
لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە دیارەکانی هۆڵیوود، 51ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ (TIFF) دەستپێدەکات، رووداوێکی گەورەی سینەمایی کە بە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی جیهان دادەنرێت و ئاراستەی کێبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکار یەکلادەکاتەوە.
لە دوای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، تۆرۆنتۆ بە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، بەڵام جیاوازیی سەرەکیی تۆرۆنتۆ لەگەڵ کان لەوەدایە کە تەنیا بۆ رەخنەگران، ئەکتەران و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو فێستیڤاڵێکی جەماوەرییە، ساڵانە بە هەزاران بینەر بلیت دەکڕن و لە هۆڵەکاندا لە تەنیشت ئەستێرە جیهانییەکان دادەنیشن و سەیری فیلمەکان دەکەن.
خاڵێکی دیکەی گرنگیی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە، خەڵاتی سەرەکی کە بریتییە لە (باشترین فیلم)، لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە بڕیاری لەسەر نادرێت، بەڵکو بە دەنگی راستەوخۆی بینەران یەکلادەکرێتەوە، خەڵاتێک کە بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی پێشبینیکردنی براوەی خەڵاتەکانی ئۆسکار دادەنرێت.
