ستایلی ژیانی سەردەم و قەرەباڵغی شارەكان هۆكارە بۆ كۆبوونەوەی زۆری چڵك Dirt لەسەر پێستدا، ئەمە جگە لەوەی كە نزیكەی 1000 جۆری بەكتریا و 40 جۆری كەڕوو لەسەر لەشی مرۆڤدا هەیە، ئەگەرچی گەلێك لەم میكرۆبانە سوودبەخشن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە كە زوو زوو پێست بە ئاو و سابوون بشۆرێت هەتا ئەگەر ئارەقەشت نەكردبێت. جۆرێكی گلاندی ئارەقە بە ناوی ئەپۆكراین Apocrine بە شێوەیەكی سەرەكی بەرپرسن لە بۆنی لەش، چونكە ئەو ئارەقەیەی كە دەریدەدەن رێژەیەكی بەرزی پرۆتین لەخۆدەگرێت كە لە لایەن بەكتریاوە بە ئاسانی تێكدەشكێنرێت، كەچی ئارەقەی گلاندەكانی لە جۆری ئیكراین Eccrine رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن كە بەكتریا ناتوانێت بە ئاسانی شیبكاتەوە. بەكتریا بە شیكردنەوەی پرۆتین و ترشە چەورییەكان لەسەر پێستدا نزیكەی 30 جۆر گاز پەیدا دەكات كە هەموویان بۆنی ناخۆشیان هەیە. لەگەڵ تەمەنی باڵغبووندا گلاندەكانی ئەپۆكراین گەشە دەكەن و بۆنی لەش دەستپێدەكات، بۆیە لەم تەمەنەدا پێویست دەكات كە خۆشووشتن دوانەخرێت. خۆشووشتن گرنگە بۆ راماڵینی بەكتریای خراپ یان زیانبەخش، هاوكات لەگەڵ راماڵینی چەوری و ئاسەواری ئارەقە و خوێ لەسەر پێستدا. درەنگ خۆشووشتن بەتایبەتی لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی جگەر و نەخۆشیی گورچیلەدا زووتر دەبێتە هۆی بۆنی ناخۆشی لەش و هەناسە. بن كەوشەكان زیاتر لە بەشەكانی تری لەش پێویستیان بە شووشتن هەیە، دواخستنی خۆشتن بۆ ماوەی 1-2 رۆژ هۆكارە بۆ پەیدابوونی بۆنی ناخۆش، چونكە شوێنەكە تاریك و شێدار و گەرمە واتە گونجاوە بۆ گەشەی هەندێك جۆری بەكتریا كە بە خێرایی ئارەقە شیدەكەنەوە و ئاوێتەی بۆن ناخۆش پەیدا دەكەن.