بۆ ئەوانەی كە لە مانگەكانی زستاندا توشی وشكبونەوەی پێست دەبن، لەوانەیە توشی سەرسوڕمان ببن كاتێك نیشانەكانی وشكبونەوەی پێستیان هەتا مانگە شێدارەكانی هاوین بەردەوام بێت، زۆرجار وشكبونەوەی پێست پەیوەندی بە سەرمای زستانەوە هەیە، بەڵام ئەوەی كە زۆر كەس نایزانن ئەوەیە كە گەرمی هەوای وشكی هاوین بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی وشكبونی پێست، پزیشكەكان لە پەیمانگای نەشتەرگەری نەخۆشیەكانی پێست دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ زیاتر تێگەیشتن لە هۆكارەكانی وشكبونی پێست و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی. 

هۆكارەكانی وشكبونی پێست لە هاویندا:

باشترین بەشی هاوین هەستكردنە بە تیشكی خۆر كە لە پێستت دەدات، ئەگەر زۆرجار لەبەر خۆردایت و هیچ شتێكت بەكارنەهێناوە بۆ پاراستنی پێستت، ئەوە زیان بە پێستت دەگەیەنیت، تیشكە سەرو بنەوشەییەكانی خۆر دەبێتە هۆی چرچبونی پێست جگە لەوەی كە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شێرپەنجەی پێستیش، تیشكی خۆر شێی پێست هەڵدەمژێت و پێستەكە وشك دەكات و توێژاڵ دەگرێت. 

هەروەها كاتێك باز دەدەیتە ناو حەوزی مەلەكردن بۆ ڕزگاربون لە گەرما ئەویش دەبێتە هۆی وشبونی پێست، ئەو ماددە كیمیایانەی كە لە كلۆری ئاوەكەدا هەن شێی پێویستی پێست دەمژن و پێست وشك دەكەنەوە. 

جگە لەوەی تیشكی خۆر و حەوزە پڕ لە كلۆرەكان شێی پێستمان دەمژن و وشكی دەكەنەوە، هەوای سپلیتیش هەمان كاریگەری هەیە لەسەر پێستمان، بە هەمان شێوە شێی پێستمان دەمژێت و وادەكات پێستمان وشك ببێت، بەڵام خۆشبەختانە هەندێك ڕێگە هەیە بۆ دوبارە شێداركردنەوەی پێستمان و هەستكردن بە ئاسودەی لە ڕێگەی پێستێكی شێدار. 

چۆن بەرەنگاری وشكی پێستمان ببینەوە لە هاویندا؟ 

پێویست ناكات بە درێژای هاوین لەماڵەوە بیت یان لەبەردەم سپلیت بیت بۆئەوەی پێستت لە وشكبون بپارێزیت، ئەم ئامۆژگاریانە دەتوانن یارمەتیت بدەن كە پابەندبیت بە ڕۆتینی ڕۆژانەوە بۆئەوەی پێستت بە شێداری بمێنێتەوە، پێش ئەوەی لە جەوێكی خۆرەتاودا بچیتە دەرەوە دڵنیابەرەوە لە بەكارهێنانی دژەخۆرێكی بەهێز بۆ پاراستنی پێستت لە سوتان یان لە زیانەكانی تری خۆر، ئەمە یارمەتی پێستت دەدات بە شێداری بمێنێتەوە.

ئەگەر توشی سوتاوی پێست بویت، شێداركەرەوەیەكی باش یان ئالۆڤێرا یارمەتی پێستت دەدات كە پێستت شێدار ببێتەوە، بەردەوامبە لە بەكارهێنانی ئەم بەرهەمانە هەتا سوتاویەكە نامێنێت یان هەتاوەكو هەست بە شێداری پێستەكەت دەكەیت.

ئامۆژگارییەكی تری نایاب كە دەبێت لەبیرت بێت ئەوەیە كە هەر لە حەوزی مەلەكردن هاتیتەدەرەوە دەبێت خۆت بشۆیت، پێستت بە ئاو و سابون بشۆ بۆئەوەی كلۆرەكانی ناو حەوزەكە لەسەر پێستت نەمێنێت.

دوای بەسەربردنی ڕۆژێكی درێژ لەبەر خۆردا دڵنیابە لەوەی كە ئاوی پێویستت خواردۆتەوە، گرنگە لەو ڕۆژە گەرمەكانی هاویندا جەستەت بە شێداری بمێنێتەوە، كاتێك جەستەت وشك دەبێتەوە پێستت وشك دەبێت و دوبارە ڕێژەی شێ لە پێستت كەم دەكات. 

لەگەڵ هەوای سپلیتەكەشت شێداركەرەوە بەكاربهێنە بۆئەوەی ڕێژەی شێ لە پێستتدا بمێنێتەوە، كرێمی شێداركەرەوە بە درێژای ساڵ زۆر بە باشی كاردەكات، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا كە لەوانەیە پێست وشكتر ببێت لە كاتی ئاسایی.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە