شارەزایانی بواری خۆراك لە زانكۆی ڤییەنا بۆیان دەركەوتووە ئەو كەسانەی خوێی زۆریان بۆ زۆربەی خۆراكەكانیان زیادكردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە بە ڕێژەی لەسەدا ٤١ زیاترە بە بەراورد بەوانەی خوێ بەشێوەیەكی مامناوەند یان كەم بەكاردەهێنن.
ئەم توێژینەوەیەش ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە زانستییەكانی پێشوو پشتڕاست دەكاتەوە كە ئاماژەیان بەوە كردووە كە خوێی زیادە ڕەنگە ببێتە هۆی وەرینی چینە پارێزەرەكەی سەر گەدە و زیان بە شانەكان بگەیەنێت و بەم شێوەیەش ببێتە هۆی شێرپەنجە.
بۆ گەیشتن بەم ئەنجامانە، توێژەرانی زانكۆی ڤیەنا، داتابەیسێكیان پشكنی كە ٤٧١ هەزار و ١٤٤ كەسی پێگەیشتوو لە بەریتانیا لەخۆگرتبوو، لە ماوەی ١١ ساڵدا.
لە لێكۆڵینەوەكەدا دەركەوتووە ئەو كەسانەی خوێ بەشێوەیەكی زۆر دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە بەڕێژەی لەسەدا 41 زیاترە بەبەراورد بەو كەسانەی كە بەدەگمەن یان بە كەمی خوێ دەخەنە ناو ژەمەكانیانەوە.
نووسەری سەرەكی توێژینەوەكە سێلما كرۆنشتاینەرگێسێڤیچ پسپۆڕی خۆراك لە زانكۆی ڤییەنا وتی " توێژینەوەكەمان پەیوەندی نێوان زۆر خواردنی خوێ و شێرپەنجەی گەدە نیشان دەدات، هۆشیاری دەدات لەسەر كاریگەرییە نەرێنییەكانی خواردنی زۆری خوێ بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی گەدە"