سۆسیالیزم، یان هه‌ر له‌ كوردی دا سۆشیالیزم، چه‌مكێكی فیكری-سیاسییه‌. له‌ نیگای یه‌كه‌مدا بۆیه‌ فیكرییه‌، چونكه‌ ڕه‌خنه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت و ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌كات. سیاسییشه‌، چونكه‌ عاده‌ته‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرده‌كی ده‌خاته‌ڕێ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ فیكرییه‌ی وتمان.
سۆسیالیزم، وه‌ك وشه‌، له‌ سۆسیوسی لاتینییه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌ واتای هاوڕێ، هاوپشك، هاوه‌ڵ و هتد دێت. له‌ ناوه‌ڕۆكیشدا ده‌كاته‌ هاوبه‌شیكردن، واته‌ كۆمه‌ڵگا له‌ سامانی مادی و مه‌عنه‌وی دا هاوبه‌ش ده‌بن. كورد له‌ ئاستێكی سه‌ره‌تاییتردا، وشه‌ی هه‌ره‌وه‌زیی به‌كارهێناوه‌، كه‌ هاوكارییه‌كی به‌راییتری عه‌مه‌لییه‌ نه‌ك ئایدۆلۆژیایه‌ك. 
یه‌ك جۆر سۆسیالیزممان نییه‌. به‌ڵام له‌ كرۆكی هه‌موو سۆسیالیزمه‌كانی ناو مێژوودا، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ زاڵه‌ كه‌ كۆمةڵگا ده‌كه‌وێته‌ پێش به‌ش و یه‌كه‌ بچوكه‌كانی تره‌وه‌ (له‌ چه‌شنی تاك، بازاڕ، و هتد). له‌ سۆسیالیزمی مۆدێرن، و به‌تایبه‌ت سۆسیالیزمی زانستیی ماركس و ئه‌نگڵسدا،دیسان پێ له‌سه‌ر ئه‌وله‌وییه‌تی كۆمه‌ڵگا داده‌گیرێت كه‌ ژیانی مرۆڤ كورتنابێته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ی بونیادیی بچووك بچووك. به‌ڵكو كۆمه‌ڵگا ڕیشه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌یه‌ و گه‌ره‌كه‌ ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش پێشوه‌خت ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ لیبراڵیزمی مۆدێرن، كه‌ له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دا ده‌گاته‌ ترۆپك.
سۆسیالیزم له‌و یه‌ك دوو سه‌ده‌یه‌ی دواییدا، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو زه‌مه‌نی مۆدێرنه‌وه‌، پێ له‌سه‌ر به‌های به‌كارهێنان داده‌گرێت تاوه‌كو به‌های ئاڵوگۆڕ. یه‌كه‌میان واته‌ به‌رهه‌مهێنانی كاڵا له ‌پێناوی پڕكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی پێویستییه‌كانی مرۆڤدایه‌، ئیدی له‌ پێداویستیی مادییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هی كه‌لتووری و په‌روه‌رده‌یی و هتد. له‌كاتێكدا به‌های دووه‌م، هی ئاڵوگۆڕ، سه‌ر به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ و پاره‌ له‌پێناوی پاره‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سووڕی سه‌رمایه‌ نه‌وه‌ستێت. 
سۆسیالیزم له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌وانه‌ش كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی؛ كه‌ هێشتان خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت په‌یدا نه‌ببوو. له‌ جڤاته‌ ڕاوچییه‌كان و كۆكه‌ره‌وه‌كانی خۆراكدا له‌ سه‌ره‌تای مێژوودا، زه‌وی موڵكی هیچكه‌س نه‌بوو. بۆ وێنه‌، هی كۆی كۆمۆنه‌كه‌ بوو، هۆزه‌كه‌. هه‌موانیش وه‌كو یه‌ك به‌كاریانده‌هێنا. ئاشكرایه‌ كاریش نامۆ نه‌بوو، چونكه‌ به‌رهه‌مهێنان ڕاسته‌وخۆ بۆ مانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان خۆیان بوو. په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، ئاسۆیی و هاوپشتی بوو. 
وێڕای مه‌سیحییه‌تی سه‌ره‌تایی، كه‌ خاڵی نه‌بوو له‌ ڕه‌گه‌زی سۆسیالیستی، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌شدا سۆسیالیزمی خه‌یاڵی، زانستی، شورایی، و هتد هاتنه‌ئاراوه‌. بێجگه‌ له‌ سۆسیالیزمی زانستیی ماركس و ئه‌نگڵس، ئه‌وانیدی به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متاكوت ڕۆمانتیك و نازانستی جه‌ختیان له‌سه‌ر عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام نوسخه‌ زانستییه‌كه‌ی ماركس و ئه‌نگڵس، سه‌رتاپێی سیسته‌می چینایه‌تیی مێژووی مرۆڤی خسته‌ ژێر شیكارییه‌وه‌ و ده‌ریخست چینایه‌تیی مۆدێرن ته‌نیا كۆتا جۆری كۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه‌. كێشه‌كه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌، به‌ڵكو گرفتێكی سیسته‌ماتیك و بونیادییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا كه‌ زیاده‌به‌ها به‌رهه‌مدێنێت و به‌ ڕێچاری ڕۆمانتیك و دڵباشانه‌ چاك نابێت. ئه‌م سیسته‌مه‌ قه‌یرانی تیایه‌ و زووزوو قه‌یرانه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وان سۆسیالیزمیان وه‌ك قۆناغی گواستنه‌وه‌ ده‌زانی به‌ره‌و كۆمۆنیزم كه‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌م پێشكه‌وتووتره‌ و كۆتایی به‌ چینایه‌تی دێت- له‌ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ نه‌ك چه‌ندایه‌تی و بڕی پاره‌وه‌، له‌ڕووی كۆی ژیانی ژیانه‌وه‌، به‌ها، مانا، مرۆی نوێ.
سۆسیالیزم له‌مڕۆدا، بووه‌ته‌ ئاوه‌ڵناوێكی فراوانتر و له‌نێوان مرۆڤه‌كانیشدا هه‌ر به‌كاردێت (بۆ نموونه‌، بۆ كۆمه‌ك و هاوپشتی). سه‌رمایه‌داری ده‌مێكه‌ هه‌ر له‌ كارگه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و سه‌ریكێشاوه‌ بۆ كاری نامادی له‌ شێوه‌ی پلاتفۆرمه‌ دیجیتاڵییه‌كان و به‌رهه‌مهێنانی پرۆگرام و هتد كه‌ دیسان هه‌ر له‌ خزمه‌تی سووڕی سه‌رمایه‌دایه‌. له‌م نێوانه‌شدا، سۆسیالیزم ڕه‌خنه‌یه‌كی ژێره‌وانكێشه‌ له‌ نیولیبراڵیزم و كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ش به‌ش ده‌كات. وه‌ك بزاڤی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌پێی پێویست نییه‌؛ به‌ڵام ئایدیاگه‌لی ئیكۆسۆسیالیستی كه‌ بایه‌خ به‌ ژینگه‌ و زه‌وی ده‌دات، له‌ بره‌ودایه‌. زه‌وی چیدی پارچه‌زه‌وییه‌ك نییه‌، به‌ڵكو گۆی زه‌وییه‌ وه‌ك نیشتمانی هه‌موان.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا