رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ناسراو بە "WHO"، راپۆرتێكی دەربارەی كاریگەرییەكانی تەنیایی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تەنیایی لە داهاتوودا دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر تەواوی تەندروستیی جیهان.

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، تەنیایی مەترسی گەورە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەكات، بەجۆرێك، لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، بیرچوونەوە، خەمۆكی دڵەڕاوكێی و چەندین حاڵەتی دیكە.

ئەوەش خراوەتە روو، كاریگەری تەنیایی لەسەر جەستەی مرۆڤ، هاوتەریبە بە كێشانی ١٥ جگەرە لە رۆژێكدا، هاوكات، مەترسییەكانی لەبیرچوونەوە بەرێژەی ٥٠٪ و مەترسییەكانی توشبوون بە جەڵتەی دڵ ٪٣٠ زیاد دەكات.

لە راپۆرتەكەدا كاریگەرییە راستەوخۆكانی تەنیایی بۆ سەر جەستەی مرۆڤ خراوەتە روو كە بریتین لە شەكەتی، تێكچوونی خەو، ئازاری درێژخایەن، كەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون، بێهیوایی، دڵەڕاوكێی، زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەكان.

باس لەوەش كراوە، چەند هۆكارێك هەن كە مرۆڤەكان ناتوانن بە ئاسانی رووبەڕووی تەنیایی ببنەوە و خۆیان لە كاریگەرییە خراپەكانی دەرباز بكەن، كە ئەوانیش، جگەرەكێشان، خواردنەوە كحولییەكان، وەرزش نەكردن و هەبوونی رژێمێكی خراپی خۆراكن.

تەنیایی حاڵەتێكی دەروونییە، وا لە مرۆڤەكە دەكات هەست بەوە بكات كە هیچ كەسێكی لەگەڵدا نییە، تەنانەت لەوكاتانەشی كە چەندین كەسی لەگەڵدایە، چەندین هۆكار هەن كە مرۆڤ بەهۆیانەوە تووشی تەنیایی دەبێت، جیاوازی بیركردنەوە و تەمەن لەگەڵ كەسانی دەوروبەر، ژینگەی دەوروبەر، گۆڕانكارییەكەی كتوپڕ لە خێزانەكەیدا وەك مردنی دایك، باوك، برا یان خوشك، بەكارهێنانی زیاد لە پێویستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كێشەی ئابووری دیارترین هۆكارەكانن.

رێكخراوەكە چەند رێنماییەكی بڵاو كردووەتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە بەدەست تەنیاییەوە دەناڵێنن كە بریتین لە:

·گرنگیدانی زیاتر بە جەستە و دەروون و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.

·ئەنجامدانی ئەو چالاكیانەی كە مرۆڤ دڵخۆش دەكات، وەك وەرزشكردن، وێنەكێشان و ئەو چالاكییانەی لە دەرەوەی ماڵەكەی دەتوانێت ئەنجامی بدات.

·تەرخانكردنی كات بۆ بۆنە كۆمەڵایەتییەكان، وەك ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی لە بۆنەیەكی خێرخوازیدا.

·بیركردنەوەی ئەرێنیانە

·راوێژكردن بە كەسانی شارەزا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە