
ئەگەر چارەسەرێکی نوێ پەسەندکردنی کۆتایی وەربگرێت، ڕەنگە چارەسەری نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم گۆڕانکارییەکی گرنگ بەخۆوە ببینێت، چونکە دەتوانێت ژمارەی ئەو دەرزییە ئینسولینانە کەم بکاتەوە کە هەندێک لە نەخۆشەکان پێویستیان پێیەتی بە ڕێژەی ٨٦٪.
بەپێی ڕۆژنامەی (ئیندیپێندەنت)ی بەریتانی، چارەسەرە نوێیەکە کە لەلایەن کۆمپانیای (ئیلی لیلی)ـەوە پەرەی پێدراوە و بە ناوی (ئیفسیتورا ئەلفا) ناسراوە، دەرزییەکە تەنها هەفتەی جارێک دەدرێت، لە جێگەی دەرزییە ڕۆژانەکان.
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ تەندروستی و چاودێری نایاب لە بەریتانیا (NICE) پێشنیاری ئەم چارەسەرەی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەم دەرزییە لەلایەن بریکاری ڕێکخستنی دەرمان و بەرهەمەکانی چاودێری تەندروستییەوە (MHRA) پەسەند نەکراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسان، بەڵگەکان ئەوەیان دەرخستووە کە چارەسەری هەفتانە دەتوانێت بە هەمان کارایی دەرزییە ڕۆژانەکان کار بکات، لەگەڵ کەمکردنەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی دەرزییەکان لە ٣٦٥ جارەوە لە ساڵێکدا بۆ تەنها ٥٢ جار، واتە کەمبوونەوەیەکی نزیکەی ٨٦٪.
بەرپرسان پێیان وایە کەمکردنەوەی ژمارەی دەرزییەکان دەبێتە هۆی جیاوازییەکی گەورە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە یارمەتی کەسانی تر هەیە بۆ دەستکەوتنی ئینسولین؛ لەوانەش بەساڵاچووان یان کەسە لاوازەکان، ئەوانەی لاوازن لە بینیندا، ئەوانەی کێشەیان لە جووڵەی دەستدا هەیە، ئەو کەسانەی کێشەی فێربوونیان هەیە، ئەوانەی زەحمەتییان هەیە لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دەرزی لێدان، و ئەو نەخۆشانەی کە دەناڵێنن بە دەست زەحمەتی لە پابەندبوون بە چارەسەری ڕۆژانە.
