ر، گرێی خۆی وه‌ك چاوگی داهێنان به‌كارده‌هێنێت بێ ئه‌وه‌ی سه‌داسه‌د بزانێت كێهان گرێی هه‌یه، به‌ڵام له بونیاده سه‌ره‌كییه ده‌روونشیكارییه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی به دایباب و سه‌ره‌تاكانی ژیانه‌وه هه‌یه. هۆكاره‌كه‌ش قووڵ، به‌ڵام ڕوونه: مرۆڤ وه‌ك گیانه‌وه‌رێكی ناته‌واو دێته دونیاوه كه هه‌موو ژیانی هه‌ر ڕێكخستنه‌وه و قه‌ره‌بووی ئه‌و ناته‌واوییه سه‌ره‌تاییه‌یه.
