رێنوێنییە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ پێشگیریکردن و پاراستنی خانمان لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەڵێن، دەبێت خانمان جگە لە پشکنینە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە، دوای تەمەنی 40 ساڵی پشکنینی مامۆگرامی مەمک بکەن.
کۆمەڵەی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە ئەمریکا دەڵێت، ئەو خانمانەی مەترسیی مامناوەندییان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک هەیە، دوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستە پشکنینی مامۆگرام بکەن و باس لەوەش دەکات، دوو ساڵ جارێک پشکنینەکە پێویستە.
رێنوێنییەکانی کۆمەڵەکە هاوتایە لەگەڵ نوێترین بڕیارەکانی کۆمەڵەی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی ئەمریکی و کۆلێژی پزیشکانی منداڵبوون و خانمانی ئەمریکا کە پێشنیازیان کردووە، هەموو ئەو خانمانەی لە خێزانەکانیان تووشبوویەکی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، پێویستە دوای تەمەنی 40 ساڵی دەست بە پشکنینی مامۆگرام بکەن.
جۆن ڤینگ، ئەندامی کۆمەڵەی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە بۆستن رایدەگەیێنێت، یەکەمجارە شێرپەنجەی مەمک لە تەمەنی چلەکاندا زیاددەکات بە جۆرێک لە ساڵی 2015ـەوە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک بە تێکڕا ساڵانە 2٪ زیادی کردووە.
کۆمەڵەکە روونی دەکاتەوە، مامۆگرام پشکنینێکی تیشکی و وردە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، بەجۆرێک دەتوانێت لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەدا گرێیەکان بناسێتەوە و کەسی تووشبوو چارەسەر وەربگرێت.