بەگوێرەی توێژینەوەیەكی نوێ لە ئینگلاند، قەڵەوی و شەكرە لە نێو منداڵانی ئەو وڵاتە زیادیان كردووە و داوا دەكرێت حكومەت كاری جیدی بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە.
راپۆرتێكی دامەزراوەی خێرخوازیی 'خۆراك' لە بەریتانیا ئاشكرای دەكات، لە هەموو پێنج منداڵێكی ئینگلاند منداڵێك قەڵەوە و قەڵەوی لە نێو منداڵانی 10 ساڵ و 11 ساڵ لە ئینگلاند لە 2006ـەوە نزیكەی 30٪ زیادی كردووە.
دامەزراوەكە دەڵێت: "لە هەموو پێنج منداڵێك یەك منداڵی تەمەن 10-11 ساڵ قەڵەوە، ئەمەش مەترسیی تووشبوونیان بە شەكرەی جۆری دوو زیاتر دەكات''.
لە بەشێكی دیكەی توێژینەوەكە هاتووە، باڵای منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ لە 2013ـەوە روو لە كورتبوونە و رێژەی تووشبوون بە شەكرەی جۆری دوو لەنێو ئەوانەی تەمەنیان لە 25 ساڵ كەمترە زیادی كردووە.
بە گوێرەی ئامارەكانی نێو راپۆرتەكە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە نێوان ساڵانی 2013 تاوەكو 2021 تووشی شەكرەی جۆری دوو بوون، سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە كە لە ساڵی 2000 تووشی بوون.
هێنری دیمبلێبی، راوێژكاری خۆراكیی پێشووی حكومەتی ئینگلاند دەڵێت: "توێژینەوەكە حەپەسێنەرە و جێگەی داخە''، تەنانەت شێوازی ژیانی ناتەندروست بە هۆكاری سەرەكیی بۆ ئەوە دادەنێت.