
مێژوو، چه‌مكێكی گرنگی فیكری مۆدێرنه. پێش مۆدێرنه‌ش، مێژوو هه‌بووه؛ به‌ڵام له مۆدێرنه‌دا ئاڵۆزتر ده‌بێت. گه‌ر له پێش سه‌رده‌می مۆدێرندا، مێژوو بریتی بووبێت له كۆمه‌ڵێك به‌روار و ڕووداو؛ ئه‌وا له مۆدێرنه‌دا نه‌زم و نه‌خشه‌یه‌ك له‌نێوان ڕووداوه‌كاندا ده‌دۆزرێته‌وه و ده‌كرێن به ڕێسا و یاسا (بۆ نمونه لای هیگڵ و ماركس كه بۆ یاساكانی ئیشكردنی مێژوو گه‌ڕاون).
لای خوێنه‌ری كورد، مێژوو ته‌واو نه‌بووه به‌و مێژووه‌ی كه له فیكری مۆدێرندا تێی ده‌گه‌ین. هه‌تا زۆرجار كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت "ئه‌م تێگه‌یشتنه، تێگه‌یشتنێكی مێژوویی نییه بۆ فڵان دیارده"، ئاوةڵناوی مێژوویی وه‌ك شتێكی تر وه‌رده‌گیرێت. به‌تایبه‌ت وه‌ك تێپه‌ڕینی كات و زه‌مه‌ن وه‌رده‌گیرێت. له‌كاتێكدا به‌پێی تێگه‌یشتنی مۆدێرن، سیفه‌تی "مێژوویی" واته له نه‌خشه و ڕێسای ئیشكردنی ڕووداوه‌كان تێبگه‌یت نه‌ك باسی مێژووی ڕووت بكه‌یت. جا كاتێك له نه‌ریتی ماركسی دا ده‌وترێت فڵان بیریار "مێژووییانه" بیر له شته‌كان ناكاته‌وه، مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه نه‌خشه‌ی ناوه‌كیی ڕووداوه‌كان و لۆژیكی ئیشكردنیان به هه‌ند وه‌رناگرێت.
مێژوو به واتای مۆدێرن (و له چاپه هیگڵی-ماركسییه‌كه‌یدا) ته‌نیا كه‌ڵه‌كه‌كردنی ڕووداو نییه، به‌ڵكو هه‌ڵكۆڵینی ناكۆكی و هه‌ڤدژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه، جووڵه‌ی كۆمه‌ڵگەیه؛ یان نه‌فی و خه‌سڵه‌تپێدانی واقیعه به خۆی كاتێك له ڕواڵه‌تدا زۆر هه‌ستی پێ ناكرێت. به مانایه‌كی تر، ده‌بێت ڕووداوه‌كان ته‌نیا تێپه‌ڕینی ڕووت نه‌بن؛ به‌ڵكو هه‌ڵگری ته‌نگژه‌ی ناوه‌كیین له دۆخی "هه‌بوو"ـه‌وه بۆ دۆخی "ده‌بێت". یانی، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، ده‌گۆڕێت بۆ شتێكی تر كه سبه‌ینێ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش تێپه‌ڕینه به‌ناو ناكۆكی و گرژی و هه‌ڵبه‌زودابه‌زی جۆراوجۆردا.
له‌م ڕووه‌شه‌وه دیسان، لانیكه‌م، دوو تێگه‌یشتن بۆ مێژوو هه‌یه. یه‌كیان پێی وایه مێژوو پرۆسه‌یه‌كی په‌یوه‌ست و نه‌پساوه. ئه‌ویتریش پێی وایه مێژوو بریتییه له كۆمه‌ڵێك پچڕان و مه‌ودا. گه‌ر هیگڵ و ماركس له تێگه‌یشتنی یه‌كه‌مه‌وه نزیك بن، ئه‌وا فۆكۆ و به‌شێك له پۆستمۆدێرنه‌كان له هی دووه‌مه‌وه نزیكترن. به‌ڵام ڕاڤه‌ی نوێش هه‌یه كه پێی وایه هه‌ردوو تێگه‌یشتنه‌كه له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به یه‌ك پرۆسه‌ن. واته مێژووه په‌یوه‌سته‌كه‌ش له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ر پچڕانی تیایه، به‌ڵام له ئاستێكی گشتگیرتر و گه‌وره‌تردا هه‌ر ده‌بێته‌وه به یه‌ك وێنه و یه‌ك پرۆسه. له یه‌كه‌میاندا تیلۆلۆژیا (غایه‌تگه‌رایی و ئامانجداری) ئیشده‌كات و مێژوو ڕووه‌و ئامانجێك ده‌جووڵێت و بێ ئاراسته نییه. به‌ڵام له دووه‌میاندا، ئه‌و ناتۆره‌یه زاڵه كه مێژووش له‌پاڵ حه‌كایه‌ته گه‌وره‌كانی تردا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و هیچ غایه‌تێكی نییه. ئه‌م مشتومڕانه به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی نوێتر كشاون، به‌تایبه‌ت لای سلاڤۆی ژیژه‌ك و ئالان بادیۆ و ئه‌وانیتر كه چه‌پی نوێن.
چه‌مكی مێژوو، له‌نێوان مێژوونوس و بیرمه‌نددا هاتوچۆده‌كات. مێژوونوس، مێژوو ده‌نووسێته‌وه. جاریش هه‌یه توێژاڵێكی ته‌نك له ته‌فسیر و خوێندنه‌وه جێده‌هێڵێت. به‌ڵام لای بیرمه‌ند، مێژوو خۆی شوێنی بونیاده‌كان و ژێرخانه دووباره‌كان و ڕێسا شاراوه‌كانه. به‌تایبه‌ت بیرمه‌ندانی دیاله‌كتیك كه كۆمه‌ڵگە وه‌ك به‌رهه‌می مێژوویه‌ك ده‌خوێننه‌وه ئاخۆ بۆ فڵان شتی به‌رهه‌مهانی و فیسار شت دووباره‌ده‌بێته‌وه و دووباره‌بوونه‌وه‌كه‌ش چه‌نده ڕه‌هه‌ندی نوێی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. به‌كورتی، مێژوو، خۆی هه‌م مێژووی هه‌یه، هه‌م مێژووه‌كه‌شی تووشی داوه‌ری و سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه ده‌بێت. كۆمه‌ڵگاش، تێكڕا چه‌مكێكی مێژوویی مۆدێرنه كه كۆنتر سرووشتییتر و نامێژووییتر سه‌یركراوه.
ئه‌مڕۆش، مێژوو هه‌ر چه‌مكێكی گرنگه. بیرمه‌ندان بۆ زۆر شوێنی عاسی و لاڵی ناو وی ده‌گه‌ڕێن. هه‌ندێكیان پێیانوایه مێژوو زۆر له جاران خاوتر ئیشده‌كات، گه‌رچی دیارده نوێیه‌كان خێراتر ده‌رده‌كه‌ون. واته ده‌شێت ساڵه‌های ساڵ چاوه‌ڕێ بین، ستراكتۆرێك یان مۆدێلێكی كه‌متاكوت به‌رچاو ڕوونكه‌ره‌وه ده‌ربكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له فره‌یی ڕووداوه‌كان تێبگه‌ین.
